16/04/2024
DidiMn Logo
Top

ژن و سیاسەت

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
نەوال سەعداوی
لە عەرەبییەوە: ڕۆزا حەمەساڵح

1

خەڵاتی شێواندنی وێنەی ژنەکاندیدێک بۆ سەرۆکی وڵات

سەرەڕای ئەوەی لە شاری قاهیرە خۆرەتاو بوو، بەڵام ھەورێکی ڕەش خانووە کۆنکرێتییەکانی داپۆشیبوو، ئەگەرچی سەوزایی نەماوە و پاڵەپەستۆی تەلار و دیوارە کۆنکرێتییەکانە، ئەگەرچی سەر زبڵ و کەلاوەکان پڕبووە لە ژاوەژاوی مناڵانی سەرشەقام، و سەگ و پشیلە بەرەڵاکان. بەڵام بەیانیان چاوەکانم بەمژدەی ڕۆژێکی نوێوە ھەڵدەهێنم، گەشبینم بە سروشت، یاخود گەشبینم بەو کرۆمۆسۆمانەی کە لە داپیرە جوتیارەکەم، و دایکمی یاخی، و باوکە ئەزهەرییەکەم کە دژ بە ئەزھەر شۆڕشیکرد، بۆم ماوەتەوە. بۆ یاخیبوون پێویستە لانی کەمی گەشبینی و ھیوا بە گۆڕانکاری ھەبێت، ئەگەر ھیوا نەبێت ئەوا گەشبینی وەك جۆرێک لە نەفامی یان ساویلکەیی مناڵی یاخود شێتیی لێدێت.

کاتێك لە زینداندا بووم ھاوڕێکانم نازناوی کچەساویلکەیان لێنابووم، دەسپێکی ھەموو ڕۆژێکێ نوێ زەردەخەنەم دەکرد و پێم دەوتن: “سادات” دەمرێت و ئێمەش لە پشت دیوارەکانەوە دەچینە ناو ژیانەوە! پێیان وتم تۆ منداڵێكی ساویلکەی، هەروەها دەیانوت تۆ کەسێکی نمچەشێتی یان ناواقیعییت، دەیانووت: ڕۆماننوسێکی خەیاڵبڵاوە، و ھیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە.

بەڕێزان ئایا سیاسەت چییە؟!

ئایا سیاسەت دەستیدەستی و فرتوفێڵی حزبی و ھەڵبژاردنە بۆ گەیشتن بە کورسیی سەرۆك؟ یاخود کورسییەك لە پەرلەمان، یان ھەر پلەیەکی نزم یان بەرزی نێو دەسەڵات؟!

 بە من دەڵێن: تۆ عاشقی پرسیار کردنیت، پێم دەڵێن تۆ حەزت بە مشتومڕی سەرنج ڕاکێشانەیە، وەكئەوەی پڕسیارکردن یان مشتومڕ و وروژاندنی پرسەکان، پەیوەندییەکی سیکسی بێت لە دەرەوەی ھاوسەرگیریی شەرعی، ئایا چ نەنگییەك لە وروژاندنی دیالەکتیک و مشتومڕدایە؟!

