14/09/2024
DidiMn Logo
Top

جۆكه‌ر، فیلمێك بۆ لێدان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

خواكین فینیكس له‌ ڕۆڵی ئارسه‌ر فلیك، فیلمی جۆكه‌ر، ‌ده‌رهێنانی تود فیلپس‌ (2019)

دیدی من

ڕێژه‌ن جه‌مال

دواین جار كه‌ كاره‌كته‌ری جۆكه‌ر به ‌مانا قووڵه‌ فه‌لسه‌فی و هونه‌رییه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت، له‌ فیلمی سوارچاكی تاریكیی كریستۆڤه‌ر نۆلان بوو له‌ ساڵی 2008دا، زۆر جار بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ ئاخۆ ده‌شێ ده‌رهێنه‌رێكی دیكه‌ هه‌بێت بتوانێت هاوشێوه‌ی نۆلان كاره‌كته‌ری جۆكه‌ر به‌و هه‌موو قووڵاییه‌ فه‌لسه‌فی، سیاسی و هونه‌رییه‌وه‌ نیشان بدات؟ جۆكه‌ره‌كه‌ی نۆلان له‌گه‌ڵ خۆیدا كێشه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی ئه‌فڵاتوون و سلاڤۆی ژیژه‌ك ده‌رباره‌ی ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌زمی سیاسی به‌ به‌رگێكی هونه‌ریدا كرد، هه‌ر وه‌ك چۆن فیگۆری تابلۆكانی فرانسیس بيكۆنی شێوه‌كاریش له‌ فیگۆری كاره‌كته‌ری جۆكه‌ردا ده‌بینیته‌وه‌. به‌ر له‌و ساڵه‌ و دواتریش، ده‌یان نموونه‌ی كاره‌كته‌ری جۆكه‌ر له‌سه‌ر شاشه‌ی سینه‌ماكانی ئه‌ورووپا و ئه‌مەریكا ده‌ركه‌وتوون، وه‌ك چۆن كاره‌كته‌ری جۆكه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ دابه‌شی دوو به‌ره‌ ده‌كات، به‌ره‌یه‌ك ئه‌وانه‌ن كه‌ سه‌رسامی جۆكه‌رن و تا دوا سات له ‌پاڵیدا ده‌مێننه‌وه‌، به‌ره‌یه‌كی دیكه‌یش ئه‌وانه‌ن كه‌ دژایه‌تیی ده‌كه‌ن، به ‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ ده‌رهێنه‌رانی سینه‌مای دابه‌شی دوو به‌ره‌ كردووه‌، به‌ره‌یه‌ك كاره‌كته‌ره‌كه‌ له‌ دیوه‌ ڕووكه‌ش و بازرگانییه‌كه‌یدا نیشان ده‌ده‌ن، به‌ره‌یه‌كیش قووڵ به‌ نێو لایه‌نه‌ فه‌لسه‌فی و هونه‌رییه‌كه‌ی كاره‌كته‌ره‌كه‌دا شۆڕ ده‌بنه‌وه‌، ده‌كرێت به ‌گه‌ڕانێكی چه‌ند خوله‌كی، ده‌یان نموونه‌ت له‌ كاره‌كته‌ری جۆكه‌ر له‌ دیوه‌ ڕواڵه‌تی و ساده‌كه‌یدا ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵام جۆكه‌ره‌ ئه‌فسانه‌یی و قووڵه‌كه‌، زیاده‌ڕه‌وی نییه‌ گه‌ر بڵێم سه‌ره‌تا لای كریستۆڤه‌ر نۆلان ده‌ركه‌وت و ئێستایش له‌ لای تود فیلپس ده‌رده‌كه‌وێت.

