26/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینه‌ر و فیلم: خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی “٠٩”

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – فیلمی ٠٩
نووسینی: ژیر دانا

‎ساڵی ٢٠١٩ بۆ یەکەمجار لە کوردستانی باشوور، فیلمێکی بودجە زەبەلاح بەرهەمهات، کە ناوی «پەیکەری دڵ» بوو. پەیکەری دڵ لەلایەن هەردوو کۆمپانیای گەورە «کام و میترۆنەمەوە» بەرهەمهات، کە یەکێکیان لە بواری ڕیکلام و ئەوی تریان لە بواری کلیپ و گۆرانیدا جێدەستێکی زۆریان هەیە لە باشووری کوردستان و چەندین کاریان لەو دوو بوارەدا کردووە. بەڵام هیچ کامیان پێشتر کاریان لەسەر فیلمی درێژ نەکردبوو. بە هەمان شێوەی ئەم دوو کۆمپانیایە، دەرهێنەری فیلمەکە (وەک دەرهێنەر)و بەشێکی زۆریش لە ستافی فیلمەکە، پێشتر ھیچ کارێکیان لە فیلمی درێژدا نەکردبوو، نە وەک فیلم نە وەک لەناویشیان. هەندێک لە ستافەکەیش بە هیچ جۆرێک کاریان لەنێو سینەمادا نەکردبوو. بۆ نموونە «هەڵوێست» گۆرانیبێژ و ئەکتەری سەرەکیی،

‎لەدوای دەرچوون و بڵاوبوونەوەی «پەیکەری دڵ» لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی ئێکجار گەرم و فراوانی لێکرا، هەم لە باشووری کوردستان و هەمیش لەو وڵاتانەی کە ژمارەیەک کوردی زۆر تیایاندا نیشتەجێن. بەڵام ئاگادار نیم کە لە پارچەکانی تری کوردستان نماییش کرابێت. ئەمە هەنگاوێکی گەورە و گرینگ بوو بۆ بەرەوپێشچوونی کاری سینەمایی و کۆتاییهێنان بە کۆمەڵێک ڕێگری و پرسیار کە هەمیشە دەبوون بە بیانوو بۆ کەمی یاخود نەبوونی فیلم. لە نموونەی ئەو بیانوانەیش:

فیلم پارەیەکی زۆری دەوێت و لێرە پارە بۆ فیلم خەرج ناکرێت.
لێرە ئەگەر فیلمیش دروست بکرێت، هێشتا خەڵکی ئێمە حەزیان بە سینەما نییە و پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ ناکەن.
ئامێر و کەرەستە و کەسانێک کە شارەزای بەکارهێنانی ئامێر و کەرەستە بن، لەنێو دنیای سینەمای کوردستاندا بوونیان نییە.
هتد…

‎«پەیکەری دڵ»وەڵامی زۆرێک لەم بیانوانەی داوەتەوە و ئەگەریش کۆتایی بە بیانووەکان نەهێنابێت، ئەوا گۆڕانکاری تیایاندا کردووە، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی زۆر گرینگە. بۆ نموونە: لە دیدی منەوە ئەگەر لە پێش «پەیکەری دڵ»دا ئەو بیانوانەی سەرەوە هەبووبێتن، دوای پەیکەری دڵ» بەم جۆرەی خوارەیان لێهاتووە و« هیچ نەبێت، بوون بە جۆرە پرسیارگەلێک کە ئایا:

‎فیلم دەکرێت، یاخود مەرجە پارەی زۆری بۆ خەرج بکرێت یان نا؟ وە لەلایەن کێوە و بۆ چ ئامانجێکیش بۆی خەرج دەکرێت؟

بە بڕوای من خەڵک دەکرێت پێشوازی گەرم لە فیلم بکەن، بەڵام ئایا پێشوازیی گەرمی ئەوان بۆ باشی فیلمەکەیە لە ڕووە سینەمایی و هونەریەکەیەوە، یاخود لەبەر شتێکی دیکەیە؟ ئایا

ئامێر و کەرەستە هەن و کەسانێکیش هەن کە توانای بەکارهێنانی ئەو ئامێر و کەرەستانەیان هەبێت، »بەکارهێنانێکی هونەری یاخود بەکارهێنانێکی دیکە» یاخود نا؟

