26/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕاكردن تا… شوێنى ناديار

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من
حسێن سەفا
لە فارسييەوە: سەليم جەمال

 

مامم مردبوو. خەريكى خۆ تێكنانەوە بووين بۆ بەخاكسپاردنی. كارێكى ئەوەندە دژوار نەبوو. بە ڕادەيەك وێران بووبووين، تەنێ دەبا جلى ڕەشمان پۆشيبا.

پێشەوەى دەستەكانى باوكم بە هۆى خەفەتەوە بترازێن و ڕاكەڕاكەيان بێت بەرەو شوێنێكى ناديار. هەوڵم دا خۆم فڕێ بدەمە دەرەوە و جگەرەيەك دابگيرسێنم و بگەڕێمەوە. كاتێك گەڕامەوە، بينيم لەسەر خوانى نيوەڕۆ دانيشتووە و بە پەلەپەل نان دەخوات. هەر گوێيشى لێ نەبوو، دەڵێیت هەر براى نەمردووە. كاتێک ڕوانيمە دەستەكانى باوكم، وەك شۆفەڵ لە نێوان خوان و زاريدا بەرز و نزم دەبوونەوە.

”وەرە نان بخۆ، بابەگيان!“
تەنێ سەيرێكم كرد و لە نێو دڵمدا گوتم: ”ئاخۆ چۆن بە قورگتدا ڕۆ دەچێت؟“
”كوڕى خۆم تۆ ناتەوێت نان بخۆيت؟ لەگەڵ تۆمه‌، باوكە گيان!“

بەهەشتى زەهرا قەرەباڵغ بوو. لە كەنار شتنگە قيامەت بەرپا بوو. مێروولەكان دانەوێڵەى خۆيانيان بۆ ژوورەوە بار دەكرد و لە دواى شۆردن، دەيانگەڕاندەوە بۆ نوێژى مردوو، دواجاريش كۆگە. گشتمان دەگرياين. خزم و كەسەكانمان لە هەموو شوێنى شار ڕژابوونە نێو گۆڕستانەوە. لەڕاستيدا من نەدەگريام، چونكە گريانم نەدەهات. مامم دەيگوت: ”خانوويەك بە هۆى بوومەلەرزەوە داڕمابێت، ناتوانێت دەنگى خۆى لە ژێر كاولگەى خۆى ببيستێت“. باوكم لەسەر پليكانى شتنگە دانيشتبوو. پير بوو. خەريكى ڕاماڵينى يادگارى و بەسەرداچوونەوەى ڕۆژى زەماوەندى بوو. بيرى لە گەشتەكانى دەكردەوە. هزرى لە لاى پێكەنينەكانى فەردين* و عەيبوعارى ئەهديە* و كافێ و شەقامەكانى لالەزار بوو. بيرى لە مامم دەكردەوە، ئاخۆ جێگەى ئاسوودەيە؟ تەرمى مامم دەكۆخا. بيرى لە كتێبەكانى دەكردەوە. بيرى لە ڕۆژى زەماوەندى باوكم دەكردەوە. چ سەمايەكى شێتانەى دەكرد ئەو شەوە! هاتەوە يادى چۆن ئەو دوو ساڵانەى لە خزمەتى سەربازيدا بە ڕێ كرد، كە بەبێ ئەوەى نامەيەك ئاڵوگۆر بكات، مۆڵەت وەربگرێت و سەرێك لە ماڵ و مناڵەكانى بدات؛ بەڵام لەو ساڵانەى كە جەنگ سەري هەڵدا بەو شێوەيە نەبوو، مۆڵەتى وەردەگرت بۆ بينينى هاوسەر و كچەكانى، دواتريش بەرەو جبەخانە دەگەڕايەوە.

كاتێك تەرميان لە شۆردنگە هێنايه دەرەوە، باوكم بە خێرايى بەرەو ڕووى دارەمەيتەكە چوو. دەسكى دارەمەيتەكەى گرت، دواتر بە هاوكاریى برايەكانم بەرەو شوێنى نوێژى مردوو گواستيانەوە. هەموو ئامادەبوان ڕاست ڕاوەستان. جگەرەى خۆمم كوژاندەوە و بەوانەوە لكام. باوك غەمبار و تۆقاو. وەك دارتەلى كارەبا لەسەر سەرى مردوو چەقيبوو. هەستێكى نامۆ دووچارم بوو. خۆرى نيوەڕۆژ ڕاستەوخۆ كەلـلەمانى دەپێكا. ئامادەبوان لە بەرپێى خۆيان نەدەوەستان. باوكم و هەندێك لە ڕيشسپييانى خزممان لە دواى پێشنوێژ ڕاوەستان و نوێژى مردوويان خوێند، دواتر بە هاوكاریی چەند كەسێكى ديكە تەرمەكەيان هەڵگرت و شۆڕ بوونەوە بۆ نێو گۆڕستان. ئەوانى ديكەيش به دوايانەوە. خزم و كەسەكانمان بە شێوەيەك ڕەفتاريان دەكرد كە مرۆڤ گومان بكات مەرگ تەنها بۆ دراوسێيە. بە هۆى ئەو بێهێزیيە بێزاركەرەى كە ڕووى تێكردم، وەستام و ڕوانيمە ئاپۆڕەى خەڵكى كە لێم دوور دەكەوتنەوە. مەيلى وەستانيان نەبوو پێيەكانم. دوكانێكيش لەو ناوە نەبوو تاكو شتێك بكڕم و لوولى بدەم. بە ئەستەم خۆم بە ماتەمگێڕەكان گەياند كە خەريكى پەسنى كەسى مردوو بوون. تێمدەڕوانى، لێ چاوەكانم ڕەشوپێشكەى دەكرد. خراپ وێڵ بووم و جەستەم دەلەرزى. بڕێك حەلوام هەڵگرت و هەر لەوێ لەسەر ئەژنۆ دانيشتم و ڕوانيمە باوكم، كە بە شێوەيەكى مكوڕ خۆڵى بەسەر تەرمى برايەكەیدا دەكرد و دەگريا.

 

 

*فەردين: ئەكتەرى سينەماى كلاسيك و زۆرانبازى فارس.
*ئەهديه: گۆرانيبێژى كلاسيكى فارس، كە زۆرينەى گۆرانیيەكانى بۆ ئەو كچەئەكتەرانه بەرهەم دەهێنا كە لە نێو كافێ و شوێنە گشتیيەكان سەماى شێتانەيان دەكرد.

هاوبەشی بکە

DidiMnStory,