دیدی من
نووسینی: دابان عەتار
ماوه‌یه‌ک بوو هه‌ستم ده‌کرد هه‌ناسه‌یه‌ک نه‌مابووه‌وە بۆ ئاسوودهبوونم. هه‌ر ساتێکم مردنێک بوو. هه‌ستم ده‌کرد مرۆڤێک نا، به‌ڵکو نه‌فره‌تییەک ڕێ ده‌کات. نه ئه‌وه بوو بمرم و کۆتایی به‌و نه‌فره‌ته بێت، نه ده‌توانرا به‌و ژیانه‌ش بگوترێت ژیان، که منی تێکه‌وتبوو. هه‌میشه هه‌ستم ده‌کرد که‌سێک به دوام که‌وتووه، که‌سێک گوێی بۆ هه‌ڵخستووم، ئه‌وه جگه له‌و تارمایییه نه‌فره‌تییه! نه‌فره‌تی؟ نه‌خێر! نه‌خێر! من هه‌ڵه‌م ئه‌وه تارماییه‌کی نه‌فره‌تی نه‌بوو، بگره ئه‌وه منێکی نه‌فره‌تی بووم له نێوان هه‌نسکه‌کانی ئه‌و تارماییه‌دا یاریی نه‌فره‌تیم پێ ده‌کرا. به‌سه‌رهاتی من له نێوان ترسی درکاندن و نه‌فره‌تی نه‌درکاندندا گیرۆده‌ی کردووم. ئه‌و ڕووداوانه‌ی ده‌یانگێڕمه‌وه خه‌یاڵ نین، دڵنیام له‌وه‌ی ئێوه باوه‌ڕ به من ناکه‌ن. ئه‌وه‌ی وزه به من ده‌دات بۆ درێژه‌دان، باوه‌ڕکردنی ئێوه نییه، نه‌خێر، من ئه‌و شتانه بۆ ئێوه ناگێڕمه‌وه و باکم له‌وه نییه باوه‌ڕ بکه‌ن، به‌ڵکو ئه‌وه دانپێدانانێکه بۆ خۆم، دانپێدانانێک بۆ ئازاد بوون له‌و کۆت و به‌نده‌ی ژیانی لێ تێک داوم. ژیانی چی! ناتوانم ناوی ژیانی لێ بنێم. ئازارێکم به شه‌قامه‌کاندا ڕێ ده‌که‌م! له گه‌ڵتاندا ده‌خۆم و ده‌خۆمه‌وه، قاقا لێ دەدەم. له ناوه‌وه ده‌توێمه‌وه و تا دێت دنیا له پێش چاومدا تاریک و تاریک‌تر ده‌بێتەوە.
توانام نه‌ماوه، خۆم ده‌ده‌م به ده‌سته‌وه. ئه‌و شتانه ده‌گێڕمه‌وه، که به‌ندکردنیان له مێشکمدا دۆزه‌خێکیان بۆ هه‌ڵگیرساندووم. ئه‌و کاتانه‌ی ئێوه چه‌پڵه‌تان بۆ لێ ده‌دام و پێتان هەڵدەگوتم، ئه‌و کاتانه‌ی چه‌ندانتان خۆزگه‌تان به من ده‌خواست، هه‌ر خۆم ده‌مزانی چ ئازارێک ناخی ده‌کرۆشتم. ویستم ئه‌و خه‌یاڵات و ترسانه له خۆم دوور بخه‌مه‌وه، ئه‌و خه‌یاڵاتانه‌ی ڕۆژانه وه‌کو سێبه‌رێک لەگه‌ڵمدا به شه‌قامه‌کاندا ده‌سوڕانه‌وه و شه‌وانه‌ش ده‌ستیان له بینه‌قاقام ده‌نا. هه‌وڵمدا له‌به‌ر خۆمه‌وه گۆرانییه‌ک بڵێم، تاکو خه‌یاڵاته‌کان له که‌للـــه‌مدا بشێوێنم. یه‌که‌م دێری گۆرانییه‌که‌م له ژێر لێوه‌وه گوت، ده‌نگێکی کز له دوامه‌وه گۆرانییه‌که‌ی گوته‌وه. مووچڕکێک به موغه‌ره‌ی پشتمدا تێپه‌ڕی، ترسێک که‌وته هه‌ناومه‌وه. له جێی خۆم ڕه‌ق بووم! چه‌ندی کردم نه‌متوانی