26/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی کیشلۆڤسکی: دەربارەی شتەکان

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – زە گاردیان The Guardian
لە ئینگلیزییەوە: داریان جەمال
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

کیشلۆڤسکی یەکێک بووە و لەو فیلمسازانەی سەرەڕای لێهاتوویی لە پیشەی سینەماییدا گرنگییەکی زۆری بە تێڕامان و وردبوونەوە لە شتەکان دەدا، دەتوانین بڵێین هەرکام لە کارەکانی کیشلۆڤسکی بەرئەنجامی ئەو تێڕامان و بیرکردنەوانەن کە لەماوەی ژیانیدا پێیانەوە سەرقاڵبووە. ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە وتەکانی کیشلۆڤسکی لەبارەی چەمکە گرنگەکانی ژیانەوە لە زاری کیشلۆڤسکی خۆیەوە:

دەربارەی سیاسەت

کاتێک باس لە سیاسەت دەکەین دەستبەجێ خۆمان جیا دەکەینەوە، من بە پێویستم زانی بە دوای شتانێک بگەڕێم کە خەڵکی پێکەوە کۆ بکاتەوە.

سەر و بنی زوبانمان پڕیەتی لە وشەگەلی وەک ئازادی، بەڵام لەڕاستیدا ئازادی مانای چییە؟ ئایا بە مانای تەنهابوونی ڕەها نایەت؟ وەک ئەوەی لە بۆشاییدا ژیان بکەیت؟

دەربارەی فیلم

فیلم ناوەندێکی سەرەتاییە، بەردەستە، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر پێشکەوتوو نییە، دەتوانیت هەوڵ بدەیت لە ڕێیەوە سنوورەکان تێپەڕێنیت، بەڵام ئەوە کەمە کە خەڵکی سەرکەوتووبن. من هەرگیز ناچم بۆ بینینی فیلم.

هەموومان دەدزین، بەڵام گەر زیرەک بین، لە دەرهێنەرە مەزنەکانەوە شت دەدزین، دواتر دەتوانین پێی بڵێین کاریگەربوون.

ئێستا من ئەرکێکی ئەخلاقیم لەسەر شانە کە لە ماڵەوە فیلم دروست نەکەم. دووسەد دەرهێنەر لەسەر سەرچاوەی دەگمەن پێشبڕکێ دەکەن، من لە جێگایەکدام بۆ ئەوەی سەیری جێگای تر بکەم. پرسیارە گرنگەکە ئەوە نییە کە کامێراکەت لە کوێ دەچەسپێنیت، بەڵکو بۆچی دەیچەسپێنیت. ئەم وتە بەجێیە بچکۆلەیە ئارامم دەکات کە ئێستا من دەبێت کامێراکەی خۆم لە وڵاتێکی نوێدا بچەسپێنم. بەهەرحاڵ، کێشمەکێشمەکان هەر هەمان شت دەبن، هێشتا هەوڵ دەدەیت فیلمی خۆت بە پارەی کەسێکی دیکە دروست بکەیت؟

دەربارەی تریلۆجی سێ ڕەنگەکە

سپی، لە بارەی یەکسانییەوە دەدوێت کە وەک دژیەکێک خەڵکی لێی تێگەیشتوون. ئێمە لە بیرۆکەی یەکسانی تێ دەگەین، کە هەموومان دەمانەوێت یەکسان بین، بەڵام من پێم وایە ئەمە بە تەواوی ڕاست نییە. پێم وا نییە هیچ کەسێک بیەوێت یەکسان بێت، هەموو کەسێک دەیەوێت زیاتر یەکسان بێت؛ فیلم دەربارەی ئەوەیە.

دەربارەی کەسایەتییەکان

نامەوێت بڕیار لەسەر کەسایەتیی نێو فیلمەکانم بدەم، ئەوە شتێکی نەشیاوە کە بڕیاریان لەسەر بدەم، لەبەر ئەوەی ئێمە هەرگیز ناتوانین هۆکارەکانی ڕووداوەکان ببینین، تەنها کەمێکی دەرئەنجامەکان نەبێت. بەشی پێویست نازانین، هەندێک کات کارەکتەرەکانیش بە هەمان شێوە بەشی پێویست نازانن.

دەربارەی خانەنشینبوون

ئیتر بەسە. بە خۆشحاڵییەوە فیلم دەخەمە لاوە. حەزم بە دونیای فیلم نەبووە، دنیایەکی دروستکراو و ناواقیعی کە بەهاکانی تەواو جیاوازن لەو بەهایانەی من پێیان ڕاهاتووم. بەهای زۆر سەرەتایی. پیشەیەکی شەرەفمەندانە نییە.

دەربارەی ژیان

هەموو کەسێک بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕووبەڕووی ڕووداوێک بووەتەوە. ئەوە تەڵەی بەشارستانیبوونمانە. ئەوە بوو کە هەوڵمان داوە بیکەین بە دراما و لە ”سێ ڕەنگ”دا گفتوگۆی بکەین. کەسمان پێشبینیمان نەکردووە شتگەلی لەو جۆرە ڕوو بدەن، بەڵام ڕوو دەدەن.

ئایا ڕۆژێک دێت بگەم بە خۆشبەختی؟ گومان دەکەم کە نەخێر. ئایا هەرگیز بە دروستکردنی فیلم دڵخۆش دەبم؟ نا، بەڵام هەموو شتانێکم هەیە کە مایەی دڵخۆشین. جارجارەش مرۆڤ دەبێت بابەتییانە لە ژیان بڕوانێت. کاتێک شتێک بەدەست دەهێنیت، نازانیت کە شتێکی بەنرخت بەدەست هێناوە، تەنها دوای لەدەستدانی درک بەوە دەکەین کە لەدەستمان داوە.

هاوبەشی بکە

Cinema, krystof kishlovsky,