01/05/2024
DidiMn Logo
Top

فیلمی ”بێ نیشتیمان” دواین کاری تورەج ئەسلانی

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

تورەج ئەسڵانی دەرهێنەر و سینەماکاری کورد، کاری تۆمارکردنی دواین فیلمی خۆی بە ناوی ”بێنیشتیمان Landless” تەواو کردووە و لە ئێستادا لە دوا قۆناغی تەکنیکیدایە.

بێنیشتیمان، له‌ ڕۆڵبینینی كۆمه‌ڵێك له‌ ئه‌كته‌ره‌كانی توركیا، سوریا، عێراق و هه‌رێمی كوردستان تۆمار کراوە کە به‌ چوار زمانی كوردی، توركی، عه‌ڕه‌بی و فارسی تێیدا ڕۆڵیان بینیوه‌. چەند کەسایەتییەکی دیاریش بەشدارییان تێیدا کردووە لەوانە: شاهین یاڵچین کە لە فیلمی چواردەی تەموزدا ڕۆڵی مستەفا قەرەسوی دەبینی، گۆرانیبێژ هانی موجتەهیدی، شوان عەتوف ئەکتەر و دەرهێنەر، ڕاکیش شاباز، بەنگی عەلی، فرمێسک محەمەد، بەڕۆژ ئاکرەیی شاعیر، بولێنت کەسەر و نارین.

فیلمەکە لە عێراق بەرهەم هێنراوە و وێنەگرتنی فیلمەکە لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بووە. ”بێنیشتیمان” دەبێتە سێیەمین بەرهەمی سینەمایی تورەج ئەسڵانی و پێش ئەمە کاری دەرهێنانی بۆ هەردوو فیلمی ”بارهه‌ڵگری زێڕ  Gold Runner” و ”جینگۆGINKGO” کردووە.

دەرهێنەر و سینەماکار تورەج ئەسڵانی

تورەج ئەسڵانی لە ٢٦\١٢\١٩٧٣ لە شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. دەرچووی بەشی دەرهێنانی زانکۆی سووری تارانە. لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە خولیای وێنەگرتنی هەبووە، لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە دەستی بە یەکەمین ئەزموونە سینەماتۆگرافییەکانی خۆی لە ڕێی کامێرایەکی هەشت ملیمەترییەوە کردووە. لە تەمەنی ٢٥ ساڵیشدا دەستی بە کارە پرۆفێشناڵەکانی خۆی کردووە. دەرهێنانی بۆ زیاد لە ١٠٠ فیلمی دۆکۆمێنتاری، کورتە فیلم و فیلمی ئەزموونی کردووە. ساڵی ٢٠٢٠ تورەج نازناوی گەنجترین فۆتۆگرافەری پرۆفێشناڵی سینەمای ئێرانی بەدەست هێناوە. هەروەها بووە بە براوەی خەڵاتی باشترین وێنەگر لە فیلمی وەرزی کەرکەدەنی بەهمەنی قوبادیدا. دەرهێنەری زیاد لە ٥٠ فیلمی سینەمایی ئێرانی، تورکی و عێراقییە.

هانی موجتەهیدی، ئەکتەر لە فیلمی “بێ نیشتیمان”

تورەج ئەسڵانی وەک بەڕێوەبەری وێنەگرتن، ساڵانێکە بەشداری فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان دەکات و بووەتە براوەی چەندین خەڵاتی گرنگ لەسەر ئاستی جیهانی. ”بارهه‌ڵگریی زێڕ” لە پێشبڕكێی سه‌ره‌كی ”ڕه‌وته‌ نوێیه‌كان New Currents” له‌ بیستوسێیه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی ”بووسانBusan ” له‌ كۆریای باشوور نمایش كراو. كاندیدی خه‌ڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵەکە بوو. هەروەها لە حه‌وته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی ”دهۆكDuhok ” له‌ كوردستان نمایش كراوە و توره‌ج ئه‌سڵانی خه‌ڵاتی ”به‌هره‌مه‌ندی نوێNew Talent ”ی به‌ده‌ست هێناوە و له لایه‌ن  لێژنه‌ی دادوه‌رانه‌وه‌، خه‌ڵاتی ”گه‌ڵای مێو” و له‌وحه‌ی فه‌خری پێ به‌خشرا. هەروەها هەمان فیلم لە فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی ”چاتراپاتی شیواجیChhatrapati Shivaji ” له‌ وڵاتی هیندستان خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆی بەدەست هێناوە.

هاوبەشی بکە

Film, Kurdish Cinema, turaj aslani,