سه‌رم بسووڕێنم و سه‌یری ئه‌و شوێنه بکه‌م، که ده‌نگه‌که‌ی لێوه دەهات. بەرەبەرە ده‌نگه‌که له بنگوێم نزیک ده‌بووەوە، دێڕه‌که‌ی ده‌گوته‌وه. ده‌نگێکی ئاشنا بوو، هه‌مان ئه‌و ده‌نگه‌ی ژیانی لێم تێک دابوو، زۆرم له خۆم کرد بتوانم سه‌رم بسووڕێنم، نەمتوانی، وه‌ک په‌یکه‌رێکی ڕه‌قهەڵاتووم لێ هاتبوو! دوو کچ به ته‌نیشتمدا تێپه‌ڕین، ئاگام لێ بوو یه‌کێکیان به چپه‌وه به ئه‌وه‌که‌ی دیکەی ده‌گوت، ”ئه‌وه شارۆیە، بینیوته؟” ئه‌و ده‌نگه ماوه‌یه‌کی کورت ترسه‌که‌ی ڕه‌واندمه‌وه، هه‌ستم به نه‌رمایی لێوێکی ئه‌ستوور کرد بەر چرچیله‌ی گوێم که‌وت، به ده‌نگێکی کزۆڵ گۆرانییه‌که‌ی ده‌گوته‌وه. له‌و کاته‌ی لێوی به‌ر گوێم که‌وت ئاگام له خۆم نه‌ما، به هه‌موو هێزی خۆم ڕام کرد… به هۆڕنی ئۆتۆمبێلێک به‌خۆ هاتمه‌وه، خۆم له ناوه‌ڕاستی شه‌قامێکدا بینییه‌وه. پشیله‌یه‌کی ڕه‌ش له‌وبه‌ری شه‌قامه‌که‌وه به‌رانبه‌رم هه‌ڵکورمابوو، چاوی له چاوم بڕیبوو. ترسام! کابرای شۆفێر دابه‌زی، به هه‌موو هێزی خۆی به سه‌رمدا شیڕاندی:
”سه‌رخۆشی؟! ئاگات له خۆت نیه؟ کوێری؟ کاکه بۆ سه‌ری خۆشت و ئێمه‌ش له قوڕێ ده‌نێی؟” توند یه‌خه‌ی قه‌میسه‌که‌می گرت، هه‌ڵیساندمه‌وه و تا هێزی تێدا بوو بۆکسێکی به نێوچاوانمدا کێشا. ئاگر له چاوم به‌ر بوو، که‌وتمه سه‌ر شه‌قامه‌که. خەڵک لێمان کۆبوونه‌وه، به زۆر له ژێر ده‌ستی کابرایان ده‌رهێنام. هه‌ر هاواری ده‌کرد و جوێنی پێ ده‌دام، منیش به ساردییەوە ”ببوره.. ببوره”…
ته‌نیا ئه‌و وشه‌یه‌م دووباره ده‌کرده‌وه. هه‌مان کچم بینی، کە چه‌ند خووله‌کێک به‌ر لەو کاتە به ته‌نیشمدا تێپه‌ڕیبوو، خۆی گه‌یانده ناو قه‌ره‌باڵغییه‌که و هاواری کرد:
”ئه‌وه چی ده‌که‌ی داماو؟ چۆن ده‌توانی له شارۆ بده‌ی؟ نازانی ئه‌وه شارۆی نووسه‌ری به‌ناوبانگه؟”
خه‌ڵکه‌که به بیستنی ئه‌و قسانه به سه‌رسووڕمانه‌وه سه‌رنجیان دابووین. کچه‌که‌ی دی هه‌ڵیدایە: ”کاکه تۆ ده‌زانی چی ده‌که‌یت؟ ویژدانت نییه! بۆ ئاوات له‌و پیاوه کردووه؟”
کیلینێکسێکی له گیرفانی ده‌رهێنا و خه‌ریکی سڕینی برینه‌که‌ی لالێوم بوو. هه‌ڵیان ساندمه‌وه و له‌و خه‌ڵکه‌یان دوور خستمه‌وه. دوای ئه‌وه له شه‌قامه‌که په‌ڕینه‌وه، یه‌کێکیان به‌گرنگیدانه‌وه پرسی ”سه‌لامه‌تی؟ ئازارت پێ نەگه‌یشتووه؟” به‌ساردییەوه وەڵامم دایەوە باشم!”
