20/04/2024
DidiMn Logo
Top

لە جەنگی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنادا مرۆڤایەتی بێسه‌ركرده‌یه‌

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – تایم مەگەزین

یۆڤاڵ نوح هه‌راری١
لە ئینگلیزییه‌وه‌: زامۆ عه‌لی

زۆر کەس بڵاوبوونەوەی پەتای٢ کۆرۆنا ده‌خه‌نه‌ ئۆباڵی جیهانگیری و دەڵێن کە تاکە رێگە بۆ رێگرتن لە پەتای  زیاتری لەو شێوەیە لەجیهانگیریخستنی جیهانە. داوای دروستکردنی دیوار، سنووردارکردنی گەشتەکان، کەمکردنەوەی بازرگانی لە نێوان وڵاتاندا ده‌كه‌ن. بەڵام لەکاتێکدا کە کوارەنتینكردنی کورتخایەن زۆر گرنگە بۆ وەستاندنی په‌تاكه‌ لە ته‌شه‌نه‌سه‌ندن، خۆجیاکردنەوەی درێژخایەنی وڵاتەکان لە یەکتر دەبێتە هۆی داڕمانی ئابووری، بێ ئەوەی خۆپاراستنێکی راسته‌قینه‌شمان بداتێ لەدژی ئەو جۆرە نەخۆشیانە. بگرە تەواو بە پێچەوانەوە. دەرمانی راستەقینە بۆ ئه‌م جۆره‌ پەتایه‌، دابڕان و خۆجیاکردنەوە نییە، بەڵکو هاریكارییه‌.

پەتاکان بە ملیۆنەها كه‌سیان کوشتووە ماوه‌یه‌كی زۆر پێش ئەوەی جیهانگیری بگاتە ئەم ئاستەی ئێستای. لە سەدەی چوارده‌دا، فڕۆکە و کەشتی گەورە نەبوون بۆ گواستنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەشە مەرگ (تاعوون) لە رۆژهەڵاتی ئاسیاوە بڵاوبووەوە تا رۆژئاوای ئەوروپا لە کەمتر لە دە ساڵدا. لە نێوان ٧٥ ملیۆن بۆ ٢٠٠ ملیۆن کەسی کوشت، کە ده‌كاته‌ زیاتر لە چارەکێکی دانیشتوانی هەموو ئه‌وروپا و ئاسیای ئه‌و سه‌رده‌مه‌. لە ئینگلتەرا، لە هه‌ر ١٠ کەس ٤ کەس مردن. شاری فلۆرەنس لە ئیتاڵیا نیوەی دانیشتوانەکەی لەدەستدا – ٥٠،٠٠٠ کەس لە کۆی ١٠٠،٠٠٠ کەس مردن.

لە مانگی سێی ١٥٢٠ دا، تاکە هەڵگرێکی نەخۆشی ئاوڵە بە ناوی فرانسیسکۆ دی ئێگوییا گەیشتە مەکسیك. لەو کاتەدا، ئەمریکای ناوەڕاست شەمەندەفەر و پاس و تەنانەت گوێدرێژیشیان نەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، هەتا مانگی دوازده‌ی ئەو ساڵە، ئاوڵە هەموو ئەمریکای ناوەڕاستی وێران کرد و بەگوێرەی هەندێک ئامار نزیکەی سێ-یەکی دانیشتوانەکەی كوشت.

لە ١٩١٨ دا، چەشنێکی به‌هێزی ڤایرۆسی هەڵامەت لە ماوەی چەند مانگێکدا بە هەموو لایه‌كی جیهاندا بڵاوبووەوە. نیو ملیار کەسی تووش کرد، کە ده‌كاته‌ نیوەی دانیشتوانی سەر زەوی ئەو کاتە. وا دەخەمڵێنرێت کە ٪٥ی دانیشتوانی هندستان و ٪١٤ی دانیشتوانی دوورگەی تاهیتی، و ٪٢٠ی سامۆوای کوشتبێت. بەگشتی هەڵامەتەکە دەیان ملیۆن کەسی لەناوبرد، ده‌شێت ١٠٠ ملیۆن کەسی كوشتبێت لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، واته‌ زیاتر لەوەی جەنگی جیهانی یەکەم لەناوی بردن لە ماوەی چوار ساڵ جەنگی خویناویدا.  

