26/04/2024
DidiMn Logo
Top

کتێبی فەلسەفە بۆ منداڵان بڵاو دەبێتەوە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – فه‌رهاد سه‌عدی

کتێبی فەلسەفە بۆ منداڵان، بڵاوکراوەیەکی دەزگای ”DK”ی بەریتانییە و لە نووسینی ”سارا تۆملی و تۆماس ویکس”ە کۆسار عه‌بدوڵا لە زمانی ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە بۆ کوردی، ئەم کتێبە سەرەتای مانگی داهاتوو لە کتێبخانەی ڕۆمان بڵاو دەبێتەوە.

کتێبەکە دەستپێکێکە بۆ ناساندنی فەلسەفە بەو لاو و منداڵانەی خولیای ئەوەیان هەیە بچنە ناو بابەتە فەلسەفییەکانەوە و ئاشنای ئایدیا فەلەسەفییە کۆن و نوێیەکان ببن.

کۆسار عه‌بدوڵا وەرگێڕی کتێبەکە دەربارەی ناوەڕۆکی کتێبەکە بۆ دیدی من گوتی: ”کتێبەکە بابەتەکانی دروستبوونی گەردوون، مەعریفەناسی، عەقڵ، زمان، ئەخلاق، زانست، سیاسەت، کۆمەڵناسی، ژینگە و فێمێنیزم لە ڕووی فەلسەفییەوە ڕوون دەکاتەوە. لەم کتێبەدا هەموو ئەم بابەتانە بە شێوەیەکی ئاسان و بە وێنەوە شیی کراونەتەوە و سەرەتایەک لەو بابەتانە بە خوێنەر دەناسێنێت.”

لە بارەی گرنگی کتێبەکەوە کۆسار عه‌بدوڵا گوتی: ”ئەم کتێبە گونجاوە بۆ ئەو منداڵانەی تەمەنیان سەروو نۆ ساڵە، لە قوتابخانەدا دەتوانێت ببێتە یارمەتیدەرێک بۆ گفتوگۆکردنی هەموو بابەتە هزرییەکان و خوێندکار ڕابهێنێت لەسەر بیرکردنەوە، پرسیارکردن، لێکۆڵینەوە و گەڕان بە دوای بنەمای ئەو شتانەی کە بە ڕاستی دەزانین.”

ئەم کتێبە لە پێنج بەشی سەرەکیی پێک هاتووە كه‌ پێكدێن له‌:

بەشی یەکەم: لە بارەی دروستبوونی گەردوون و ڕاستییەکان و ئەو پرسەیە کە ئایا هەستەوەرەکانمان زانیارییەکی باشمان دەدەنێ.

بەشی دووەم: دەربارەی شوناس دەدوێت، ئەو پرسەی ئایا چی وا دەکات مرۆڤێک مرۆڤ بێت. جەستەی یاخود عەقڵ و ئارەزوو و بیرکردنەوەکانی؟

بەشی سێیەم: دەربارەی بیرکردنەوە و هەست و سۆزەکان و زمانە، هەروەها ئەو بابەتەی ڕۆڵی زمان لە پەیوەندییەکانی ئێمەدا چییە؟ هەروەها دەربارەی خۆشیی و ئازار و سەرچاوەکانیان دەدوێت.

بەشی چوارەم: دەربارەی ئەوەیە چۆن بزانین چ شتێک چاکە تا ئەنجامی بدەین؟ چی وا دەکات ئەو شتە چاک بێت؟ هەروەها دەربارەی پێگەی ژن و مافەکانیان دەدوێت و دواتریش پرسیار دەخاتە سەر مامەڵەکردنمان لەگەڵ ژینگەدا.

بەشی پێنجەم: پرسیار دەخاتە سەر ئەوەی باشترین سیستەمی سیاسیی چییە و کێ مافی دانانی یاسای هەیە و چۆن وا بکەین یاساکان دادگەرانەتر بن.

هاوبەشی بکە

Book, Philosophy,