24/07/2024
DidiMn Logo
Top

کۆجیتۆی شۆڕش

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منئاوان
شادی کەسحو – 2013

لە عەرەبییەوە: ئەکبەر حەسەن

 

 

ھەر کۆمەڵگەیەک چەمکە ڕادیکاڵییەکانی خۆی (شۆڕش، یاخیبوون، شێتی، سەرپێچی) نەدۆزیبێتەوە، لە شوێنێک زیاتر نییە کە بەسەر دەرەوەدا کراوەتەوە و ناوەوەی نییە. ئەمە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ وڵاتە عەرەبییەکان ڕاستە.

***

بەبێ شۆڕش، سەرسامی، واقوڕمان، سەرنجڕاکێشان، شتێک نییە ناوی بوون، توانا، ڕۆح و مێژوو بێت. لە ئێستادا تەنیا کردەی شۆڕش کردە گرنگەکەیە. میللەتێک کە پێویستیی بە شۆڕشێکی قووڵ و ڕیشەیی نییە، میللەتێکە کە پێویست نییە، بگرە میللەتی بێ شۆڕش ھیچ شتێکی دیکە نییە جگە لە میللەتێک بێ ھەستەوەری و بێ ئاسۆ، چڕبوونەوەیەکی ژمارەیی جەستە ھەناسەدەرەکانە، ئاسان ملکەچ و ئاسان پەلکێش دەکرێت.

کاتێک میللەتێک شۆڕش دەکات، بەڵگەیەکی زیاتر دەخاتە ڕوو سەبارەت بەوەی لەسەر زەوی شتێک ھەیە شایەنی ژیانە.

***

شانبەشانی ئەو شتەی کە دەشێت بە ڕەشبینی و قەلەقی وەسفی بکەین، لە شۆڕشدا شادییەکی سەیر بەدی دەکەین، دڵخۆشی و کامەرانییەک کە تەفسیر ناکرێن، بە ڕای من ھۆی ئەمە دەگەرێتەوە بۆ حەماقەتی پۆزەتیڤانەی گەنجان، کە حەماقەتێکی زیندوو، چالاک، چڕوپڕ و ھەڵقوڵاوە و لەودیوی حەڵاڵ و حەرامەوە، چاکە و خراپەوە دەوەستێت. حەماقەتێکە ئەگەر ببین، ئازایەتییەکە لەپێناوی بووندا، وەک ئەوەی جارێکیان پۆل تێلیش باسی لێ کرد.

***

شۆڕش مانای نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت شۆڕش بکەین: ئەم پارادۆکسە لە یەکەمین نیگادا پێکەنینھێنەر دێتە بەرچاو، بەڵام لەڕاستیدا خودی جەوھەری بوونمانە.

***

ویستی ژیان لە پێکدادانی نێوان نامەعقول و خەونەوە لە دایک دەبێت: ئەمانە سێ قارەمانەکەی ھەموو شۆڕشێک، ھەموو بوونێک و ھەموو دەقێکن.

بۆچی شۆڕش دەکەین؟ سوودی شۆڕش چییە؟ مانای چییە شۆڕش بکەین؟ ئەمانە پرسیاری کۆمەڵگەیەکی داوەشاو و نەخۆشە. میللەتێک کە خاوەنی شۆڕش نییە، یان لانی کەم بیری لێ ناکاتەوە، شتێکی نییە، پێویستیی بەوە نییە بیەوێت و بیر بکاتەوە و ببێت، ئەو میللەتە لە دەرەوەی پێشبڕکێی عەقڵی مرۆییەوەیە.

***

شۆڕش نابێت بە دەستکەوتێکی مێژوویی تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە توانایەکی ھەمیشەیی دەبێت لە دانانی شۆڕشگێڕ لە شوێنی شۆڕشدا، ھەروەھا شۆڕش ڕەسەن نابێت ھەتا ئاسۆی بیرکردنەوەمان نەگۆڕێت، دەبێت تەنیا دژی ئەو شتانە شۆڕش نەکەین کە دەیانزانین، بەڵکو دژی ئەوانەش شۆڕش بکەین، کە نایانزانین.