‎ئەمانە چەند نموونەیەکی کەمن لەوەی کە »پەیکەری دڵ» چ جۆرە هەنگاوێک بوو. ئەم هەنگاوانە بۆ من زۆر جێی دڵخۆشی و هیوابەخشین بوون. بێگومان ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هیچ ڕەخنەم لەسەر فیلمەکە نەبووبێت و پەیکەری دڵم وەک فیلمێکی درێژی سینەمایی بەدڵ بووبێت. لەو کاتەیش و ئێستایش چەندین ڕەخنەی زۆرم لەسەر فیلمەکە هەبووە، کە هەندێکیان بە هێندێک گەورە بوون کە هانم بدەن بە ئاشكرا و ڕاستەوخۆ وشەی خراپ و زۆرخراپ بەکاربهێنم لە بەرانبەریاندا. بەڵام دواجار کارەکەم بە هەوڵێکی گرینگ دەزانی و پێم وابوو کە ئەگەر کەسانێکی دیکە یاخود تەنانەت هەمان ستاف کارێکی دیکەی نوێ بکەنەوە، ئەوا دەتوانن باشتربن و زیاتر خۆیان و کایەی فیلمیش بەرەوپێش ببەن.

‎لەم ساڵدا فیلمێکی دیکەی درێژ بەناوی ٠٩ بڵاوکرایەوە کە بەهەمان شێوەی پەیکەری دڵ، لەلایەن کام پرۆدەکشنەوە بەرهەمهێنرابوو و بەشێکی ستافەکەیش، هەمان ستافی پەیکەری دڵ بوون، بە هەندێک گۆڕانکاری لە ڕۆڵ و ئەرکەوە. ئەم فیلمەیش بە هەمان شێوەی پەیکەری دڵ، بودجەیەکی زەبەلاحی هەبووە و تاڕادەیەکی باشیش پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە، هەرچەندە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چەند هۆکارێکی تر، دەکرێت هەمان پێشوازی پەیکەری دڵی لێنەکرابێت. بەڵام بە ئاسانی دەتوانین بڵێین کە پێشوازییەکەی باش بووە.

‎پێش باسکردنی »٠٩» و گوتنی ڕای خۆم لەسەری، زۆر بە پێویستی دەزانم کە باسی پەیکەری دڵ لەگەڵ ئەم کارەدا بکرێت. هەر لەبەر ئەوەیشە کە بەشی یەکەمی نووسینەکەم تەرخان کردبوو بۆ ئاماژەدانێک و بیرهێنانەوەیەک لەسەر هەندێک بابەتی پەیکەری دڵ. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە من پێم وایە هەر فیلمێک دروست بکرێت، پێویستە پێوەی دیاربێت کە لەدوای چ فیلمێکی تر دروستکراوە. وە خۆی لە چ سەردەمێکدا بووە و سەردەمەکانی پێش خۆی چۆن بوون و بەچیدا تێپەڕیون بۆ سەردەمی ئێستا. واتە بەجۆرێکی تر، ئەوەی لە پەیکەری دڵدا پرسیار بووە و دواتر وەڵام دراوەتەوە یاخود گۆڕاوە بۆ پرسیارێکی تر، پێویستە لەم فیلمەدا دووبارە بێنەوە بەرباس. لەبەر ئەوەیشی کە بەشی زۆری بەرهەمهێنەران و ستافی هەردوو فیلمەکە هاوشێوەن، بۆیە ئەم ئاگایی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە زۆر زیاتر پێویستە بۆیان. دواجار هەر شتێک لە پەیکەری دڵدا گەیشتبێت بە بەربەست، پێویستە لە ٠٩ـدا زیندوو بکرێتەوە.