کچه‌که‌ی دی به سه‌رسامییه‌وه دەمی داپچڕی ”به‌ڕاستی سه‌رسامی کتێبه‌کانتم” تا ده‌هات دەنگی ئاشناتر دەبوو! سه‌رم هه‌ڵبڕی، یه‌که‌م شوێن سه‌رنجم که‌وته سه‌ری، لێوه گۆشتنه‌که‌ی بوو، لێوێکی ئاشنا! هه‌مان خاڵی بچووک که‌وتبووه گۆشه‌ی لای ڕاستی نێوان لێوی سه‌ره‌وه‌ی و لووتی. نه‌موێرا زیاتر سه‌ر بڵند بکه‌م، سه‌رم دانه‌وانده‌وه و گوێم شل کرد. درێژه‌ی به قسه‌کانی دا ”به تایبه‌تی ئه‌و قه‌سیده‌یه‌ی پێشکه‌شی ژنه‌که‌تت کردبوو، کاتێک ناوی ئه‌وم ده‌خوێنده‌وه به‌ڕاستی ئیره‌ییم پێی ده‌برد، که پیاوێکی ئاوا پڕهه‌ست، ئاوه‌ز و ڕۆشنبیری هه‌یه.” بۆ خووله‌کێک خه‌یاڵم ڕۆیشت. ڕوخسه‌تی وه‌رگرت دا‌نیشێت. سه‌رم هه‌ڵبڕی. یه‌که‌م شوێن نیگام که‌وته سه‌ر لێوه گۆشتنه‌که‌ی، موچڕکێکی ساردم پێدا هات. ”ئاساییه فه‌رموو.” له کاتێکدا کورسییه‌که‌ی به‌رانبه‌رمی چاک ده‌کرد، به خێرایی سه‌رنجی هه‌موو له‌شیم دا. چاوم له‌سه‌ر چاوه ڕه‌ش و خڕه‌کانی جێگیر کرد. جوانییه‌کی سەرنجڕاکێشی هه‌بوو. کتێبه نوێیه‌که‌ی منی له‌سه‌ر مێزه‌که دانا و ده‌ستی به قسان کرد ”به‌ڕاستی سه‌رسامی نووسینه‌کانتم، به تایبه‌تی ئه‌و قه‌سیده‌یه‌ی پێشکه‌شی هاوژینه‌که‌تت کردووه، کاتێک ناوی ئه‌وم ده‌خوێنده‌وه به ده‌ست خۆم نه‌بوو ئیره‌ییم پێی ده‌برد، که پیاوێکی ئاوا پڕهه‌ست، ئاوه‌ز و ڕۆشنبیری هه‌یه.” بۆ ساتێک خه‌یاڵم ڕۆیشت، کچه‌که به خه‌نده‌یه‌کی وروژێنه‌ره‌وه پرسی ”چی بووه؟”
ڕاچڵه‌کیم! ”هیچ، هیچ، ته‌نها هه‌ستم کرد غه‌رقی جوانییه‌کی فریشته‌ئاسا بووم.” کچه‌ش بزه‌ی کرد ”به‌ڕاست؟!”
