25/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی ئۆروێڵ: کورتەیەک لە ژیاننامەی جۆرج ئۆروێڵ

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

جۆرج ئۆروێڵ لەگەڵ ڕیچاردی بلێری کوڕی

دیدی من – ئینسیکلۆپیدیای ژیاننامەی جیهان
لە ئینگلیزییەوە: سیڤان ئەرسەلان

منداڵی و گەنجی
ڕۆماننووس، چیرۆکنووس، ستووننووس و شاعیری بەڕیتانی، جۆرج ئۆروێڵ، ناوی خۆی ئیریک ئارسەر بلەیرە، لە مۆتیهاریی هیندستان لە دایک بووە. خوشکێکی گەورە و خوشکێکی لە خۆی بچووکتری هەبووە، باوکی بەڕێوەبەرێکی فەرمیی گەنج لە خزمەتگوزاریی شارستانیی هیندیدا بووە، کاتێک ئۆروێڵ تەمەنی چوار ساڵ بووە، خێزانەکەی گەڕاونەتەوە بۆ ئینگلتەرا و لە هەنیلی، گوندێکی نزیکی لەندەن نیشتەجێ بوون، بەڵام باوکی هەر زوو گەڕاوەتەوە بۆ هیندستان.

وەک منداڵێک، ئۆروێڵ شەرمن بووە و کەم باوەڕی بە خۆی هەبووە، بە درێژایی ژیانی بە نەخۆشیی هەوکردنی سییەکانیەوە ناڵاندوویەتی. کاتێکی زۆری بە خوێندنەوە بەسەر بردووە، بە تایبەت ئارەزووی لە کتێبی زانستی – خەیاڵی، چیرۆکی تارمایی و شانۆییەکانی ویلیام شەکسپیر هەبووە، هەروەها نووسینە خەیاڵییەکانی ئێدگار ئالان پۆ (١٨٠٩ – ١٨٤٩) و چارلس دیکنز (١٨١٢-١٨٧٠) و ڕودیار کیپلین (١٨٦٥ – ١٩٣٦).

کاتێک ئۆروێڵ هەشت ساڵان بووە، خراوەتە قوتابخانەیەک لە سوسێکس ئینگلاند، دواتر ئەو ئەزموونانەی ئەوێی کاریگەریی لەسەر ڕوانینی بۆ سیستەمی چینایەتیی ئینگلیزی دروست کرد، هەر لەوێدا بە بۆنەی بەخششی خوێندنەوە، توانیی بچێتە دوو قوتابخانەی تایبەت لە ویلینگتۆن و ئیلتۆن.

پاشان چووەتە ناو ئیمپڕاتۆریەتی سەربازیی هیندستان، مەشقەکانی لە بۆرما کردووە، لەوێ لە ساڵانی ١٩٢٢ تاوەکو ١٩٢٧، خزمەتی کردووە. لە کاتێکدا ماڵەکەی بە جێ هێشت، ئۆروێڵ بڕیارێکی گرنگی دا، نەک بە نەگەڕانەوەی بۆ بۆرما، بەڵکو بە بەردەوامبوونی لە نووسین. وازهێنانی لە ئیمپڕاتۆریەتی سەربازیی هیندستان، کاریگەریی لەسەری هەبوو. بەڵگەکانی دواتر دەڵێن، بۆیە چووەتە ناویەوە، تا لە داگیرکاری تێبگات.

بوون بە نووسەر
ئۆروێڵ پاش بڕیارەکەی، لە نۆتینگ هیڵ، کە ناوچەیەکی هەژارنشینی پەراوێزی لەندەن بوو، مایەوە. پاشان لە ناوچەی چینی کرێکارانی پاریس لە فەڕەنسا، دوو ڕۆمانی نووسی، هەردووکیان لە کاتی مانەوەی لە پاریس ون بوون. چەند بابەتێکیشی بە زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی بڵاو کردنەوە. پاش کارکردنی وەک دەرگاوان و قاپشۆری چێشتخانەکان و ناڵاندنی بە دەست نەخۆشیی سییەوە، گەڕایەوە بۆ لای خێزانەکەی لە سوفۆلک، هەتا کۆتاییەکانی ١٩٢٩.

