04/06/2020
DidiMn Logo
Top

جووڵان، جوانی و جاویدانی

لە لایەن دیدی من 2 هەفتە پێش ئێستا

بەختیار حەمەسوور

یەک/  لە نێوان هەردوو وشەی «جووڵان» و «جوانی»ـدا، سەرەڕای چەند پیتی هاوبەش، پەیوەندییەکی ورد و پێکەوەگرێدراویش هەیە. لێرەدا دەبێت ڕوانیمان بۆ چەمکی «جووڵان» یەکلایی بکەینەوە، کە ڕوانینێکی پۆزەتیڤ و ئەرێیانەیە و مەبەستمان لە «جووڵان» دژبەرامبەری «تەوەزلی» و «تەمبەڵی» و هیچ‌نەکردنە. هەر کردەیەک ئێمە ڕۆژانە دەینوێنین، بەرئەنجامی جووڵانێکە؛ ئیتر ئەو جووڵانە لە هەستان و دانیشتندا بێت، یان لە ڕۆیشتن و کردنەوە و داخستندا. جووڵان بەرکەوتن پێک دێنێت، بەرکەوتن دەتوانێت بەرهەمهێنەر و مانای هەموو چەمک و ئایدیاکان بێت: جوانی، ناشیرینی، توندوتیژی، ڕق، خۆشەویستی و… گەردوون و سروشت لە جووڵانەوەی بەردەوامدان، زەوی بە دەوری خۆردا دەجووڵێت و ئەستێرە و مانگ و هەورەکانیش هەریەکە و بە نۆرەی خۆیان جووڵان دەکەن. تەماشا بکە؛ هەمیشە دیمەنی ڕووبارێکی جووڵاو لە گۆمێکی مەنگ پڕژیانتر و جوانترە. جووڵان پاڵ بە تەن و تەنۆلکەکانەوە دەنێت و لە حەرەکەتێکی دیالەکتیکیدا تێکدان و ڕیزکردن ڕوو دەدات. جوانیی گوڵێک، بەرئەنجامی زنجیرەیەک گۆڕان و کارلێکی فیسیۆلۆژی و کیمیاوییە، تاکو گەیشتن بە پشکوتن و گەشانەوە و جوانیی. جووڵان دژ بە وەستان و یەکڕیتمییە، شڵەقانە، دژ بە ڕێکێتی و تەنزیم.

ئێوارەیەک،
جوانیم لەسەر ئەژنۆم دانا
بینیم تاڵ بوو،
جنێوم پێدا.

ئارتوور ڕامبۆ

دوو/  جووڵان دیاردەیەکە کاریگەرە بە ڕەوتی سەردەمەکان، بەو واتایەی هەر سەردەم و زەمانێک خاوەن جۆرێک لە جووڵان و جووڵێنەری خۆیەتی. نیسبەت بەم سەردەمەی ئێستامان، کە تێیدا شتەکان بە یارمەتی دنیای دیجیتاڵ و تێکنۆلۆژی لە حەرەکەتێکی بەردەوام و خێرادان، جۆری جووڵان و بەرکەوتنەکانیش بە هەمان بەردەوامی و خێرایی هەن و ڕوو دەدەن، بۆیە دیاردەگەلێکی وەک لێکحاڵینەبوون، گرژیی، نالێبووردەیی، توندوتیژیی جەستەی و دەروونی لە لووتکەدان. ئەو ڕەوتە خێرا و بە هەڵپەی جووڵان و بەرکەوتن، کە ڕاگوزەر دێت و بۆ تەمەنێک ئاسەوار لەسەر زەین و بیرەوەری جێ دەهێڵێت، سەرلەبەری پەیوەندی و پێکهاتەکانیشی لەگەڵ خۆیدا گۆڕیوە و دەگۆڕێت. بە واتایەکی تر؛ جووڵانە کە بابەت و جۆری پەیوەندییەکانی ئێمە بە یەکتر و تەنانەت بە شتەکانیشەوە، ناچار بە گۆڕان و گونجان دەکات، بۆ ئەوەی مەودا و بۆشایی و جێمان لە نێوان ئێمە و سەردەمدا دروست نەبێت، ناچاری خۆمیقاتکردنمان لەگەڵ گۆڕانە یەک‌بەدوای‌یەک و بە پەلەکاندا دەکات. ئیدی چەمکی جوانی لەم نێوانە چی بەسەر دێت؟ جوانیش دیسان سەر بە هەمان نەریت و هەمان سیاقە و ناچارە پەیڕەوی لە هەمان میتۆد بکات، جوانیش بەزەبر و ملکەچی، سەرلەنوێ خۆڕاهێنان و خۆپێناسەکردنەوە نیسبەت بەو گۆڕانە کتوپڕ و خێرایانەی لە ئەنجامی جووڵان و بەرکەوتنی ئینسانەکان و شتەکاندا دێنە بوون، خۆی ئەپدەیت دەکاتەوە. جوانییەک کە لەم سەردەمەدا هەیە دەتوانین بڵێین جوان نییە بە پێوەر و مانا کلاسیک و ڕۆمانسەکەی پێشوو، شکۆی جوانی شکا. جوانی، ئارتوور ڕامبۆ لە شیعردا ئەمەی تاپۆ و تۆمار کرد: «ئێوارەیەک/ جوانیم لەسەر ئەژنۆم دانا/ بینیم تاڵ بوو/ جنێوم پێدا.» لێرەوە کەڵكەڵەی کەشف و دۆزینەوەی جوانی لە دیاردە و پەناوپەسێوە دزێو و ناشیرنەکاندا هاتەگۆڕێ، ئەدەب و هونەری مۆدێرن بە ئاوڕدانەوە لەو بابەت و دەربڕینانەی ڕۆژانێک قێزەون و نائێستاتیکی بوون و جێیەکیان نەبوو لە دەق و کارە هونەرییەکاندا، جارێکی تر لە فۆڕمێکی سەردەمیانەدا بانگی کردنەوە و کردنی بە دەق و کاری هونەریی. تیۆدۆر ئەدۆڕنۆ لە وتاری «ئیستاتیکای ناشیرینی»ـدا دەڵێت: «هونەر لەگەڵ چەمکی جوانیدا هاوسەنگ نییە، بۆ ڕەخساندن و دروستکردنی جوانی، پێویستی بە ناشیرینی (وەک نەفی جوانی) هەیە.» جوانی لە شار و دنیای مۆدێرندا، جوانێکی ناجوان و هەندێک جاریش قەڵب و قەڵافەتی ناقۆڵایە، زۆر ئاسایییە بچیتە یەکێک لە مووزە گەورەکان و ببینیت سیفۆنی ئاودەست، یان کلێنکسی بەکارهاتوو، وەک کارێکی هونەری نمایش کراون. ئەگەر حەپەسان و دۆشدامانێک لەم نێوانەدا هەبێت، دیسان دەکەوێتە سەر ناچاوەڕوانی، ئامادەنەبوون و وەرنەگرتنی ئێمە بۆ ئەو بابەت و شتانەی کە لە دیدی عامدا بۆ هونەر ناشێن و کراون بە هونەر.

