شاڵاو حه‌بیبه
ئه‌گه‌ر هاووڵاتییانی کورد گله‌ییی ئه‌وه بکه‌ن زۆربه‌ی به‌رهه‌مه کشتوکاڵییه‌کان له ده‌ره‌وه هاورده ده‌کرێن ئه‌وا شتێکی نه‌ک سه‌یر نییه بگره ئه‌مڕۆکه وایان لێ کردووە ببێتە پێویستییه‌کیش، خه‌ڵکانی کوردیش که سه‌رده‌مانێک ده‌یانتوانی له‌سه‌ر به‌روبوومه کشتوکاڵییه‌کانیان بژین، ئێستا به‌بێ به‌رهه‌می هاورده نایانکرێت، جووتیاره‌کانیش ئه‌گه‌ر بێئه‌ده‌بی نه‌بێت، به جۆرێک نووساون به خه‌یاره‌وه- وه‌ک تاقهداهێنانیان- ئینسان گومانی بۆ شتی تر ده‌چێت. بۆیه سه‌یر نییه کاتێک ده‌بینین ئه‌م لینگهوقووچبینینهی دنیا گواستراوه‌ته‌وه بۆ ناو دنیای ئه‌ده‌بیات و چاپه‌مه‌نیی کوردییش، که په‌خشخانه و بگره خوێنه‌رانی کوردیش کاتێک بیر له ڕۆمان ده‌که‌نه‌وه یان بیانه‌وێت ڕۆمانێک بکڕن؛ ئه‌وا له ڕاستیدا ته‌نیاوته‌نیا مه‌به‌ستیان ڕۆمانێکه وه‌رگێڕدرابێت، نه‌ک به کوردی نووسرابێت. دیاره نووسه‌رێک ئه‌وپه‌ڕی دوان له‌م باسه بێبه‌رین.
که‌واته: په‌خشخانه‌کان خۆیان له چاپکردنی ڕۆمان و چیرۆکی کوردی ده‌پارێزن، یه‌که‌مشت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌رهه‌مێکی خۆماڵییه و به‌رهه‌می خۆماڵییش کوالیتییه‌که‌ی هه‌میشه گومانی له‌سه‌ره. هه‌ڵبه‌ت کاتێک باس له سه‌رۆک و به‌ڕێوه‌به‌رانی په‌خشخانه‌کان ده‌که‌ین وه‌ک نموونه‌ی تێگه‌یشتوویی و پیشەمەندی شاره‌زا دێنه به‌رچاومان، نه‌ک که‌سانێک که هێشتا نه‌گه‌یشتبنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ڕۆمانێک که له چوارقوڕنه بنووسرێت ناتوانێت هیچ فه‌رقێکی له‌گه‌ڵ ڕۆمانێکدا که له پترزبورگ نووسرابێت، هه‌بێت.
هێنده‌ی من ئاگه‌داری په‌خشخانه کوردییه‌کانم- که له ڕاستیدا ئاگه‌داری زۆربه‌یانم و ئه‌وه‌یش ده‌بینم که زۆر جار نووسه‌رانی کورد چۆن زه‌لیل ده‌کرێن تا کتێبه‌که‌یان بۆ چاپ ده‌کرێت، که شایه‌ن به ڕێز و ته‌قدیرن که ده‌نووسن، نه‌ک ئه‌م ڕه‌فتاره- ڕه‌تکردنه‌وه‌ی کتێبه‌کانیشیان ته‌نیا خۆماڵیبوونهکهی نییه، به‌ڵکوو نهفرۆشرانهکهیشییهتی، جا من تێناگه‌م کتێبێک تا چاپ نه‌کرابێت په‌خشخانه چۆن ده‌زانێت که نافرۆشترێت؟ ئنجا، ئاخۆ ئێمه ده‌بێت نووسه‌رانمان بۆ نووسینی کتێبی باش هان بده‌ین؟ یان بۆ نووسینی کتێبێک که باش بفرۆشترێت؟ کاتێک په‌خشخانه‌کان ڕۆمانه-به-کوردی-نووسراوه‌کان که ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕۆمانی باشیش بن ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه، به‌و بیانووه‌وه که نافرۆشترێن، ئه‌ی وه‌ڵامیان بۆ ئه‌و هه‌موو ڕۆمانه وه‌رگێڕدراوه چییه، که ئه‌وانیش هه‌ر نافرۆشترێن؟ ئێره شوێنی نییه، ده‌نا ده‌توانین لیستێک بۆ ئه‌و ڕۆمانه جیهانییانه دروست بکه‌ین که ڕۆمانی چاکن و کراون به کوردی و بگره باشیش وه‌رگێڕدراون و که‌چی هێشتایش نافرۆشترێن؟ که‌واته چاپخانه پێی باشه به‌رهه‌مێکی وه‌رگێڕدراو بڵاو بکاته‌وه که نافرۆشترێت، به‌ڵام به لایه‌وه ئاسایی نییه به‌رهه‌می باشی کوردی چاپ بکات، که له ڕاستیدا ئه‌ویش هه‌ر نافرۆشترێت. خۆ ڕوونه؟ هه‌ڵبه‌ت هۆکاری تریش هه‌ن و به باسکردنیان لێره‌دا شته‌که وه‌ک ده‌ڵێن ده‌بێته یاریی منداڵان، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که بڕوبیانووی چاپخانه‌کان هێنده ساویلکانه‌یه نەخاسمە پیشه‌یی بێت، بگرە مرۆڤ شه‌رم ده‌کات باسی بکات.