جۆكه‌ر، فیلمێكی نوێیه‌ له ‌ده‌رهێنانی تود فیلپس‌ و به‌رهه‌می ساڵی 2019یه‌، چیرۆكی فیلمه‌كه‌ ده‌رباره‌ی كاره‌كته‌ری ئارسه‌ر فلیكه‌ كه‌ خواكین فینیكس ڕۆڵی ده‌بینێت. فلیك كۆمیدیه‌نێكی ئه‌ماتۆره‌ و خه‌ونی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ پێكه‌نین بخاته‌ سه‌ر لێوی بینه‌ره‌كانی، له‌سه‌ر شه‌قام و له ‌نێو باڕه‌كاندا نمایشی كۆمیدی ده‌كات و ده‌یه‌وێت وه‌ك كۆمیدیه‌نێك ناوبانگ په‌یدا بكات، به‌ڵام جگه‌ له‌ خۆی، هیچ كه‌سێك به‌ نمایشه‌كانی پێناكه‌نێت. ته‌نانه‌ت ده‌كرێت وه‌ك تاكه‌ كاره‌كته‌ری كۆمیدی له ‌نێو مێژووی سینه‌ما هه‌ژماری بكه‌ین كه‌ كه‌س به ‌نمایشه‌كانی كاریگه‌ر نییه‌. له‌م فیلمه‌دا تود فیلپس كاره‌كته‌رێكی ته‌واو ستاندئه‌پ كۆمیدیه‌ن نیشان ده‌دات، به‌ڵام كۆمیدیه‌نێك كه‌ كه‌س پێی پێناكه‌نێت، به ‌درۆیش.

جۆكه‌ر له‌گه‌ل دایكیدا (كه‌ دواتر بۆی ده‌ردەكه‌وێت كوڕی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و دایكه‌ نییه‌ و هه‌ڵگیراوه‌ته‌وه‌)، له ‌شاری گۆسام ده‌ژین، شارێك كه‌ بوونێكی واقیعیی نییه‌ و زاده‌ی خه‌یاڵه‌، به‌ڵام ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه‌ بۆ شارێك كه‌ سه‌رمایه‌داری به‌وپه‌ڕی دڵڕه‌قییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، خه‌ڵكی شاره‌كه‌ له‌ سیستمی سیاسی و ئابووریی ناڕازین، ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و بۆ بچووكترین ده‌رفه‌ت ده‌گه‌ڕێن تووڕه‌ییه‌كه‌یان به ‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتداراندا بته‌قێننه‌وه‌.

له ‌دوو دیمه‌نی سه‌ره‌تای فیلمەکە‌دا، بینه‌ر به‌رامبه‌ر كاره‌كته‌ری جۆكه‌رێكی لاواز و جێگه‌ی به‌زه‌یی ده‌وه‌ستێت، ئارسه‌ر فلیك وه‌ك له‌ سه‌ره‌تادا ده‌رده‌كه‌وێت، كاره‌كته‌رێكی شه‌ڕانگێز و تووڕه‌ نییه‌، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی له ‌نێو كۆڵانه‌كانی نیویۆرك له ‌خوێنی خۆیدا ده‌یگه‌وزێنن. جۆكه‌ره‌كه‌ی تود فیلپس نموونه‌ی كاره‌كته‌رێكه‌، كه‌ زنجیره‌یه‌ك نه‌خۆشیی ده‌روونی ده‌وری داوه‌ و گرفتاری كردووه‌، كاره‌كته‌رێكی سایكۆبات، شیزۆفیرینیا له‌ تایپه‌ سووكه‌كه‌ی و خه‌مۆكه‌ و حه‌وت جۆری جیاوازی ده‌رمان بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌ خراپه‌ ده‌روونییه‌كه‌ی ده‌خوات.

به‌ڵام فیلمه‌كه‌ له ‌نیوه‌ی دووه‌میدا كاره‌كته‌ری جۆكه‌ر ده‌گۆڕێته‌ سه‌ر كاره‌كته‌رێك كه‌ بینه‌ر تووشی سه‌رسووڕمان ده‌كات، جۆكه‌ر چیتر ئه‌و كه‌سه‌ نامێنێت كه‌ له‌ میترۆ و شه‌قامه‌كانی نیویۆرك به‌ر شه‌ق ده‌درێت، به‌ڵكو به‌رامبه‌ر مافی خۆی ڕاده‌بێت و له ‌هه‌نگاوی یه‌كه‌میشدا سێ كه‌س ده‌كوژێت.

نیوه‌ی دووه‌م بۆ كۆتایی فیلمه‌كه‌ جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌ و له‌گه‌ڵ خۆیدا په‌رده‌ له‌سه‌ر چه‌ندین ناكۆكیی فیكری و سیاسی ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌سه‌ڵات، دیسپلین و په‌راوێزخستن هه‌ڵده‌داته‌وه‌، كۆتایی جۆكه‌ر گه‌یشتنی پاڵه‌وانی فیلمه‌كه‌یه‌ به‌ ترۆپكی په‌یامه‌ فه‌لسه‌فی و سیاسییه‌كه‌ی.