بەڵام حاڵه‌تی بڵاوبوونەوەی پەتا و کاریگەرییەکەشیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە. سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ترسناکی وەک ئایدز و ئیبۆلا، لە سەدەی بیست و یەکدا پەتا ژمارەیەکی زۆر کەمتر خەڵک دەکوژێت بەبەراورد بە هەر سەردەمێکی پێشتر تا دەگاتەوە چاخی بەردین. ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە باشترین بەرگری کە مرۆڤ هەیەتی دژی میکرۆب، خۆدابڕاندن نییە، بەڵکو زانیارییە. مرۆڤایەتی جەنگی دژ بە پەتا بەوە بردووەتەوە کە لە پێشبڕکێی نێوان میکرۆب و پزیشكه‌کاندا، میکرۆبەکان پشت بە بازدانی٣ جینی کوێرانە دەبەستن، به‌ڵام پزیشكەکان پشت بە شیكردنه‌وه‌ی‌ زانستیی زانیاری دەبەستن.

کەمپێکی ئەنفلۆنزا لە لاورێنس، کە تێیدا نەخۆشەکان چارەسەری هەناسەدانی سروشتی وەردەگرن، ساڵی ١٩١٨

بردنەوەی جەنگی دژ بە میکرۆبەکان

کاتێک کە رەشە مەرگ لە سەدەی چواردەدا بڵاوبووەوە، خەڵك هیچ نەیاندەزانی هۆکارەکەی چییە و دەبێت چی بکرێت لەبارەیەوە. تا سەردەمی مۆدێرنیش، خەڵک نەخۆشییەکانیان دەبەستەوە بە خودایەکی توڕەوە، یاخود شەیتان و دێوێکی پڕ لە قین، یان هەوای پیس، و تەنانەت مێشکییان بۆ هەبوونی بەکتریا و ڤایرۆس نەدەچوو. خەڵک باوەڕیان بە فریشتە و جنۆکە هەبوو، بەڵام نەیاندەزانی کە یەک دڵۆپ ئاو دەکرێت سوپایەکی تەواو لە راوچی کوشندەی تێدا بێت. لەبەرئەوە، کاتێک کە رەشە مەرگ و نەخۆشی ئاوڵە ده‌كه‌وتنه‌وه‌، ئەوەی کە دەسەڵات پێی دەکرا ئەوە بوو دوعا و پاڕانەوەی بەکۆمەڵ رێکبخەن بۆ خوداوه‌ند و پیاوچاكانی ئاینی جۆراوجۆر. هیچ سوودیشی نەبوو. بگرە لەکاتی کۆبوونەوەی به‌كۆمه‌ڵدا بۆ نزاكردن، توشبوونی به‌کۆمەڵی لێدەکەوتەوە.

لە سەدەی رابردوودا، زانا و پزیشك و پەرستیارەکان لە سەرانسەری جیهاندا، ئه‌و زانیارییانه‌ی هه‌یانبوو گردكرده‌وه‌ و پێکەوە توانییان لە چۆنییەتی پەیدابوون و بڵاوبوونەوەی پەتا و رێگەکانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تێبگەن. بیردۆزی پەرەسەندن روونیکردەوە کە بۆچی و چۆن نەخۆشییە نوێیەکان لەپڕ بڵاودەبنەوە و نەخۆشییە کۆنەکانیش قورستر دەبن. زانستی جینات رێگەی بۆ زانایان خۆشکرد كه‌ تێبگه‌ن لە چۆنییەتی کارکردنی سیستمی ناوه‌كی میکرۆبەکان. خەڵکی سەدەکانی ناوەڕاست هەرگیز نەیانزانی هۆكاری رەشە مەرگ چی بوو، به‌ڵام زانایان تەنها دوو هەفتەیان پێویست بوو بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و تێگه‌شتن له‌ ریزبه‌ندی جینۆمەکەی و تاقیکردنەوەیەکی باوەڕپێکراویشیان دۆزییه‌وه‌ بۆ دەستنیشانکردنی تووشبووەکان.

