01/07/2026
DidiMn Logo
Top

شیعری “ئەو ڕۆژەی دەمرم باران لە پەنجەرەکەم دەدات”

لە لایەن دیدی من 1كاتژمێر پێش ئێستا

دیدی من – هیوا قادر

ئەو ڕۆژە دەبینم، من ئەو ڕۆژە دەبینم
کە بە تەنیا تیایدا دەمرم،
دەزانم بە تەنیا دەمرم و
مردن وەک عاشقێکی نابەڵەد
کۆڵانە و کۆڵان دوام دەکەوێت.
ئەو ڕۆژە لە دوورەوە دەستێکم بۆ هەڵدەبڕێ و
سەعاتەکەیم پیشان دەدات،
کە لەسەر عومری من میقاتی کردووە.
من دەزانم ئەو ڕۆژە بە تەنیا دەمرم،
من پیاسە دەکەم و ئەو لە دواوە
وەک گێژەڵووکەیەکی هیلاک
دەست دەگرێت بە ناوقەدیەوە و کووڕ دەبێتەوە.
وەک کیژێکی گوڵفرۆش بە سەبەتەیەک گوڵی ڕەشەوە،
لەسەر نووکی پێ بە لامدا تێدەپەڕێت و دەڵێ:
ئەی پیاوە غەریبەکە، ئەم ئێوارەیە گوڵێکم لێ بکڕە،
من دەڵێم؛ ڕووناکیی ناو دڵۆپە ئاوەکانی سەر پەڕی گوڵەکانتم پێ بفرۆشە.

من دەزانم بە تەنیا دەمرم
بە تەنیا وەک سێوێک بەر دەبمەوە و
بە تەپەی کەوتنەخوارەوەم
کرمێک لە خەو هەڵدەستێنم و پێی دەڵێم؛
ببورە هاوڕێم سەرەی تۆیە.
وەک هەنجیرێک دەگەیم و بۆنم بە بادا بڵاو دەبێتەوە،
زەردەواڵەکان دێن و من بە تەنیا دەمرم،
وەک پەپوولەیەک وشک دەبم و ڕەنگەکان جێم دەهێڵن،
ڕەنگەکان جلەکانی خۆیانم لەبەر دادەکەنن و
ڕووتوقووت بە تەنیا و بێڕەنگ دەمرم.

من بە تەنیا دەمرم،
دواپیتەکانی سەر زمانم وەک کۆشێ گەڵا با دەیانبات
دواهەمین هەناسەم وەک باڵدارێکی حەزین بەرەڵا دەکەم و دەمرم
وەک ماسییەکی سارد چاوەکانم هەرگیز ناتروکێنم و دەمرم.
لاشەکەم هەڵدەگرم و هەر خۆم دەچم بۆ بەرزترین مەغریبستان و
لەژێر پیرترین دارئەرخەواندا
بۆ دواهەمین جار دڵی قاژکراوی خۆم دەلاوێنمەوە،
بۆ تەنیایی ئەو کەسانەش کە شیعرەکانی منیان لەبەرە،
ئەسرین دەڕێژم.
خەم بۆ ئەوانە دەخۆم کە فریا نەکەوتم پێیان بڵێم:
ئێوەش وەک من بە تەنیایی دەمرن.

بە تەنیا دەمرم و
گوێم لە هەڵای دەروێشێکی عاشقە،
کە وەک من لە زکرا فانییە،
لە نووزەی نایەک لە دواهەمین گرێی هەناسەیدا
وەک من دەیەوێت شتێک بڵێ و فریا ناکەوێت.

بە تەنیا دەمرم و
پێڵاوەکانم بێ قاچ بەجێ دێڵم،
جلەکانم بەبێ ئوتووکردن بەجێ دێڵم،
فریا ناکەوم ئینجانە ڕێحانەی ژوورەکەم ئاو بدەم و
بە تینوێتی بەجێی دێڵم و دەمرم،
دەنگی خۆم لە شیعرەکانمدا بەجێ دێڵم و دەمرم،
چاویلکەکەم بێ چاو لەسەر مێزەکەم بەجێ دێڵم
قەڵەمەکانم بێ گەرمیی پەنجەکانم و
نیوەدێڕە تەواونەکراوەکان بەجێ دێڵم،
کاسێتی مۆسیقاکانم و کتێبەکانم،
وێنەکانم کە پڕن لە پێکەنین و گریان،
نامەکانم کە فریای ناردنیان نەکەوتم،
ژوورەکەم بە چۆڵی و تابلۆکان لە ساتی سکوندا بەجێ دێڵم.

