08/08/2020
DidiMn Logo
Top

کۆشکی ناو چادرەکان

لە لایەن دیدی من 4 هەفتە پێش ئێستا

دیدی من – گۆران ڕەسووڵ

لە پەنا چادرێکی قوڕاوییەوە سەیری دەکردم، نزیک بوو لێم، بلوزێکی شین و تراکسوتێکی ڕەشی کۆنی لەبەردا بوو کە لە هەندێک شوێنەوە خەتی سپی و پینە و دوورینەوە بەسەر تراکسوتەکەیەوە دیار بوون. ڕەنگی ئاوارەیی لەسەر ڕووخسارە وردیلەکەی نیشتبوو، بە چاوە بچووکەکانی جارێک سەیری منی دەکرد و جارێک دەیهێنانە خوارەوە و سەیری کامێراکەی دەستی دەکردم. بە ئاماژەیەکی دەست و بە بزەیەکی کورت ویستم ئەو هەموو ماندووییەی کە ڕووخسار و جەستە و جلوبەرگەکەی داپۆشیوە، بیر ببەمەوە. لە ناو ئەم کامپە گەورە و بڵاوەدا، سەدان و هەزاران منداڵ هەن کە نازانن ئەم سەرمابردەڵەیی و ئاوارەیی و قوڕاو و هیلاکەتییە لە پای چییە! ئەو منداڵانەی کە لە ناو قوڕاوی کامپەکەدا خەریکی یارین، بێئاگان لەوەی کە کێ گەمە بە ژیانیان دەکات! منداڵگەلێک کە نەک هەر تامی منداڵیی خۆیان ناکەن، بەڵکو داهاتووشیان لە ناو ئەم کامپە قوڕاویی و پیسانەدا دەنێژن.

ژنان و پیاوان بە دوو ڕیزی جیاواز لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی کەمێک شیر و چەند دانەیەک دایبیدا بوون، لە هەوڵدا بووم دیمەنێک لەو ڕاکەڕاک و ماندووییەی ئەو دایک و باوکانە بچرکێنم کە بۆ منداڵەکانیان، پێیەکانیان تاکو گۆزینگ لە قوڕدا بوون. زوومی کامێراکەم هێنا بۆ ئەوەی لە گۆشەیەکی باشەوە وێنە بگرم. لەپڕ بینیم کەوتووەتەوە ناو زوومی کامێراکەمەوە و لە کونجێکی ترەوە سەیرم دەکات. ئەم جارە لێم دوور بوو، خۆم بەرەو ڕووی ڕۆیشتم. لێی نزیک بوومەوە، بینیم شتێک لە ناو دەستە بچکۆلەکانییەتی، کە تەواو لێی نزیک بوومەوە، هەستم کرد ترسا، دەیەوێت ڕا بکات. پێکەنیم و کامێراکەم لە ملم کردەوە و پیشانم دا. چاوەکانی بە ئەندازەیەک کرانەوە کە تەواوی سپییەتی و دەمارە سوورە وردەکانیشی دەرکەوتن. ڕووخساری بە بزەیەکەوە گەش بووەوە، وەک ئەوەی دەمێک بێت تامەزرۆی بینینی ئەو شتە بێت کە نازانێت چییە! چاوم کەوتە سەر ئەو شتەی لە ناو دەستەکانیدا بوو.

منداڵیی من دوو جار ڕاگواستن و ئاوارەیی تێدا بوو، جەنگی وڵاتان و شەڕی براکوژیی، هەر ڕۆژەی شارێک و وڵاتێکی پێ کردین. منداڵیی من چیرۆکی بەرخۆلە و پەپوولە و وانەی نینۆککردن و پاکوخاوێنی تێدا نەبوو. پڕ بوو لە دەمانچە و سەرباز و دەبابەی پلاستیکیی. ئەوەی کە ڕۆژانە بە چاو دەمانبینی، شەوانە لە ناو خێوەتگەکاندا لە ڕێگەی یاری و هاوڕێ پلاستیکییەکانمان دووبارەمان دەکردەوە. تەتەتەتەتەتەتە، تاق تاق تاق، بومب بومب بومب. ئەو منداڵەی زۆرترین چەک و دەبابە و سەربازی هەبوایە، خۆشبەختترینی ناو هەموو منداڵەکان بوو.