كه‌ زاناکان تێگەیشتن لەوەی چی پەتای لێده‌كه‌وێته‌وه‌، بەرەنگاربوونەوەیان زۆر ئاسانتر بوو. بەرهەمهێنانی ڤاکسین و میکرۆبکوژەکان و پاکوخاوێنی باشتر و ژێرخانێکی تەندروستی زۆر باشتر، وای لە مرۆڤ کرد کە زاڵ بێت بەسەر راوچییە نادیارەکانیاندا. لە ساڵی ١٩٦٧دا، ١٥ملیۆن کەس تووشی ئاوڵه‌ بوون و دوو ملیۆنی کوشت، بەڵام لە دە ساڵی دوای ئەوەدا، هه‌ڵمه‌تی جیهانیی کوتان هێندە سەرکەوتوو بوو، کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند کە مرۆڤایەتی بردوویەتییەوە و ئاوڵە بەتەواوی لە ناوبراوە. لە ساڵی ٢٠١٩دا، تەنانەت یەک کەسیش توشی ئەو نەخۆشییە نەبوو و پێی نەمرد.

فڕۆکەخانەی جۆن کەنەدی لە نیویۆرک: لەکاتێدا مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا زادی کردووە، ٢٠٢٠

سنوورەکەمان بپارێزن

ئەم مێژووە چیمان فێردەکات له‌باره‌ی ئه‌م په‌تایه‌ی کۆرۆنای ئێستاوه‌؟

یەکەم، ئەوە دەگەیەنێت کە ناتوانیت خۆت بپارێزیت بە داخستنی تەواوی سنوورەکانت. بیرت نه‌چێت کە پەتاکان زۆر بەخێرایی بڵاوبوونەوە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، کە زۆر پێش جیهانگیریش روویانداوە. کەواتە، ئەگەر پەیوەندییە جیهانییەکانیشت کەمبکەیتەوە، هاوشێوەی ئینگلتەرا لە ساڵی ١٣٤٨ دا، هێشتا بەس نییە. بۆ خۆدابڕاندن گەڕانەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست هیچ سوودی نییە بۆ خۆپاراستن. دەبێت بەتەواوی بگەڕێینەوە بۆ چاخی بەردین. ئه‌وه‌ت پێده‌كرێت؟

دووهەم، مێژوو ئەوە دەردەخات کە خۆپاراستنی راستەقینە، لە هاوبەشیکردنی زانیاری زانستی دروست و هاریکاری جیهانییەوە دێت. کاتێك وڵاتێك تووشی بڵاوبوونەوەی نه‌خۆشییه‌كی درم ده‌بێت، دەبێت ئامادەبێت راستگۆیانه‌ زانیاری دەربارەی ئەو نەخۆشییە بدات بێ ئه‌وه‌ی بترسێت له‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ کارەساتی ئابووری لێده‌كه‌وێته‌وه‌. لە لایەکی تره‌وە  وڵاتەکانی تریش، دەبێت ئامادە بن متمانە بەو زانیارییە بکەن و دەستی یارمەتی بۆ وڵاتی تووشبوو درێژبکەن، لەبری ئەوەی قوربانییەکە داببڕێنین. ئەمڕۆ چین دەکرێت چەند وانەیەکی گرنگ فێری وڵاتانی جیهان بکات دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ئەمە لەسەر بنەمای ئاستێکی بەرزی متمانە و هاوکاری نێودەوڵەتی دێتەدی.

هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ رێوشوێنی کاریگەری کوارەنتینكردنیش پێویستە. کوارەنتین و داخستنی شاره‌كان زۆر گرنگن بۆ وەستاندنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمەکان، بەڵام کە وڵاتەکان متمانەیان بە یەکتری نەبوو و هەر وڵاتە و پێی وابوو کە بە تەنهایە، حکومەتەکان دوودڵ دەبن لەوه‌ی رێوشوێنی قورسی له‌و جۆره‌ بگرنه‌به‌ر. ئەگەر وڵاتەکەت ١٠٠ حاڵەتی کۆرۆنای هەبێت، دەستبەجێ هەموو وڵاتەکە داده‌خه‌یت؟ تا راده‌یه‌كی زۆر ئەوە دەکەوێتە سەر ئەوەی چی لە وڵاتانی تر چاوەڕێ دەکەیت. داخستنی شارەکانت دەبێتە هۆی داڕمانی ئابووری. ئەگەر پێت وابێت کە وڵاتانی تر دێن بە هاناتەوە، ئه‌گه‌ری زۆرتره‌ ئەم جۆرە رێوشوێنه‌ توندانه‌ بگریته‌به‌ر. بەڵام ئەگەر پێت وابوو وڵاتەکانی تر پشتت تێدەکەن، تۆش دوو دڵ دەبیت تا ئەو کاتەی کار لە کار دەترازێت.

لەوانەیە گرنگترین شت کە پێویست بکات لەسەر پەتا بیزانین ئەوەیە کە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییانە لە هەر وڵاتێکدا بێت، ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر هەموو مرۆڤایەتی. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ڤایرۆسەکان پەرەدەسه‌نن. ڤایرۆسەکانی هاوشێوەی کۆرۆنا، لە سەرەتادا لە ئاژەڵی ترەوە پەیدا دەبن، وەک شەمشەمە کوێرە. کاتێک دێنە ناو لەشی مرۆڤەوە، سەرەتا زۆر گونجاو نین لەگەڵ لەشی مرۆڤدا. بەڵام بە زیادبوونیان لە ناو لەشی مرۆڤدا، جار جار دووچاری بازدان دەبنەوە. زۆربەی بازدانەکان بێ زیانن. بەڵام جار جار هەندیک لەو بازدانانە وا لە ڤایرۆسەکە دەکەن کە ئاسانتر بگوازرێته‌وه‌ و خه‌ڵك تووش بكات، یان بەرگری زیاتر په‌یداده‌كات له‌ بەرامبەر سیستەمی بەرگری مرۆڤدا – پاشان، ئەم جۆرە گۆڕاوە لە ڤایرۆسەکە بەخێرایی بڵاودەبێتەوە بە ناو هەموو كۆمه‌ڵدا. لەبەرئەوەی کە هەر مرۆڤێك دەبێتە شوێنی ژیانی ترلیۆنەها تەنۆلکەی ڤایرۆسەکە کە بەردەوام لە زیادبووندان، هەر کەسێکی تووش بوو ترلیۆنێك هەلی خۆگونجاندن دەدات بەو ڤایرۆسە بۆئەوەی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ مرۆڤدا. هەر مرۆڤێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە وەک ئامێری قوماركردن وایە، کە ترلیۆنەها بلیتی یانسیب دەداتە ڤایرۆسەکە، و ڤایرۆسەکەش پێویستی تەنها بە یەك بلیتە بۆ ئەوەی گەشە بکات.

