04/04/2020
DidiMn Logo
Top

هەشتی مارس و چەند سەرنجێک: هەشتی مارس ڕۆژی ڕێکخراوەکانی ژنان نییە

لە لایەن دیدی من 4 هەفتە پێش ئێستا

دیدی من

یاسین ئافتاو

هەشتی مارس، ڕۆژی ڕێکخراوەکانی ژنان نییە، هی دایک و خوشک و هاوسەر و هاوڕێ کچ و مێینەکانمانە. بۆیە ئەگەر ڕەخنەت لە ڕێکخراوەکانی ژنان هەیە «کە ڕەنگە من لە تۆ زیاترم هەبێت» مەکەوەرە تەقە لەم ڕۆژە و لە فیگەری ژن.

لە کوردستانی باشوور؛ سەرەتا پیاوانی دیندار و بە تایبەتیش هەندێک مەلا، سەرمەشقی داکۆکییکردن بوون لە مافی ژنان و یەکسانیی نێرینە و مێینە: «مەلای گەورە، مامۆستا عەلائەدینی سەججادی و شێخی خاڵ و …هتد، ئینجا منەوەرانی مەزنی وەکو: پیرەمێرد، بێکەس، شێخ نووریی شێخ ساڵح و …هتد»، هەتا ئەو کاتەی گوتاری فێمەنیزم و ژنان کەوتنە سەر پێی خۆیان، کە بە داخەوە زۆر دواتر ڕووی دا… کەواتە لەم بەشەی کوردستان؛ دیسکۆرسی پرسی ژنان پێش ئەوەی ژنانە بێت پیاوانەیە، کە ئەمەش هەم دیوی ئەرێنیی و هەم نەرێنییشی هەیە.

نکۆڵی ناکرێت ئایین «بەبێ ئاوارتە کردن» بە ئاستی جیاجیا ڕۆڵی هەبووە لە مەینەتییەکانی ژناندا، بەڵام هەر لە مێژووی ئاییندا هەندێک گرووپ و عارف و خوداناس، پێگەی بەرزیان بە ژن داوە. ئەوەی تایبەتە بە ئیسلام، هەتا ئێستا پیاو ڕاڤەکار و گوێزەرەوە و حاکمی موتڵەقی تێگەیشتن بووە لە ئیسلام و پیادەکردنی، هەر بۆیە مێژووی ئەو دینە تەرزێکی زۆر نێرسالارانەی وەرگرتووە، بەڵام قورئان؛ دەقێکی فرەڕاڤەیە، بواری زۆر و دەرفەتی زۆر باشی تێدایە بۆ ئەوەی ژنانەش ڕاڤە و پیادە بکرێت… دیسکۆرسی قورئانیی، دیسکۆرسێکی جێندەرییانە نییە و زۆرینەی خیتابەکەی بۆ خودی مرۆڤ ئاراستە کراوە، بە بڕوای من خیتابە ڕاستەوخۆ و بێ گرێیەکەی «یا ایها الانسان…یا ایها الذین آمنوا… یا ایها الناس»؛ هەموو قسە و قسەڵۆکێکی فەقیهـ و زانا و کۆنەپەرستێکی هەڵوەشاندۆتەوە بە پلەبەندکردنی ژنان خوارتر لە پیاوان.

لەم بەشەی کوردستان؛ دیسکۆرسی پرسی ژنان پێش ئەوەی ژنانە بێت پیاوانەیە.

هەر سەبارەت بە ئایین؛ لەم قۆناغەی کۆمەڵگەی ئێمەدا، تێگەیشتن لە ئایین، ڕیفۆرمی ئایینیی، پێگەیاندنی ژنانی فەقیهـ و ئاگادار لە کولتووری ئیسلامیی، لێسەندنەوەی خاوەندارێتیی ئایینی ئیسلام لە خەڵکانێکی دیاریکراو و فۆرمەلەکردنی ئیسلامێکی تەباتر لەگەڵ ڕۆحی سەردەم و پێگەی ژندا؛ یەکێکە لە شەڕە هەرە بایەخدارەکان و بە بێ ئەمە، یەک ملیۆن ڕێکخراوی ژنانیشت هەبێت شەڕی کۆنەپارێزیی نابەیتەوە… لەم ئاقارەدا ئێمە پێویستمان بە ژنی کوالێتییبەرزە، «لە نموونەی فاطمە مەرنیسیی» کە ژنانە و قووڵ و بووێرانە بە دەقی ئایینیی و مێژووی ئیسلامدا ڕۆبچێت و ژنانەش تیۆریزەی بکات.

