02/05/2024
DidiMn Logo
Top

فڕی! فڕی! خەو فڕی

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

مادێح پیریۆنسی

مۆبایلەکەم بردە گۆشەیەکی دووری ژوورەکەم، بێدەنگم کرد و دامنا تا بێخەم ئەمشەو زوو بخەوم. چرای ژوورەکەشم کوژاندەوە. لاپتۆپەکەم مووزیکێکی ئارامی پەخش دەکردەوە. لاشەم، کە وەک ھەنجیری کوتراوی لێھاتبوو، کێشایە ناو جێخەوەکەم و چاوم نووقاند. ھەر کە چاوم دەنووقێنم لە چاوترووکاندنێکدا چاوم پڕ دەبێت لە خەون. تێناگەم لەو خەڵکەی شکات لە بێخەوی دەکەن. ھەمیشە خەرمانێکی خەو لە پشتی پێڵووەکانی چاومەوە ئامادەی ھەره‌سکردنە. ھەر کە چاوم دەنووقێت، خەون وەک ڕووبارێک لرفەی دێت و چاوم پڕ دەکات. خەون دەبینم؛ خەونی ئاسایی، وەک خەڵکی ئاسایی: خەونی سەردەمی منداڵی، خەونی کەوتنەخوارەوە لە بانێکی بەرزەوە، خەونی گەڕانەوەی مردوویەک کە لە خەوتندا نازانیت مردووە، خەون بە کچە ھاوسێوە، خەونی لەبیرچوونی شت، خەونی مار، خەونی ونبوون و زیندانیبوون، خەونی دەرچوون لە دەستی گورگ و جنۆکە و ھەراوبەزم، خەونی داوەرینی ددان، خەونی کەچەڵبوون، خەونی ڕووتبوون لە بەرانبەری خەڵکدا، خەونی زەماوەندکردن و خەونی خنکان لە ئاودا. زۆربەمان ھەمیشە لەم خەونانە دەبینین. ئەو شەوەیش ھەر کە چاوم نا بە یەکدا، لافاوی خەون ڕژایە چاومەوە و مێشکی داشۆریم. خەونی ساڵانی منداڵیم بینی. خەونێکی ئاسایی، وەک خەونی ھەموو خەڵکی ئەم شارە. لە خەونمدا لەبەر ماڵەکەماندا تۆپێنمان دەکرد. براکەم لەسەر حەساری ماڵەکەمانەوە بانگی کردم کە بچمە ژوورەوە نانی ئێوارە بخۆم. گوتی: ”دێرە بێ ماڵۆ.“ زۆر حەزم لە گەمە بوو. حەزم نەدەکرد بگەڕێمەوە بۆ ماڵ، بەڵام براکەم ھەر بانگی دەکردم. لە دووڕێی گەمە و ناندا بووم کە تەقەی دەرگاکەمان ھەڵسا و لە خەو ڕاچڵەکیم.

لەبەر خۆمەوە گوتم: ھەگ ماڵت کاول بێت! کێیە بەم شەوە خەوی لێ زڕاندین؟ حەتمەن ھاوسێکەمانە و دیسان کلیلەکانی لەبیر چووە. ھەر وا کە من بۆڵەبۆڵم دەکرد، ئەو بێوچان تەقەی لە دەرگاکە دەدا. باش بوو تارا جاف لە ھەیوانەکەدا تەنبووری دەژەند و تۆزێک دەنگی تەقەی دەرگاکەی کاڵ دەکردەوە، ئەگەر نا بە تەقەتەقی دەرگاکە مێشکم دەچوو. لە کونی دەرگاکەوە ڕوانیم، کەس دیار نەبوو. دەرگاکەم کردەوە، کەس لەوێ نەبوو. ملم کێشایە دەرەوە. سەرما دەستی خستە بینم و خەریک بوو بمخنکێنێت. ھەر ئەوەندە بینیم پۆلێک حاجی لەقلەق لەبەر بەفری بەردەرگاکەماندا وەستاون. تۆزێک بەملاولادا ڕوانیم. جگە لەوان کەس دیار نەبوو! لە تاو سەرما ڕام کردەوە ژوورەوە. بیرم کردەوە لەوەی لەقلەقەکان لەسەر بەفری بەردەرگاکەماندا وەستابوون. ھەتا ئەو ڕۆژە لەقلەقی سپیم لەسەر بەفردا نەدیبوو. دەرگاکەم تۆزێک کردەوە و ھەندێک لێیان ورد بوومەوە. ئینجا دەرگاکەم بەست و ھاتمەوە ژوورەوە. ھەرکەس بووە تەقەی داوە، چونکە دەرگاکەم دێر کردەوە چووبوو. ھەر کە دەرگاکەم داخست دەنگی گڤەگڤی با (کە بەفری دەبرد و دەھێنا) کز بوو و دەنگی تەنبوورەکەی تارا جاف لە ھەیوانەوە داڵانەکانی گوێچکەمی پڕ کردەوە. تارا ژێروژوور دەیدا لە تاڵی تەنبوورەکە و دەیویست زستان بنێرێتەوە بۆ ئەوسەری گۆی زەوی، بەڵام زستان ھێشتا لە پشتێنەدا بوو. بەفرەکە ھیچ گوێی لەو نۆتانەوە نەبوو. گەڕامەوە کە بچمەوە بۆ ناو جێخەوەکەم. دووبارە بیرم لەوە کردەوە کە تا ئەمڕۆ حاجی لەقلەقم لە ناوەڕاستی زستاندا لەناو ئەو ھەموو بەفرەدا نەدیبوو. بە خۆمم گوت ڕەنگە دیبێتم و پێم نەزانیبێت، چونکە ئەوانیش وەک بەفرەکە سپین! ئینجا بیرم کردەوە کە نا! حاجی لەقلەق بە پاییزدا دەچوون لە کوردەواری، دەچوون بۆ گەرمەسێر. خەڵک دەیانگوت دەچن بۆ مەکە و مەدینە بۆیە پێیان دەگوتن حاجی! نازانم، شایەتیش نەچن بۆ حەج، چونکە لە مانگی حاجیاندا لەدایک دەبن پێیان دەڵێن حاجی، وەک حاجی قادری کۆیی. شایەتیش چونکە لەقلەقی تەنیا ناخۆشە، دەڵێن حاجی لەقلەق! ئاخر لەقلەقیش بوو بە ناو؟ شایەتیش چونکە لە ناو ئاژەڵەکاندا دەوڵەمەندن ناویان ناون حاجی، با لەقلەقی ڕووتیان پێ نەڵێن. مێشکم خەریک بوو بە لاڕێدا بچێت و شیکردنەوەی چینی کۆمەڵایەتی[1] بۆ کۆمەڵگەی ئاژەڵان بکات، بەڵام بەریمگرت و نەمھێشت. بە خۆمم گوت با لە ئەسڵی باسەکە لا نەدەم، ئەوە بابەتێکی ترە. نزیکەی بیست ساڵێک دەبوو بیرم لەوە نەکردبووەوە کە بۆ بە حاجی لەقلەق دەڵێن حاجی لەقلەق؟ کاتێک منداڵ بووم، زۆر بیرم لە ناوی شتەکان و چییەتی و چۆنێتییان دەکردەوە. بۆچی شتێکی تری پێ ناڵێن؟ بۆ نموونە بۆ پێی ناڵێن سپییە باڵابەرز، یان ملدرێژ؟ شایەد چونکە خەڵکی تر وەهای نابینن. شایەد خەڵکی تر لەقلەق وەکو مارمێلکەیەکی بێپەڕوباڵ دەبینن. بۆیە ئەو ناوانەی بۆ باش نییە. ئەی بۆ پێی ناڵێن مارخۆر، یان قرپۆکخۆر، یان ماسیخۆر؟ وەک هەنگەخۆرە؟ تەواوی نەتەوەکان بە هەنگەخۆرە دەڵێن هەنگەخۆرە[2]. بڕێکی تر بیرم کردەوە و بە خۆمم گوت تۆرنتۆ ھەر حاجی لەقلەقی لێ نییە. چووم لە ویکیپیدیادا گەڕام تا بزانم تۆرنتۆ حاجی لەقلەقی سپیی لێیە؟ وەڵامەکەی نە بوو. مەبەستم ئەوەیە وەڵامەکەی نایەکی گەورە بوو، چونکە دەزانم ھەندێک کەس وەھا دەیخوێننەوە کە وەڵامەکەی نه‌بوو، یانی وەڵامەکەی بوونی نەبوو! ئەوەش لە کێشەکانی ڕێنووسی کوردی و نەبوونی کیبۆردی کوردییە لە ناو خەڵکدا. با جۆرێکی تر ڕستەکە دابڕێژم کە سەر لە خوێنەر نەشێوێت: نووسرابوو تۆرنتۆ و کەنەدا حاجی لەقلەقی سپیی تێدا نییە.