ئەم قسانه‌ تەنها لێكدانه‌وه‌ی بێ بنه‌ما نیین. کتێبی “قەیرانەکانی زۆنی سوور”ی ریچارد پرێستن بە ووردی باس لەو جۆرە زنجیرە رووداوانە دەکات لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلادا لە ساڵی ٢٠١٤دا. ڤایرۆسەکە لە شەمشەمەکوێرەوە گواسترایه‌وه‌ بۆ مرۆڤ. ئەم ڤایرۆسە مرۆڤەکانی زۆر نەخۆش دەخست، بەڵام هێشتا لە لەشی شەمشەمەکوێرەیەکدا زیاتر دەگونجا. ئەوەی کە وایکرد ئیبۆلا لە نەخۆشییەکی دەگمەنەوە ببێت بە نەخۆشییەکی درمی زۆر توند، تاکە بازدانێك بوو لە تاکە جینێکی یەك ڤایرۆسی ئیبۆلاوه‌ کە تووشی یەك کەس بووبوو، لە ناوچه‌یه‌ك لە ماکۆنای رۆژئاوای ئەفریقا. ئەو بازدانە رێگەی بە جۆرە گۆڕاوەکەی ئیبۆلا دا، کە ناسراوە بە جۆری ماکۆنا، بچێتە ناو خانەکانی گواستنەوەی کۆلیسترۆڵه‌وه‌ لە مرۆڤدا. ئەم جۆرە نوێیەی ماکۆنا چوار هێندە ئاسانتر ده‌گوازرایه‌وه‌ بۆ مرۆڤ.

كه‌ تۆ ئەم دێڕانە دەخوێنیتەوە، دەکرێت بازدانێکی هاوشێوە رووبدات لە تاکە جینێکی ڤایرۆسی کۆرۆنادا کە تووشی کەسێک بووە لە تاران، میلانۆ، یان ووهان. ئەگەر ئەمە بەڕاستی رووبدات، ئەوا هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر تۆ، نەک تەنها بۆ ئێرانی و ئیتآڵی و چینییەکان. خەڵك لە سەرانسەری جیهاندا ده‌بێت به‌ هه‌مان شێوه‌ گوێ بده‌ن به‌م ململانێی ژیان و مه‌رگه‌ تا ئەو هەلە نەدەن بە کۆرۆنا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پێویستە هەموو کەسێك لە هەموو شوێنێک بپارێزین.

لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، مرۆڤایەتی توانی بەسەر ئاوڵەدا سەربکەوێت چونکە خەڵك لە هەموو وڵاتەکاندا دژی ئاوڵە دەکوتران. تەنانەت ئەگەر یەك وڵاتیش ئەو کوتانەی بۆ دانیشتوانەکەی ئەنجام نەدایە، دەبوو بە هەڕەشەیەك بۆ سەر ژیانی هەموو مرۆڤایەتی، چونکە هەتا ڤایرۆسی ئاوڵە بمایەتەوە و پەرەیبسەندایە، دەرفەتی بڵاوبوونەوەی دەبوو بە هەموو شوێنێکدا.

لە جەنگی دژ بە ڤایرۆسەکاندا، مرۆڤایەتی دەبێت بە ووردی چاودێری سنوورەکان بکات، بەڵام سنووری نێوان وڵاتەکان نا، بەڵکو سنووری نێوان جیهانی مرۆڤ و ڤایرۆسەکان. زەوی بەردەوام پڕە لە ژمارەی بێشوماری ڤایرۆس، و بەردەوام ڤایرۆسی نوێ بەرهەم دێت لە بازدانی جینییەوە. سنووری نێوان جیهانی ئەم ڤایرۆسانە و مرۆڤ لە ناو لەشی هەر تاکێکدایە لە مرۆڤ. لەسەر هەر شوێنێکی زەوی ڤایرۆسێکی مەترسیدار بتوانێت ئەم سنوورە ببەزێنێت، هەموو مرۆڤایەتی دەخاتە مەرسییەوە.