بە گەڕانەوەی بۆ ئینگلتەرا، ئۆروێڵ بژێویی ژیانی بە فێرکردن و نووسینی وتاری دەگمەن پەیدا دەکرد. یەکەم ڕۆمانی، ڕۆژانەی بۆرما، تۆماری ئەزموونەکانیەتی لە ڕۆژهەڵات و پاریس. کاتێک کە ڕۆمانەکەی ئامادە کرد بۆ بڵاوکردنەوە، پێی باش بوو بە ناوی خۆیەوە نەبێت و ناوێکی خوازراو بە کار بهێنێت (بۆ شاردنەوەی ڕەگەزنامەکەی)، ئەویش لە ناو چوار ناو کە دانرابوون، جۆرج ئۆروێڵی هەڵبژارد.

ڕۆمانەکانی سەرەتا
ئۆروێڵ ساڵی ١٩٣٣ دۆڕاو و دەرکراو ی بڵاو کردەوە و بۆ ساڵانی دواتر خۆی بە وانەوتنەوە و پێداچوونەوە و کارکردن لە کتێبخانەکاندا سەرقاڵ کرد.

ساڵی ١٩٤٣ ڕۆژانەی بۆرمای بڵاو کردەوە، کە ناوەڕۆکەکەی ڕەنگدانەوەی ژیان خۆی بووە بە گۆشەگیری لەگەڵ ئەورووپاییەکانی بۆرما، کە ئێستا بە میانمار ناسراوە. بە دوای ئەوەیشدا دوو ڕۆمانی دیکەی بە ناوەکانی کچی قەشە و گوڵی ئەسپیدیستراکە هەڵگرە بۆ خۆتی بڵاو کردنەوە.

یانەی کتێبی چەپەکانی ئەو شارە داوایان لە ئۆروێڵ کرد لەبارەی ژیانی هەژاران و بێکارانەوە بنووسێت. بۆیە ساڵی ١٩٣٧ ئۆروێڵ وتاری ”ڕێگایەک بۆ شۆستەی وێگانی نووسی، کە وتارێک بوو لەبارەی چینایەتی و سۆشیالیزمەوە. ئەمە وای کرد ئۆروێڵ شوناسی نووسەرێکی سیاسی وەربگرێت و ئەو شوناسە هەتا کۆتایی تەمەنی لەگەڵیدا مایەوە.

جۆرج ئۆروێڵ | ئیلوسترەیشن: سابات عەباس بۆ دیدی من

وتار و ستوونە سیاسییەکان
لە تەمووزی ١٩٣٦دا، جەنگی ناوخۆیی ئیسپانیا کۆتایی هات، ئۆروێڵ گەڕایەوە بۆ بەرشەلۆنە، لە کۆتایی پایزدا چووە ڕیزی میلیشیاکان، کە گرووپێک بوون خزمەتی هێزە چەکدارەکانی وڵاتیان دەکرد. لە ناوەڕاستی ١٩٣٧دا بریندار کرا. لەو ماوەیەی کە بەرەو چاکبوونەوە دەچوو، ئەو میلیشیایە کرایە نایاسایی، پاشان لە مانگی حوزەیراندا چووە فەڕەنسا.

ئەزموونەکانی ئیسپانیای کردیە سۆسیالیستێکی شۆڕشگێڕ، ئەوەی کە بانگی بۆ گۆڕانکاریی فۆرمی سۆسیالیستی لە کۆمەڵگەدا دەدا، لە ڕێگەی یاخیبوونی خەڵکەوە.

پاش ئەوەی گەڕایەوە بۆ ئینگلتەرا، دەستی کرد بە نووسینی ڕیزلێنان بۆ کەتەلۆنیا لە ساڵی ١٩٣٨دا، کە باسی ئەو نائومێدبوونەی خۆی دەکات لە شاهانەییەکان لە کاتی جەنگی ناوخۆیی ئیسپانیادا، هەروەها هیوای دەخواست بە گەڕانەوە بۆ هیندستان بۆ ئەوەی کتێبێک بنووسێت، بەڵام تووشی نەخۆشییەکی ترسناکی وەک سیل بوو. لە نەخۆشخانە چارەسەری وەرگرت، تا کۆتایی هاوینی ١٩٣٦، پاشان زستانی لە مەغریب بەسەر برد. لەوێ لە ١٩٣٩دا، هاتنی بارانی نووسی. پاش گەڕانەوەی بۆ ئینگلتەرایش، ژمارەیەک ڕۆمانی وەک باشترین ناسێنران، لەوانە وتاری دیکەنس و کوڕەکە ویکلیس و لە ناو نەهەنگەکەدا.