بە خۆمم گوت چاوم ڕمۆڵەی کردووە. ئەوە لە ویکیپیدیادا نووسراوە ئەم شارە حاجی لەقلەقی سپی تێدا نییە. ئینجا بیرم کردەوە کە ویکیپیدیا خەڵک دەینووسێت. کێ دەڵێت حاجی لەقلەقێکی ملڕەش ئەوەی نەنووسیوە؟ ئاخر ڕۆژێک لە پیرەژنێکم بیست (یان لە ویکیپیدیادا خوێندمەوە) کە باوکوباپیرانی حاجی لەقلەقە سپییەکان باوکوباپیرانی حاجی لەقلەقە ملڕەشەکانیان کوشتووە و کردوونیان بە کۆیلە. بۆیە بڕێک لە حاجی لەقلەقە سپییەکان و حاجی لەقلەقە ملڕەشەکان ئێستاش ڕقیان لە یەکە، بەڵام لەوە ناچێت ئەوە ڕاست بێت. ئاخر چ گیانلەبەرێک تا ئێستا گیانلەبەرێکی تری کردووە بە کۆیلە؟ شتی وەھا چۆن دەبێت؟ ئینجا کێ ئەوەندە داماوە دەبێت بە کۆیلەی کەسێکی تر؟ شتی وا ھەر نابێت. ئینجا بیرم دێت حاجی لەقلەقی سپی لە کوردەواری زۆر بێمزەڕەت بوو. زەرەریان بۆ کەس نەبوو. چۆن مومکینە باوکوباپیرەکانیان ئاوەھا دڕ و بێڕەحم بووبێتن؟ بڕێکی تر ئینتەرنێت گەڕام. نووسرابوو حاجی لەقلەقی سپی لەم شارەدا نییە. نەمدەزانی ئایا بڕوا بە ئینتەرنێت بکەم یا نا؟ بە داخەوە حەقیقەت چەند لۆنەیە و ھیچ کات بەتەواوی لێی تێناگەین. بۆیە کە گەورە بووم وازم ھێنا لە گەڕان بە شوێن حەقیقەتدا و سەری خۆم بە شتی ترەوە گەرم کرد، بەڵام ئێستا دوای چەندین ساڵ کتوپڕ ئەم پرسیارەی بوون و نەبوونی حاجی لەقلەقە تەواو مێشکی داگیر کردبووم. بیرۆکەیەک ھات بە سەرمدا، گوتم زەنگ دەدەم و لە فاکس نیوز[3] دەپرسم. جا دوابەدوای ئەوە زەنگ دەدەم بۆ سی ئێن ئێن[4] و ھەمان پرسیاریان لێ دەکەم. بزانم ئەوان دەڵێن چی؟ ڕاستییەکە ڕەنگە شتێک بێت لە نێوان ئەو دوانەدا. دەنگی تەنبوورەکەی تارا جاف ھەر دەھاتە گوێم لەودیو دیوارەکەوە. خەریک بووم ژمارەی فاکس نیوزم دەگرت کە دووبارە کەسێک تەقەی دایەوە لە دەرگای ماڵەکەمان. بانگم کر: ”تارا گیان، دەتوانیت ئەو دەرگایە بکەیتەوە؟“

تارا جاف گوتی: ”ببوورە! من خەریکی تەنبوورلێدانم. خۆت دەزانیت ئەگەر من تەنبوور لێ نەدەم، سەرما دەمانبات. بۆیە خۆت بیکەرەوە.“ لەم قسانەدا بووین کە فاکس نیوز وەڵامی دایەوە. گوتم: ”ببوورن ویستم بزانم لەم شارەدا حاجی لەقلەقی سپی ھەیە؟“ گوتی: ”خەڵکی کوێن ئێوە؟“ نەمزانی بڵێم چی! ئەوە پرسیارێکی گەورە بوو. من خەڵکی کوێم؟ ھەوڵ بووم و لە بیرم چووەوە تەنانەت ئێستا لە چ شارێک دەژیم! ڕووم نەھات بڵێم نازانم. گوتم: دەنگت نایە. دەزانم چەند پەرەگراف لەمەوپێش ناوی شارەکەم ھێنا، بەڵام تاقەتم نەبوو بە ڕستەکان و پەرەگرافەکانی مێشکمدا بڕۆمەوە و ناوەکەی بدۆزمەوە، بۆیە مۆبایلەکەم ڕۆشن کردەوە. لە سەرەوەی نووسیبووی: تۆرنتۆ، پلەی گەرمی 10 پلەی سانتیگراد ژێر سفر. گوتم:

  • شاری تۆرنتۆی کەنەدا.
  • گیانلەبەرەکە چ بوو؟
  • حاجی لەقلەقی سپی.
  • بەڵێ، چونکە سپییە حەتمەن ھەیە و لەوێ بووە و ھەر بە خۆماڵی لەوێ ژیاوە[5]، ئەسڵیشیان مەسیحی بووە.