لە سه‌د ساڵی رابردوودا، مرۆڤایەتی ئەو سنوورەی زیاتر لە هەر سەردەمێکی تر پته‌وكردووه‌. سیستەمی چاودێریی تەندروستی مۆدێرن وەک دیوارێك بنیاتنراوه‌ و پەرستیار و پزیشك و زانایان وەک پاسەوان لەسەر ئەو دیوارە ئێشك ده‌گرن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەوانەی کە دێنە ناوەوە. بەڵام چەند بەشێکی دوور و درێژی ئەم سنوورە بەداخەوە پشتگوێ خراون. سەدان ملیۆن کەس لە جیهاندا تەنانەت خزمەتگوزاری تەندروستی سەرەتاییشیان نییە. ئەمە هەموومان دەخاتە مەترسییەوە. ئێمە وا راهاتووین كه‌ به‌س له‌سه‌ر ئاستی وڵاته‌كانی خۆمان بڕوانینە بواری تەندروستی، بەڵام پاراستنی ئێرانی و چینییەکان، ئیسرائیلی و ئەمریکییەکانیش دەپارێزێت لە نەخۆشی درم. ئەم راستییە سادەیە دەبێت لای هەمووان روون و ئاشکرا بێت، بەڵام بەداخەوە ئه‌مه‌ ناچێت به‌ عه‌قڵی هه‌ندێك له‌ گرنگترین کەسایەتییەکانی جیهاندا.

ترەمپ لەدوای کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە باخچەی ماڵی سپی جێدەهێڵێت، ٢٠٢٠

جیهانێکی بێ سەرکردە

ئەمڕۆ مرۆڤایەتی رووبەڕووی قەیرانێکی کوشندە بووەتەوە، نەك تەنها بەهۆی کۆرۆناوە، بەڵکو بەهۆی نەبوونی متمانەوه‌ لەنێوان وڵاتەکاندا. بۆ نەهێشتنی پەتا، خەڵك دەبێت متمانە بە شارەزایانی زانستی بکەن، هاوڵاتییان دەبێت متمانە بە دەسەڵاتی گشتی بکەن و وڵاتەکان دەبێت متمانەیان بە یەکتر هەبێت. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، چەند سیاسەتمەدارێکی ناپه‌رپرس بەمەبەست متمانەی خەڵکیان به‌ زانست و دەسەڵاتی گشتی و هاریکاری نێودەوڵەتی لاوازکرد. لە ئەنجامی ئەوەشدا، ئێستا ئێمە رووبەڕووی ئەم قەیرانە بووینەتەوە و بێبەشین لە سەرکردەگه‌لی جیهانی کە بتوانن کاردانەوەیەکی جیهانی رێکخراو رێكبخكه‌ن و پشتگیریی دارایی بۆ دابین بكه‌ن.

لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئیبۆلادا لە ساڵی ٢٠١٤ دا، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو جۆرە سەرکردەیە بوو. ئەمریکا رۆڵێکی هاوشێوەی هەبوو لە قەیرانە داراییەکانی ساڵی ٢٠٠٨دا، که‌ پشتگیریی ژماره‌یه‌كی پێوست وڵاتی كرد بۆ رێگرتن لە داڕمانی تەواوی ئابووری جیهان. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئەمریکا ئەو رۆڵەی وازلێهێناوە وەك سەرکردەیەکی جیهانی. ئەمریکای ئێستا هاوکاری بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەك رێکخراوی تەندروستی جیهانی وەستاندووە و بەئاشکرا ده‌ڵێت کە ئەمریکا چیتر هاوڕێی راستەقینەی نییە، تەنها بەرژەوەندی هەیە. کاتێك قەیرانی کۆرۆنا سەریهەڵدا، ئەمریکا خۆی لە لاوە هێشتەوە و تا ئێستاش خۆی دەدزێتەوە لە وەرگرتنی رۆڵی سەرکردە. ئەگەر دواتر ئەمریکا ئەو رۆڵەش وه‌ربگرێت، متمانەی وڵاتان پێی هێندە کەمبووەتەوە کە کەم وڵات دەکرێت شوێنی بکەون. تۆ ئامادەی شوێن وڵاتێك بکەویت کە دروشمەکەی “خۆم لەپێشا” بێت؟ ٤

