شاڵاو حەبیبە
من ماوەماوە چەند پێشنیارێک بۆ خوێندنەوە دەخەمە ڕوو. پێشنیارەکانم پەیوەستن بە کتێبخانەی کوردییەوە. پێم وا نییە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ ڕووی دابێت. ڕەنگە چاپی کتێبی نوێ کەم بووبێتەوە. بەهەرحاڵ ئەمە پێشنیارەکانی ئەم ماوەماوەیەی ئێستامن.
یەک: قارەمانان و گۆڕەکان/ ئێرنستۆ ساباتۆ/ وەرگێڕانی: حەمە قادر
ساباتۆ سێ کتێبی هەیە و خوێنەری کورد دوانیانی لەبەر دەستە. ئەو زۆر بە وردی دەتوانێت ڕۆ بچێتە دەروونی تاریکی ئینسانەوە. تەنانەت پێویستی بە چاوی سەر نییە. دنیاکەی ئەو سەر بە نابینایانە.
دوو: یەعقووبە درۆزن/ یۆرەک بێکەر/ وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: کەریم پەڕەنگ
ڕۆمانەکە لە حیکمەتی درۆدایە، کاتێک ڕادیۆکە ئیش ناکات و تۆ هێشتا هەواڵەکان دەگوازیتەوە. کۆی ڕۆمانەکە دەربارەی ئەو شتەیە کە هێشتا ئەورووپییەکان لێی بێزار نەبوون و هەر دەربارەی دەنووسن، ئێمە هێشتا پێی نەگەیشتووین.
سێ: پێنجینەی (قورساییی ڕازەکان)ـی ئاکی شیمازاکی/ وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
هەموان ڕازێکیان هەیە، بەڵام هەر ڕازە و قورساییی خۆی هەیە. ئەگەر بوومەلەرزە ڕوو دەدات و بۆمبی ئەتۆمی دەخرێتە خوارەوە، ئەوا ڕازەکانیش هەمان قورسایییان هەیە لە ڕۆمانەکەدا.
چوار: شتێک لەم دەوروبەرە/ بەڕۆژ ئاکرەیی
چیرۆکەکانی ئاکرەیی، لە نموونەی چیرۆکی هونەرین. ئەو هەر ئەم پێنج-شەش چیرۆکەی نووسیوە و ئەمەیش دڕۆنگیی ئەو بەرامبەر نووسین دەردەخات. چیرۆکەکان سادە و هونەرمەندانە داڕێژراون.
پێنج: جەللاد/ پییەر لاگەرکڤیست/ وەرگێڕانی لە سویدییەوە: کەریم تاقانە
ڕۆمانێکە پڕ لە ڕۆحی توندوتیژی و شیعر. ئێمە جەللادەکە لە تەنیشتمان دەژی و گوێی لێ دەگرین. شانۆیییە. هەر ئەمەیش وای کردووە چەندین جار نمایش بکرێت. پێشنیارێکە بۆ شانۆکارانی کورد.
شەش: ئیسماعیل- شیعر/ ڕەزا بەراهەنی/ وەرگێڕانی: جەمال مەلایی
شیعرێکی درێژی پڕ لە هەڵچوونوداچوون. زمانێکی ڕند و دژەڕەوت. دەکرێت وزەبەخشانە و هاندەر بێت، بۆ شاعیران. هەر کتێبی باشی شیعرییە کە دەتوانێت شیعرت لا خۆشەویست بکات.
حەوت: سیمیۆلۆژیای گێڕانەوە/ د. حەمە مەنتک
بابەتی کتێبەکە نیشانەناسییە لە هەقایەتی ئەفسانەی فۆلکلۆری کوردیدا. مەنتک نووسەرێکی فرەوێژ نییە و ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر ئەو بابەتەی دەیەوێت لەگەڵ خوێنەردا هاوبەشی بکات. کتێبەکە لەو ڕووەوە سەرچاوەیەکی دەگمەنە.
هەشت: کەوتن/ ئەلبێر کامۆ/ وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: سەیوان محەمەد
ئەمە باشترین تەکنیکێکە بشێ ڕۆمانێکی پێ بگێڕیتەوە. سارتەر دەڵێت: ئەوەی نووسەر دەیڵێت، لە چوارچێوەی ئەو تەکنیکەدایە کە هەڵی دەبژێرێت.
نۆ: ئێمە لە خەو هەڵدەستین/ ئێڤا ڕیبیک/ وەرگێڕانی لە سویدییەوە کەریم تاقانە
پێشتر لە بارەی ئەم شیعرانەوە نووسیومە. زۆر مەبەستمە خوێنەری کورد بیخوێنێتەوە و سەرنجی بۆ لای جۆرێکی دیکە لە شیعر بڕوات. هەرکەسێک لە کڕینی ئەم کتێبەدا زەرەری کرد با پەیوەندیم پێوە بکات.
دە: کەشتیی تاریک/ شێرکۆ فەتاح/ وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: پێشەوا فەتاح
زمانی شێرکۆ فەتاح کەمتر فەنتاسییە، بەڵکوو پشت بە واقیعی وشک و تاڵی کوردستان دەبەستێت. ئەو دەیەوێت هەموان کەشتییە تاریکەکەی ببینین؛ کورد و ئەڵمان پێکەوە. کوردییەکەی پێشەوا فەتاحی وەرگێڕیش، بەشێکە لەو چێژەی لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا ئەزموونی دەکەیت.
یازدە: ئەم هونەری شیعرە/ بۆرخێس/ وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: سەیوان محەمەد
بۆ ئەوەی شیعرت لا خۆشەویست بێت و درکێکی قووڵترت بەرامبەری هەبێت، پێویستە بزانیت بۆرخێس چۆن بیری لە شیعر دەکردەوە. شیعر ئەوە نییە کە لە یەکەم جاردا دەیخوێنیتەوە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.