24/04/2024
DidiMn Logo
Top

گۆڕستانی ناو شاشەکان

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

 گۆران ڕەسووڵ

 

بە درێژایی زیاتر لە چوارملیۆن و پێنجسەدهەزار ساڵ لە تەمەنی زەوی، سەرەڕای گۆڕانکارییە بەرچاوەکان لە جوگرافیا و نەخشەی زەوی، هەروەها گۆڕانکارییە هزرییەکانی مرۆڤ، ئێستا دەبینین تەنانەت گۆڕانکاری لە شێوازی لەدایکبوون، وەک دروستکردنی منداڵ لە ڕێگەی پڕۆسەی بلووری و نەشتەرگەری نوێوە ڕوو دەدات. ئەم گۆڕانکارییە هەر تەنیا لە جۆری لەدایکبوون و ستایلی ژیانی مرۆڤدا قەتیس نابێت، بەڵکو مردنیش وەک فیگەرێکی هەمیشە لکاو بە بوونی مرۆڤەوە گۆڕانی بەسەردا دێت.

پێشتر لە ڕێگەی تێکستی ئەدەبییەوە، هەوڵم داوە گوزارشت لە بێبەهابوونی کەسی مردوو لەناو دونیای نوێی دوگمەدار و شاشەداردا بکەم، هەر بۆ نموونە بڕوام وایە لە داهاتوو سەنتەری تایبەت بە ناشتنی مردوو زۆر و بەربڵاو دەبن، بە جۆرێک کە وەک چۆن داوای خواردنی دێلیڤەری دەکەیت، ئاواش ئەم سەنتەرانە دێنە ناو ماڵەکانەوە و کەسی مردووت بە دیلیڤەری دەبەن بۆ گۆڕستان و تۆش دەتوانیت لە ماڵەکەی خۆتەوە بە بەرنامە و ئەپڵیکەیشنی ناو سمارت-فۆنەکانەوە ڕاستەوخۆ لە ناو مەڕاسیمی ناشتنەکەدا بەشدار بیت.

تانەنەت پڕۆسەی دڵنەواییکردن و هاوخەمبوونی خانەوادەی کەسی مردووش لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی ئامڕازەکانی بەردەست مرۆڤ گۆڕانی بەسەردا هاتووە. جاران کاتێک کەسێک دەمرد، دۆستان و کەسە نزیکەکانی خێزانی کەسی مردوو تەنانەت لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر ڕێگەیان دەبڕی بۆ ئەوەی لە ناشتنی مردووەکە و پرسەکەیدا بەشدار بن، دواتر ئەمە بوو بە ناردنی نامەی دەستنووسی و پۆستکارت، ئێستاش لە ڕێگەی ئیمەیل، یان ئێس ئێم ئێس، یان هەر تەنانەت لە ڕێگەی دانانی ئیمۆجی خەمباری ☹ لەسەر وێنەی کەسی مردوو هاوخەمی خۆمان نیشان دەدەین.

لە پاڵ هەموو ئەم گۆڕانکارییە خێرایە و دوورکەتنەوە لە کرۆکی ئەو هەستانەی کە ژیان و مردن پێمان دەبەخشن، ئەوەی کە لێرەوە دەمەوێت سەرنجی بخەمە سەر ”گۆڕستانی ناو شاشەکان”ە. مەبەست لە گۆڕستانی ناو شاشەکان ئەوە نییە کە هەموو هەست و جوانییەکان لەناو شاشە ئەلیکترۆنییەکاندا مردوون، بەڵکو مەبەست لە بوونی هەزاران و ملیۆنان مرۆڤی مردووە لەناو شاشەی مۆبایل و لاپتۆپ و پاد و ئامێرە شاشەدارەکانی تردا.