‎ئامادەکردنی چیرۆک، ئەو هەنگاوە سەرەتاییەی دروستکردنی فیلمە کە هەموو فیلمەکەی لێوە دروست دەبێت. واتە بەبێ ئامادەکردنێکی باشی چیرۆک، زۆر بە ئاسانی دەکرێت نەتوانی فیلمێکی باش دروست بکەیت. بێگومان مێژوو بێبەش نییە لە هەوڵی چەند کەسێک کە ویستوویانە بەبێ چیرۆک فیلم دروست بکەن. بەڵام هەوڵی ئەوانیش بەرئەنجامی چەند قۆناغێکە لە پەروەردەبوون کە سەرەتاکەی هەر دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆک و تێگەیشتن لە چیرۆک. واتە چیرۆکی فیلم لەکاتی نەبوونیشیدا، بە جۆرێک هەر هەیە و نەبوونەکە بەرئەنجامی هەبوونێکە لە شوێنێکی تر. لە ٠٩ـدا زۆر ڕوونە کە چیرۆک هەیە و فیلمەکە ناچێتە قاڵبی ئەو فیلمانەی کە نەبوون یان ناتەواوی یان نامۆیی چیرۆک بەشێک بێت لە مەبەست و ئامانجی دروستکردنی فیلمەکە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، هەستکردن بە ناتەواوی چیرۆک، ئەو هەستە بوو کە لە دوای سەرەتای فیلمەکەوە تا کۆتایی لەگەڵمدا مایەوە. ناتەواوییەکەیش لە ئەنجامی نەبوونی تاکە بابەتێکی تەواوی دیاریکراودا نەبوو. بەڵکو ناتەواوییەکی گشتگیر بوو کە گومانێکی نەرێنی دەخستە سەر تەواوی بابەتە دیاریکراوەکانیش کە لەبەرچاو بوون. بۆ  گەیاندنی ئەم قسەیە، پێویستە ڕوونی بکەمەوە کە مەبەستم لە بابەتی دیاریکراو لەگەڵ بابەتی گشتیی چییە. هەموو ئەو ڕووداوانەی کە ڕوودەدات لە چوارچێوەی چیرۆکێکدا، کە بەهۆی قسە یاخود کرداری کەسایەتییەکانەوە دروست دەبێت، بابەتی دیاریکراو، بچووک و بەرجەستەن. ئەم بابەتە دیاریکراوانە بە ڕاستەوخۆیی لەبەرچاوی بینەرەکەدا بوونیان هەیە. بۆ نموونە کەسایەتییەک کەسێک دەکوژێت بەهۆی تەقەکردن لێی. ئەم کردەی کوشتنە هەمان ئەو بابەتە دیاریکراوەیە کە مەبەستمە. چیرۆک پڕیەتی لەم بابەتە دیاریکراو و بەرجەستانە. ئەوەیشی کە پەیوەندی لەنێوان هەموو ئەم بابەتە دیاریکراوانەدا دروست دەکات، ئەو دنیایەیە کە کەسایەتییەکان تێیدا قسە و کردار ئەنجام دەکەن. دنیاکە ئەو بابەتە گشتییەیە کە هەموو بابەتە بچووک و دیاریکراوەکان لە خۆیدا کۆدەکاتەوە و مانایان دەداتێ. لەناو ٠٩دا هەرچەندە کۆمەڵێکی زۆر بابەتی دیارکراوی بچووکی تێدایە کە هەریەکەیان دەکرێت لە شوێنی خۆیان مانایان هەبێت بە سەربەخۆیی، بەڵام کە گشتییان دەکەیتەوە و دەیانبەستیتەوە بەو دنیایەی کە هەموویان کۆدەکاتەوە، بۆت دەردەکەوێت کە پێکەوە کار ناکەن و زیان لەیەکتری دەدەن. ئەمەیش وادەکات کە کێشەیەکی گەورە لە یەکگرتوویی چیرۆکەکەدا دروست ببێت، کە ئەو کێشەیە بەردەوام و بەدرێژایی فیلمەکە لەگەڵ بینەردا بمێنێتەوە و کاریگەری بەسەر هەموو بابەت و لایەنەکانی دیکەوە دەبێت.

‎بۆ نموونە: لە سەرەتاکانی فیلمەکە شوان و ژاڵە دەبینین کە خەریکی دڵداری و دەستبازین لەگەڵ یەکتریدا. لە دیمەنی دواتر کە دەیانبینین، ژاڵە لە شوان تووڕە بووە و پێکەنین و دەستبازییەکەی پێشووی بووە بە تووڕەیی و ترس. ئەم دوو بابەتە هەریەکەیان لە شوێنی خۆی دەکرێت مانای خۆیان هەبێت و هیچ کێشەیان نەبێت. بەڵام کاتێک بەدوای یەکدا دێن، منی بینەر یەکسەر ئەڵێم “ئەم گۆڕانکارییە لەناکاوە بۆ؟”. ئەوەندەی بیرم بێت لە درێژایی سەیرکردنی فیلمەکە نەک وەڵامی ئەو پرسیارەم وەرنەگرت، بەڵکو هەمان کێشە دووبارە دەبووەوە و جگە لە پەیوەندی ژاڵە و شوان، لە زۆرینەی بابەتە دیاریکراو و بەرچاوەکانی تریشدا هەمان کێشە ڕوویدەدا. ئەمە نموونەیە بۆ ئەوەی کە گوتم… دنیای گشتی ناو فیلمەکە نەیتوانیوە، بابەتە دیاریکراوەکان بەباشی لەخۆیدا کۆبکاتەوە و مانای تەواوەتییان پێ بدات.