سەرنجی سێیەم تایبەت بە ئیسلام؛ دەبێت ئەوانەی لە چوارچێوەی ئیسلامدا بۆ ڕەوایەتیی پرسی ژنان دەگەڕێن، قورئان بکەنە بنچینە لەگەڵ ئەو فەرموودانەی لەگەڵ ڕۆحی قورئاندا دەگونجێن… قورئان ئەگەر مێژووییانە لێی بڕوانرێت و بە مێنتاڵیتییەکی مرۆییانە و هێرمیونیتیکییانە ڕاڤە بکرێت، تێکستێکی ڕۆحانیی باڵا و ناسکە، بگرە تێکستێکی ژندۆست و میهرەبانیشە، لە قورئان و لە تەرتیبی سوورەتەکاندا سوورتی ژنان «النساء» چوارەمە، جگە لەوەی سوورەتێکی تایبەت کردووە بە مەریەم، پێگەی مەریەم لە قورئاندا هاوتای پەیامبەر و عیسا-یە، بگرە ئەو دایکی عیسایە کە قورئان بە “روح اللە” وەسفی دەکات. مەریەمە؛ هەناسەی خودای لە منداڵدانیدا هەڵگرتووە، جگە لە نەفەسە خوداییەکەی سەرەتا، نەفەسێکی دیکەشی پێ بەخشراوە؛ کە ئەمە بە هیچ زیڕۆحێکی دیکە نەدراوە و لەمەدا مەریەم تاقانەیە. جگەلەوەش؛ لە گوتاری قورئاندا؛ گوناحی یەکەم، تەنیا لە ئەستۆی حەوادا نییە، بگرە یەکسانانە بەسەر ئادەم و حەوادا دابەش کراوە: «وَقُلْنَا يَا آدَمُ اسْكُنْ أَنتَ وَزَوْجُكَ الْجَنَّةَ وَكُلاَ مِنْهَا رَغَدًا حَيْثُ شِئْتُمَا وَلاَ تَقْرَبَا هَذِهِ الشَّجَرَةَ فَتَكُونَا مِنَ الظَّالِمِينَ/ فَأَزَلَّهُمَا الشَّيْطَانُ عَنْهَا فَأَخْرَجَهُمَا مِمَّا كَانَا فِيهِ وَقُلْنَا اهْبِطُواْ بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ وَلَكُمْ فِي الأَرْضِ مُسْتَقَرٌّ وَمَتَاعٌ إِلَى حِينٍ/ فَتَلَقَّى آدَمُ مِن رَّبِّهِ كَلِمَاتٍ فَتَابَ عَلَيْهِ إِنَّهُ هُوَ التَّوَّابُ الرَّحِيمُ/ قُلْنَا اهْبِطُواْ مِنْهَا جَمِيعًا فَإِمَّا يَأْتِيَنَّكُم مِّنِّي هُدًى فَمَن تَبِعَ هُدَايَ فَلاَ خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلاَ هُمْ يَحْزَنُونَ».

لە ناو گوتاری داکۆکیی (هەندێک لە ژناندا)، مەیلێکی تووندڕەوانە هەیە بۆ گومانخستنە سەر هەر موبادەرەیەکی نێرینانە لەم پرسەدا، بۆ نموونە برەودان بە سەفسەتەی وەکو «پیاوبێژیی»… هەموو چالاکێکی ئەم بوارە دەبێت بیری نەچێت ئەم شەڕە بە تەنیا بە ژنان ناکرێت، ئەوە جگە لەوەی لە کوردستان ئەدەبیاتی ژنان هێندە لاواز و تەنک و بێ قووڵاییە کە هەموو ئەدەبیاتی داکۆکیی کە ژنان خۆیان خاوەنین «بە تیۆر و ئەدەبیات و درووشمەکانیشەوە»، هێندەی ئەدەبیاتی شێرکۆ بێکەس-ی مەزن، قووڵ و کاریگەر و ئێستاتیکییانە ڕۆنەچۆتە ناو ئەم پرسەوە.