***

ئەو کەسانەی پێیان وایە شۆڕش تەنیا ڕژانی خوێن و وێرانکارییە، بە ھەڵەدا دەچن، چونکە شۆڕش کورەی ڕاستەقینەی مرۆڤە و کە تێیدا دەبێت و خەڵق دەبێت و دێتە بوون، شۆڕش بارگرژییەکی وجوودییە و بە ھۆیەوە بونیادی تەقلیدی نێوان خود و جیھان تێک دەشکێت، لە ڕێگەیەوە سیمای نوێی پەیوەندیی عەقڵ بە واقیعەوە دروست دەبێت، لە ڕێگەیەوە من لە سانسۆری نەخۆشیی عەقڵیی تیۆری ڕزگاری دەبێت، بەرەو ئەزموونکراو (گوزەرێنراو) ڕێگە دەگرێت، واتە بەرەو شتەکان و بوونەکان لە چڕیی خۆیاندا، لە گۆشت و خوێنی خۆیاندا، بۆ ماڵەکان، شەقامەکان و کۆڵانەکان، نزیک لە بوونەوەرەکان و نزیک لە خەمەکانیان، بە جۆرێک کە بوونەوەر تیمار دەکات، شتەکان چاک دەکاتەوە و دڵی خەڵک دەھێنیتەوە جێی خۆی.

***

لەبەر ئەوەی شۆڕش شتێکە خۆمان دروستی دەکەین، تەنیا جارێک خۆی پێشکەش ناکات، بەڵکو جار لە دوای جار ڕووخسارەکانیمان پێشکەش دەکرێت.

***

پاش ئەزموونێکی شۆڕشگێڕانەی ئاڵۆز و قورس، دەکشێینەوە بۆ ژیان و ناگەڕێینەوە بۆی، چونکە قورس دەبین بەو بارەی کە ھۆشیارییە نوێیەکەمان شانی داوەتە ژێری. پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا شۆڕش جۆرێکە لە ڕابوونی کۆتایی؟ لە ڕێگەی وەڵامی ئەم پرسیارەوە سەرکەوتنی شۆڕش لە ھیچییەوە دیاری دەکرێت، بەھاری کۆمەڵگەکان لە زستانییەوە ڕوون دەبێتەوە.

***

شۆڕش بە ڕسته‌یه‌ك: ئەوە نییە کە ھەیە، بەڵکو ئەوەیە کە ھێشتا نییە.

***

شۆڕش دەبێت بە دەربازبوون ئەو کاتەی ھەموو شتێک لە ژیانماندا لە کیس دەچێت و ھەموو ئاواتەکان با دەیانبات. لە ڕێگەی شۆڕشەوە گوزارشت لە ئەزموونێک دەکەین، کە لەپێناو شتێکدا لەبەر ھۆیەک دەژین. شۆڕش لە بەرتەسکیی چارەنووسمان ڕزگارمان دەکات و لە بەردەمماندا ئەو شتە دەکاتەوە، کە دەشێت ناوی بنێین فراوانیی بوون. شۆڕش بەم مانایە جۆرێکە لە ئادەمێتیی نوێ، بە جۆرێک کە کۆمەڵگەمان بە جۆرێکی دیکە سەیری شتەکان دەکات، وەک ئەوەی بۆ یەکەم جار بیانبینێت.

***

رەنگە شۆڕشکردن، یان یاخیبوون نموونەییترین ڕێگە بێت بۆ ئەوەی لە بوونمان پەشیمان نەبین، یاخود بۆ ئەوەی بە دەمی داپچڕاوەوە لە بەردەم سکانداڵی داھاتوودا نەوەستین.

***

کاتێک توانای شۆڕشمان دەبێت، بەسەر خۆمان و بەسەر ھەموو شتێکی دەروبەرماندا دەبین بە مرۆڤ، دەبین بە کەس، دەبین بە تاک، لە زۆرییەکی ژمارەییەوە دەگۆڕێین بۆ فۆڕمێکی زیندوو، ئەو کەسەی کە دەتوانێت شۆڕش بەسەر خۆی و دەوروبەریدا بکات، ئادەمیزادێکی ڕەسەنە.

***

شۆڕش خۆی کردەیەکی جوامێرانە نییە، بەڵکو جوامێرانە ئەوەیە کە شۆڕش داوای دەکات و لەسەری بەرپا دەبێت.

***

ئەگەرچی شۆڕش جیھانێکی ڕوون چێ ناکات، لێ جیھانێکی سەربەخۆ چێ دەکات، شۆڕش ناچارمان دەکات لەم جیھانە بۆگەنە قوتار بین: لە ڕێگەی وێرانکردنیەوە بۆ ئەوەی دووبارە بە پاکی بونیادی بنێیەوە.