له ‌دیمه‌نی كۆتایی فیلمه‌كه‌دا، ئارسه‌ر فیلیك بانگهێشتی یه‌كێك لە پڕۆگرامه‌ ته‌له‌ڤیزیۆنییه‌ پڕبینه‌ره‌كانی شاره‌كه‌ی ده‌كرێت، پڕۆگرامێك كه‌ ڕۆڵی هه‌بوو له‌و گۆڕانه‌ی به‌سه‌ر كاره‌كته‌ری فیلیكدا هات. مورای فرانكلین، پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه،‌ كه‌ ڕۆبێرت دی نیرۆ ڕۆڵه‌كه‌ی ده‌بینێت، به‌ گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ به‌ بیری جۆكه‌ری ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كۆمیدیه‌نێكی فاشیله‌، جۆكه‌ر به‌ دیالۆگه‌ گرنگه‌كه‌ی وه‌ڵامی دی نیرۆ ده‌داته‌وه،‌ كاتێك ده‌ڵێن ”ئێوه‌ ئه‌و دیاری ده‌كه‌ن كام قسانه‌ ده‌بێت بگوترێت و كامانه‌یش نابێت بگوترێت، هه‌ر وه‌ك چۆن ئێوه‌ بڕیار ده‌ده‌ن كام نوكته‌یه‌ شایه‌نی پێكه‌نینه‌ و كامه‌ی دیكه‌ شایه‌نی پێكه‌نین نییه‌“. دیمه‌نه‌كه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان شیكردنه‌وه‌ی تێزه‌ گرنگه‌كه‌ی میشێل فوكۆیه‌ له‌باره‌ی ”ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌“. له ‌دیدی فوكۆوه‌ ده‌سه‌ڵات به ‌ته‌نها له ‌شێوه‌ی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی وه‌ك پۆلیس و دادگا خۆی مانیفێست ناكات، به‌ڵكو ده‌چیته‌ نێو دیالۆگه‌ ڕۆژانه‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌. دواین دیالۆگی جۆكه‌ر به ‌قووڵی كاركردنه‌ له‌سه‌ر دیدی فوكۆ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، چونكه‌ فوكۆ پێی وایه‌ له ‌هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا په‌یامه‌كان كه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێن، له ‌چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵێك ڕێكار و ئامانجدان كه‌ بتوانێت كاریگه‌ری دابنێت و هه‌ژموونی خۆی له‌سه‌ر ڕووداو هه‌بێت، له ‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك ده‌زگای جیاوازه‌ كۆنتڕۆڵ و دابه‌ش ده‌كرێت. بێگومان میدیایش یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین مینبه‌ره‌كانی دابه‌شكردنی په‌یامی ده‌سه‌ڵات و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ژموون به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا.

له‌ فیلمه‌كه‌دا مورای فرانكلین نوێنه‌ری ئه‌و ”ده‌سه‌ڵات“ه‌یه‌ كه‌ فوكۆ باسی ده‌كات و جۆكه‌ریش نوێنه‌ری ”هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌“ی په‌یامی ده‌سه‌ڵاته‌، كاتێك له ‌كۆتایی فیلمه‌كه‌دا جۆكه‌ر له‌ په‌خشی ڕاسته‌وخۆدا فرانكلین ده‌كوژێت. مردنی فرانكلین له ‌دیوه‌ ڕه‌مزییه‌كه‌یدا هیچ نییه‌ جگه‌ له ‌مردنی نوێنه‌ره‌ كاریگه‌ره‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات كه‌ ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر شاشه‌ی كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌ڤیزیۆنه‌وه‌ سووكایه‌تی به‌ خه‌ڵكی شار ده‌كه‌ن، هه‌ڵبژاردنی ستۆدیۆیه‌كی ته‌له‌ڤیزیۆنی وه‌ك شانۆی ئه‌نجامدانی كوشتنێك، له‌ دیوه‌ سه‌مبولیكه‌كه‌یدا لێدانه‌ له‌ مانا جیاوازه‌كانی كوشتن كه‌ ده‌سه‌ڵات به ‌ویستی خۆی مانا ده‌به‌خشێته‌ مردنی هاووڵاتییه‌كانی، ده‌ستوپێوه‌نده‌كه‌ی ده‌كاته‌ ”شه‌هید“ و ئه‌وانی دیكه‌یش به‌ ”خۆكوژ“. هه‌ر وه‌ك چۆن چاك پاڵانیك، ڕۆماننووسی ئه‌مەریكی، پێی وایه‌ جیاوازیی كارێكی ”خۆكوژی“ و ”شه‌هیدكردن“ ته‌نها له‌ شێوازی ڕووماڵكردنه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدایه‌.