بە پێی دەروونشیکاریی لاکانیی؛ هەمیشە ڕووبەرێکی قابیل بە تێنەگەیشتن و ڕووننەکردنەوە لە نێوان ژنان و پیاواندا هەیە، نە پیاوان دەتوانن لە ژنان تێبگەن و نە ژنانیش دەتوانن لە پیاوان تێبگەن و ئەوەی هەیە هەمووی پەیوەستە بە پرۆسێسی وێناکردن و خەیاڵاندنەوە.

– یاسین ئافتاو

لە فەلسەفە و ئایینەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بە دیاریکراوی لە تاویزم-دا، پێکهاتەی مرۆڤ لە کۆبوونەوەی پێکدژەکان گەڵاڵە بووە کە بە «یانگ» و «یین» گوزارشتی لێ دەکرێت؛ یانگ؛ نێرە و یین مێیە، لە دەروونشیکاریی یۆنگییدا، سەلمێنراوە کە پێکهاتەی نێر بە تەواوەتیی نێر نییە و هی مێینەش مێ نییە، هەر مرۆڤێک لە کاتیگۆرییەکانی «ئەنیما» و «ئەنیمەس» پێکهاتووە کە یەکێکیان مێ و ئەویدیکەیان نێرە، لە نێردا ماتەوزەیەکی مێینانەی تەنک و ناسک و لە مێینەشدا ماتەوزەیەکی نێرانە هەیە، ئەوەی لە بایسکێسواڵەکاندا هاوسەنگ دەبێتەوە و بە هەمان بڕو دەرکەوتە دەردەکەون… بە بڕوای یۆنگ؛ ئەوە ڕەهەندی نێرینەیی ناو مێینەکان و مێینەیی ناو نێرینەکانە کە لێکتێگەیشتن و تاسە و عەشقی نێوان ئەو دوو ڕەگەزە شیاو دەکات. بۆیە بیرت نەچێت، تۆ سەد لە سەد مێ نییت و منیش نێرێکی پەتیی و پوخت نییم، کەواتە بە بارێکدا کە من تۆم خۆش دەوێت، لەبەر ئەوەیە بەشێکی من لە تۆدایە، ئازارت نادەم، ستەمت لێ ناکەم، سووکایەتییت پێ ناکەم، چونکە ئەگەر وا بکەم تف لە بەشێک لە جەوهەری خۆم دەکەم.

بە پێی دەروونشیکاریی لاکانیی؛ هەمیشە ڕووبەرێکی قابیل بە تێنەگەیشتن و ڕووننەکردنەوە لە نێوان ژنان و پیاواندا هەیە، نە پیاوان دەتوانن لە ژنان تێبگەن و نە ژنانیش دەتوانن لە پیاوان تێبگەن و ئەوەی هەیە هەمووی پەیوەستە بە پرۆسێسی وێناکردن و خەیاڵاندنەوە، ئەمە درووستە و هەر ئەمەشە گەرەنتیی بەردەوامبوونی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو جەمسەرە ناچوونیەک و جیاوازە دەکات.

لە باشووری کوردستان؛ ژنکوژیی دیمەنی زاڵ نییە، نە “خێڵخانەی ژنکوژانە” وەکو رەفیق سابیر دەفەرموێت و نە ئەو دۆزەخەی ژنانیشە کە لە ڕۆمانی “مردووشۆر”ی سارا عومەردا هەیە، نە ئەو زیندانەشە کە زۆرینەی چالاکوانە بێ فیکرەکانی ژنان وێنای دەکەن، لە باشووری کوردستان لە بەرامبەر لەشکری دژەژنی کۆنەپارێزدا؛ سەدان هەزار پیاوی ڕۆشنفیکری سەلمێنەری یەکسانیی و مافەکانی ژنان هەن، لە کوردستان یەک ڕست دەستکەوتی گرنگ هەن بۆ ژنان «کە بێگومان زۆر نیین و لە ئاستی پێویشتیشدا نیین»، بەڵام ئەگەر ئەو دەستکەوتانە نەبینین و هەستیان پێ نەکەین، نە دەتوانین بیانپارێزین و نە گەشەشیان پێ بدەین. بێگومان دەستکەوتەکان هەمیشەیی و گەرەنتییکراو نیین و شەڕکردن لەسەریان و زۆرترکردنیان ئەرکی هەنووکەیین. بۆیە دەبێت لە خستنەڕووی مەترسییەکان و دەستکەوتەکاندا زۆر بابەتیی و واقیعیی بین.