ئایا گۆڕانکاری لە دیالەکتیک و پرسیارکردنەوە دروستنابێت؟ ئایا شۆڕشی کۆیلەکان لە جیھاندا بە پرسیارێك دەستیپێنەکرد؟ شۆڕشی کۆیلەکان لەو ژنەوە دەستیپێکرد کە بەیانییەک لە شاری لەندەن، لە ژووری نووستنەکەیدا چای دەخواردەوە، لەندەن پایتەختی ئیمپراتۆڕییەتی بەریتانی بوو، کە خۆری لێ ئاوانەدەبوو، ئیمپراتۆڕییەت لەسەر عارەق و خوێنی کۆیلەکانی کیشوەرەکانی ئەفریقا و ئاسیا و ئەوانی تر بونیادنرابوو، ژنەکە قوتووە شەکرەکەی کردەوە تاکو کەوچکێك شەکر بکاتە ناو کوپە چاکەیەوە، لەسەر قوتووەکە نوسرابوو ئەم چاییە لە ئەفریقای ڕەش چێنراوە، کاتێک شەکرەکەی لە ناو چاکەدا تێکەڵ دەکرد ئەو پرسیارەی بە خەیاڵد ھات: ئایا کۆیلە ڕەشەکان چەند لە عارەق و خوێنی خۆیان دەدەن بۆ چاندنی قامیشی شەکر؟! تامی چاییەکە لە دەمیدا تێکەڵ بە عارەق و خوێن بوو، بۆیە یەکسەر قوتووە شەکرەکەی فڕێدایە سەتڵە خۆڵکەوە.

ئیتر بزووتنەوەیەکی میللی بۆ بایکۆتکردنی شەکر لە لەندەن سەریهەڵدا. ئەو بزوتنەوەی سەرپەرشتیی ھەموو بزووتنەوەکانی تری جیهانی کرد بۆ نەھێشتنی کویلایەتی!

پیاوان لەگەڵ ژناندا بەشداریی ئەم بایکۆتکردنە ئابوورییەی شەکریان کرد، بەڵام ژنان بڕبڕە پشتی ئەم بزووتنەوەیە بوون، چونکە بابەتی خواردن (لەنێویشیاندا شەکر) لەو کاتەدا و تائێستاش تایبەتە بە ئافرەت، چونکە ئافرەت دەڕوات بۆ بازاڕ و شەکر دەکڕێت، ھەرئەویش دەتوانێت نەیکڕێت، یاخود ئەو خواردنەی (بە عارەق و خوێنی کۆیەلەکان ژەهراویی بووە) بیگۆڕێت بە خواردنێکی تر کە بێتاوانتر و بێگەردتر بێت.

خوێندنەوەی مێژوو ئاماژە بەوە دەکات کە شۆڕشەکانی ڕزگاریی میللی لە هەر شوێنێکی ئەم جیھانەدا، سەرتا بە کەسێکی یاخیبوو یان کەمینەیەک دەستیپێکردووە، و دواتر تەشەنەی کردووە بۆ زۆرینە، وەكچۆن بڵیسەیەکی بچوك دەبێتە ئاگر، بەهێزتر لە ئاگری ئەو ئیمپراتۆرییەتەی کە حاکمی ئاسن و ئاگرە.

ئەمە ئەو مێژووەیە کە لە قوتابخانەکانمادا نایخوێنیین، چونکە مێژووی شۆڕشەکانی ڕزگاریی میللی، مەترسیدار یان قەدەغەکراون، و لەبەرئەوەی ڕۆژنامەکانی ئیمپراتۆرییەتی دەسەڵاتدار لە ناوخۆ و لە دەرەوەش ھەمیشە وێنەی تاکی یاخیبوو دەشێوێنن، ئیتر ژن بێت یان پیاو، بەڵام ژن دووئەوەندەی پیاو وێنەکەی دەشێوێنرێت، ھەرچەندە پیاو (بەپێی دابونەریت) یەکسانە بە دوو ژن. هەربۆیە یاخیبوون بە پرسیارێك دەست پێدەکات، کە نزیکترین (کوپێك چای لە لەندەن) و دوورترین (کویلەکانی باشوری ئەفریقا) پێکەوە دەبەستێتەوە.

خوێنەرانی بەرێز ئێستا ڕێگام پێبدەن کە چەند نموونەیەکتان لە ژیانی گشتی و تایبەتی خۆمتان بۆ باسبکەم، لەبەرئەوەی من زیاتر دەربارەی ژیانی خۆم دەزانم وەک لە ژیانی کەسانی تر، و لەبەرئەوەی ھەتا قسە لە سەر خۆم نەکەم مافی ئەوەم نییە قسە لە سەر خەڵکی تر بکەم، لای ئێمە پەندیك ھەیە کە دەڵێت: لە خۆتەوە دەست پێبکە.   