سوپاسیم کرد و خواحافیزیم کرد. کەسێک ھێشتا ھەر تەقەی لە دەرگاکە دەدا. گوتم با زەنگێک بۆ سی ئێن ئێنیش بدەم جا دەرگاکە دەکەمەوە. زەنگم دا و ھەمان پرسیارم کرد. کەسێک وەڵامی دایەوە و گوتی: ”حاجی لەقلەق؟ نازانم، ناوەکەی لە ناوی موسڵمان دەچێت. سەرۆککۆمارە پێشووەکەمان ناوەکەی لە ھیی موسڵمان دەچوو و لە ئەمریکاش لەدایک بووبوو. ھەندێک ویستیان بڵێن لە ئەمریکا لەدایک نەبووە، بەڵام بووبوو. بۆیە حەتمەن حاجی لەقلەقیش بە خۆماڵی لە ئەمریکا و کەنەدا بووە و ھەیە.“ سوپاسم کرد و پێم گوت وەڵامەکەی لەوانەیە دروست بێت. چونکە فاکس نیوزیش گوتوویە حاجی لەقلەق لە ئەمریکا و کەنەدا بووە و ھەیە. ھەر کە وام گوت لەوپەڕی تەلەفۆنەکەوە ھەڵبەزییەوە و گوتی:

  • چی؟ چی؟ فاکس؟ نا! ئەگەر ئەوان وایان گوتبێت، وەھا نییە. ئەو گیانلەبەرە لە کەنەدا نییە.
  • کام گیانلەبەر؟
  • نازانم. ھەر ئەوەی ئێستا گوتت.
  • حاجی لەقلەق؟
  • ئەرێ.
  • دەی خۆ گوتتان ھەیە.
  • نا! شتی وەھا نییە. سوپاس. شەوێکی خۆش.

ئەویش گوتی نییە! نازانم سی ئێن ئێن لەبەر دڵی حاجی لەقلەقە ملڕەشەکان وەھای گوت یان چی؟ ھێشتا تەقەی دەرگاکە دەھات. گوتم: ”تارا گیان! دەرگاکەت باز نەکرد؟“ تارا جاف گوتی: ”نا! من پێم گوتیت خەریکم تەنبوورە لێ دەدەم. دەزانیت ئەگەر ئەم سازە نەژەنم سەرما دەمانبات.“ ڕاست دەکات، پێی گوتبووم. زۆر جاری تریش پێی گوتبووم. دەڵێت ئەگەر من تەنبوورەکەم نەژەنم زستان دوایی نایەت و بەھار نایەت. بۆیە لە سەرمادا دەمرین. ھەموو درەختەکان و سمۆرەکان و وەنەوشەکان و قازەکانی ئەم شارەش لە سەرمادا دەمرن. تارا جاف مۆسیقاژەنێکی باشە. لەوە باشتر ئەوەیە کە ھاوماڵییەکی باشیشە. لەو کاتەوە کە ئەم خانووەمان پێکەوە گرتووە، خەریکی کاری خۆی بووە. بۆ خۆی تەنبوورەی خۆی لێ دەدات و کاری بەسەر کەسەوە نییە. ھەموو کەسێک ئەوەندە ھاوماڵییەکی باش نییە. بەر لە ئەم، ئێمیلی دیکینسۆن ھاوماڵم بوو. ئێمیلی شاعیرێکی زۆر باش بوو، بەڵام ڕاستییەکەی ھاوماڵییەکی زۆر باش نەبوو. بۆ نموونە جارێکیان لافاوێکی دەق کردبوو و خستبوویە کابینەتی ئاشپەزخانەکەمان[6]. منیش بێخەبەر کابینەتەکەم کردەوە و لافاوەکە ژڵەژا و ھات بە سەرمدا. ئەوە ھیچ کە خۆم خەریک بوو بخنکێم، تا چەند ماڵ بەولاوەیش ئاو بردی؛ یان جارێکی تر دڵۆپە ئاگرێک لە قەڵەمەکەی داکەوت و ھەموو مێز و  سەندەڵییەکانمانی سووتاند. دەیگوت خەتای من نییە. من وەھا شیعر دەنووسم. دەیگوت من ڕۆژی ئەوەڵ کە ھاتمە ئەم ماڵە گوتم شاعیرم و شیعر دەنووسم. ڕاستیشی دەکرد، بەڵام نەیگوتبوو بە لافاو و ئاگر شیعر دەنووسێت، یان تفەنگێکی پڕی پێ بوو کە ھەمیشە لە ژوورەکەی بوو. دەیگوت ژیانی من تفەنگێکی پڕە[7]. ھەرچی دەمگوت: کچێ دەتگرن ئێرە ئەمریکا نییە؛ یان لانیکەم فیشەکەکانی لێ دەربھێنە. دەیگوت: نا، ھەرکەس ژیانی خۆی جۆرێک دەژیی و ئەوەش ژیانی منە. بەڵام تارا جاف ئەوەندە ترسناک نەبوو. خەریکی کاری خۆی بوو و زەرەری بۆ کەس نەبوو. بەر لە ئێمیلییش ویڵ دورانت لەم ماڵەدا بوو. ئەویش پیر بووبوو. جارێکیان ناردمی لە شوێنێک پێنج-شەش نوسخە لە کتێبەکەی بھێنمەوە. منیش قبووڵم کرد و چووم. کە گەیشتمە ئەوێ بینیم پێنج-شەش کارتۆن کتێبە. تۆ مەڵێ مەبەستی لە کتێبەکەی چیرۆکی شارستانییەت بوو کە یازدە بەرگە! ئەو زوو لێرە بوو. ئێستا خەبەرم لێی نییە. نازانم کتێبەکەیشی بە کوێ گەیشت. دوای ئێمیلییش تارا جاف ھات. نازانم ساڵی چەند بوو! سەیری ویکیپیدیا دەکەم نووسراوە ئێمیلی دیکینسۆن ساڵی 1886 مردووە. دەی حەتمەن تارا جافیش لەو کاتەوە لەم ماڵەدایە. ڕەنگە لەبەر برێکسیت[8] ھاتبێت بۆ ئەم شارە. نازانم! بیرم نایەت. زۆر ساڵە خۆم لێرەم. بەھەرحاڵ ئەوەم عەرز دەکردن کە ئەم ھاوماڵییە تازەیەم ئەوەندە دەسەپاچە نییە و شتی لەبیر ناچێت و سەری بە کاری خۆی گەرمە. تەنیا شتێک کە ھەیە ئەوەیە ھەمیشە خەریکی تەنبوورلێدانە و بۆ کاری ماڵ ھاوکاری ناکات. تەنانەت ئەگەر بڵێم ئەو دەرگایەش بکەرەوە، نایکاتەوە و دەست لە کارەکەی ھەڵناگرێت. دەڵێت: ”ئیشی من تەنبوورلێدانە.“ قسەی دەرگام کرد، ھاتەوە بیرم ھێشتا لە دەرگاکە دەدەن. ھەرکەس ھەیە ڕەق بووەتەوە ھەتا ئێستا! خوای کەنەدا ڕەحمی پێ بکات.