خه‌تای کێیه ئه‌گه‌ر ڕۆمانێکی باشی کوردی نهفرۆشترێت؟ خه‌تای نووسه‌ره‌که‌یه؟ جا نووسه‌ره‌که چی بکات باشه؟ کتێبی بازاڕی بنووسێت بۆ ئه‌وه‌ی بفرۆشترێت و دڵی چاپخانه‌ی پێ خۆش بکات؟ یان مایکێک به ده‌سته‌وه بگرێت و خه‌ڵک له خۆی خڕ بکاته‌وه؟ یان یه‌ک-دوو درۆ به ناوی ئهموئهوهوه بۆ خۆی ڕیز بکات و بڵێت من نووسه‌رێکی موهیمیشم و که‌چی ئێوه نامخوێننهوه؟ نووسه‌ر ئه‌وه‌ی له سه‌ریه‌تی نووسینی باشه، ڕه‌نگه ئه‌مه له کۆنترین ئه‌رکه‌کانی بێت. به‌ڵام لای په‌خشخانه کوردییه‌کان بووه‌ته نووسینی کتێبێکی باش-فرۆشراو، که لێره‌دا ئه‌رکی چاپخانه و ئه‌گه‌ر وا بڕوات نووسه‌ریش له پاره‌دا کورت ده‌بێته‌وه. دیاره ڕوونه که جیهانی سه‌رمایه‌داری له‌ناو پهخشخانهکانیشدا له ڕه‌فه‌کاندا خۆی به‌ده‌ر ده‌خات و به بۆچوونی چاپه‌ره‌کان بێت، نووسه‌ره‌کانیش ده‌بێت خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌م جیهانه‌دا بگونجێنن. هه‌میشه له دنیادا شانازییه‌که بۆ ئه‌و په‌خشخانه بچووکانه ده‌مێنێته‌وه که له پڕ نووسه‌ره کهمفرۆشهکهیان خه‌ڵاتی نۆبێل یان هه‌ر خه‌ڵاتێکی ئەدەبیی دیکە وه‌رده‌گرێت، که سه‌رده‌مانێک خه‌ڵک ئه‌وانی به شێت زانیوه که کتێبی ئه‌و نووسه‌ره‌یان چاپ کردووه. ڕه‌نگه په‌خشخانه کوردییه‌کان هێشتا نه‌گه‌یشتبنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که چاره‌یه‌کیان به‌ده‌ر له چاپکردنی کتێبی باش نییه، جا به‌رهه‌می هه‌ر گه‌ڕه‌کێک بێت.
خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات هێشتا گیرۆدەی ئەم پەتایە نەبوون، دەڵێم پەتا چونکە دەکرێت کارێک بکرێت کە بەرمان بدات، کاتێک لەگەڵ هاوڕێیەکانمدا لە پێشانگای نێودەوڵەتیی سنە کتێبمان دەفرۆشت، سەرنجم دەدا خوێنەری ئەوێ کاتێک داوای ڕۆمانێکیان دەکرد و بەندە بە خەیاڵی خوێنەرانی باشوورەوە کاتێک لێم دەپرسین ڕۆمانی کوردی یان وەرگێڕدراو؟ ئەوان فەرقەکەیان نەدەزانی؛ شانیان هەڵدەتەکاند و بۆیان گرنگ نەبوو ڕۆمانەکە بە کوردی نووسرابێت یان وەرگێڕدرابێت، تەنیا دەیانگوت گرنگ ڕۆمانێکی باش بێت، بەڵام پەتاکە لە باشوور زۆر بە خەستی خوێنەرانیشی گرتووەتەوە. دیارە ئەم هەوڵە دژەکولتوورییە خەتابار تەنیا پەخشخانە نوێیەکان نیین، ئەوە هیچ کە ئەوانن خوێنەرانیان وا بار هێناوە، چونکە کاتێک تەماشای ژیان و گفتوگۆی نووسەرانی کۆنمان دەکەیت، ئەوا سەردەمایەک کتێبی نووسەرە کوردەکانمان جگە لەوەی پڕۆفرۆشتر بووە لە ئەمڕۆ، بە گێڕانەوەکانیاندا دەردەکەوێت کە خوێنەرانیش بە تامەزرۆیییەوە- ئەوکات- لە ئەدەبی-بە-کوردی-نووسراویان ڕوانیوە، ئەمە هەڵبەت سەردەمێک کە هێشتا ئەم شەپۆلەی وەرگێڕان نەکەوتبووە گەڕ. بەدەر لە پەخشخانەیش بێگومان خودی کوالیتیی نووسینی کوردییش