20/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی کیشلۆڤسکی: کورتەفیلمێک لە نێوان سێکس و خۆشەویستیدا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بڵند عیرفان
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

کورتەفیلمێک لە بارەی خۆشەویستییەوە، فیلمێکە لە بارەی مەتەڵە سەیرەکانی خۆشەویستی، سێکس، سوبێکتیڤیتی و حەقیقەتەوە. ئەم فیلمە یەکێکە لە گرنگترین فیلمەکانی کیشلۆڤسکی، کە تێیدا بە تەواوی هێڵی ناسینەوەی کیشلۆڤسکی دەبینرێت، فیلمەکە سەرەتا ئیپیسۆدی شەشەمی زنجیرەکەی کیشلۆڤسکی خۆی بووە، بە ناوی ”دێکالۆگ” پاشان خۆی کردوویەتی بە فیلمێکی سەربەخۆ، بە زیادکردنی هەندێک وردەکارییەوە. لە سەرەتای ڕێڕەوی بینەربوونم بە سینەما، تەماشای ئەم فیلمەم کرد، لەو کاتەدا بە ڕادەیەکی زۆر ترسناک بوو. ترسناک بەو مانایەی کە پرسیاری شؤکئامێزی درووست دەکرد. پرسیارگەلێک، کە مرۆڤی مۆدێرن ڕادەچڵەکێنن.

خۆشەویستی چییە؟ سێکس چییە؟ ئەی پەیوەندی نێوانیان چییە؟ خۆشەویستی چۆن دروست دەبێت؟ پاڵنەرەکانی چین، ئایا سێکس خۆشەویستی ئاڕاستە دەکات، یان ئەوەتا خۆشەویستی خۆی درۆیەکی گەورەیە و ئەوەی هەیە سێکسە؟ سێکس و هیچی دی، ئایا سێکس وا دەکات لە نەستی هەمووماندا، لە نێو کۆمەڵدا خۆشەویستی بکەین بە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە سێکس. یانیش بە مانا فرۆیدییەکەی، وەڵامی مەسەلەکە، جگە لە سێکس هیچی دیکە نییە؟ ئەمانە ئەو پرسیارە ڕاچڵەکێنانەن، کە ڕەنگە هەر بینەرێک لە کاتی تەماشاکردنی فیلمەکەدا، بە ئاوەزیدا بێت.

”من نازانم خۆشەویستیی چۆن دروست دەبێت.”

دۆستۆیڤسکی

لە نێو کۆمەڵگەدا، کاتێک سێکس وەک بوونێکی نامۆ، قێزلێنراو، ترسناک و بێئابڕوانە تەماشا بکرێت، ئەوکات پانتاییەکەی، هەمان ڕێڕەو وەردەگرێت کە خۆشەویستی دەیبێت. لە نێو نەستی کۆمەڵدا، خۆشەویستیی و سێکس دەبنە یەکدی. ئەمەش بە جۆرێک لە جۆرەکان، ترس تووشی سوبێکت دەکات و لە نێو نامۆبوونێکی سایکۆلۆجی، دەیکاتە مرۆڤێکێکی تێکشكاو و ترساو لە سێکس_خۆشەویستی. کاتێک سێکس لەم سەدانەی کۆتاییدا، ڕووبەری خۆشەویستی ناهێلێت، ئەوکات کیشلۆڤسکی دێت و سێکس وەک ئایدۆلۆجیا بە نەفرەت دەکات، لە ڕێی پشاندانی خۆشەویستییەوە.