چوومەوە بەر دەرگاکە و کردمەوە. بینیم یەکێک لە حاجی لەقلەقەکانە. ڕوانیم بۆ ناو چاوی: پیر و پەشۆکاو و پەڕپووت. دیار بوو تەواو ماندووە و سەرماش بێتاقەتتری کردووە. بە ئینگلیزییەکی تێکشکاو گوتی: ”ببوورن زۆر تەقەم دا. ببوورن ئێوە لێرە…“ جۆری قسەکردنەکەی بەجۆرێک بوو. بیرم کردەوە و بە خۆم گوت شایەت زاراوەی حاجی لەقلەق بۆ ئینگلیزی قسەکردن وایە. ئینجا بیرم کردەوە گوتم کابرای فاکس نیوز ڕاستی کرد. ئەمانە حاجی لەقلەقن و بەڕاستی لێرەن. نەمھێشت قسەکەی دوایی بێت پرسیم:

  • ببوورە ئێوە حاجی لەقلەقن؟
  • بەڵێ.
  • ئەی چی ئەکەن لەم شارە؟ ئێرە خۆ حاجی لەقلەقی لێ نییە.
  • نەخێر. ئێمەیش خەڵکی ئێرە نین. ڕێبوارین.
  • ئەی خەڵکی کوێن؟
  • ئەوە پرسیارێکی گەورەیە.
  • ئەی لە کوێوە ھاتوون؟ بۆ کوێ ئەچن؟

بڕێک زەقەزەق بۆی ڕوانیم و تفێکی قووت دا! چەند چرکەیەکی خایاند ھەتا تفەکەی بە ملە درێژەکەیدا چووە خوارەوە و گەیشتە ناو سکی. ئینجا گوتی:

  • لە سووریاوە.
  • چۆن لە سووریاوە گەیشتوونەتە ئێرە؟
  • لەبەر شەڕی سووریا.
  • شەڕەکەی سووریا ھێشتا ھەر ھەیە؟
  • بەڵێ.
  • چەند وەختە شەڕە؟
  • کەس نازانێت. تەنانەت ئیتر بیرمان نایەت ڕۆژی یەکەم شەڕەکە لەسەر چی بوو.
  • دەی باشە ئێوە خەڵکی ئەوێن؟ چۆن گەیشتنە ئێرە؟

تفێکی تری قووت دا! بۆیە چەند چرکەیەک بێدەنگ بوو. سوێند دەخۆم بەرگەی چوار تفقووتدانی تری دەگرم، ئەوەندە ھەوا ساردە. ئینجا گوتی: سەدان ساڵە ئێمە و باوکوباپیرانمان بە زستاندا دەچین بۆ دەوری سووریا، ھەندێک جاریش بۆ تورکیا و ئەوروپا. ئەوێ بە زستاندا گەرمترە لە زرێبار و دەوروبەری. بەھاران دەگەڕاینەوە. پێرارەکە زستانیش لە سووریا بووین کە شەڕ تەواو ھەڵیکرد. ئیتر نەمانتوانی بگەڕێینەوە. لەگەڵ شەپۆلی پەنابەرەکان بە ئەوروپادا ئاوارە بووین. دوای دوو ساڵ سواری کەشتی بووین تا بچین بۆ ئەمریکا. گوتیان لە فلۆریدا شوێنی گەرم ھەیە کە حاجی لەقلەق دەتوانێت تێیدا بژیی. ئیتر منیش لەبەر مناڵەکان وازم لەو ئاوارەییە ھێنا و ھاتم بۆ ئەمریکای باکوور. ھەندێک زکم پێی سووتا. بەتایبەت کە زانیم لە حاجی لەقلەقەکانی زرێبارە. بیرم لەوە کردەوە ئەم ھەژارە سەعاتێکە تەقە لە دەرگاکەم دەدات. تۆزێک بیرم کردەوە و بە موحتەرەمانە و بە کوردیی سۆرانی پێم گوت:

  • خاڵۆ حاجی ئێرە زۆر دوورە لە فلۆریدا. ئێرە تۆرنتۆیە و لە کەنەدایە. لێم ناڕەحەت مەبە، بەڵام لێرە حاجی لەقلەق ھەڵناکات. ئێرە ساردە. چۆن گەیشتنە ئێرە؟

ھەر بە یەکەم وشەکەم (واتە خاڵۆ حاجی) پیرانی بردەوە و ماوەیەکی زۆر پێکەنین بەری نەدا. سەرم سووڕما لەوەی ئەو ناوچاوە غەمگینە سەرمابردووە چۆن پێکەنینی لەبیر ماوە. گوتی:

  • خاڵۆ حاجیی چی؟ تۆ کوردیت؟
  • بەڵێ. پێکەنینی بۆ چییە؟
  • ببوورە زۆر پێکەنیم. بە تۆ پێنەکەنیم.

پێکەنینەکەی تەواو بۆ نەگیرسایەوە. من ھەندێک خەجاڵەتم کێشا. تا ئەو شەوە حاجی لەقلەق پێم پێنەکەنیبوو. ویستم بچمە ماڵەوە. دەستی دایە بەر دەرگاکە و گوتی:

  • ببەخشە. بە تۆ پێناکەنم. موسڵمانەکان ھەر بە زۆرەملی بە ئێمە دەڵێن حاجی! ڕاستییەکەی ئێمە ناچین بۆ حەج. حاجی لەقلەق لە گەرمای عەرەبستاندا ھەڵناکات. من خۆم بە ڕەچەڵەک یەزیدیم، نەک موسڵمان. نازانم چۆنە ھەم موسڵمانەکان ئێمەیان خۆش دەوێت و ھەم ئەوروپییەکان. لە ئەوروپا دەڵێن ئێمە مناڵی تازە دەبەین بۆ ژنی دووگیان! لە چیرۆکەکانیاندا لەقلەق کۆرپەی ساوا بە دەنووک دەگرێت و دەیبات بۆ بنەماڵەکان. جارێکیان قەلەڕەشێکی تورک بە گەمەوە پێی گوتم: ”ئێوە ژنی خەڵکیش دەگێن، ھێشتا خەڵک ئێوەیان زیاتر لە ئێمە خۆش دەوێت.“ بەوە پێدەکەنیم.

حاجی لەقلەقەکە ھەروا بۆ خۆی خەریکی قسە بوو. من خەریک بووم لەو دەنووکە درێژەی ورد دەبوومەوە. بیرم دەکردەوە کە چۆن ئەو وشانە لەو دەنووکە درێژە ڕەقوتەقەوە دێنە دەر؟ ئاخر نە لێوێکی ھەیە نە شتێک. ئەوەی بیرم بێت لەقلەق ھەر دەنووکەتەقەی دەزانی! ئینجا دەنووکیشی زۆر درێژ بوو. وەک قاچەکانی. ھەر بە مناڵیش حەزم دەکرد دەست بگرم بە دەنووکی حاجی لەقلەقێکەوە بزانم فەرقی چییە لەگەڵ قووناری مێو؟ بە مناڵی [وەک ھەموو مناڵی تر] فەیلەسووفێک بووم بۆ خۆم. بەڵام چون فەلسەفە نابێت بە نان، وەک غەزالی، تەشییەکەم تێکشکاند و تێمھەڵدا. ئێستا ئەو ھەستەی منداڵی سەری ھەڵدابووەوە. ویستم دەستێک بھێنم بەو ملە درێژەیدا بزانم ڕاستییە؟ ئاخر چۆن مل ئەوەندە درێژ دەبێت؟ بەڵام نەموێرا! گوتم ڕەنگە لێم زوویر ببێت. ئەو ھەر گەرمی قسە بوو و باسی ئەوەی دەکرد چۆن لە ئەورووپاوە گەیشتوونەتە ئێرە. منیش کە کەوتەوە بیرم قسە بۆ من دەکات، بڕێک سەرم ڕاوەشاند، یانی گوێی بۆ دەگرم. ئینجا گوتم:

  • ئەی چۆن گەیشتنە ئێرە؟
  • دەی خۆ عەرزم کردیت. بە ڕێی فلۆریداوە بووین کە پۆلیس بەری گرتین و داوای پاسپۆرتی لێ کردین. گوتم ئێمە پاسپۆرتمان نییە. ئێمە حاجی لەقلەقین و ھەزاران ساڵە بۆ خۆمان دێین و دەچین و کەس کاری بە سەرمانەوە نییە و ئێمەش کارمان بە کاری کەسەوە نییە. کاتێک پرسییان لە کوێوە دێین؟ گوتم لە زرێبارەوە چووین بۆ سووریا و لەوێوە بۆ ئەوروپا و ئێستاش دەچین بۆ فلۆریدا. ھەر لەوێدا لێمان ئاڵۆزان کە ئێوە چونکە لە سووریاوە ھاتوون ناتوانن بێنە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکان. گوتی پاشایەکی تازەمان ھەیە کە ناھێڵێت خەڵکی چەندین وڵات بێنە ناو ئەمریکا. سووریاش یەکێکیانە. ھەرچی گوتم ئێمە لە زرێبارەوە ھاتووین. ئێمە خەڵکی ھیچ کوێ نین. ئێمە لەقلەقین. گوتی نا! زرێبار لە کوێی نەخشەدایە؟ تۆ گوتووتە سووریا و ڕێگەت نییە بێیتە ناوەوە. مەگەر ئەوەی پاسپۆرتەکەت بھێنیت کە پیشان بدات سووریایی نیت.
  • ئەھا! دەی ئێستا چیتان کرد؟
  • دەی ھیچ، ھاتم بزانم لێرە پاسپۆرت دەست دەکەوێت؟

ھەر لەو کاتەوە کە گوتی ئەمریکا پاشایەکی تازەی بۆ ھاتووە من پێکەنین زۆری بۆ ھاوردبووم. کە پرسیی پاسپۆرت لێرە دەست دەکەوێت، چیتر خۆم بۆ نەگیرا و بڕێک پێکەنیم. گوتم:

  • نا! خاڵۆ حاجی. پاسپۆرت بەو ئاسانییە دەست ناکەوێت. تۆ ئەشێت شارۆمەندی ئێرە بیت ھەتا پاسپۆرتت پێ بدەن.
  • یانی چی شارۆمەندی ئێرە؟ پاسپۆرت چییە؟
  • خاڵۆ حاجی، مرۆڤ دنیای دابەش کردووە بە سەر وڵاتاندا. ھەر گەلێک و وڵاتی خۆی ھەیە. ھەموویان پاسپۆرتی وڵاتی خۆیان وەردەگرن.
  • ئەی حاجی لەقلەقەکان؟ ئێمە کە پاسپۆرتمان نییە چی بکەین؟
  • یانی حاجی لەقلەقەکان دەوڵەتی خۆیان نییە؟!
  • نەوەڵا نیمانە.
  • دەی چۆن شتی وەھا دەبێت؟ ھەموو نەتەوەیەک دەوڵەتی خۆی ھەیە.

ویستم لە ئینتەرنێتدا بگەڕێم بزانم حاجی لەقلەقەکان وڵاتی خۆیان ھەیە یان نا، بەڵام نەمدەزانی چۆن بگەڕێم؟ بۆ نموونە بۆ کۆماری حاجی لەقلەقەکان بگەڕێم؟ یان بۆ لەقلەقستان؟ یان بۆ حکومەتی یەکگرتووی لەقلەقی… یان چی؟ ئینجا گوتم ڕەنگە ئەم لەقلەقە گەمە بە من بکات. گوتم شایەدیش خەون دەبینم. دیسان ویستم دەست بەرم بۆ ملە درێژەکەی بزانم ڕاستییە یان خەونە، بەڵام بەری خۆم گرت و پرسیم:

  • دەی ئێستا بۆچی ھاتن بۆ ماڵی ئێمە لە ناو ئەم ھەموو ماڵەدا؟ من چی بکەم؟
  • وەڵا گوێمان لە دەنگی تەنبوورەکەوە بوو. مناڵەکەمان گوتی ئەوە تەنبوورەکەی تارا جافە. ساڵێکیان لە سوور[9] چووین بۆ کۆنسێرتەکەی. گوتم ڕۆڵە ئاخر تارا جاف لە کوێ و ئێرە لە کوێ؟ بەڵام گوتم ئەگەر ڕاست بکات ڕەنگە ئەو بتوانێت یارمەتیمان بدات پاسپۆرتێک بگرین کە ڕەق نەبینەوە لە سەرمادا.

من تارا جافم بانگ کرد:

  • تارا گیان بەعزێک حاجی لەقلەق ھان لەبەر دەرگادا. زۆر قسەی سەیروسەمەر دەکەن و دەڵێن تۆ دەناسن.

بڕگەکانی دەنگی تارا جاف، کە لەگەڵ نۆتی تەنبوورەکەدا تێکەڵ دەبوون، گەیشتنە گوێم کە گوتی:

  • حەتمەن ڕاست دەکەن. حاجی لەقلەق درۆ ناکات. بانگیان بکە ژوورەوە. من خەریکم تەنبوورە لێ دەدەم.
  • فەرموون بێنە ژوورەوە خاڵۆ حاجی. مناڵەکانتان سەرمایانە.
  • نا! زۆر مەمنوون. حەز ناکەین بێینە ژوور. دێرە! تکایە ئەگەر دەکرێت بڕێک پاسپۆرتمان پێ بدەن با بچین. مناڵەکان لەم شارەدا سەرمایان دەبێت.