‎ئەم کێشەیە کە کێشەی چیرۆکە، بەس لە چوارچێوەی چیرۆکدا نامێنێتەوە و کاریگەرییەکی زۆری بەسەر کەسایەتییەکانیشەوە هەیە. چونکە کە دیمەنەکان پەیوەندییەکی بەهێز و بێکێشەیان لەگەڵ یەکتریدا نەبوو، ئەوا شتێک دروست نابێت کە بمێنێتەوە و گەشە بکات لەگەڵ تێپەڕبوونی فیلمەکە و ئەو شتانەی کە دروست دەبن، بەڵکو زۆر زوو نامێنن و بە شتێکی دیکە شوێنیان دەگیرێتەوە. کەسایەتی، پێویستە بەهەر دەرکەوتنێکی زیاتر لەبەرچاوی بینەردا زیاتر دروست ببێت و دیمەن بە دیمەن ئاشناتر بێت بۆ بینەر. تا دواجار بینەر ئەو هەستەی نەمێنێت کە کەسایەتییەکان خەریکی خوێندنەوەی دێڕی ناو سیناریۆیەکن، بەڵکو دەبێت بینەرەکە هەست بکات کە کەسایەتییەکە مرۆڤێکی تەواوە و ئەوەی دەیکات، بەرئەنجامی مرۆڤبوونی خۆیەتی نەک کەسایەتیبوونی. ئەوەندەی بیرم بێت هەمان کێشە لە پەیکەری دڵیشدا هەبوو، وە تا ڕادەیەکی زۆریش بێزارکەر بوو. لەوێ گۆرانیبێژبوونی هەڵوێست، کۆمیدیبوونی ڕێشان و خراپبوونی نزار، هەمیشە بەرمان دەکەوتن بەبێ ئەوەی کە چیرۆکەکە بەگوێرەی کات و ئەزموون و ڕووداوی ناو ژیانی کەسایەتییەکان (بە شێوەیەکی باش) ئەم ناسەرەوانەیان بۆ دروست بکات. لە ٠٩ـدا کێشەی کەسایەتی کاتێک دەردەکەوێت، کە دیمەنەکان بەراورد دەکەیت بە یەکتری و دەبینیت کە گۆڕانکارییەکان زۆر و خێران، بەبێ ئەوەی کە چیرۆکەکە توانای پێویستی هەبووبێت بۆ ڕەوایەتیدان بەو گۆڕانکارییانە. ڕقی چریکە بۆ باوکی و دوایی نەمانی ڕقەکەی، پڕۆفیشناڵبوونی سیروان جەمال لە هەندێک ڕووە و لاوازبوونی بە شێوەیەکی منداڵانە لە هەندێک ڕووی ترەوە، شوان هەر جارە و دایەلکتێکی قسەکردنی هەیە کە بەشێکیان ناوچەیین و پەیوەندییەکی زۆریان بە کوردنەبوونیەوە نییە. ژاڵە و تووڕەبوونە لەناکاوەکانیشی لەولاوە بوەستن.