من بە تەنیا دەمرم و
خەم بۆ ئەو ڕۆژانە دەخۆم
کە دەبمە گەردی هەرزان و بێزاریی سەر ڕووی پەنجەرەکان،
ئەو ڕۆژانەی کە عەشق ناوی خۆی دەگۆڕێ و کەس نایناسێتەوە.

من بە تەنیا دەمرم و
تەنیایی ئەو ساتانە دەمکوژێت،
کە کەس وەک من بە زمانی مردن ناتوانێ قسە بکات.
من بە تەنیا وەک مۆمێک دەکوژێمەوە و
کەچی دنیا تاریک نابێت!
من بە تەنیا دەمرم و هەورەکان بە ئاسماندا تێدەپڕن،
من بە تەنیا دەمرم و منداڵان لەو کاتەدا یاری دەکەن.


شەممەیەک دێت بە ژمارەکانیەوە تێیدا دەمرم،
شەممەیەک باکی بە یادەوەرییەکانی من نییە لە خۆیدا.
من بە تەنیا دەمرم و
کووڕەکووڕ دەڕۆم بۆ دوورگە بێناوەکانی لەبیرچوونەوە.

بە تەنیا دەمرم و
ئیتر گوێم لە ترپەی گەرمی دڵی خۆم نابێت،
من دوور دوور دەکەومەوە و
جار جار بۆ خەونێک کە بە منەوە دەبینرێت، ئاوڕ دەدەمەوە و
دەستێکی لەرزۆک وەک دواهەمین هەناسەم
بە شلی هەڵدەبڕم و دەڕۆم.
وەک قومێ شەراب لە بنی کوپەیەکدا دەنیشێم و
ئەو مێروانە سەرخۆش دەکەم کە بە چاو نابینرێن.

من بەیانییەک،
عەسرێک،
ئێوارەیەک لە ڕۆژێک قەرز دەکەم و تیا دەمرم،
شەوێک دەمفڕێنێ و بە تەنیا تیای دەمرم.
من دەزانم ڕۆژێک دەمرم باران لە پەنجەرەکەم دەدا،
وەک قەلەڕەشکەیەکی تەڕ لە ئاسماندا بە تەنیا دەفڕم،
وەک کەفی شەپۆلێک لە لمدا ون دەبم و
وەک درەختێکی پیر قرچە دەکەم و دەکەوم.
من بە تەنیا دەمرم و مردن پێم دەڵێ:
پیاوە غەریبەکە ئەم ئێوارەیە گوڵێکم لێ بکڕە،
من دەڵێم؛
دڵۆپە ئاوەکانی سەر پەڕەی گوڵەکانتم پێ بفرۆشە، با تینوم نەبێت.
ئەفسوس من وەختم نەماوە بۆ کڕینی گوڵ،
وەختم نەماوە بۆ هاوڕێیەتی لەگەڵ تۆ.

بە تەنیا دەمرم و فریای ماڵئاوایی ناکەوم لە جەستەی خۆم،
بە لێوی وشکەوە فریای ماچە تەڕەکانی یار ناکەوم و دەخنکێم،
بە تەنیا دەمرم و هەموو شتێک لە دوای خۆم بەجێ دێڵم، تەنیایم نەبێت،
هەی هاوڕێی دێرینەم، تەنیایی؛ بۆچی هەموویان بەجێیان هێشتم، تۆ نەبێت؟

من بە تەنیا دەمرم و
غەریبیی خۆری ئەو بەیانییانە دەکەم کە بێ من هەڵدێت،
بێ حزووری من میوەکان خڕ دەبن و پڕ دەبن لە ئاو
بێ وجودی من بەهار دێت و من لەوێ نیم،
باران دەبارێ و من لەژێریدا جلەکانم تەڕ نابێت،
ئێوارە سوور دەبێ و شەوان من لەوێ نیم،
شیعرە جوانەکان دەنووسرێن و من نایانخوێنمەوە،
شەرابەکان پێدەگەن و مەستی باڵ دەردەکات و من نافڕم،
مۆسیقاکان وەک ئاو دەڕژێن و من نایانبیستم،
با هەڵدەکا و شانم بەر شانی ناکەوێت،
نەسیم نزم نزم دەفڕێت و من دەست لەژێر سکی نادەم.