”چی بووه؟” ئه‌و پرسیاره به ئاگای هێنامه‌وه، ڕاچڵه‌کیم! ”هیچ هیچ، ته‌نها هه‌ستم کرد…” له‌و کاته‌دا گوێم له میاوه‌ی پشیله‌که بووه‌وە. بە ئاگا هاتمەوە! به خۆمم گوت ئه‌وه خه‌ریکم چی ده‌ڵێم؟ سه‌رم هه‌ڵبڕی… ئه‌مه چۆن ده‌بێت؟ باوه‌ڕ ناکه‌م! خۆی بوو، به‌ڵێ خۆی بوو، ته‌نانه‌ت به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی جگه له خاڵه‌كه‌ی سه‌ر لێوی هه‌مان خاڵی بچووكی سوور له ناو چاوی لای چه‌پی هه‌بوو. تاسام! ویستم قسه‌یه‌ک بکه‌م، به‌ڵام وشه‌کان له ناو ده‌ممدا بڵاو بوونه‌وه، هیچ قسه‌یه‌کی ماناداریان لێ ده‌رنه‌چوو، جگه له ورته‌ورتێکی کز. کچه‌که‌ی تر پرسی ”تۆ باشی؟” زۆرم له خۆم کرد تا توانیم وه‌ڵامی بده‌مه‌وه ”نه‌خێر هیچ باش نیم” چاوم له‌سەر لێوه‌کانی قه‌تیس بوو، نه‌موێرا دووباره سه‌ر هه‌ڵبڕم. پرسیم ”تۆ شێنێی؟” کچه‌که به سه‌رسوڕمانه‌وه وه‌ڵامی دایه‌وه ”نه‌خێر! شێنێ کێیه؟” ویستم به هه‌ر نرخێک بێت له‌و کێشه‌یه بێمه ده‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر که‌سێک له نزیکه‌وه به باشی سه‌رنجی دابام دڵنیا ده‌بووەوە له ناجێگیری باری ده‌روونیم. ده‌ستم له گیرفانم ڕا ده‌کرد، ده‌رم ده‌هێنایه‌وه، دووباره ده‌ستم له‌گیرفانم ده‌نایه‌وه، ده‌ستم بۆ پرچم ده‌برد چاویله‌که‌م ڕێک ده‌خسته‌وه، کیلینێکسه‌که‌م له گیرفانم ده‌رده‌هێنا و ئاره‌قه‌ی نێوچاوانم ده‌سڕی. به‌و زستانه ئاره‌قه به نێوچاوانمه‌وه ڕانه‌ده‌وه‌ستا… بێ ئه‌وه‌ی سه‌رم هه‌ڵبڕم گوتم ”ببورن وابزانم هه‌ڵه‌یه‌ک هه‌یه، من شارۆ نیم و نازانم باسی چی ده‌که‌ن، کتێبی چی و نووسینی چی؟ سوپاستان ده‌که‌م یارمه‌تیتان دام، به‌ڵام من هیچ باش نیم، ده‌بێت بڕۆم” ویستم بڕۆم ئه‌وه‌ی به شێنێم زانیبوو گوتی ”دڵنیای پێویستت به یارمه‌تی نیه؟ نه‌تگه‌یه‌نینه نه‌خۆشخانه؟” به په‌له‌پڕوزێ سوپاسم کرد، داوای لێبوردنم لێ کردن، له کۆڵانی ده‌سته‌چه‌پ سووڕامه‌وه و خۆم لێیان ون کرد. دوای ئه‌وه‌ی هه‌ستم کرد له به‌رچاویان ون بووم، پێیه‌کانم به بێ ویستی خۆم خێرا ده‌بوون، به‌رەبە‌ره خێراییه‌که‌م زیادی ده‌کرد… به ته‌نیشت چه‌ند که‌سێکدا تێده‌په‌ڕیم بە سەرسووڕماوی سه‌رنجیان لێم ده‌دا. بەرەو ده‌سته‌چه‌پ پێچم کرده‌وه، ڕانه‌وه‌ستام تا خۆم گه‌یانده ماڵه‌وه. کلیله‌که‌م له کێلونه‌که‌دا سووڕاند. به په‌له‌پڕوزێ خۆم به ژووردا کرد. بۆینباخه‌که‌مم شل کرده‌وه. توانام نه‌بوو خۆم بگۆڕم، له‌سه‌ر سیسه‌مه‌که لێی ڕاکشام. به‌ره‌به‌ره پێڵووی چاوه‌کانم قورس داهات و خه‌وم لێ که‌وت.