ئەو دەمانچە پلاستیکییەی ناو دەستە بچووکەکانی، خەیاڵی بۆ ڕۆژانێکی سەخت و تاڵ بردەمەوە. ڕۆژانێک هاوشێوەی ئێستا، بەڵام بە ڕەنگێکی تر و لە ناو جەنگێکی تر. جەنگێک کە دەشت و بیابانەکان دەکات بە کامپ و فرۆشی چادرەکان زیاد دەکات. ئەو چادرانەی کە دەبن بە ماڵ و نیشتیمانی بێشوێنان. کوالیتی و جۆری چادرەکان باشتر کراون، بەڵام ئاوارەیی هەر وەک خۆیەتی.

پرسیم ناوت چییە؟

بیرم کردەوە ئەمە دیارە کە تازە پێی گرتووە و چێژ لە وەستان لەسەر پێیەکانی وەردەگرێت. تەنیا ئەو کاتەی پرسیارەکەم لێی کرد سەیری کردم. یەکسەر چاوی خستەوە سەر کامێراکە. منداڵی من و ئەو هاوشێوەن، تەنیا جۆری یارییەکانمان جیاوازە. دەمانچەکەی ئەو جگە لەوەی کە ڕەنگاوڕەنگە، لەگەڵ پلنان بە پەلەپیتکەکەیەوە دەنگێک بە ئینگلیزیی هاواری دەکرد

”fire fire fire”

کە چەند جارێک پەنجەم بە پەلەپیتکەی دەمانچەکەیەوە نا، وەک ئەوەی پێی ناخۆشبێت دەمانچەکەی گرت و خستییەوە ناو دەستەکانی خۆی. بە چاوە بچکۆلە و ڕەشەکانی ئاماژەیەکی کرد و ڕۆیشت، وەک ئەوەی بڵێت ”بە دوامدا وەرە، با شتێکت پیشان بدەم!”

ڕەنگە هیچ شتێکی تر لە مرۆڤدا نەبێت کە هێندەی چاو خێرا و بێدەسەڵاتانە خۆیان نەدەن بە دەست ماناوە. مرۆڤ بە ئاسانی هەست و پەیامە شاراوەکانی کەسی بەرانبەری لە ناو چاوەکانیدا دەخوێنێتەوە. چاوەکان هەمیشە شتە نەگوتراوەکان دەڵێن، تەنانەت ئەو خەم و برین و نیگەرانیانەش کە مرۆڤ دەیەوێت لە ژێر سەدان پەردەدا بیان شارێتەوە، چاوەکان بە یەک تیلە و بە یەک نیگا ئاشکرای دەکەن.

بە دوایدا ڕۆیشتم، قوڕاو و لیتەی نێوان چادرەکان خەیاڵی بردمە سەر دڵڕەقی باران. شاعیرەکان ئەم لافاوی قوڕاوە نابینن کە باران و زستان وەک دیاری بۆ ئاوارە و بێماڵەکانی سەر زەوی دەیهێنێت! بە دوای هەنگاوە بچووکەکانییەوە ڕێگەم گرتبوو، دیار بوو هێشتا پێیەکانی ئاشنای هاوسەنگی ڕۆشتنێکی ئاسایی نەبووبوون. چونکە لە نێوان شەڕی ئازاری ڕابردوو و نیگەرانیی داهاتوودا بووم، وام زانی زۆر ڕۆیشتووم، کەچی هەر چەند هەنگاوێک بوو، نزیک بوومەوە لە بەشی کۆتایی کامپەکە، خەڵکێکی زۆر بە بڵاوی لەو ناوە بوون، هیچ چادرێک دیار نەبوو. خەڵک بەش-بەش بە جیا لە چەند شوێنی خەت بۆ کێشراودا کۆ ببوونەوە. چاوم لەسەر ئەو نەما، خەریک بوو ونی بکەم. بینیم وەستاوە و چاوەڕێم دەکات.

”ئەمڕۆ نزیکەی سەد خێزانی تر گەیشتوونەتە کامپەکە، هیچ چادرێکی بەتاڵیشمان نییە”

ئەم قسەیەم لە دەروازەی کامپەکە بیستبوو. دیار بوو کە ئەو یەکێک لە ئەندامانی ئەو سەدان خێزانەیە. بەڵام نازانێت خێزان، جەنگ، ئاوارەیی، کامپ، چاوەڕوانیی و بێشوێنیی چین!