وا دیار بوو ھیچ لە قسەکانم تێنەگەیشتووە. بەڕاستی ئەوەی کە حاجی لەقلەقێک لە مەسەلەی دەوڵەت-نەتەوە و چییەتی و چۆنێتیی پاسپۆرت تێبگەیەنیت ئاسان نییە! پێشتر مەسەلەی دەوڵەت-نەتەوەم بۆ چەند کەس باس کردبوو و ھەموویان تێگەیشتبوون. دەڵێن ھیچ بوونەوەرێک لە مرۆڤ ناحاڵیتر نییە، بەڵام دیارە وەھایش نییە. مرۆڤ ئەگەر خۆی حەز بکات باش تێدەگات. بەھەرحاڵ ھەرچی لێیان پاڕامەوە نەھاتنە ژوورەوە. ھاتمە ماڵەوە تا لەگەڵ تارا قسە بکەم بزانم چی بکەین. ھەر وا کە سەرم ڕادەوەشاند و بە پلەکاندا دەھاتمە خوارەوە بۆ ھەیوانەکە لە ناکاو دەنگی تەقەی فیشەکی تفەنگێک ھات. بە تەقەکە لە خەو ڕاچڵەکام. تەواوی گیانم ساردەوە بووبوو. لە دڵمەوە ھەتا ناوکم ھەستم بە سەرمایەکی کوتوپڕ و تیژتر کرد. بڕێک لەملاولام ڕوانی و ماوەیەکی پێچوو تا بزانم لەخەو ڕاچڵەکاوم. بە خۆم گوت ئەو تەقەیە لە کوێوە ھات؟ لە خەونمدا تفەنگمان نەبوو. ڕەنگە تفەنگی پڕی ژیانی کچە شاعیرێک بووبێت کە تەقابێت. شایەدیش ئێمیلی دیکینسۆن لە دوای مەرگی تفەنگە پڕەکەی، ژیانی خۆی لە ژوورەکەی جێ ھێشتبێت و بە جۆرێک تەقابێت. ھەرچی بوو وا بزانم خەون بوو. ھەرچی بوو چووبوو. بیری ڕابردووکردن بەتاڵەتە. بیری خەونی ڕابردووکردن بەتاڵەت و حەماقەتە. بۆیە ویستم خۆم لەو بەتاڵەت و حەماقەتە لا بدەم و بیری لێ نەکەمەوە.

ڕوانیم بۆ کاتژمێری ژوورەکەم. سەعات حەوتی بەیانی بوو. بینیم لاپتۆپەکەم لەسەر مێزەکەمدایە و دوێنێشەو لەبیرم چووبوو بیکوژێنمەوە. تارا جاف لە یوتوبدا چەنگی دەژەند. دەنگی چەنگەکە دەچوو بە گوێچکەمدا و ھەندێک لە تاڵیی دەممی دەشۆرییەوە و سەرماکەی سەر سنگمی کاڵ دەکردەوە. لە دڵی خۆمەوە بە خۆمم گوت: “چ خەوبێکی نامۆم بینی؟ ئەو حاجی لەقلەقانە قسەیان دەکرد. ڕاستی ئەوە خەون بوو یان ڕاستی بوو؟” ھەرچی بیرم کردەوە زیاترم وەبیر نەھاتەوە. بە خۆم گوت با چیتر بیری لێ نەکەمەوە، بەڵام خوێنەری ئازیز ئێوەش دەزانن مرۆڤ بڕێک جار حەزی لە بەتاڵەت و حەماقەتە. بۆیە بڕێکی تر قولۆرایی مێشکم ماشییەوە. ئینجا کەوتەوە بیرم کە تارا جاف لە خەونمدا ھاوماڵیم بوو و تەنبوورەی لێ دەدا. ئینجا ئیتر دڵنیا بووم خەون بووە، چونکە ئێستا لە یوتوبدا لە پێش چاومدا چەنگی لێ دەدا. سەیری لاپەڕەی فەیسبووکەکەیم کرد، دوێکە لە ئەوروپا کۆنسێرتی هەبووە. بۆیە ناتوانێت لێرە بووبێت. ئینجا سەیری ویکیپیدیام کرد نووسیبووی تارا جاف چەنگ لێ دەدات نەک تەنبوور. بە خۆمم گوت ئەھا حەتمەن خەون بووە. دەزانم ئێوەش لەم خەونانە دەبینن کە لە دوای ھەڵسان تا ماوەیەک نازانن خەوتوون یان بەخەبەرن. دەستم کێشا بۆ سەرمێزەکە کەمێک ئاو بخۆمەوە تا تاڵییەکەی دەمم ببات. دەستم نەگەیشت بە قتووە ئاوەکە. سەرم بەرز کردەوە تا ئاوەکە ھەڵبگرم، بینیم جێخەوەکەم پڕ بووە لە شتی سپی و بڕێکیش سوور! ئەوە ئیتر چی بوو؟ یا پیرخزری گاڕان! چاوم سڕی و ھەڵسامەوە سەرنجم دا. بینیم پەڕوباڵی حاجی لەقلەقە! ھەندێکیش قاچوقول! بڕێکیان خوێناوی بوون. خوێنەکەی تازە بوو و وشکەوە نەبووبوو. سەرم سووڕما! بڕێکیش ترسام. بۆ بیشارمەوە لە بڕێک زۆرتر بوو. ھەرەسێک ترسام. زۆر ترسام. حەپەسام. مرۆڤ کە لە شتێک تێنەگات دەترسێت. کە جوان ڕوانیم، گومانم ڕەوایەوە. بەڵێ، پەڕوباڵی حاجی لەقلەق بوو. قاچە درێژەکانیشیان. خوێنێکی تازەیشیان پێوە بوو. بە ترس و لەرزێکەوە دەستم برد و دەستم دا لە قاچێکەوە. زبر و ڕاستی بوو. خوێنەکەی سەری گەرم بوو. خەون نەبوو.

بە خۆمم گوت ئەمانە چین؟ بڵێیت ئەو شتانەی دوێنێشەو بینیم خەون نەبووبێت؟ بڵێیت ھەمووی ئەو حاجی لەقلەقانەم کوشتبێت؟ نەوەکا ھەموویانم خواردبێت؟ تووشی نەخۆشیم نەکەن ئەی ھاوار! بڵێیت من شێت بووبم؟ بڵێیت ئەو تەقەیەی دوێنێشەو ھات و لە خەون ڕایپەڕاندم تەقەی تفەنگی ڕاستی بووبێت؟ بڵێیت من لەو کەسانە بم لە خەوندا دەڕوات و دوێنێشەو بە تفەنگەکەی ژیانی ئێمیلی دیکینسۆن تەقەم لە ھەندێک حاجی لەقلەقی بێگوناھ کردبێت؟ کورە خۆ دەوڵەت بزانێت ئەو ھەموو حاجی لەقلەقەم بە تفەنگی بێجەواز کوشتووە و خواردوومن دەمکەنە زیندان! ھەتا حاڵییان دەکەم تفەنگەکە ھیی من نەبووە و ژیانی ئێمیلی دیکینسۆن بووە، لە زینداندا دەمرم. دڵنیام زیندانبانەکانی ھیچ وڵاتێک شیعری ئێمیلی دیکینسۆن ناخوێننەوە و لێم تێناگەن. ئینجا بە خۆمم گوت خۆ کەنەدا حاجی لەقلەقی لێ نییە. چۆن لەسەر شتێک کە نییە دادگاییم دەکەن؟ ئەوە تۆزێک دڵنەوایی دامەوە. لە ویکیپیدیادا گەڕام بۆ ئەوەی کە دڵنیا بم. نووسیبووی کەنەدا حاجی لەقلەقی سپیی تێدا نییە. بەوەوە دانەکەوتم. چووم مەنجەڵ و کەوچک و چەتاڵەکانی ماڵەوەم پشکنی بزانم گۆشتی لەقلەقی پێوە نەبێت…؟ ھیچیان پێوە نەبوو. ئینجا چووم ھەموو کونوکەلەبەری ماڵەکە گەڕام بزانم تفەنگی پڕی تێدا نییە. ھیچم نەدۆزییەوە. سەرم سووڕما. برسیم بوو، سکم قۆڕەیەکی لێوە ھات. بۆیە گوتم لەوەدەچێ ئەمە خۆی بەڵگە بێت کە ھیچم نەخواردووە. ئەی ئەم ھەموو پەڕە لەقلەقە خوێناوییە لە ناو جێگەکەمدا چی دەکەن؟ ڕەنگە ھاوماڵییەکانم لەقەسد وەھایان کردبێت کە گەمەم پێ بکەن و بمترسێنن. کورە خۆ ئێستا ھاڵۆوین نییە! کورە من شێت بووم، ھاوماڵیی چی؟ ئەم ماڵە بێجگە من کەسی تێدا نەبووە. من بە تەنیا دەژیم. بڕێکی تر بیرم کردەوە و گوتم ھەرچی ھەیە دەیخەمە دەڵقێک و تا خەڵک ھەڵنەساون لە خەو دەیخەمە ناو زبڵەکانی بەر دەرگا. دەڵقێکی گەورەم ھاورد و ھەمووی پەڕ و باڵ و قاچوقولەکانم تێخنی و بردمە بەر دەرگا تا بیخەمە ناو زبڵەکان. بینیم کەسێک خەریکە ئەژغاڵەکانمان دەپشکنێت. ترسام. ئینجا کە سەری بەرز کردەوە و منی بینی ئەویش ترسا! نازانم کێ بوو. حەتمەن سواڵکەرێکی بێماڵوحاڵ بوو، بە شوێن شتێکەوە لە ناو زبڵەکاندا دەگەڕا. بۆی ڕوانیم و ھەندێک لە دەڵقە زلەکەی دەستم ورد بووەوە. ئینجا تەماشای ڕوخسارمی کرد کە ترس تاڵانی کردبوو و تەنیا دەمێکی تێدا ھێشتبووەوە بۆ قسە. ئینجا چاوی ھاتە خوارەوە و لەسەر لەکە خوێنەکانی سەر ژێرکراسە سپییەکەم قفڵ بوو. ھەر وا کە بۆ لەکە خوێنەکانی دەڕوانی گوتی:

  • دوێنێشەو خەونت بینی؟
  • چیت گوت؟ ببەخشە حاڵی نەبووم؟ بەڵێ؟
  • دوێنێشەو خەونت بینیوە برام؟ چیت ھەیە لەو دەڵقە گەورەیەدا. ھەر خەون ئەوە پڕ دەکات.
  • بەڵێ. خەونم بینی. ھەموو کەسێک خەون دەبینێت. بۆچی؟ چییە؟

بۆ چرکەیەک بیرم کردەوە کە ئەم سواڵکەرە چۆن دەزانێت من خەونم بینیوە و من بۆ لەگەڵی قسە دەکەم. ویستم بە دەڵقەکەوە بچمەوە ماڵەوە. کابرا بانگی کردم:

  • بێ… مەترسە. پاشماوەی خەونەکەت فڕێ دەیە ناو زبڵەکان بزانم چیت بینیوە. ئەو پەڕانە چین ھاتوونەتە دەر لە دەڵقەکە؟ خەوی قازت بینیوە یان سۆنە؟

بە ترس و شەرمێکەوە گوتم:

  • حاجی لەقلەق!
  • ئێرە حاجی لەقلەقی نییە. ڕەنگە تازە ھاتبێتیت.

بێدەنگ بووم. ئینجا پرسیم:

  • ئەمانە لە کوێوە دەزانیت؟
  • خەڵکی ئەم شارە ھەموو شەوێ خەونی جۆراوجۆر دەبینن. نەک ھەموویان، زۆرێکیان، بەڵام ھەموویان ھەر شەو لە جێخەوەکەیاندا خەونەکەیان قەسابی دەکەن. ئینجا بەیانی کە ھەڵدەستن خڵتەی خەونەکانیان لە جێخەوەکانیاندا دەدۆزنەوە. بۆ نموونە ئەو خانمە ئاسیاییە ھاوسێیەت زۆر جار خەونی زەڕافە دەبینێت. بەیانیان دەڵقێکی گەورە ملە زەڕافەی شکاو و جنراو دەھێنێت و لێرە دایدەنێت و دەچێت. ھەموو کەس دەزانێت مرۆڤەکان جەللادی خەونەکانیانن.
  • ئاخر شتی وا چۆن ئەبێت؟
  • ھەر وایە دەی. تۆ کتێبەکانی فرۆید[10] و یوونگت[11] نەخوێندووەتەوە؟
  • فرۆید با؛ بەڵام یوونگ نا. جارێک تارا جاف باسی کرد.
  • تارا جاف کێیە؟ ئەو خانمە دەفژەنەکە؟
  • نا. ھاوماڵیمە. تەنبوورە دەژەنێت. ئ.. ئێ..ئ… ببوورە. لەڕاستیدا چەنگ دەژەنێت. دوێنێشەو لە خەونمدا ھاوماڵیم بوو و تەنبوورەی دەژەند.
  • نا. چەنگ ناژەنێت. دەف لێ دەدات!

سەرم گێجی خوارد. برسیم بوو. گوتم:

  • باشە! باشە! بگەڕێوە بۆ باسی فرۆید و یوونگ.
  • ھیچ دەی! ھەردووکیان باسی ئەوە دەکەن کە چۆن مرۆڤەکان شەو خەونەکانیان لە خەوندا قەسابی دەکەن و ڕۆژ لە جێخەوەکەیاندا دەیدۆزنەوە و دەیخەنە ناو زبڵەکان.

ویستم قسەیەک بکەم کە خانمە ھاوسێ ئاسیاییەکەم بە دەڵقێکی گەورەی درێژی ڕەشەوە ھاتە دەرەوە. دەڵقەکە وەک پیاوەکە گوتی پڕ بوو لە ملە زەڕافەی شکاو و لاروگێڕ و جنراو. دەڵقەکەی زۆر ئاسایی فڕێ دایە ناو زبڵەکان و بە زەردەیەکەوە گوتی: ”بەیانیت باش“. منیش گوتم: ”بەیانیت باش“. ئینجا چوو. سەرم زیاتر سووڕما و بە سواڵکەرەکەم گوت:

  • یانی ھەموو خەڵک بەیانیان شتی ئاوا نامۆ دەدۆزنەوە لە جێخەوەکانیاندا و فڕێیان دەدەن؟
  • بەڵێ. بۆ نموونە پیاوێک ھەیە دوو کووچە بەرەوژوور لێرە دەژیی. ھەموو شەوێ خەونی مۆبایل دەبینێت. بەیانیان زبڵدانەکەی پڕە لە مۆبایلی شکاو. جارێکیان تێیدا مۆبایلێکی ساخم پەیدا کرد. وا دیارە تلی نەدابوو بە سەریدا و ئەو دانە ساخ دەر چووبوو.