ماشێنه‌که‌م کوژایه‌وه، لام دایه لایه‌کی شه‌قامه‌که و ڕام گرت. ڕۆژ ئاوا بووبوو، تاریکی باڵی به‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه درێژه‌دا کێشابوو که ناوه‌ڕاستی دارستانێکی چڕوپڕی شه‌ق کردبوو. بۆنیتەکم هه‌ڵدایه‌وه، دووکه‌ڵێکی ڕه‌شی لێ به‌رز بووەوە. مۆبایله‌که‌م ده‌رهێنا، شه‌به‌که‌م نه‌بوو. چاوم له به‌رزاییه‌ک گێڕا. له ده‌سته‌چه‌پ له پشتی دارستانه‌که‌وه لووتکه‌ی چیایه‌کی ڕه‌شم لێ به‌دەر که‌وت، به هه‌ڵه‌داوان بۆ لای چیاکه ڕام کرد. ده‌نگی لووره‌لووری گورگ ده‌هات. له کاتی ڕێکردن به ناو داره چڕوپڕه‌کان بۆینباخه‌که‌م شل کرده‌وه… لووره‌ی گورگ لەگەڵ قیڕەقیڕێکی دوور تێکەڵ دەبوو. تا ده‌هات تاریک‌تر دا دەهات، به شێوه‌یه‌ک گڵۆپی مۆبایله‌که‌م ته‌نیا که‌مێک به‌رده‌ممی ڕۆشن ده‌کرده‌وه. لە په‌له‌په‌لی گه‌یشتن به کێوه‌که‌دا بووم هه‌ستم به هه‌ناسه‌یه‌کی گه‌رم کرد له بنگوێمدا چرپاندی ”بۆ کوێ ئه‌زیزم؟” ده‌نگه‌که ئاشنا بوو، لێوه گۆشتنه‌که‌ی گه‌یشته چرچیله‌ی گوێم، ناسیمه‌وه. ترسێکی له ڕاده‌به‌ده‌ر ناخی داگرتم. له جێی خۆم ڕه‌ق بووم، ئاوڕم دایه‌وه، هیچ که‌سێکم نەبینی، دڵم که‌وته ته‌په‌ته‌پ. هه‌نگاوه‌کانم خێرا کرد… دیسان گوێم له ده‌نگه‌که بووەوە، به‌ڵام ئه‌م جاره له دووره‌وه ده‌هات، هاواری ده‌کرد ”هۆو شه‌پقه‌ڕه‌ش هۆو! بۆ کوێ ده‌ڕۆی؟” کڵاوه‌که‌ی سه‌رم داگرت. ده‌ستم ده‌له‌رزی. ئه‌م جاره‌یان له دووره‌وه کچێکم بینی که جلی بووکێنی له به‌ردا بوو، گوڵێکی وه‌نه‌وشه‌یی به ده‌ستی ڕاستییه‌وه گرتبوو، چه‌قۆیه‌کیش به ده‌ستی چه‌پییه‌وه. چه‌قۆکه‌ی بۆ ئاسمان به‌رز ده‌کرده‌وه و هاواری ده‌کرد ”هۆ شه‌پقه ڕه‌ش هۆ…” چه‌قۆکه ڕه‌نگی سوورێکی تۆخ، پێده‌چوو شوێنه‌واری خوێن بێت. پرچێکی سپی به‌سه‌ر شانه‌کانیدا پەرش دەشەکایەوە. به‌ره‌و ڕووم غاری ده‌دا و هاواری ده‌کرد ”هۆ شه‌پقه‌ڕەش هۆ…” خوێن له ئاوباڵای ده‌چۆڕا… هه‌تا هێزم تێدا بوو به‌ره‌و شاخه‌که ڕام کرد. شه‌پقه‌که‌م له دوامه‌وه به‌جێ ما، گه‌یشتمه دامه‌نی چیاکه و له ناوه‌ڕاستیدا گیر بووبووم، هه‌ر ڕام ده‌کرد و له جێی خۆم نه‌ده‌جوڵام، کچه‌که‌ش بەرەبەرە لێم نزیکتر ده‌بووه‌وە. له‌سه‌ر شاخه‌که‌وه کۆمه‌ڵێک قه‌له‌ڕه‌ش فڕین. چه‌ند مه‌ترێکی مابوو بمگاتێ، هه‌ناسه‌بڕکه‌م پێ که‌وت، ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆم ده‌دا هه‌نگاو بنێم و له جێی خۆشم نه‌ده‌جووڵام. هیوام خواست ئه‌وه خه‌ونێک بێت و به‌خه‌به‌ر بێم. ده‌ستی له بۆینباخه‌که‌م گیر کرد، به‌ره‌به‌ره هه‌ناسه‌م ته‌نگ ده‌بوو، خه‌ریک بوو بخنکێم. به‌خه‌به‌ر هاتم، له‌سه‌ر سیسه‌مه‌که که‌وتبوومه سه‌ر ده‌م، شه‌ڵاڵی ئاره‌قه بووبووم. کاتێک زانیم ئه‌وه خه‌ون بووه ئاهێکم هه‌ڵکێشا. بۆینباخه‌که‌م لێ کرده‌وه و فڕێم دا، ده‌نگی کچه‌که له گوێم‌دا ده‌زرینگایه‌وه ”هۆ شه‌پقه‌ڕه‌ش هۆ…” ده‌ستم بۆ سه‌رم برد هیچ شه‌پقه‌یه‌کم به‌سه‌ره‌وه نەبوو. سه‌رنجم که‌وته سه‌ر ئه‌و شه‌پقه ڕه‌شه‌ی له سوچێکی ژووره‌که‌دا به ئاسقییه‌که‌دا هه‌ڵواسرابوو. جله‌کانم دانا، خۆم به گه‌رماوه‌که‌دا کرد و دوشێکی خێرام کرد. خۆم گۆڕی. سوویچی ماشێنه‌که‌م له گیرفانم ڕا کرد، له ماشێنه‌که نزیک بوومه‌وه، بڕیارەکەم گۆڕی، هاتمه ده‌رێ، تاکو پیاسەیەک بکەم، پێش ئه‌وه‌ی بگه‌مه ده‌رگای حه‌وشه هه‌ستم به لاوازی خۆم کرد. گه‌ڕامه‌وه و ئۆتۆمبێلەکەم ده‌رهێنا.