خواكین فینیكس له‌ ڕۆڵی ئارسه‌ر فلیك، فیلمی جۆكه‌ر، ‌ده‌رهێنانی تود فیلپس‌ (2019)

فیلمه‌كه‌ له‌سه‌ر هێڵی بیركردنه‌وه‌ی فوكۆ به‌رده‌وام ده‌بێت و یه‌كه‌م دیالۆگی جۆكه‌ر  له ‌فیلمه‌كه‌دا، پرسیاره‌ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئاخۆ شێتی ته‌نها له ‌سه‌ری ئه‌ودایه‌، یان كۆمه‌ڵگه‌یش وه‌ك ئه‌و وان؟ له‌ كتێبی مێژووی شێتیدا، فوكۆ تێگه‌یشتن له‌ ”شێتی“ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ كرداره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌، له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵگه‌ی نوێ بۆ شێتی كه‌ به‌ خێرایی زیندان و شێتخانه‌كان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی شێته‌كان دروست بوون، كۆنسێپتی شێتی چووه‌ قۆناغێكی نوێوه‌، به‌ڵام له‌ فیلمی جۆكه‌ردا ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی هێشتا شێتی نه‌خرابووه‌ چوارچێوه‌ی تێگه‌یشتنه‌وه‌ و ئه‌و فۆڕمه‌ مۆدێرنه‌ی ئێستای وه‌رنه‌گرتبوو.

له ‌دیدی فوكۆوە، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شێتخانه‌دا، پۆلێنبه‌ندییه‌كیش له‌ نێو ئه‌و كه‌سانه‌دا سه‌ری هه‌ڵدا كه‌ به‌ ”شێت“ له‌قه‌ڵه‌م دران و به‌شێكیان وا وێنا كران كه‌ ”سوودیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ نییه‌“، له‌سه‌ر هه‌مان ڕیتم، جۆكه‌ر كه‌سێكه‌ سوودی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ نییه‌، ئه‌وه‌تا به‌ ده‌مانچه‌وه‌ ده‌چێته‌ نێو نه‌خۆشخانه‌ی منداڵانه‌وه‌. كۆمه‌ڵگه‌ی نێو فیلمه‌كه‌ی جۆكه‌ر له‌ شه‌ڕێكی له‌سه‌رخۆدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی ورده‌ ورده‌ په‌راوێز بخات و به‌ره‌و شێتخانه‌یان بگوازێته‌وه‌.

له‌ جێگه‌یه‌كی فیلمه‌كه‌دا، جۆكه‌ر ده‌چێته‌ شێتخانه‌وه‌ و له ‌كارمه‌ندێكی ئاسایی ئه‌وێ ده‌پرسێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌هێندرێنه‌ ئێره،‌ به ‌تاوانی گه‌وره‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دابڕێندراون، یاخود به ‌ڕاستی شێتن؟ به‌ڵام وه‌ڵامی كارمه‌نده‌كه‌ ناڕاسته‌وخۆ په‌رده‌ له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌ گه‌وره‌یه‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌، كه‌ فوكۆ نزیكه‌ی پەنجاوهەشت ساڵ پێش ئێستا باسی كردووه‌، ئه‌ویش پۆلێنكردنی شێته‌كانه‌. له‌ دیدی ده‌رهێنه‌ری فیلمی جۆكه‌رەوە، مه‌رج نییه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌چنه‌ شێتخانه‌وه‌، سه‌رجه‌میان شێت بن، به‌ڵكو به‌ تاوانێك كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌نجامدانی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وان فڕێده‌درێنه‌ شێتخانه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بینه‌ره‌ی ته‌ماشای فیلمی جۆكه‌ر ده‌كات، ئاشنا بێت به‌ دیدی فوكۆ بۆ چه‌مكه‌كانی ”ده‌سه‌ڵات و شێتی“، هه‌ر زوو هه‌ست ده‌كات فیلمه‌كه‌ به‌ وێنه‌كردنی تێزه‌كانی فوكۆیه‌ له‌ به‌رگێكی هونه‌ریدا.