***

بۆ ئەوەی شۆڕش کردەیەکی شکۆمەند بێت، دەبێت پاساو بۆ میکانیزمەکانی بھێنێتەوە، نەک ئامانجەکانی، میکانیزمەکان ئێستای ئێمەن و بوونمان دیاری دەکەن، بەڵام ئامانج ھەرچەندە پۆزەتیڤیش بێت، ھێشتا دەستەبەر نەبووە. بانگەشەکردن بۆ ئەوەی ئامانج پاساو بۆ میکانیزم دەھێنێتەوە، توندوتیژییەکی ڕووتە، نەک شۆڕش.

***

شۆڕش، سەرەڕای سەرکەوتنە حەتمییەکەی، بێھیوا دەمێنێتەوە، چونکە لە ڕوئیاوە بۆ مەرگی ڕەھا و بۆشایی تەواو لە دایک دەبێت. شۆڕش بێھیوا دەمێنێتەوە، چونکە ئێمە ھیوامان بەو شتانە ھەیە کە نیمانن، لەبەر ئەوەش کە ھیوا نەزانییەکی زۆر لە خۆی دەگرێت سەبارەت بە ئامانجە خوازراوەکانمان، لەبەر ئەوەی کەس ناتوانێت ھیوا بە شتێک بخوازێت، کە دەستبەرکردنی بەتەواوی ملکەچی ویستی خۆی بێت، بەڵام نەبوونی ھیوا واتای بێھیوایی نییە، بەڵکو یانی ئەوەی لە شۆڕش تێبگەین، بەبێ ئەوەی بکەوینە ناو تووڕەییەکی ساختەوە. لە ھەمان کاتدا لە شۆڕش و وەھمی شۆڕش تێبگەین.

خۆمان ون بکەین لەپێناوی خۆماندا… ئەمەیە شۆڕش.

***

لەبەر ئەوەی لە عەبای بەھاری عەرەبی بڕدراوە، داھاتوو بووە بە بوارێکی نوێی ئەزموون و دۆزینەوە، بەھاری عەرەبی بووە بە بوارە زیندووەکەمان.

***

پێویستە لەسەر شۆڕش (لە یەکێک لە ساتەکانیدا) بەشێک لە ھۆشیاریی خۆی، یان ڕەنگە ھەمووی، ئاڕاستەی ئەو کەسانە بکات کە شۆڕش ناکەن، بگەرە ئەو کەسانەی لە بنەڕەتەوە دژی شۆڕشن. شۆڕش بەم شێوەیە دەتوانێت گشتگیر، جیھانی و گەردوونی بێت، بە درۆ ناخرێتەوە، بەرھەڵستیی ناکرێت و شکستی پێ ناھێنرێت. کەواتە پێویست نییە شۆڕش لە خۆیەوە دەست پێ بکات و تەنیا خۆی بدوێنێت، بەڵکو دەبێت بەرەو دژەکەی خۆی، نا شۆڕش، ئاڕاستە بگرێت.

***

ھەموو شۆڕشێک پاڵەوانی ھەیە، پاڵەوانی بەھاری عەرەبی جەستەیە. ئەم بایۆلۆجییه‌ بێلانەیە…!

***

شۆڕش ساتێکی ئاوارتەی ھۆشێکی جیاوازە.

***

دەبێت شۆڕش بە ھەموو قورسایی خۆی بەسەر کەلتووردا بکرێتەوە، کەلتووریش بە ڕۆڵی خۆی بەسەر شۆڕشدا بکرێتەوە. ئەم کرانەوەیە پێویستییەکی وجودییە و کاریگەری و کارایی زیاترە لەو ھاوپەیمانێتییە کاتییەی کە ھێشتا لە نێوان شۆڕش و ئایین، شۆڕش و سیاسەت، شۆڕش و سەرمایەدا دەیبینین.

***

شۆڕش جگە لە خاڵێکی دەستپێکردن، حەقیقەتێکی سەرەتایی، بوونێکی خام کە ھێشتا پێک نەھاتووە، شتێکی تر نییە. ھەڵەیەکی مێژوویی دەکەین ئەگەر شتێکی لەمە زیاتر لە شۆڕشدا ببینین.

هاوبەشی بکە

Revolution, Wtari Kteb,