له شه‌قامی سه‌د مەتری به خێرایی لێم ده‌خوڕی، گه‌یشتمه ئاستی مزگه‌وتێک نائاگایانە سه‌رم سووڕاند. چەند گه‌نجێک لافیته‌یه‌کیان به دیواری مزگه‌وته‌که‌دا هه‌ڵده‌واسی، چاوم که‌وته سه‌ر ناوی مردووه‌که. ”ئه‌وه چیه؟!” ناوی من بوو. ”شتی وا چۆن ده‌بێت؟!” له ناوه‌ڕاستی شەقامەکەدا پێم که‌وته سه‌ر ئیستۆپ. ده‌نگی چه‌ند هۆڕنێکی به‌هێز به‌ئاگایان هێنام. قاچم له‌سه‌ر ئیستۆپه‌که هه‌ڵگرت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێواش هێواش ماشێنه‌که‌م به‌ره‌و لایه‌کی شه‌قامه‌که لێ ده‌خوڕی، به ده‌ستیش داوای لێبووردنی خۆمم بۆ شۆفێره‌کانی دواوە ده‌رده‌بڕی. ده‌ستم بۆ سه‌رم ده‌برد و په‌نجه‌کانم له شێوه‌ی چنگی پشیله لێ ده‌کرد و به شێوه‌یه‌کی بازنه‌یی چه‌ند جارێک جووڵاندم به واتای ئه‌وه‌ی ببوورن ئاگام له خۆم نەمابوو. ماشێنه‌که‌م ڕاگرت. ده‌ستێکم به خۆمدا هێنا دڵنیا بوومه‌وه، کە ماوم، ئه‌ی ئه‌و مردووه کێیه؟ لافیته‌که‌م خوێنده‌وه. پرسه‌ی خوالێخۆشبوو (شارۆ…) ڕاده‌گه‌یه‌نین له به‌رواری به کاره‌ساتێکی دڵته‌زێن کۆچی دوایی کرد…
جگه له ناوی سیانی که ڕێک ناوی من بوو، ناوی براکانیشمی به ته‌واوی نووسیبوو! له گه‌نجه‌کان نزیک بوومه‌وه پرسیم ”ئه‌وه به چی مردووه؟” یه‌کێکیان لێم هاته پێشه‌وه ”نزیکه‌ی سێ کاتژمێر به‌ر له ئێستا هه‌ر له‌و به‌ره‌وه ڕێک به‌رانبه‌ر ئه‌م مزگه‌وته ماشینێک خۆی پێیدا کێشا و یه‌کسه‌ر گیانی ده‌رچوو، خوا لێی خۆشبێ.” سه‌یری کاتژمێره‌که‌م کرد، سێ کاتژمێر به‌ر له ئێستا واتا ڕێک کاتژمێر سێی دوانیوه‌ڕۆ. ”چی؟ گوتت سێ کاتژمێر به‌ر له ئێستا؟”
”به‌ڵێ سێ کاتژمێر.”