من بە تەنیا دەمرم و
لەتاو قرچەی شکانی ئێسکی خۆم وەک قرژاڵ
گوێم لە تەقینی چرۆکان نابێت.
جارێکی تر زەرنەقوتەیەک ناخەمەوە هێلانەکەی خۆی و
دەست بەسەر کەروێشکێکی سپیدا ناهێنم،
جارێکی تر منداڵێکی کەوتوو هەڵناستێنمەوە و جلەکانی ناتەکێنم،
لە حەسرەت گەرمیی ژیان خارخار ورد دەبم،
جارێکی تر بۆ پیاسەیەک خۆمم بۆ کۆ ناکرێتەوە و
سەگێکی تەنیا نابێتە هاوڕێم.

ئەو ڕۆژەی کە دەمرم، مردن پێم دەڵێ:
من هەمیشە بە پیریدا نامە خێراکانی خۆم نانێرم،
من ئەو هەموو نامانەم بۆ ناردیت و
تۆ فریای خوێندنەوەیان نەکەوتیت،
ئەو هەموو بروسکانەم بۆ ناردیت و
وەرتنەگرت،
ئەو هەموو ڕێکەوتی بینینانەم بە دزیی ژیانەوە بۆ ڕێک خستیت و
تۆ نەهاتیت،
دنیایەک زەنگم بۆ لێ دایت و دەرگات لێ نەکردمەوە،
لەشکرێک خەمم بۆ ناردیت و تەسلیم نەبوویت.

شەممەیەک دێت بە ژمارەکانیەوە تێیدا دەمرم،
وەقتێک دێت و دەمخاتە ناو بێوەقتی،
ژیان لە وێستگەیەکدا بەجێم دێڵێ و دەڕوات،
پیتەکان زمانم جێ دێڵن و
با دەنگی خۆیم لە هەڵکردنێکدا دەداتێ و دەڕۆم،
ڕووتوقووت دەبمەوە و ڕووتوقوت دەمرم،
چ ڕۆژێکی بێویقارە ئەو ڕۆژەی کە تێیدا دەمرم،
ئەو ڕۆژە ساردیی هەموو زستانەکانی پێیە،
هەموو بەتاڵیی ساتەکان لە گیرفانی ئەودایە و بێ خەیاڵ پڕە لە هیچ،
پڕە لە پەتاکانی دنیا و سەرڕێژە لە تەسلیمبوون.

من دەزانم ڕۆژێک دەمرم باران لە پەنجەرەکەم دەدا،
وەک قەلەڕەشکەیەکی تەڕ لە ئاسماندا بە تەنیا دەفڕم،
دەفڕم و بریندارانە ئاوڕ دەدەمەوە،
دەفڕم و لە سپێتیی تەنیایدا ون دەبم.

ستۆکهۆڵم
١\١٠\٢٠٠٢

ژیاننامەی هیوا قادر:
هیوا قادر، لە ساڵی ١٩٦٤ لە سلێمانی لەدایکبووە. دوای تەواوکردنی خوێندن لە پەیمانگەی کارگێڕیی کەرکووک، لە ساڵی ١٩٩٢ ڕووی لە وڵاتی سوید کردووە و ژیانی تاراوگەی هەڵبژاردووە. وەک شاعیر و ڕۆماننووسێک، خاوەنی نزیکەی بیست پەڕتووکە لە بوارە جیاوازەکانی شیعر، ڕۆمان، گەشتنامە، وێژەی منداڵان و وەرگێڕان لە زمانی سویدییەوە. یەکەمین دیوانی شیعری خۆی بە ناوی «چاوە زەردەکان» لە ڕۆژانی ڕاپەڕیندا بڵاو کردووەتەوە. لە دیارترین بەرهەمەکانیشی لە بواری ڕۆماندا بریتین لە «سەفەرنامە – ٢٠٠١»، «منداڵێک لەسەر مانگە – ٢٠٠٨» کە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبیش، هەروەها ڕۆمانی «ماڵی پشیلەکان – ٢٠١٨».

___
شیعری “ئەو ڕۆژەی دەمرم باران لە پەنجەرەکەم دەدات” لە ڕۆژی ٩\٦\٢٠٢٦ لە یادەی دە ساڵەی ماڵپەڕی کولتووریی دیدی مندا لەلایەن خودی شاعیر خوێندرایەوە.

هاوبەشی بکە

DidiMnPoetry, Hiwa Qadir, Poem,