ئێستا گەورەترین تەحەدا و هەڕەشە بۆ سەر پرسی ژنان بە گشتیی بریتییە لەو ئیسلامە سەلەفییە خەلیجییمەشرەبەی کە بە سپۆنسەری یەکێتیی و پارتیی لە ناو عەوامی خەڵکدا لە برەودایە، ئەو ئیسلامە سەلەفییەی نامۆیە بە ڕۆحی کورد و مسوڵمانێتیی دڵئاوەڵایانەی کورد لە ١٤٠٠ ساڵی ڕابردوودا. ئەو سەلەفیزمەی لە زێدی خۆی یەک شەق لە دەمی هەڵدراوە و ڕۆژ بە ڕۆژ تەوبە بە سەرە زلەکانی دەکرێت، هەر ڕەخنەیەک لەو سەلەفیزمە دەبێت بە دەریایەک ڕەخنە لە یەکێتیی و پارتییدا بڕوات، بە تایبەتیی یەکێتیی کە ژێر قونی پڕ بووە لە هێلکەی سەلەفیزم و زۆنەکەی خەریکە لە زۆنی سەوزەوە دەبێتە زۆنی ڕەش و کەس نازانێت ئەو بۆمبانەی ژێری کەی بەسەر و چاوماندا دەتەقنەوە. دەبێت عاقڵ و ڕۆشنگەرەکانی ناو یەکێتیی بە سەرکردایەتیی حیزبەکەیان بڵێن ئەمە چ جەهەنەمێکە کە دەتەوێت بۆ ئێمەی چێ بکەیت؟؟!!

نابێت لە مەسەلەی ژناندا هەموو ئیسلامییەکان بخەینە یەک سەبەتەوە، دەبێت هێڵە مۆدێرن و عەقڵانییەکەی ناو یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی ستایش بکەین و نەهێڵین بۆ خەرەندی ئیسلامی سەلەفیی خلۆر ببێتەوە، کە بە داخەوە بە هۆی لاوازبوونی عەقڵی منەوەر و ڕۆشنگەر لەو دوو هێزەدا، قەواعیدەکەیان ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر لە قەواعیدی سەلەفی نزیک دەبێتەوە.

هاوڕێی بەڕێز؛ ژنان و کچانی ئازیز؛ داکۆکییکردنی هەموو نێرینەکان، لە گرێی سێکس و حەزی خەوتن لەگەڵ مێینەکانەوە هەڵناقوڵێت، لە ژیانی زۆرینەماندا، ژنێک یان کچێک هەیە کە قووڵ و ڕاستگۆیانە خۆشمان دەوێ، دایک، خوشک، هاوسەر و کچمان هەیە، هاوڕێی کچ و ژنی زۆر نازدارمان هەیە، بە خاتری هەموو ئەوانە، بە خاتری ئەوەی نۆ مانگ لە سکیاندا هەڵیانگرتووین، بە خاتری ماچ و ژووانەکان، بە خاتری فرمێسک و لاواندنەوەکان، بۆ خاتری تەنانەت ئەو برین و ئازارانەش کە وەستایانە و قووڵ لە دڵی ئێمە و ڕۆحی ئێمەدا جێکەوتیان کردوون، ئەم خۆشەویستییە دەردەبڕین.

دایکم؛ ئینجا دوو خوشکەکەم، پاڵەوانەکانی ژیانی منن، هەر شتێک ئەوانم بە بیردا بهێنێت خۆشم دەوێت و ڕێزی لێ دەگرم. کەواتە ٨ی مارس پیرۆزە و بە هیوای دونیایەکی دادپەروەرانەتر و جوانتر.

8th of March, Essay,