قسه‌یه‌کی باوه‌ڕنه‌کرده‌یه، به پێی ئه‌و قسه‌یه بوایه من سێ کاتژمێر به‌ر له ئه‌و کاتە مردبووم، ڕێک دوای ئه‌و ڕووداوه‌ی که کچه‌کان هاتن به هانامه‌وه. نه‌متوانی هیچ قسه‌یه‌کی دی بکه‌م. لە دوورەوە چاودێریم کردن، تا جه‌نازه‌که‌یان بۆ گۆڕستان به‌ڕێ کرد. ورده‌ورده تاریکی باڵی ده‌کێشا. به لای کۆمه‌ڵێک ئافره‌تی شه‌پڕێودا تێپەڕیم، خه‌ریکی شینوشه‌پۆڕ بوون و قژی خۆیان ده‌ڕنییه‌وه. گوێم له ناوی خۆم بوو که ده‌یانگوته‌وه و به‌سه‌ریاندا هه‌ڵده‌گوتم، به‌ڵام هه‌رچه‌ندی سه‌رنجم دا که‌سیانم نه‌ده‌ناسی. له ژنه‌کان تێپه‌ڕیم، گۆڕێکی بچووکم بینی، له‌سەر کێله‌که‌دا ته‌مه‌نی خاوه‌نگۆڕ نووسرابوو منداڵێکی سێ ساڵان بوو، خۆم گه‌یانده ناو قه‌ره‌باڵغی ئه‌وانه‌ی خه‌ریکی پڕکردنه‌وه‌ی گۆڕه‌که بوون. سه‌ره‌تا کۆمه‌ڵێک به‌ردیان له‌سه‌ر ته‌رمه ڕاکشاوه‌که‌دا دانا، زۆر حه‌زم لێ بوو بتوانم به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت بتوانم ته‌رمه‌که ببینم، دڵنیا ببمه‌وه له‌وه‌ی که ئه‌و مردووه من نیم و که‌سێکی دیکەیە، به‌ڵام کاتێک بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه ترسێکی زۆر ڕۆ ده‌چووه ناخمەوە. ڕووداوه‌که ڕێکه‌وتی تێپه‌ڕاندبوو، له شه‌قامێکدا تووشی ڕووداوێک ده‌بم و دوای سێ کاتژمێر له‌و ڕووداوه هه‌واڵی مه‌رگی خۆم ده‌بیستم به هۆی هه‌مان ڕووداو و له هه‌مان شوێن و هەمان کاتدا. ئه‌مه نه ڕێکه‌وته و نه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه یارییه‌ک بێت، بیرم بۆ ئه‌وه چوو که ئه‌وه خه‌ونێکی ناخۆشه، کابووسێکه له‌و کابووسانه‌ی ماوه‌یه‌که یه‌خه‌م به‌ر ناده‌ن، به‌ڵام هه‌رچیم کرد له خه‌ونه‌که به‌ئاگا نەهاتم… ڕاستییه‌کی باوه‌ڕپێنه‌کراو بوو، ده‌بوایە دڵنیا ببمه‌وه له‌وه. گوێم لێ بوو مه‌لایه‌که هاواری ده‌کرد هۆ فڵانی کوڕی فڵان، به‌ناوی دایکمه‌وه بانگی دەکردم. دووباره‌ی کرده‌وه هۆ فڵانی کوڕی فڵان ئێستا دوو فریشته دێنه ژوور سه‌رت لێت ده‌پرسن کێ خواته؟ به زمانێکی بێ گرێوگۆڵ به ڕه‌وانی وه‌ڵامیان بده‌وه: ئەڵڵا. کێ پێغه‌مبه‌رته؟ ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی لێمه‌وه نزیک بوون به‌ره‌و من سووڕان.