لەم نێوانەدا هۆکارێکە، بەڵام هێشتا خەتاباری یەکەم هەر پەخشخانەیە، چونکە ئەوە قسەیەکی پیشەمەندانە نییە کە چاپەرێک بڵێت وەڵڵا کتێبی کوردی یان ڕۆمانی کوردی خراپە بۆیە چاپی ناکەین، یان دوو لەتەچیرۆک و ڕۆمان بخاتە سەر ڕەفە و بڵێ ئەوەتا ئەدەبیاتی کوردییشمان چاپ کردووە، یان نووسەرەکە ناچار بێت بە لۆگۆی پەخشخانەکەوە و بە پارەی خۆی کتێبەکە چاپ بکات و خوێنەریش- بێ‌ئاگا لەم شەڕەسەگە- پێی وا بێت فڵان یان فیسار پەخشخانەی کوردی گرنگی بە ئەدەبی کوردی دەدات! (دیارە ئەم حاڵەتە لە هەردوولا زۆر بەربڵاوە و وەختایەک لە سنە بووم دڵم بەوە خۆش بوو کە دەفتەرەشیعری کوردیی زۆرم دەبینی- چاک یان خراپ- لە لایەن پەخشخانەکانەوە چاپ کرابوون، بەڵام کاتێک لەگەڵ نووسەرەکانیان قسەم دەکرد تێدەگەیشتم کە لەسەر ئەرکی خۆیان چاپ کراوە!) بۆیە ئەگەر لە یەک ڕستەدا کۆی مەبەستەکەم کورت بکەمەوە، دەبێت بڵێم ئەگەر گلەیی هەبێت کە شیعری باش، ڕۆمان و چیرۆکی باشمان نییە، ئەوا هۆکارەکەی ئەوەیە کە پەخشخانەی کوردی هێشتا چاپی نەکردوون. لە هەمووی حەنەکئامێزتر ئەم گشت هەوڵە دژەکولتوورسازییە بە ناوی کورلتوورسازییەوە دەخرێنە ڕوو. نەتەوەیەک کە خەریکە خۆی لە بیر دەکات، دەبێت تا چەندێک بتوانێت ئەوی تر بناسێت و لێی ورد ببێتەوە؟ ئایا کاتێک پەخشخانە فەڕەنسییەکان ئەدەبیاتی ئەڵمانی وەردەگێڕن بە چاپنەکردنی ئەدەبیاتی فەڕەنسی دەست پێ دەکەن؟ ئەمە هەر بۆ نموونە هەڵبەت. ئەگەر نەتەوەیەکی زیرەکی وەک خۆیشمان بە نموونە وەربگرین: لە پەنجاکاندا لە تورکیا ڕەخنەگرێک تکای لە خوێنەرانی تورک دەکرد کە شاعیرانی (بەرەی غەریب) بخوێننەوە، چونکە شاعیری باشن، دەیگوت بۆ هەر دەبێت کەسێک لە دەرەوەی خۆمانەوە بێت و شاعیرێکمان لە تەنیشت خۆمانەوە پێ بناسێنێت، ئنجا بیخوێنینەوە؟ ئەوکات شاعیرانی بەرەی غەریب بەو جۆرە نەدەخوێنرانەوە و بەڵام ئەمڕۆکە شاعیرانێکی جیهانین. پەخشخانەکانی ئێمەیش خوێنەرانی کوردیان بە جۆرێک بار هێناوە کە ئەدەبیاتەکەی نزیک خۆیان نەبینن و بەبێ خوێندنەوەیشی بڕیار بدەن کە ئەدەبیاتێکی خراپە، لەبەر چی؟ لەبەر ئەوەی پەخشخانە وای گوتووە.
ئیشی پەخشخانەیەکی باش ئەوەیە کە لەم دنیای کوردییەدا، کە ئەدەبیاتی نوێی کوردی هێندە بەرچاو نییە و کەمخوێنەرە و خوێنەریش بە گشتی گومانی لێی هەیە؛ بێت و ڕۆمان و چیرۆک و شیعری باشمان پێ بناسێنێت. من لەگەڵ ئەوەیشدام پەخشخانەکان تەنانەت کتێبە بازاڕییەکان چاپ بکەن و داهاتەکەی بۆ چاپکردنی ئەدەبیاتێکی باش تەرخان بکەن، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیکەن، لە کۆی گشتیی ئیشەکەیاندا، هەمان ئیشە کە فەللاح و بازرگانە کوردەکان دەیکەن.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.