‎هەرچەندە کێشەی چیرۆک و کەسایەتی، بنەڕەتی بوون، بەڵام ئەوەی کە منی زیاتر لە چیرۆک و کەسایەتی بێزارکرد تەکنیک و مۆنتاژ بوو. بەداخەوە کە کاتێکی باش بەسەر بینینی فیلمەکە و ئەم نووسینە تێپەڕیوە و بەوهۆیەوە ناتوانم بگەڕێمەوە سەر وردەکارییەکان. بەڵام هێشتا ئەو بێزاریی و تووڕەییەم تێداماوەتەوە کە بڕینی دیمەنەکان بۆی دروست کردبووم. دیمەنێک دێتە سەر شاشە و خەریکی سەیری دەکەیت، دواتر بەخێرایی دەچێتە سەر دیمەنێکی تر کە مانای دیمەنەکی پێشوو ناتەواو دەکات. دواجار بەشێکی زۆر لە فیلمەکە بۆشایی بچووک بچووکی تێدا دروست دەبێت کە وای لە من کرد نەتوانم بەشێوەیەکی بەردەوام و دروست لەگەڵ کۆی فیلمەکەدا بمێنمەوە. بڕینەکان بەردەوام دابڕانیان دروست دەکرد. دابڕانەکانیش لەو دابڕانانە نەبوون کە مانادارن و بەمەبەست دروست دەکرێن، بەڵکو تەواو بێمانا و بێزارکەر بوون. لە سینەمای نوێدا ئەو ڕەخنەیە دەگیرێت کە بۆچی دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە، هێشتا فیلم بەپێی تیۆرەکانی مۆنتاژی سۆڤیەتی دروست دەکرێن. بەهۆی ئەم ڕەخنەیەوە فیلمسازان بیریان لە مۆنتاژی نوێتر کردووەتەوە کە سینەما بەرەو ئاستێکی دیکە ببات. بەڵام مۆنتاژەکەی ٠٩مۆنتاژێکە کە بە مانای سۆڤیەتیەکەیش ناتەواوەو هەڵەی تێدایە، چجای بگاتە ئەوەی کە حیسابی بۆ سەردەم کردبێت و بیری لە چوون بەرەو قۆناغێکی دیکە کردبێتەوە. ئەم هەنگاوی قۆناغ گۆڕینە چەندێکیش پێویستە، بەڵام بێگومان داواکراو نییە لە ٠٩. وەھەروەھا ئەوەیش قبوڵکراو نییە کە هەڵەی مۆنتاژ، بینەرەکان نائارامبکات، لەجێی ئەوەی کە یارمەتییان بدات.

‎کێشەی مۆنتاژ تەنیا لە بڕین و گواستنەوەی وێنەکان نامێنێتەوە، هەندێکجار هەڵبژاردنی گۆشە و دووری وێنەگرتن بە شێوەیەکی خراپ بەکار دەهێنران. یەکێک لەو دیمەنانەی بیرمە دیمەنی ڕاکردنی شوان و سیروان جەمال بوو، لەو کاتەی کە لەناو ئاودان و بەسواری بەلەمەوەن. لەوێدا بڕینێکی خێرا و کۆمەڵێک دیمەنی زۆر هەبوون. بەڵام دیمەنەکان بەجۆرێک دەتگوت لەسەر کڵێشەیەکی سادەی دووبارە دەگۆڕدرێن و هیچ تایبەتمەندییەکیان نەبوو. وێنەی نزیکودوور و دواتر لە ئاسمانەوە بە درۆن. ئەمە ئەو کێشەیە دەردەخات کە لە ڕووی تەکنیکیەوە زۆرجار مەبەستەکە تەنیا بەکارهێنانە وەک لەوەی کە مەبەستێکی هەبێت کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ناوەڕۆک هەبێت.

‎ڕەنگیش یەکێکی ترە لەو لایەنە تەکنیکیانەی کە سەرەڕای ئەوەی پەسنێکی زۆر دەکرێت لەلایەن بینەرەکانەوە، بەڵام لە چاوی مندا خراپ بەکارهێنرابوو. جیاکردنەوەیەکی زۆری ڕەنگەکان و زەقکردنەوەی هەندێک ڕەنگ لەناو دیمەنەکاندا، هەموو جارێک سوودیان بۆ لایەنەکانی تری فیلمەکە نابێت، کاتێک کە مەبەستێکی دیاریکراویان لە پشتەوە نەبێت. هەندێک دیمەن دەکرێت دیمەنی جوان بووبێتن و کۆمپۆزیشن و ڕەنگەکان سەرنجڕاکێش بووبێتن. بەڵام کاتێک بەدرێژایی فیلمەکەو لە تەواوی شوێنە جیاوازەکاندا ڕەنگەکان هەمان هەستی دیاریکراو و دووبارەبووەوە بە بینەر ببەخشن، ئەوا جوانی و سەرنجی زۆر، زیانیان دەبێت وەک لەوەی سوودیان هەبیت. بۆ نموونە ناکرێت ڕەنگ لە مردووخانەدا هەمان جۆر و دروستکەری هەمان هەست بێت وەک ڕەنگ لە دیسکۆدا. دەبوو بە دەستکاریکردنی ڕەنگەکان زۆر باشتر کەشەجیاوازەکانی ناو فیلمە جیابکەنەوە وەک لەوەی کە لەسەرەتاوە تا کۆتایی ڕەنگ بۆ بینەر هەمان شت بێت.