پێکەنیی و دەستی کرد بە گیرفانیدا و مۆبایلەکەی پیشان دام. گوتم:

  • ئەی چۆن من تا ئەمڕۆ بەم شتانەم نەزانیبوو؟ درۆ دەکەیت لە ھیچ کتێبێکدا ئەمە نەنووسراوە.
  • تۆ زۆر شت نازانیت. ھەموو کتێبێکیشت نەخوێندووەتەوە.
  • ئەی ئەگەر شتی وا ھەیە بۆچی مرۆڤەکان باسی ناکەن؟
  • مرۆڤەکان باسی خەونەکانیان ناکەن. بڕێک پێیان عەیبە. بڕێکیان پێیان خۆش نییە. بەعزێکیش دەڵێن گوناحە. بڕێکی تریان دەڵێن چونکە دەستمان پێیان ڕاناگات، دەیانکوژین و ئیتر باسیشیان ناکەین. دەڵێن بۆچی باسیان بکەین؟ من نازانم، بچۆ لە خۆیان بپرسە بۆچی باسی ناکەن.
  • تۆ خۆت بەیانیان چی دەدۆزیتەوە لە جێگەکەی خۆتدا؟

کە ئەوەی بیست دەموچاوی ژاکا و بە دەنگێکی کزترەوە گوتی:

  • من؟ ھیچ! من خەونم نییە. بە خەونی خەڵک دەژیم. ئەوە نییە لەم ماڵەوە بۆ ئەو ماڵ دەگەڕێم بەم بەیانییە، وردیی خەوشوخاڵەکانی خەڵک دەبمەوە.
  • نازانم. من تا ئێستا شتی وەھام نەدیبوو. ھەمیشە خەونی ئاساییم دەبینی. وەکو ھەموو خەڵکی ئاسایی. تا ئێستا ملە زەڕافە و گوێچکەی فیل و پەڕی حاجی لەقلەق و مۆبایل و فڵانم لە جێگەکەمدا نەدۆزیبووەوە. لە ھیچ کەسیشم نەبیستووە.
  • نازانم. بچۆ کتێبەکانی فرۆید و یوونگ بخوێنەوە. ئەمە زانستە، خۆ قسە نییە. وا بزانم فرۆید دەڵێت ھەندێک جار ئارەزووەکانت بە خەو دەبینیت. شایەد چونکە تا ئەمڕۆ خەونەکانت لە بێداریدا دۆزیوەتەوە، ئەم حاڵەتەت بۆ پێش نەھاتووە. وا دیارە لە دوێنێشەوەوە دەستت کردووە بە قەسابیکردنی خەونەکانت. پیرۆزت بێت! بەخێر بێیت بۆ شار! دەڵێن جارێکیان فرۆید خۆی کاتێک کە لەخەو ھەڵساوە مێشکێکی ساغی مرۆڤێک لە جێخەوەکەیدا بووە. دەڵێن جارێکی تر سێ بازنەی شکاوی دایکی دۆزیوەتەوە. من نازانم. من سواڵکەرێکم. ئەمانەشم لە خەڵک بیستووە و لە ویکیپیدیادا خوێندووەتەوە. حەز ئەکەیت بڕوام پێ مەکە.

ھەر وا کە گوێم بۆ قسەکانی کابرا گرتبوو، بینیم تاڵی تەنبوورەیەک لە ناو پەڕی حاجی لەقلەقەکاندایە. ئیتر نەموێرا زیاتر ورد ببمەوە لە دەڵقەکە بزانم چی تری تێدایە! بۆیە چاوم بڕییە چاوی کابرا. ئەو ھەر درێژەی دا بە قسەکانی:

  • مرۆڤەکان سەیرن. زۆر خەون دەبینن. ھەندێک جار لە خەونێکەوە دەچن بۆ ناو خەونێکی تر. بڕێک مرۆڤ ھەن ھەموو ژیانیان لە خەوندا بەسەر دەبەن. تا کەسی تر پێیان نەڵێت نازانن خەوتوون، وەک شازادەکەی ناو نمایشنامەکەی کاڵدێرۆن.
  • کام؟
  • ژیان خەونێکە[12].

بیرم کردەوە… کەوتەوە بیرم باسی کامە دەکات. بە خۆمم گوت ئەم سواڵکەرە زۆر شت دەزانێت، ھەروەھا کە بیرم ھاتەوە زۆر برسیمە. دەستم کێشا بۆ ئاسمان، کە ھێشتا یەک-دوو ئەستێرەی کەم تینی تێدا مابوو، ئەستێرەیەکم داگرت و بە دان کرووتاندم. خرمەخرم ئەستێرەکەم دەخوارد کە کابرا گوتی:

  • بە چ مەعلووم ئەم قسانەی من و تۆیش خەون نەبێت، خەونی خۆت یان کەسێکی تر. ئەو ئەستێرەیە تامی چی دەدات؟

ئەستێرەکە زۆر ڕەق بوو، بەڵام لە دەمدا دەتوایەوە و تامی حەڵوای دەدا. شیرین بوو. تاڵاییەکەی ناو دەممی لەبیرم دەبردەوە. گوتم:

  • شیرینە، وەک حەڵوا.

کابرا سەری خوراند و گوتی:

  • ئەمە خەونێکە. ئێمە ھاین لە ناو خەوی کەسێکدا، چونکە ئەستێرەکان لەڕاستیدا شیرین نین. زۆربەیان تامی ھەناری ترش دەدەن. بڕێکیشیان تامی تاڵی دەدەن وەک حەقیقەت، یان بێتام و کوشندەن وەک شەوکەران. ئێمە ھاین لە خەوی کەسێکی ساویلکەدا کە حەزی لە شتی شیرینە. ھەر ئەو کاتەی کە گوتت تارا جاف چەنگ لێ دەدات، زانیم خەوە.

ئینجا لەسەر مۆبایلەکەی ڤیدیۆیەکی تارا جافی پیشان دام کە لەڕاستیدا دەفی لێ دەدا.

کەوتەوە بیرم کاتژمێر لە حەوتونیو لای داوە و زیاتر لە نیو سەعاتە لەگەڵ ئەم پیاوە قسە دەکەم. بە خۆمم گوت ئەشێت بچم بۆ سەر کار. پێم گوت ئەگەر بیست ساڵ لەمەوپێش بمدیبای بۆم دەستی دەدا تا نیوەڕۆ لەگەڵت قسە بکەم، بەڵام ئێستا ئیتر گەورە بووم و چیتر منداڵ نیم. تینووی حەقیقەت نیم. بۆیە دەستم تێی ناچێت کاڵای فەلسەفە بکڕم و ئەشێت بچم سواری قەتارێک بم و بڕۆم بۆ سەر کار. بۆیە چاوم بەست و پاشماوەی خەونەکەم [بە پەڕ و قاچوقولی خوێناوی و تاڵی تەنبوورەکەوە] فڕێ دایە ناو زبڵدانەکە و خواحافیزیم لێ کرد و بە ژێرپانتۆڵ و ژێرکراسێکەوە چووم بۆ سەر کار.

[1]Class analysis

[2]Bee-eater, کەندەسمە

[3] Fox News

[4] CNN

[5]Yes, of course, since it is white, it is indigenous to Toronto, and it has been living there for ages.

[6]Kitchen cabinet

[7]My life is a loaded gun

[8]Brexit

[9]Sûr

[10] Freud

[11]Jung

[12]La vidaessueño (Life is a dream)

هاوبەشی بکە

Chirok, DidiMnStory, Madeh Piryonesi,