ئەوکاتەی بڕیارمدا خۆم بۆ سەرۆك کۆماری میسر کاندید بکەم (دیسەمبەری ساڵی ٢٠٠٤)، ڕۆژنامە حکومی و ناحکومیەکان کە خۆیان بە “بێلایەن” ناساندبوو، و خەڵکی پێی دەگوتن “ڕۆژنامەی زەرد” کەوتنە پێشبڕکێ بۆ شێواندن ولەکەدارکردنی کەسایەتیی من، کە پێشتر بەرامبەر ھیچ کەس نەکرابوو، وەكئەوەی ھەر ڕۆژنامەیەك کەسایەتیی من زیاتر لەکەدار بکات ئەوا “خەڵاتی نێودەوڵەتی” یان “خەڵاتی سەرکەوتن”ی پێدەبەخشرێت، یان ڕەنگە کەمکردنەوەی بەھای من ببێتە ھۆی بەرزکردنەوەی بەھای ئەو سەرۆکەی کە دەیانەوێت بەڕێژەی ٩,٩٩٪‏ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەمشێوەیەش لەکەدارکردنی ئەو کەسانەی خۆیان بۆ سەرۆكکۆماری میسر کاندید کردبوو درێژەی خایاند.

بۆ نموونە لە ١٣ جەنیوەری ٢٠٠٥دا ڕۆژنامەی مەیدان کە لە قاھیرە دەرچێت، بە مانشێتێکی گەورەو لە لاپەڕە یەکەمدا و خەتێکی پانی ڕەش نووسرابوو:

ڕۆژنامەی پێشینەی کاندیدەکان بۆ سەرۆك کۆماری…

 وێنەکەی من کە لەژێر مانشێتەکەدا دانرابوو، لە وێنەی ئەو گومانلێکراوانە دەچوو کە فەرمانی گرتنیان هەبوو، ئەو قسانەشی دەربارەی من نوسرابوو لە وێنەکەم گوماناویتر بوو، وشەگەلێک نوسرابوو کە خۆکاندیدکردنمی بە خەڵەفانی سیاسی یان گێلی یان شێتی یان گەمژەیی و سەرکێشی لەقەڵەمدابوو، گوایە ئارەزووی ناوبانگ و خۆدەرخستن دەکەم، و ھیچ مەرج و تایبەتمەندییەکی سەرۆکی وڵاتم تێدا نییە.

بەرێزان ئایا ئەو مەرج و پێداویستییانە چییە کە پێویستە لە سەرۆكکۆماردا ھەبێت؟

کاتێك ئەم پرسیارە دەکەم وەڵامەکەی نازانن، بۆنموونە بیر لەو مەرجانە دەکەنەوە کە لە “ئەنور سادات”دا ھەبوون، دواتر سەردادەخەن و بێدەنگ دەبن، دواتر سەر بەرزدەکەنەوە ودەڵێن: ھیچ نەبێت ئەو نێر بوو و مێ نەبوو! دواتر بیریان دەکەوێتەوە کە من ڕۆمانم نووسیووە و تیادا پاڕێزگاریم لە مافی ژنان کردووە، و باسم لە مەترسی و زیانەکانی خەتەنەکردنی مێینە و نێرینە کردووە، هەروەها بابەتی دەبڵ مۆراڵیی یاسای فرەژنی و چەندین پرسی کۆمەڵایەتییم وروژاندووە.