هیچ كه‌سێك هێنده‌ی فوكۆ ئه‌وه‌نده‌ سه‌رنجڕاكێش په‌یی به‌وه‌ نه‌بردووه‌ كه‌ كۆنسێپته‌كانی ”ته‌ندروستی، نه‌خۆشیی ده‌روونی، شێتی و عاقڵی“، چه‌كێكی كاریگه‌ره‌ به ‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و ته‌واو له ‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ مۆنۆپۆڵ كراوه‌، ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ بڕیار ده‌دات كێ شێته‌، هه‌ر وه‌ك چۆن ئه‌ویش بلیتی ساغ و سه‌لامه‌تی ده‌داته‌ هه‌ر كه‌سێك كه‌ له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی ئه‌ودا بگونجێت، ئارسه‌ر فلیكس له‌ چه‌ند شوێنێكی فیلمه‌كه‌دا زۆر به‌ ڕوونی ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ چۆن بووه‌ته‌ بارمته‌یه‌كی ”ده‌سه‌ڵات“ كاتێك هه‌فتانه‌ سه‌ردانی كلینكییه‌ پزیشكییه‌كه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رحی حاڵی خۆی بكات و كارمه‌نده‌كه‌ی كلینیكه‌كه‌ كه‌ نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌، بزانێت بیرۆكه‌كانی نێو مێشكی فلیكس بۆ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ چین، دواجاریش ده‌سه‌ڵات بڕیاری داخستنی كلینیكه‌كه‌ ده‌دات.

كێشه‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ فیلمی جۆكه‌ر ده‌یورووژێنێت، پرسی دیسپلینی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، هه‌میشه‌ له ‌دیدی ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌وه‌ی كۆنتڕۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌زمی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی ده‌كات، ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتن. تۆماس هۆبز، فه‌یله‌سووفی به‌ڕیتانی، پێی وایه‌ مرۆڤ به‌ سروشتی خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا شه‌ڕانگێزه‌، وای ده‌بینێت جیهان به‌ر له ‌دروستبوونی ده‌وڵه‌ت بریتی بووه‌ له‌ ”شه‌ڕی هه‌موان دژی هه‌موان“؛ ئه‌و دیمه‌نه‌ی تیایدا فیلیكس به‌ بێژه‌ره‌كه‌ ده‌ڵێت له ‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ستۆدیۆیه‌ هه‌موان به‌سه‌ر یه‌كدا هاوار ده‌كه‌ن، سێبه‌رێكی ئه‌گه‌ر كاڵیش بێت، دیدی هۆبزی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، به‌ڵام جیاوازه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ی ستۆدیۆكه‌، ئه‌وانه‌ی شه‌ڕ ده‌كه‌ن ده‌زانن به‌رامبه‌ر به‌ كێ ده‌یكه‌ن.

ئه‌و پۆلیسه‌ی له‌ كۆتایی فیلمه‌كه‌دا جۆكه‌ر ده‌ستگیر ده‌كات، پێی ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی له ‌ده‌ره‌وه‌ ڕوو ده‌دات هه‌مووی به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌یه‌، پۆلیسه‌كه‌ وای نیشان ده‌دات دیسپلینی ڕه‌وشه‌كه‌ هێشتا له‌ ده‌ستی ئه‌واندایه‌، دیدێك كه‌ هۆبز پێی وایه‌ ”ده‌وڵه‌ت“ له‌گه‌ڵ دروستبوونیدا شێوه‌ی لیڤیتانی وه‌رگرتووه‌، ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌ی نێو ده‌ریا كه‌ هه‌یمه‌نه‌ی به‌سه‌ر هه‌مواندا هه‌بووه‌.