سێ/  کۆدە و ئاماژەکانی ناو دەق و کارە هونەرییەکان، تاکە ئیمکان و هەڵگری جووڵانن؛ جووڵان بە شێوەی ڕەوت و سەیروورەت. کۆدە و ئاماژەکان مینی چێنراون لە کێڵگەی دەقدا و خوێنەر بە وردبوونەوە و تاوتووێکردن لە نیگا و زەیندا، ئەم کۆد و ئاماژانە دەکاتەوە (پووچەڵ دەکاتەوە)، ئەمە جۆرێکە لە کار/کاردانەوە، بەرهەمهێنان/مەسرەفکردن، بە خاتری دەرکێشانی جوانیی نوستوو. کۆد و ئاماژەکان ئۆرگانێکی زیندوو و بزوێنەری دەق و کارە هونەرییەکانن، تەنانەت لەو کارانەیشدا کە بە ڕواڵەت سادەن و لە قووڵاییدا تەنراون بە فرەمانایی و فرەخوێندنەوە، خوێنەر دەخەنە وەسوەسەی جووڵان و گەڕان بە شوێن دۆزینەوەی جوانیدا.

چوار/  لە پێناسەیەکی بەکلاسیکبوودا: ژیان واتە جووڵان، کار و بەردەوامیدان، ئەو کاتەی لە جووڵان، کار و بەردەوامیدان دەوەستین، خامۆشی و سکوونەت باڵادەستی پەیدا دەکەن و ژیانیشمان دەوەستێت و دەکەوینە خامۆشی و فەرامۆشییەوە، کەواتە خۆکارانە بەرهەمهێنانی جوانیش دەگاتە داخران و بنبەست. جووڵان فاکتەری گرنگی مانەوە و نەمرییە؛ بەبیرهێنانەوەیەکی خێرای ئەو کتێب، فیلم و تابلۆ و… ـانەی کە خوێندووماننەتەوە و بینیومانن، دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارە لە پێشینەکانی مانەوە و نەمریی هەریەک لەو بەرهەمانە بە توندی بەسترانیانە بەو جووڵان و سرکی و بزێوییەی لە هەناو ئەو کارانەدا هەیە، جووڵان و سرکییەکی ڕامنەکراو و یاخی. جووڵان داینەمۆ و دابینکەری وزە و پۆتانشێڵی جوانی و جاویدانییە، بەردەوامییە بۆ داهێنان و نوێبوونەوە. جووڵان، جووڵێنەری شۆڕش و ئاژاوەگێڕیی و چاکسازییەکانە، بە جووڵان، ڕووداو و کارەکتەر پێک دێت و چیرۆک و ڕۆمان دەخولقێن، بە جووڵان و وەشاندنی فڵچە و هێڵ، تابلۆ دەخولقێ، بە جووڵانی وشە و پەیڤ ڕیتم و ئاواز دەردەچن و شیعر و موزیک دەخولقێن. جووڵان تاکە سنوور و جیاکەرەوەی نێوان ئێمە و مردووەکانە.

ژیان واتە جووڵان، کار و بەردەوامیدان، ئەو کاتەی لە جووڵان، کار و بەردەوامیدان دەوەستین، خامۆشی و سکوونەت باڵادەستی پەیدا دەکەن و ژیانیشمان دەوەستێت و دەکەوینە خامۆشی و فەرامۆشییەوە

Baxtiar Hama Sur, Wtari Kteb,