ڕۆژنامە زەرد و سورەکان ھێرشیان کردە سەر کەسایەتیم، مانشێتەکانم لە لاپەرەی یەکمدا دەخوێندەوە نوسرابوون:

 ئەو ژنەی بانگەشەی ئازادیی سیکسیی دەکات، و باسی فرەژنی دەکات، و بەها و نەریت هەڵدەوەشێنێتەوە، و پیرۆزییەکانی پاکیزەیی و شەرف ڕەتدەکاتەوە، ئەو کەسەی دژ بە خەتەنەکردنی مێینە و نێرینەیە، ئینجا ڕەهەندە ئیسلامییەکە بۆ پرۆسەی شێواندنەکەم زیاد دەکەن و دەڵێن: ئەو [ژنەی] ڕەخنە لە فێرکاریەکانی ئیسلام و ماچکردنی بەردە ڕەشەکە دەگرێت!

بەڕاستی ڕۆژنامە زەردەکە ناوەکەی پڕبەپێستییەتی، هێڵنجی پێدەدەیت، مێژووی ھەر کاندیدیك بۆ سەرۆك دەگۆڕێت بە ڕۆژنامەی پێشینە، وەكئەوەی کاندیدەکە بوبێتە تاوانبارێک کە پێشینەی هەیە، تەنھا لەبەرئەوەی دێتە هەڵبژاردنەوە و دەبێتە ڕکابەری سەروك کۆمار.

 ھەرجی سیفەتی ئەرێنی ھەیە (لە ژیانی کاندیدەکاندا) دەگۆڕێت بۆ سیفەتی نەرێنی، ھەرچی ھەڵوێستە نیشتیمانییە جوانەکان ھەیە دەگۆڕێت بۆ پێشینەی خراپ و ئەتککردنی نەریت و ئاین و ڕەوشت.

بەڕێزان ئایا ئەمەیە دیموکراسی؟!

ھەوڵمدا لە هەمان ئەم ڕوژنامانەدا وەڵام بدەمەوە، بەڵام بێچارە بووم، ڕێگەیان بە بڵاوکردنەوەی نەدەدا، و ئەگەر بڵاویشیان بکردایەتەوە ئەوا دەستکاری قسەکانییان دەکردم بۆ ئەوەی مەبەستم ڕوون و ئاشکرا نەبێت، قایلکەر نەبێت، بەشێوەیەک قسەکانی خۆیان بسەلمێنێت.

ئا ئەمەیە تیرۆری ڕۆژنامەوانی، کە زۆر لە تیرۆرکردن بە چەك و تەقەمەنی مەترسیدارترە، کە لە وڵاتەکەماندا حکومەتەکان و نوخبەی سوودمەند دژ بە هەمەوو ئەو کەسانە بەکاریدەهێنن کە عەرشیان دەلەرزێنێت، ئەوە تیرۆری حکومییە، یاخود تیرۆری دەوڵەت، ئیتر وڵاتێکی عەرەبی بێت یان ڕۆژئاوایی، ئەمریکی بێت یان بریتانی، ئیسرائیلی بێت یان هیتر.

 لە ڕۆژنامەیەکی تردا و بە مانشیێتێکی گەورە نوسرابوو: ئیسرائیل نەوال سەعداوییان بۆ سەرۆك کۆماری میسر کاندید کردووە!

ئەمەش ھەوڵێك بوو بۆ ئەوەی باوەڕ بە خەڵکی بهێنن کە ئیسرائیل لەگەڵ مندایە، ڕۆژنامەکە ئەوە دەزانێت کە زۆرینەی خەڵکی تەنھا مانشێت دەخوێننەوە، چونکە بابەتەکانی ژێر مانشێتەکە جەخت لە پێچەوانەکەی دەکاتەوە، و ھەڵویستە مێژوویەکانم دەسەلمێنێت کە چۆن دژی حکومەتی ئیسرائیل وسیاسەتی ئەمریکا لە وڵاتماندا، وەستاومەتەوە، هەموو ئەم شتانە زانراوە، ھیچ کەس ناتوانێت نکۆڵیی لێبکات.