پاش جەنگی جیهانیی دووەم (١٩٣٩ – ١٩٤٥)، لە ناوقەدی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و ژاپۆن، لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، ئینگلتەرا و فەڕەنسا و یەکێتیی سۆڤیەت و ویلایتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستی پێ کرد. ئۆروێڵ دەیویست وەک سەربازێکی خۆبەخش بەشداریی سوپا بکات، هەر چۆنێک بێت ڕەتیان کردەوە، لەبەر بارودۆخی جەستەیی. پاشان بۆ ماوەیەک وەک پاسەوانی ماڵ و ئاگرکوژێنەوە کاری کرد، ئۆروێڵ لە مایسی ١٩٤٠دا چووە لەندەن، لە سەرەتاکانی ١٩٤١دا دەستی کرد بە نووسینی نامەکانی لەندەن بۆ گۆڤاری ئەدەبیی پارتیزانەکان، لە مانگی ئابیشدا وەک دەرهێنەر لە دەزگای میدیایی بەریتانیا (بی بی سی) لە بەشی هیندستان، تا ١٩٤٣ کاری کرد.

بەرهەمە نایابەکە لە ١٩٤٣دا، دایکی کۆچی دوایی کرد، دەزگای بی بی سیی جێ هێشت بۆ ئەوەی ببێتە سەرنووسەری بڵاوکراوەی ئەدەبیی مافی گەل و دەستی کرد بە پێداچوونەوەی کتێب. لە شوباتی ١٩٤٤دا، ئۆروێڵ مەزرای ئاژەڵانی تەواو کرد، بەڵام هەندێک لە دەزگاکانی چاپ و پەخش ڕەتیان کردەوە، بە هۆی هۆکاری سیاسییەوە. لە کۆتایی و لە ئابی ١٩٤٥دا، بڵاو کرایەوە. ڕۆمانەکە شکستی کۆمۆنیستەکان لە ڕێگەی ئاژەڵەکانەوە، کە نواندنی مۆڤەکان دەکەن، دەگێڕێتەوە.

گەشەکردنی بەرهەمەکان تەندروستیی هێندە تێک نەچووبوو، هەر بۆیە دەستی کرد بە نووسینی ڕۆمانی ١٩٨٤ و لە ساڵی ١٩٤٩دا بڵاوی کردەوە. ئەم کتێبە ڕۆمانێکی تەنزئامێزە، کارێکی ئەدەبییە کە ئاکاری گەندەڵی مرۆڤایەتی لە سیاسەتی مۆدێرندا دەردەخات. پێشبینیکردنی جیهانێک کە بەشێک لە مرۆڤەکانی بە کەمتر تەماشا دەکرێن لەچاو بەشێکی تر لە مرۆڤەکان و دنیایەک کە هاووڵاتییەکانی بە تەواوەتی لەژێر ڕەحمی دەوڵەتدان، پەیامی کتێبەکەیە.

زۆرینەی کارەکانی جۆرج ئۆروێڵ، ژیاننامەی خۆیەتی. کۆکردنەوەی ئەو بەشانەی ئەزموونی ژیانی لە چینی ناوەڕاستدا، لەگەڵ ئەو ویستەی بۆ دروستکردنی چاکسازیی کۆمەڵایەتی هەیبوو. ئە ڕەخنەگرێکی عەقڵانی بوو، کە ڕوانگەی سیاسیی کردیە نووسەرێکی مەزن. ئەو ڕووبەڕووبوونەوە مەزنەی دژی کۆمۆنیزم کردی (سیستەمێک کە تێیدا دەوڵەت کۆنتڕۆڵی تەواوی ئابووریی کردووە)، ئەنجامی ئەو ئەزموونەی بوو لە ئیسپانیا، کە وەک سەرباز تێیدا ژیا.

ئۆروێڵ لە ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٠دا کۆچی دوایی کرد و دوای نزیکەی سەدەیەک لە پێشبینییەکانی، ئێستا خەڵکانێک هەن بە ”پێغەمبەر” ناوی دەهێنن.

هاوبەشی بکە

Biography, George Orwell, پەڕاوی ئۆروێڵ,