‎ئەم کێشە تەکنیکیانەی کە لەکۆتاییدا باسم کرد، بە ئاشکرا دەرخەری ئەوەن کە بودجەی زەبەلاح و ئامێری پێشکەوتوو ئەگەر لە شوێنێکیشدا یارمەتیت بدەن بەرهەمێکی باشت هەبێت و هەریەکەیان قازانجی خۆیان هەبێت، ئەوا کە تۆ نەتتوانی بەباشی بەکاریانبهێنیت لە درێژ ماوەدا زیان شوێنی قازانجەکەیان دەگرێتەوە. ڕەنگ و دەنگ و کامێرا و مۆنتاژ هەموو دەبێت بەکارهێنانێکیان هەبێت کە بەتەواوەتی بە مەبەستی چیرۆکەوە بەسترابێتنەوە و هەموو هاوکاری یەکتری بکەن، بەجۆرێک کە مانای یەکتری تەواو بکەن و بەبێ یەکتری، بوونێکی تەواویان نەبێت. وەک چۆن لە سەمفۆنیایەکدا هەرچەندە هەر ئامێرێک دەکرێت ئاوازێکی تایبەتی خۆیشی هەبێت، بەڵام دواجار بەوە دەگوترێت سەمفۆنیا کە هەموو ئامێرەکان پێکەوە کاریان کردبێت. فیلمیش ڕێک بەم جۆرەیە، فیلمساز دەبێت ئەم لایەنە جیاواز و دوور لەیەکانەوە تێکهەڵکێشی یەک بکات و ئەوەی دەیەوێت بە بینەری بگەیەنێت، لە بەرئەنجامی کارکردنی هەموو لایەنە جیاوازەکانەوە بیگەیەنێت. نەک هەر لایەنێک بە سەربەخۆیی مانایەکی هەبێت و لەگەڵ لایەنەکانی تردا کێشەی هەبێت.

‎لە کۆتاییدا دەمەوێت بێمەوە سەر ئەو سێ کێشەیەی کە لەکاتی باسکردنی پەیکەری دڵدا باسمکردبوو. دوای بڵاوبوونەوەی «پەیکەری دڵ و ٠٩» ئێستا زۆر بەباشی ئەوە سەلمێنراوە کە کێشەی سەرەکیی فیلمی کوردی لە نەبوونی پارە، بینەر و کەرەستەی باشدا نییە. بەڵکو کێشەی لەوە بنەڕەتیتر هەیە. وەک چیرۆک و سیناریۆ، لەوانیش بنەڕەتیتر تێگەیشتن لە فیلم و ئەرک و توانای فیلمساز… کاتێکیش کە ئەم کێشانە بنەڕەتی بن، بودجەی زەبەلاح و ستافی بە ئەزموون و تەنانەت بینەری زۆریش ناتوانن هەبوونی ئەم کێشانە بشارنەوە. بگرە لەوانەیە فیلمێکی بودجە کەم زۆر باشتر لە فیلمێکی بودجە زەبەلاح بتوانرێت کێشەی چیرۆک و سیناریۆی تێدا چارەسەر بکرێت و فیلمسازێکی ڕاستینەی لێوە بەرهەمبێت. بۆیە لەجیاتی ئەوەی کە چەندین ھەزار دۆلار لەملاولا وەربگیرێت و دواتر فیلمێکی لێ دروست بکرێت کە لەوپەڕی توانای خۆی و بە سوودوەرگرتن لە کەم ئەزموونی و سەرەتاییبوونی بینەریش، هێشتا نەتوانێت بودجەکەی خۆی و بودجەی فیلمێکی نوێی هاوشێوەیش پەیدا بکاتەوە، پێویستە ڕێگایەکی تر بدۆزرێتەوە.

‎ ئەگەر بودجەی زەبەلاح و ستافی گەورەی کۆمپانیاکان لەپێش پەیکەری دڵەوە هیوای دەرهێنەرەکان بووبێت بۆ دروستکردنی فیلم، دوای ٠٩ وەستانەوە لە دژی بودجەی زەبەلاح و کۆمپانیای گەورە پێویستە ببێت بە خاڵێکی گرینگی مانیفێستۆیەکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی کوردی لەم سەردەم و قۆناغەی ئێستادا.

هاوبەشی بکە

Kurdish Cinema,