نەمویست لەوە زیاتر چاوەڕێ بێت، بەرەو ڕووی ڕۆیشتم. ژنێک کە نوقمی قوڕاو و ماندوویەتیی بووبوو، بانگی کرد، زیاتر هاوارکردن و تووڕەبوون بوو وەک لەوەی بانگکردن بێت. بە قسەکردن و جلوبەرگیانەوە زانیم ئێزیدین و لە تارمایی داعش ڕزگاریان بووە. ئەگەرچی بە تەواوی ڕوون نەبوو کە چی گوت، بەڵام چاوەکانی خەمی دیار نەبوونی نیشان دەدا، چونکە دونیا بەرەو تاریکیی دەڕۆیشت. ئەو گرینگی بە دەنگ و هاواری دایکی نەدا، چاوی لەوە بوو من بە دوایدا هاتووم یان نا! دەنگەدەنگ و هەرایەکی زۆر بوو، خەڵکێکی زۆر بێشوێنی تەنگی پێ هەڵچنیبوون و بیریان چووبووەوە کە لە چ وێرانەیەکی جەنگەوە ڕزگاریان بووە. یان ڕاستییەکەی ئەوە خۆشیی و چێژی ڕزگاربوونە کە بەرگەی ئەم بێشوێنی و سەرما و باران و قوڕاوە دەگرن!

دەمانچە پلاستیکییەکەی فڕێ دا، بە دەستە بچووکە چڵکنەکانی ڕۆخی کارتۆنێکی دڕاوی گرت و خۆی خستە ناوی. کارتۆنەکە وێنەی تەبەقەی هێلکەی لەسەر بوو. لە ناو کارتۆنەکەوە قینج دانیشتبوو، سەری بۆ هەڵبڕیم. بە ئاماژەی چاو و سەرلەقاندنەوە دەیوست شتێکم پێ بڵێت! وەک ئەوەی بڵێت من گوناهم چییە؟ یان دەیویست بە چوونە ناو کارتۆنی هێلکەکانەوە پێم بڵێت من نامەوێت لە ناو جەنگ و ئاوارەییدا بتروکێم! دەیویست پێم بڵێت سەیری کۆشکەکەم بکە بزانە چەند جوانە! یان بەو قینج دانیشتنەی دەیوسیت بڵێت، من پاشای ئەم کۆشکە کارتۆنییەی وڵاتی قوڕستانم.

ئاماژە و بزەکانی ئەو، خەم و ئەندێشە ئاڵۆزەکانی منیش وەها بەسەر یەکدا کەوتبوون، نەمدەزانی دەبێت من چی بۆ بکەم!

چاوەکانی خستەوە سەر کامێراکە، بە ئاماژەیەکی فریشتەییانە تێی گەیاندم کە دەیەوێت وێنەی کۆشکەکەی بگرم.

پیاوێکی چاو بچووکی باڵاکورتم بیرم کەوتەوە کە نزیکەی سی ساڵ لەمەوبەر بە کامێرایەکی بچووکەوە هاتە ناو کامپەکەی ئێمەوە. چونکە نوقڵی پێ بوو، کۆمەڵێک منداڵ لە دەوری کۆبوونەوە هاواریان دەکرد ”یابانی، یابانی.” بەڵام من لە دوورەوە ڕاوەستابووم و تەنیا کامێراکەی دەستی سەرنجی ڕاکێشابووم. کامێراکان شێوەیان گۆڕاوە و بوون بە سمارت و دیجیتاڵی، بەڵام هیشتا کامێرا کۆن و نوێیەکان هەر هەمان وێنەی ئەو ئاوارەییە نەگۆڕە دەگرن!

ئێوارە لە تەلەفزیۆن چاوم کەوتە سەر ڕاپۆرتێک، کەسێکی پۆشتە کە وەک بەڕێوەبەری کامپەکە خۆی ناساند، بە دەنگێکی گڕ و بە متمانەوە دەیگوت ”لە دوێنێوە سەدان چادر و خێوەتمان بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکانمان ئامادە کردووە، هەر ئەمڕۆ بەیانییەکەی شوێن و چادر بۆ هەموویان دابین کران.”

تفێکم کرد، نازانم لە خۆم بوو یان تەلەفزیۆن و کەسەکەی ناوی، یان لە کامێراکەم! بەدەم بیرکردنەوە لە منداڵیی خۆم و منداڵیی ئەو، منداڵیی هەموو ئەو منداڵە ئاوارانەی کە هێشتا لەدایک نەبوون، لەبەر خۆمەوە گوتم: ”منداڵانی جیهان لەدایک مەبن.”

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

Goran Rasul, kurdish short story,