ئەمە کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە، بە ناوی تۆمیک. تۆمیک کوڕێکی نۆزدەساڵانە، کە شەوانە لە باڵەخانەکەی بەرامبەرییەوە، بە تێلیسکۆپ دەڕوانێتە ئافرەتێکی پێگەیشتووی نزیک سیوپێنج ساڵە. دیمەنەکان لەم ساتەدا؛ لەو ساتەی تۆمیک تەماشای خانمەکە دەکات، زۆر هەستیار و ئیرۆتیکیین. کیشلۆڤسکی لێزانانە، بینەر دەخاتە نێو ئەو کێشمەکێشمە سایکۆلۆجییەوە، کە ڕەنگە هەموومان هەستی پێ بکەین. تەنانەت لە هەندێک دیمەنی نێو فیلمەکەدا، ئێمە دەگەینە ترۆپکی هەستکردنمان بە تۆمیک. بۆیە کە لەبەر خۆمەوە بیر لە کێشڵۆڤسکی دەکەمەوە، دەڵێم: سینەمای کیشلۆڤسکی، سینەمایەکی هەستەکییە و ناعەقڵانییە. پانتایی سینەمای کیشلۆڤسکی، پانتاییەکی ناعەقڵانییە. پانتاییەکە ئەوەی تێیدا مامەڵە دەکات، هەستە نەک عەقڵ. سینەمای کێشلۆڤسکی و تێگەیشتن لێی و مامەڵەکردن لەگەڵی، بەزەرورەت هەستەکییە.

دیمەنێک لە فیلمی “کورتەفیلمێک دەربارەی خۆشەویستی”

کارەکتەرەکانی کیشلۆڤسکی، سوپەر نین [وەک لە فیلمە هۆڵیوودییەکاندا هەن] کۆمەڵێک مرۆڤی ئاسایین، چیرۆکی زۆر گەورەیان نییە، لە سووچێکی جیهانەوە، هەوڵ دەدەن بژین، بە غەمگینییە بەردەوامەکەیانەوە، هەوڵ دەدەن بژین. لە کۆی کاری ئەو فیلمسازانەی کە بینیومە، کیشلۆڤسکی باشترینیان بووە، لەوەی کە چلۆن کارەکتەر بونیاد بنێت. ئێجگار لەوەدا لێزانە. گۆڕینی جیهان و بوونی جۆرێک لە ئەفسانە، لە گۆڕێدا نییە، هیچ کارەکتەرێک دەستکاری جیهان ناکات. کۆمەڵە کارەکتەرێکن، کە دەژین لە نێو دونیای مۆدێڕندا. ئازارەکانی کارەکتەرەکانی کیشلۆڤسکی، ئازارە وجوودییەکانی مرۆڤی مۆدێڕنن. ئەو کارەکتەرەکانی [بە نموونە ئەم فیلمە] ئەو کارەکتەرانەن کە ژیانیان پڕە لەو ئازارانەی نامۆبوونی مرۆڤی مۆدێڕن بەرۆکی گرتووە. ئەم فیلمە لە گرنگترین فیلمەکانی کیشلۆڤسکییە. بە ڕوونی کیشلۆڤسکی دەناسینەوە لەم فیلمەدا، ڕێڕەوە سینەماییەکەی خۆیشی هەروەها.

دیمەنێکی گرنگ لە فیلمەکەدا هەیە، کە ڕەنگە گرنگترین دیمەنی فیلمەکە بێت. سەروەختێک تۆمیک دەچێتە بەردەم ماڵی خاتوونەکە، ئەویش دێتە دەرەوە، یەکەم گفتوگۆ لە نێوانیان ڕوو دەدات، کە ئیدی ئەوەندە هەستیارە، کیشلۆڤسکی هێندە فەزایەکی ئاڵۆز و سەیری دروست کردووە، بینەر دەخاتە هێندە دۆخێکی هەستیار و تا ڕادەیەکیش ترسناکەوە؛ ئیدی لای هەر بینەرێک ڕوون دەبێت؛ کیشلۆڤسکی فیلمسازێکی مەزنە.

+ پێم بڵێ؛ بۆچی بە دزییەوە لێم دەڕوانیت؟
چونکە خۆشمدەوێیت.
+ جا چیت دەوێت؟
نازانم
+ دەتەوێ ماچم بکەیت؟
نەخێر.
+ دەتەوێ گانم لەگەڵ بکەیت؟
نا!
+ دەی ڕەنگە بتەوێ لەگەڵم سەفەر بکەیت، بۆ کەنار دەریا، بۆ بێداپووست؟
نا!
+  ئەی تۆ چیت دەوێت
هیچ!
+هیچ؟!
هیچ.