بەڵام ڕۆژنامەوانیی زەرد ملی ڕاستییەکان دەشکێنێت، و هەوڵدەدەن لەڕێگەی شێواندنەوە لە دەسەڵاتدارەکان نزیك ببنەوە، کێ دەزانێت؟ لەوانەیە ئەم ڕۆژنامەیە یان ئەوانی تر بەم نزیکانە خەڵاتی دەوڵەت وەرگرن!

2

من بیردەکەمەوە، کەواتە شیاونیم بۆ سەرۆکایەتیی وڵات

 ھەواڵی کاندیدکردنم بۆ سەرۆکی دەوڵەتی میسڕ، لە دیسەمبەری ٢٠٠٤دا مشتومڕێکی زۆری لەنێو ناوەندە میلییەکان و ودامودزگا باڵادەستە سیاسی و ئاینییەکاندا دروستکرد، تەنانەت دکتۆر محەمەد سەید طەنطاوی (شێخی ئەزھەر) فەتوای ئەوەیدا کە دەشێت ژنێك ببێت بە سەرۆک کۆمار، ئەوە بوو زانایانی ئەزھەر بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان پشتگیریان کرد و بەشەکەی تری دژی وەستانەوە، لەوانە شێخ ئبراھیمی فەیومی (ئەمینداری گشتیی کۆمەڵەی توێژینەوەی ئیسلامی) پشتگیریی فەتواکەی تەنتاویی کرد، و دووپاتیکردەووە کە ئیسلام لە کارکردندا ھیچ جیاوازییەك لە نێوان ژن و پیاودا ناکات، بەڵام ھەڵبژاردنی کارەکە بۆ سەلیقە و سروشتی ھەر یەکەیان جێدەهێڵێت.

وشەی (سروشتی ھەر یەکەیان) دەرگای زۆر بۆ پرسیارکردن دەکاتەوە: سروشتی مرۆیی چییە؟ ئایا شتێکی جێگیرە و لە دروستبوونی کۆیلایەتییەوە و بە سەدان ساڵ ناگۆڕێت؟ ئایا سروشتی پیاو لە سروشتی ژن جیاوازترە؟ ئایا جیاوازییەکان لە توانای ئەقڵی یان ماسولکەیی یان بایلۆجی یان دەروونیدایە؟

ئایا سروشتی ژنێکی ئەمریکی و ئەوروپی لە سروشتی ژنێکی میسری و عەرەبی جیاوازترە؟! کەواتە بۆچی مارگرێت تاچەر چەندەھا ساڵ  بەدەستێکی ئاسنین حوکمی بەریتانیای کرد؟ دەمبینی چۆن سەربەرزانە و بەپۆزەوە دەڕۆیشت، و حاکمە عەرەبەکان وسەرۆك و پاشا و کاربەدەستانی وڵاتانی تر (ئەوانەی پێیان دەڵین جیھانی سێھەم) دەوریان دابوو، لەدوایەوە بەسەرکزی و پشتی چەماوەوە دەرۆیشتن، یاخود بە لوت شکاوییەوە تەسلیمی بڕیارە ئیمپریالیستییە ئینگلیزییەکەی دەبوون.

بۆچی دوور بڕۆین، ئەوەتا خانمی ئەمریکی کۆندالیزا ڕایس لە تاچەر زیاتر دەکات، یان ئەوەی مادلین ئولبرایت و جولدا مائیر دەیکات، و ئەوەی خاتوو ھیلاری کلینتون دەیکات، کە تەنھا ھاوسەری سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان بوو، و سەرۆکی وڵاتیش نەبوو؟!