فیلمه‌كه‌ له‌ ساته‌وه‌خته‌كانی كۆتاییدا ده‌گاته‌ ترۆپكی په‌یامه‌ فه‌لسه‌فی و سیاسییه‌كه‌ی، بۆ نموونه‌ كاتێك فیلكس ده‌ڵێت ”ئه‌و كاته‌ی سێ كوڕه‌كه‌م له‌ وۆڵستریت كوشت“، كه‌  ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه‌ بۆ وۆڵستریتی گه‌وره‌ ناوه‌ندی بازرگانیی ئه‌مەریكا و شاده‌ماری ئابووریی ئه‌و وڵاته‌، فیلكس ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌و سێ گه‌نجه‌ ته‌نها سێ كه‌سی ئاسایی نه‌بوون كه‌ به‌ هۆی به‌دحاڵیبوونێكه‌وه‌ كوشتنی، به‌ڵكو ناوهێنانی وۆڵستریت له‌و كاته‌دا ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه‌ بۆ شه‌ڕی كاره‌كته‌ری جۆكه‌ر له‌گه‌ڵ سیستمی سه‌رمایه‌داری، ئه‌وانه‌ی كوژران سیان له‌ نوێنه‌رانی سیستمه‌كه‌ بوون، كه‌ جۆكه‌ر و خه‌ڵكی شاره‌كه‌یان تا لێواری ته‌قینه‌وه‌ بردووه‌ و به‌ كوشتنی پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه،‌ ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكی گۆسام ده‌ته‌قێته‌وه‌.

جۆكه‌ر پیاوێكی تێكشكاوه‌، كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیانی كردوویانه‌ته‌ كه‌سێكی بێباك كه‌ پێكه‌نین ده‌كاته‌ ئامڕازێك بۆ گاڵته‌جاڕی به‌رامبه‌ر ژیان، ئه‌م جاره‌ جۆكه‌ر كاره‌كته‌رێك نییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ”باتمان“ێك و له‌ ململانێ و شه‌ڕدا بێت، به‌ڵكو ئارسه‌ر فلیك به‌رامبه‌ر به ‌ده‌روونی خۆی له ‌شه‌ڕدایه‌، له ‌جه‌نگێكی سه‌ختدایه‌ له‌گه‌ڵ ڕابردوویدا كه‌ نازانێت چۆن بووه‌ و دایكوباوكی كێن، جۆكه‌ر له‌ یه‌ك ساتدا دوو حه‌قیقه‌تی مه‌ترسیداری بۆ كه‌شف ده‌بێت، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌زانێت ئه‌و كه‌سه‌ی ساڵانێكی زۆره‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌ژی دایكی نییه‌، به‌ڵكو كه‌سێكه‌ ئه‌می هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه‌، حه‌قیقه‌تێكی دیكه‌یش ئه‌وه‌یه‌ جۆكه‌ر له ‌لایه‌ن دایكیه‌وه‌ ئه‌شكه‌نجه ‌دراوه‌ و ئه‌و دۆخه‌ ده‌روونییه‌ ترسناكه‌ی ئێستا تێیدا ده‌ژی، به‌شێكی گه‌وره‌ی هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

جۆكه‌ر نوێنه‌ری ئه‌و چینه‌ی په‌راوێزخراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ هه‌موان به ‌لایدا ڕه‌ت ده‌بن و كه‌س سه‌رنجی ناداتێ، شه‌ڕی جۆكه‌ر شه‌ڕێكه‌ له‌پێناو ئه‌وه‌دا كه‌ ”ئه‌وانی تر“ بیبینن، ئه‌و هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی سارته‌ر كه‌ ده‌ڵێت ”دۆزه‌خ ئه‌وانی ترن“، تا ئه‌و كاته‌ی له‌ نیوه‌ی دووه‌می فیلمه‌كه‌دا تێده‌گات كۆمه‌ڵگه‌ دڵڕه‌قه‌ و كه‌س ئاماده‌ نییه‌ خۆی له‌ شوێنی ئه‌وی دیكه‌ دابنێت. جۆكه‌ر نوێنه‌ری گرووپێكی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، نه‌خۆشێكی په‌راوێزخراون و ده‌هێنرێنه‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، كه‌ وازیان لێ هێناون و وه‌ك زبڵ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، چیتر هیچ شتێك ئازاری جۆكه‌ر نادات، چونكه‌ ژیان به‌لای ئه‌وه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌پانێكی كۆمیدیا زیاتر، هیچی دیكه‌ نییه‌.

هاوبەشی بکە

Joaquin Phoenix, Joker, Wtari Cinema,