سیحری سینەما، هەروەها سیحری سینەمای کیشلۆڤسکی، لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لێرەدا دیالۆگەکە دەنووسینەوە و دەیخەینە سەر پەڕەیەک، لێ وشەکان، دیمەنەکە بە تەواوی ناگوازنەوە، ڕەنگە هەستی پێ بکەین؛ لێ بە بینینی فەزاکە، زیاتر سەرمان سووڕ دەخوات و دەکەوینە نێو گێژاوی دیمەنەکە. چونکە وێنەی سینەمایی مامەڵەمان لەگەڵ دەکات.

بێدەنگی؛ شوناسی کارەکتەرەکانی کیشلۆڤسکییە.

بێدەنگی، لە نامۆترین دەنگەکانی جیهانە. کارەکتەرەکانی کیشلۆڤسکی قسە نازانن، هەمیشە لە نێو کێشمەکێشمدان، هەمیشە بێدەنگییەکی قووڵیان هەیە، لەم شەوانەی پێشوودا، لە میانەی تەماشاکردنی فیلمێکی دیکەی کیشلۆڤسکی، بە ناوی ”three color blue”ەوە بیرم لە قسەیەکی فۆکۆ دەکردەوە لە بارەی بێدەنگییەوە، ئەو دەڵێت ”بێدەنگی نائامادەیی قسەیە، بەڵام نائامادەیی مانا نییە.” لێرەوە دەگەینە ئەوەی ڕاستە تۆمیک هەمیشە بێدەنگە، بەڵام بێدەنگییەکەی نائامادەیی مانا نییە، مانایەک کە لەو دیو تێگەیشتنی عەقڵانییەوەیە، دەبێت هەستی پێ بکەین. هەست و هەست، هەستکردن، هەستەکان و گریان و ئارەزووەکان، گومان و بێدەنگییەکان، پرسیار و تێنەگەیشتنەکان، پانتاییەکن، کارەکتەری تۆمیک پێکیان دەهێنێت. دۆخی تۆمیک، دۆخی شۆکی حەقیقەتە، بەو دیوەی ژیانە ئاساییەکەی تێک داوە. تۆمیک، هەژار و ترسنۆک بەرەو ڕووی حەقیقەتێک دەبێتەوە، حەقیقەتێک کە ڕەنگە یەک جار رووبەڕووی ببینەوە، لە زەمەن و شوێنێکی دیکەوە، مانا نادات و تەنها ئەوەیە کە هەیە. بەم تێگەیشتنە، نامۆبوونی تۆمیک بەرەنجامی تێنەگەیشتنە لەوی دیکە، نامۆبوونێکە لە بەرامبەر ئەو حەقیقەتەی خۆشەویستییە. لە نیوەی فیلمەکەوە، پرسێک دێتە پێشەوە، ئایا مرۆڤ توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو حەقیقەتەی هەیە؟ نزیکبوونەوە لەوە، ئایا هەواڵێکی باشە، یان بە چەشنێک ئەوپەڕی ترسناکە؟

دیمەنێک لە فیلمی “کورتە فیلمێک دەربارەی خۆشەویستی”

کورتەفیلمێک لە بارەی خۆشەویستییەوە، فیلمێکە لە بارەی مەترسیی ڕووبەرووبوونەوەی حەقیقەتەوە. کۆتا وتەم، پارچەیەک لە شیعرێکی هۆڵدەرلین دەبێت، کە وەختی سەیرکردنی فیلمەکە بە خەیاڵمدا گوزەری کرد:

خۆشم دەوێیت،
نازانم بۆ؛
ڕەنگە ئەوە شتێک بێت لە تۆدا.

هاوبەشی بکە

Cinema, krystof kishlovsky,