19/04/2024
DidiMn Logo
Top

هۆکاری دادوه‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنی براوه‌ی ڕۆمان

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بەیان سەلمان و میران ئەبراهام

ڕه‌وا زه‌یدان براوه‌ی خه‌ڵاتی نووسیار بوو بۆ ساڵی ٢٠٢١ بۆ نووسینی ڕۆمانی “مه‌رگی نادیار” ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی هۆكاری دادوه‌رانی خه‌ڵاتی نووسیاره‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ڕۆمانه‌كه‌ی ڕه‌وا زه‌یدان:

“لە نیوان هەموو ئەو ڕۆمانانەی بۆمان هاتبوو“مەرگی نادیار” مان پەسەند کرد چونکە لە ڕوانگەی ئەو پێوەر و تێگەیشتن و چوارچێوەیەی ئێمە بۆ هەڵسەنگاندنی تێکستەکان هەمانبوو، ئەم تێکستە باشترینیان بوو. کارکردن و قووڵایی بیرۆکە و ئێستاتیکای زمان ئاماژەی دڵخۆشکەرن، کە دەکرێ نووسەری ئەو تێکستە، بتوانێت لە داهاتوودا باشتر ڕۆمان بنووسێت. ئەمەش لەسەر توانا و ویستی نووسەر دەوەستێت، تا چەند بەردەوام دەبێت و کار بۆ داهێنانی دیکە دەکات. لەم ڕێگەیەدا نووسەر پێویستی بە خوێندنەوەی زۆرە، بەتایبەت ڕۆمانی هەمەجۆری بیانی و کوردی، ئامانج لەم کارەدا خۆ لادانە لەو هەموو هەڵە دووبارانەی، کە دەکرێ نووسەر ئاسان بەسەریاندا زاڵ بێت و فێربێت چۆن بیرۆکە و تەکنیک و زمان هونەریانە بخاتە ناو فۆڕمێکی گێڕانەوە.

ڕۆمانەکە بە سه‌ره‌تایەکی هونه‌رییانه‌ ده‌ست پێده‌کات سه‌رنجی خوێنەر دەبات. ڕووداوەکان هێواش دەچنە پێشەوە. لەڕووی ناوەڕۆکەوە تێکستەکە زیاد لە مانا و تێگەیشتنێک لای خوێنەر جێدەهێڵێت. نووسەر هەوڵی داوە، بەئاگاییەوە بیرۆکەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەی بخاتە کار و مەبەست و ماناکان لە چواچێوەی تێکستەکە جێ بکاتەوە. گێڕانەوەکە ریتمی هەیە، ئەگەرچی لە هەندێ پەرەگراف پچڕان دروست دەبێت و گێڕانەوەکە فۆڕمێکی ڕۆژنامەوانیانە وەردەگرێت.  ڕووداوەکان بە فۆڕمی جیاواز تێکەڵ کراون و  لە هەندێ شوێن دابڕان لە نێوان بیرۆکەیەک و برگەیەکی داهاتوودا تێبینی دەکرێت. هەروەها دایەلۆگەکانیش دەگۆڕێن، بەڵام لە چواچێوەی گێڕانەوەی بنەڕەتی، دەنگەکان دەناسرێنەوە و نووسەر زوو گەڕاوەتەوە ناو کەشی گێڕانەوەکە. کۆتایی ڕۆمانەکە سەرنجڕاکێشە، ڕستەیەکە کە درامیانە بەردەوامی بەگێڕانەوەکە دەدات و کۆتاییەکی کراوە بۆ خوێنەر جێدەهێڵێت.”

هاوبەشی بکە

DidiMn, didimnarticle,