هەروەھا لە وڵاتە ئیسلامییە درواسێ و دوورەدەستەکانیشدا، ژن حوکمی چەندین دەوڵەتی کردووە، وەك وڵاتی ئەندونیسیا و پاکستان و فلیپین و بەنگلادش و سریلانکا و وڵاتی تریش؟

لە وڵاتە عەرەبییەکانیشماندا هاوسەری سەرۆکەکان یان پاشا و میرەکان دەسەڵاتێکی زۆریان ھەیە، کە زۆرجار یەکسانە بە دەسەڵاتی سەرۆک یان پاشا و میرەکان ، لە نموونەی حوکمکردنی خانمی یەکەم لە سەردەمی ساداتدا، یان وەکچۆن لە ئەمڕۆدا خانمی یەکەم چەندین دەسەڵاتی لە میسردا هەیە، ئەوەتا ڕۆژانە لە ڕۆژنامەکاندا دەیبینین چۆن سەرکردایەتیی وەزیرەکان دەکات، و بە دەسەڵاتێکی زیاتر لە سەرۆک وەزیران سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکان دەکات.

ڕۆژانە ئەمانە دەبینین، لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێك لە پیاوانی ئایینی، لەنێویاندا دکتۆر عەلی جومعە، موفتیی خانەخوێی میسری (موفتیی کۆماری)، و دکتۆر یوسف قەرزاوی، لەوانەن کە بەرهەڵستکاریی فەتواکەی شێخی ئەزھەر دەکەن، بەھەموو شێوەیەک ڕەتیدەکەنەوە کە ژنێك پۆستی سەرۆك وڵات بگرێتە دەست، بەڕێزان ئەمە بۆچی؟ دەڵێن: بەھۆی سرووشتی فسیۆڵۆجی و ئەو گرفتانەی کە لە کاتی سووڕی مانگانەدا دەیبینێت! سووڕی مانگانە؟!

ئەی خوایە! ئایا سووڕی مانگانە ڕێگربوو لە بەردەم مارگرێت تاچەردا، کە کاروباری سەرۆکایەتیەکەی بکات؟ ئایا سووڕی مانگانە ڕێگرە لە بەردەم ژنەجووتیارێکدا کە لە خۆرھەڵھاتنەوە تا خۆرئاوابوون شانبەشانی پیاو لە ناو کێڵگەدا کاری قورس دەکات؟!

ئایا سووڕی مانگانە ڕێگرە لەبەردەم ئە ژنە ورزشەوانانەی، کە بەشداریی لە یارییە ئۆڵومپیاتەکاندا  دەکەن و لەگەڵ پیاواندا کێبڕکێ دەکەن؟

کێ وتی سووڕی مانگانە نەخۆشییە و ژن لە کارکردن دەخات؟ تەنانەت سکپری و مناڵبوونیش ئەو ژنانە لە کارکردن دوورناخاتەوە کە لە ناو کارگە و گێڵگە و نوسینگە و باڵویزخانە عەرەبی و بیانییەکاندا کاردەکەن!

بێگومان “سووڕی مانگانە” وشەیەکی شازە، یان پێکەنیناوییە، کاتێك لەسەر زاری ھەندێك لەو پیاوانەوە دێت، چونکە بەتایبەتی زۆرینەی ئەو ژنانەی کە لە کایەی سیاسەت یان ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و ھەڵبژاردنەکانی تردا کاردەکەن، پەنجا ساڵیان تێپەڕاندووە؛ ئیتر هەر سووڕی مانگانەشیان نییە.

لە هەمووی پێکەنیناویتر ئەوەیە کە شێخ عبدواللە مجاوەر (ئەمینداری لیژنەی فەتوای ئەزھەر) وتی: من لەگەڵ ئەوەدام ژن سەرۆکایەتیی وڵات بگرێتەدەست؛ چونکە شەریعەتی ئیسلام ڕێگر نییە، بەڵام بەمەرجێك تێکەڵ بە پیاو نەبێت!

ئەی خوایە! چۆن ژنێك ببێتە سەرۆکی وڵات تێکەڵاویی پیاو نەبێت؟! ئایا بەتەنھا مامەڵە لەگەڵ ژناندا بکات؟ ئایا ئەو وەک سەرۆکی وڵات نابێت لەگەڵ سەرۆک وەزیران یان بەرپرسانی تر دابنیشێت و گفتووگۆی کاروباری دەوڵەت بکات؟!