ئەو كه‌لێنه‌ی ئەمریکا جێی هێشتووە تا ئێستا کەس پێی پڕنەکراوەتەوە. تەواو بە پێچەوانەوە. جیاكاری ره‌گه‌زی دژی بێگانه‌كان (زینۆفۆبیا) و سیاسەتی خۆدابڕاندن و بێ متمانەیی سیمای سیستەمی نێودەوڵەتی ئێستایە. بە بێ متمانە و هاریکاری جیهانی، ناتوانین بەسەر پەتای کۆرۆنادا زاڵ بین و دەکرێت لە داهاتوودا تووشی چەندەها پەتای تری لەم جۆرە ببین. بەڵام هەموو پەتایەکیش هەلێکی نوێیە. هیوادارم ئەم پەتایەی ئێستا وا لە مرۆڤایەتی بکات کە تێبگەن لەو مەترسییە کوشندەیەی کە دووبەرەکی جیهانی رووبەڕووی کردووینەتەوە.

نموونەیەکی دیار بۆ ئەم حاڵەتە، ئەوەیە کە ئەم پەتەیا دەکرێت هەلێکی زێڕین بێت بۆ یەکێتی ئەوروپا بۆ بەدەستهێنانەوەی ئه‌و شه‌عبیه‌ته‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌ ده‌ستیدا. ئەگەر وڵاتە ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی یەکێتی ئەوروپا بەخێرایی پارە و پێداویستی و ستافی پزیشکی بنێرن بۆ ئەو وڵاتانەی دیکەی یەکێتییەکە كه ته‌واو‌ لێیان قه‌وماوه، هه‌نگاوێكی له‌م جۆره‌ به‌های بیرۆكه‌ی ئه‌وروپیبوون لە هەموو قسە و وتارێك باشتر دەسەلمێنێت. ئەگەر بەپێچەوانەشەوە هەر وڵاتە و پشتی تێکرا و تەنها مایەوە، ئەوا ئەم پەتایە دەکرێت زەنگی مەرگی یەکێتی ئەوروپا لێبدات.

لەم ساته‌ی قەیرانەكه‌دا، ململانێکە لەناو خودی مرۆڤایەتیدا روودەدات. ئەگەر ئەم پەتایە ببێتە هۆی دووبەرەکی و بێ متمانەیی زیاتر لەنێوان مرۆڤەکاندا، ئەوا دەبێتە گەورەترین سەرکەوتنی ڤایرۆسەکە. مرۆڤ هه‌ر چەقەی بێت، ڤایرۆس کەیفی دێت. بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر ئەم پەتایە ببێتە هۆی هاوکاریی جیهانی زیاتر، ئەوا نەك تەنها سەرکەوتنە بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا، بەڵکو بەسەر هه‌موو میکرۆبەکانی داهاتووشدا.


په‌راوێز (وه‌رگێڕی كوردی):

١. یوڤاڵ نوح هەراری، مێژوونوس و فەیلەسوفێکی ناوداره‌. سێ كتێبی نوسیوه‌ كه‌ وه‌رگێڕدراون بۆ ده‌یان زمان و له‌ پڕفرۆشترین کتێبه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ن، به‌تایبه‌ت “سه‌یپیه‌نس: مێژوویەکی پوختی مرۆڤایه‌تی”.

٢. پەتا (Epidemic): هەر نەخۆشییەك کە بە ئاسانی بگوازرێته‌وه‌؛ بۆ نموونه‌، كۆڤید-١٩ كه به‌هۆی‌ ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌.

٣. بازدانی جینی (Mutation): گۆڕانێکی هەڕەمەکی و لەپڕە له‌ ریزبەندیی کۆدی دی ئێن ئەی زیندەوەرێکدا، له‌وانه‌ ڤایرۆس و به‌كتریا، کە دەبێتە هۆی پەیدابوونی جۆرێكی نوێی هه‌مان زیندەوەر.

٤. ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌ به‌ دروشمی سه‌ره‌كی سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ.

سه‌رچاوه‌:
– وێبسایتی گۆڤاری تایم، 15 ئازاری 2020

هاوبەشی بکە

Corona Virus, Humanity Lacks Leadership, In the Battle Against Coronavirus, Wtari Kteb, Yuval Harari,