25/04/2024
DidiMn Logo
Top

لەناوچوون بە ڕەنگێکی تر

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

بڕیار محەمەد

شەو بوو. مانگەشەو بوو.
با گوڵێکی رەنگ-مۆری فڕێ دابووە سەر چیمەنە سەوزەکە،
من لە گوڵە ڕەنگ-مۆرەکەم دەڕوانی،
پشیلەیەکی ڕەش و سپی لەسەر لێواری دیوارەکە
لە گوڵە ڕەنگ-مۆرەکەی دەڕوانی…
هەموو شتێک هێمن و سارد بوو. هەموو شتێک سارد و هێمن بوو. هەموو شتێک جوان بوو!
پشیلەکە دیمەنەکەی جێهێشت و منیش…

سبەینێ لە شەشی بەیانیدا تۆ لە خەو هەڵدەستیت، گوڵەکە هەڵدەگریت و دەیخەیتە زبڵدانەکەوە. پێشبینی دەکەم دڵتەنگ بیت. لەبەر گوڵەکە خۆی نا، لەبەر ڕەنگە دڵخوازەکەت: مۆر.

لەسەر جێخەوەکەم پاڵکەوتووم. پشیلە ڕەش و سپییەکەش بە میچی ژوورەکەوەیە. دەست دەخەمە سەر دڵم. بە ناڕێکی لێدەدات.
پشیلەکە دەڵێت: لەناوچوون جوانییەکی تێدایە، وەک جوانی گوڵێکی ڕەنگ-مۆر لەسەر چیمەنێکی سەوز لە مانگەشەوێکدا.
من نامەوێت جوانی فریووم بدا، بەڵام پشیلەکە شۆڕ دەبێتەوە و من دڵم ناڕێکتر لێدەدات.
هەموو شتێک هێمن و ساردە. هەموو شتێک سارد و هێمنە. هەموو شتێک جوانە.  

تۆش لە خەوێکی قووڵدایت، بێئاگا لەوەی سبەینێ لە شەشی بەیانیدا گوڵێکی ڕەنگ-مۆر دەنێژیت.

هاوبەشی بکە

DidiMnPoetry, Kurdish Poetry,