 بەڕاستی شتێکی زۆر کۆمیدیە، ئەم جۆرە قسانە لەم پیاوە ئاینییانە ببیستین کە لە دامودەزگا ئاینییەکاندا پلەوپایەی بەرزیان ھەیە، لەبری ئەوەی لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ڕای گشتی ئاراستە بکەن.

ھەموو ئەمانە هیچ نین جگەلە چەند نموونەیەکی کەم، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەڕێگەی ڕۆژنامەکانی میسرەوە تێبینیم کردن، لەوکاتەوەی ژنێك بەناوی (نەوال سەعداوی) خۆی بۆ سەرۆكی وڵات کاندیدکردووە.

تەنانەت ئەو ژنانەی لە میسريش دەسەڵاتی ئاینییان ھەیە، عەقڵیان داپۆشیووە (کە لە داپۆشینی قژ مەترسیدارترە)، کەوتنە پاڵپشتیی ئەو پیاو ئاینییانەی کە دژی شێخی ئەزھەر بوون، ھێرشی ئەو ژنانە بۆ سەر کەسایەتیم زۆر لە ھێرشی پیاوەکان توندتر بوو، یەکێك لەو ژنانە (دکتۆرە ئامینە نەصیر)، وتی: دژی کاندیدکردنی نەوال سەعداویم بۆ سەرۆک کۆمار؛ چونکە ئەو زۆر لە بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام ڕەتدەکاتەوە، و ھیچ تایبەتمەندییەکی بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە تێدا نییە!

ئەم ژنە نەك تەنھا خۆی دەخاتە شوێنی سەرۆکی دەوڵەت، بەڵکو خۆی خستۆتە شوێنی خوا، ماف بە خۆی دەدات لە سەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان و دەزگا ڕاگەیاندنەکان تەکفیری کەسێکی تر بکات! وەكئەوەی حەقیقەت و ماف هەر بەتەنها لای ئەوبێت.

بەڕای من ھەموو ئەمانە خاڵی ئەرێنیی ئەو دیالەکتیکەن، کە کاندیدکردنی ژنێك بۆ سەرۆکی وڵات هێنایەئاراوە. بەڵکو ئامانجی سەرەکییم لە خۆکاندیدکردنم بۆ ھەڵبژاردنەکانی بەھاری ٢٠٠٥، وەکئەوەی لە پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنەکەدا وتم:

“ئامانج لە چوونمە نێو ئەم جەنگەی ھەڵبژاردنەوە بۆ ئەوە نییە پۆستی سەرۆكی وڵات وەرگرم، بەڵکو بۆ پاڵپشتییکردنی بزوتنەوەی میللی و دیالەکتیکی سیاسی و ھزرییه، کە زەمینە خۆش دەکات بۆ بەدەستھێنانی چاکسازیی دیموکراتی و گەشەسەندنی فیکریی ڕاستەقینە لە وڵاتانی عەرەبیدا.

ئەوەی کە زۆر جێگای پێکەنین بوو، یەکێك لە بەرهەڵستکارەکانی ئەم بزووتنەوەیە وتی: بۆچی نووسەر و بیرمەندێك دێتە نێو ململانێی سیاسی و ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە؟ ئایا سەرۆکی ھەر وڵاتێك پێویستی بە فیکر و ئایدیا هەیە؟ یان پێویستی بە ھێزی سەربازییە؟!

ئەمەش بەرەو ئەو پرسیارەمان دەبات: بنەما و مەرجەکانی جۆرج بۆشی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا چییە، ئایا ھیچ فیکر و ئایدیایەکی هەیە؟ کەواتە ئێستا دەتوانم بڵێم:

من بیردەکەمەوە، کەواتە شیاونیم بۆ سەرۆکایەتیی وڵات!

هاوبەشی بکە

Nawal El Saadawi, Wtari Kteb,