جیهانی ناو سۆشیالمیدیا (فەیسبووک بە نموونە) کە تێیدا مرۆڤەکان دەژین، دەخوێننەوە، سەفەر دەکەن، ئاهەنگ دەگێڕن و دەیان چالاکیی تری تێدا ئەنجام دەدەن، ئێستا وەک جیهانێکی سەربەخۆ خۆی کردووە بە بەشێک لە ژیانی هەریەک لە ئێمە. کاتێک کە کەسێک پێگە یان ئەکاونتێک لەناو ئەم جیهانەدا دروست دەکات و زانیارییە کەسییەکانی خۆی تێدا تۆمار دەکات، ئەمە بریتییە لە لەدایکبوون لە ناو ئەم جیهانەدا، بەڵام ئەی ئەو کەسە کە دەمرێت؟ ئایا بە هەمان شێوەی دونیای واقیعی ئەو جیهانەی تریش جێ دەهێڵێت؟ ئایا لەناو ئەم جیهانە شاشەدارەدا گۆڕی تایبەت بە خۆی دەبێت؟

ئەم پرسیارانە دوای 4 ساڵ لە لەدایکبوونم لەناو ئەم جیهانە میدیا شاشە و دوگمەدارەدا لای من دروست بوون، کاتێک لە ساڵی 2013 کچێکی هاوڕێم کە لە زانکۆ بەیەکەوە خوێندکار بووین، لە ڕووداوێکی گوماناوییدا خۆی سووتاند و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، بەڵام سەرەڕای جێهێشتنی دونیای واقیعی، هێشتا ئەم خۆی و زانیاری و بۆچوونە بڵاوکراوەکانی لەسەر واڵەکەی بە کراوەیی بۆ هەموان بەردەست ماوە، تەنانەت ساڵانە لە بەرواری لەدایکبوونی، فەیسبووک بیری من دەخاتەوە کە ئەو ڕۆژە ساڵیادی لەدایکبوونیەتی، ئەمە سەرەڕای هەر چی یادگاری و وێنە هەیە کە ئێمە هاوبەشیمان تێیدا کردووە فەیسبووک وەک بیرەوەری لە ڕۆژ و بەرواری خۆیدا بیرم دەخاتە.

ئەمە منی ناچار کرد بیر لەوە بکەمەوە ئاخۆ چەند هەزار یان ملیۆن کەس ئێستا لە ژیاندا نەماون، کەچی هێشتا زانیارییە کەسی و وێنە و نووسینەکانیان بە کلیکێک بەردەستە! ئایا وەک چۆن لەناو جیهانی ڕاستەقینەدا گۆڕستانی گەورە هەن، لەناو ئەم جیهانە شاشەدارەدا هیچ گۆڕستانێک هەیە! ئایا کۆمپانیای فەیسبووک، دوای پەنجا ساڵی تر کە زۆربەی ئەوانەی لە ساڵی 2004ەوە، لە سەرەتای دروستبوونی ئەم سۆشیالمیدیایەوە پێگەیان هەیە، دەمرن؟ بیر لەوە ناکاتەوە کە گۆڕستانێکیان بۆ بکاتەوە و بەرواری مردنیان لەسەر ئەکاونتەکانیان زیاد بکات؟

ئەمە بۆ من مەترسیدارە، بەو مانایەی کە ڕۆژ دوای ڕۆژ خاڵی کۆتایی مرۆڤ لەم جیهانەدا بە واقیعی و شاشەدارییەوە (کە مردنە) بێبەهاتر دەبێت. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر بێبەهابوون و پووچبوونی ژیان، وەک هاوکێشەیەکی ڕاستەوخۆ گرێدراو بە مردنەوە. ڕەنگە لە داهاتوو یان بە دیاریکراوی لە کۆتایی سەدەی بیستویەک فەیسبووک ببێتە گەورەترین گۆڕستانی مێژوو. من ئێستا لەناو هەژمار و پێگەی کەسیمدا لە فەیسبووک زیاتر لە 25 گۆڕی تێدایە، ئایا تۆ سەرنجی ئەوەت داوە کە گۆڕستانی فەیسبووکەکەت چەند گۆڕی تێدایە؟

هاوبەشی بکە

Goran Rasul, Wtari Kteb,