28/04/2024
DidiMn Logo
Top

فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلم لە ڕۆژئاوا بەڕێوە دەچێت

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – پێگەی فەڕمیی فێستیڤاڵەکە

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ئاشتیدا، فێستیڤاڵی فیلمی نێونەتەوەیی «لێلوون» بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ لە ڕۆژئاوا بەڕێوە دەچێت، لە کەمپی ئاوارەکانی عەفرینی داگیرکراو، لە ناوچەی شەهبا دەست پێ دەکات. ئەم فێستیڤاڵە کە بڕیارە ساڵانی داهاتوویش بەڕێوە بچێت، لە یەکەم ساڵی بەڕێوەچوونیدا وەک هێمای ٥٨ ڕۆژ بەرگریی گەلی عەفرین لە بەرانبەر هێرشی ئارتەشی تورکیادا، ٥٨ فیلمی لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا بۆ نمایشکردن هەڵبژاردووە.

لیژنەی داوەرانی ئەم فێستیڤاڵە کە پێک هاتووە لە سینەماکارانی ناسراوی کورد و بیانی، ئەم کەسانە لە خۆ دەگرێت: (عەلی ئەحمەد بەدرخان) سەرۆکی لیژنەی داوەران، دەرهێنەری سینەما و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی میسڕەوە. (توورەج ئەسڵانی) دەرهێنەر، فیلمنامەنووس و وێنەهەڵگر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە. (بەڕۆژ ئاکرەیی) نووسەر، شاعیر، وێنەگر و ئەکتەر لە باشووری کوردستانەوە. (حسەین حەسەن) دەرهێنەری سینەما و ئەکتەر لە باشووری کوردستانەوە. (بنێدیتا ئەرجێنتیەری) دۆکیۆمێنتار و ڕەخنەگری سینەما لە وڵاتی ئیتالیاوە. (ئاپۆ. و. بایزیدی) دەرهێنەر و فیلمنامەنووسی باکووری کوردستان لە وڵاتی ئەمەریکاوە. هەروەها (ئێریک گۆنزالێس فلۆرێس) توێژەر و لێکۆڵەری سینەما و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی مێکزیکەوە.

فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ”لێلوون” لە لایەن ”کۆمینی سینەمایی ئاڤرین”ـەوە بەڕێوە دەچێت کە ڕێکخراوێکی هونەریی هونەرمەندانی عەفرینە و بە مەبەستی پەیوەندیی کولتووری و پاراستنی بەها هونەرییەکان لە هەموو شوێن و کات و دۆخێکدا، دەستی داوەتە بەڕێوەبردنی ئەم فێستیڤاڵە نێونەتەوەییە. هەوڵێکی لەم شێوەیە لە دۆخی ئاوارەیی و لە ژێر مەترسیی شەڕدا نیشانەی گرنگیپێدانی ئەم هونەرمەندانەیە بە ئامانجە باڵاکانی هونەر.

یەکەم ساڵی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ”لێلوون” بە دروشمی ”بە تەنیا گوڵێک نابێتە گوڵستان” میوانداری لە بەرهەمی دەرهێنەرانی سینەما لە چەندین وڵاتی جیهانەوە دەکات، لەوانە ئیتالیا، ئەمەریکا، پۆڵۆنیا، فەڕەنسا، دانمارک، ئێران، ئوستڕالیا، ئێراق، بولگاریا، ئیسپانیا، میسر، ئەفگانستان، شیلی، سووریا، ماڵت، لوبنان، هیندستان، یۆنان، تورکیا، ئەردەن، ئازەربایجان، توونس، مەراکش، هۆنککۆنگ، ئیرلەند، ڤەنزوێلا و هەر چوار پارچەی کوردستان.

 ئەم فێستیڤاڵە لە چەندین بەشی کێبڕکێدا بەڕێوە دەچێت؛ بەشی کێبڕکێی فیلمی درێژیی سینەمایی، ٦ بەرهەم، بەشی کێبڕکێی فیلمی دۆکیۆمێنتاری درێژ و نیوەدرێژ، ٦ بەرهەم، هەروەها بەشی کێبڕکێی کورتەفیلم، ٤٦ بەرهەم. هەموو ئەم فیلمانە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ تا ٢٠٢٠ دروست کراون.

٥٨ بەرهەم وەک هێمای ٥٨ ڕۆژ بەرگریی و بەرخۆدانی خەڵکی عەفرین لە بەرانبەر ئارتەشی داگیرکەری تورکیادا هەڵبژێردراون و لە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی سێپتەمبەرەوە، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ئاشتیدا، لە کامپی ئاوارەکانی عەفرینی داگیرکراو لە ناوچەی شەهبای ڕۆژئاوای کوردستان نمایش دەکرێن. شایانی باسە کە ”لێلوون” ناوی چیایەکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی عەفریندا و بە پێی هەندێک توێژینەوەی جیۆلۆجی و مێژوویی، یەکێکە لە یەکەم ئاخێزگەکانی ژیاری ئینسان و هەندێک ژیاری وەک ئێزیدیی و مەسیحی و… لەم چیایەوە سەریان هەڵداوە، هەر بۆیە لای خەڵکی عەفرین وەک چیایەکی گرنگ و پیرۆز لە قەڵەم دەدرێت.

 لە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا ڕێوشوێنەکانی پەتای کۆرۆنا لەبەرچاو دەگیرێت.

بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ماڵپەری فێستیڤاڵی لێلوون بکەن.

هاوبەشی بکە

Kurdish Cinema, Leloul Film Festival, Rojava,