له قه‌ره‌باڵغییه‌که دوور که‌وتمه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی گۆڕستانه‌که‌یان چۆڵ کرد، خۆم گه‌یانده لای گۆڕه‌که. تاریکی باڵی کێشابوو، ده‌ستم به هه‌ڵکه‌ندنی گۆڕه‌که کرد، تا زیاتر هه‌ڵمده‌کۆڵی لێدانی دڵم زیاتر ده‌بوو، هه‌ناسه‌م خێراتر و کورت‌تر ده‌بووه‌وە. دوو یان سێ جار قیڕەقیڕ به‌رز بووه‌وە، دواتر ده‌نگه‌که نه‌ما. ڕه‌شاییه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌وره‌ی دابووم، هه‌ور گرماندی، بروسکه ئه‌و ناوه‌ی ڕووناک کرده‌وه بارانی به‌خوڕ دایکرد. هه‌ڵکۆڵینه‌که‌م خێراتر کرد. میاوه‌ی پشیله‌یه‌کم بیست، هه‌ستم کرد تا ده‌هات نزیک ده‌بووه‌وە، سه‌رم هه‌ڵبڕی بروسکه‌یه‌ک ئه‌و ناوه‌ی ڕووناک کرده‌وه. له دووری چه‌ند مه‌ترێک پشیله‌یه‌کی ڕه‌شم بینی به‌رانبه‌رم هه‌ڵکورمابوو ده‌یمیاواند. چاوانی بریسکه‌یان ده‌هات، نه‌موێرا زیاتر سه‌رنجی چاوی بده‌م. ترسێک به ناخمدا ڕۆ چوو، به‌ڵام به‌رده‌وام بووم له هه‌ڵکۆڵین، تا گه‌یشتمه به‌رده‌کان، ئه‌وانیشم لا برد. ته‌رمه‌که‌م هێنایه ده‌ره‌وه. کفنه سپییه‌که‌یم له به‌ری داکه‌ند، چیم بینی! ئه‌وه‌ی بینیم باوه‌ڕپێنەکراوبوو. ده‌سته‌کانم له‌رزی. ده‌نگی بروسکه تێکه‌ڵی ده‌نگی پشیله‌که ده‌بوو، قیژه‌یه‌ک گوێی کاس ده‌کردم. بە هاوارەوە ڕام ده‌کرد. له‌سه‌ر گۆڕه‌کان بازم ده‌دا و هەڵدەهاتم. پشیله‌که دوام کەوتبوو. به‌رده‌بوومه‌وه و هه‌ڵده‌ستامه‌وه… بووبوومه جلێکی ته‌ڕ، کێلی گۆڕه‌کان به‌رز ده‌بوونه‌وه و شێوه‌ی پیاوی ڕه‌شتاڵه‌یان دروست ده‌کرد. خۆم له کێله‌کان لا ده‌دا، به‌ڵام وام ده‌زانی ده‌مگرن و چیتر توانای ڕۆیشتنم نامێنێت. به‌ربوومه‌وه، پیاوه ڕه‌شتاڵه‌که‌ی به‌رده‌مم به‌ره‌به‌ره له پێش چاوم بچووک بووه‌وە، خۆم له به‌رده‌می کێلێکدا بینییه‌وه. به ده‌مدا که‌وتبووم. سه‌رم هه‌ڵبڕی، نووسراوی کێله‌که‌م خوێنده‌وه ناوی من بوو. له‌سه‌ر چیچکان کشامه‌وه. ویستم هه‌ستمه‌وه و ڕا بکه‌م، به‌ڵام تارماییه‌کی سپی له پێشمه‌وه دروست بوو، به‌ره‌به‌ره لێم نزیک ده‌بووه‌وە، له جێی خۆم وشک بووم، چاوه‌کانم ئه‌بڵه‌ق، نه‌مده‌توانی ته‌نانه‌ت بۆ چرکه‌یه‌کیش بیان تروکێنم. ههرچەند هه‌وڵم ده‌دا نه‌مده‌توانی له جێی خۆم بجووڵێم.
به‌ره‌به‌ره لێم نزیک ده‌بووه‌وە. برووسکه‌یه‌ک ئه‌و ناوه‌ی ڕووناک کرده‌وه، ناسیمه‌وه، هه‌مان چاوڕه‌شه ده‌موچاو خڕه‌که بوو، ته‌نانه‌ت خاڵه‌که‌ی سه‌ر لێوه گۆشتنه‌که‌یشیم بینی. گوڵه‌که‌ی بۆ ئاسمان به‌رز ده‌کرده‌وه، ده‌گریا و لێم نزیک ده‌بووه‌وە. بریسکه‌ی چه‌قۆکه‌ی ده‌ستی، ئاوی لە چاوانم زاند. خوێن له لاملی ده‌چۆڕا، په‌ڵه‌یه‌کی سوور به نێوچه‌وانییه‌وه بوو. با پرچه سپییه‌که‌ی په‌رش و بڵاو ده‌کرده‌وه. بارانه‌که خوێنه‌که‌ی لاملی ده‌چۆڕانده خواره‌وه و خوێنی نوێی لێ هه‌ڵده‌قوڵا. سه‌رم سووڕاند پشیله‌یەکی ڕه‌شی گه‌وره به‌رانبه‌رم وه‌ستابوو چاوی زه‌ق کردبووه‌وە، له‌و کاته‌ی سه‌رم سوڕاند زۆری نه‌مابوو سه‌رم به‌ر سه‌ری پشیله‌که بکه‌وێت. هاوارم کرد، له نێوان میاوه‌ی پشیله‌که و قیڕه‌ی قه‌له‌ڕه‌شێک ون بوو…
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.