10/05/2024
DidiMn Logo
Top

وەک قەنارەیەک کە هەمیشە پێبکەنێت

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئاسۆ سەڵاح

ئاوێنەیەکی خنکاو بە نوور
وڕێنەی با لەشەبەقی شکانەوەیدا
برینێک لەپێستیدا وەک دەنگی ڕژاوی شەو
ئاوێنەیەک کە چیتر بەرگەی شکانەوەی دواتر ناگرێت

سێبەری تەورێک کە هەمیشە ڕێدەکات
ئاوڕدەداتەوە و شوێن پێی دیاری دەکات
لەناوەڕاستدا دەقڵیشێت و دەبێتە دوو سێبەر
هەریەک بەلایەکدا دەچەمنەوە،

ژەنگی ساڵانێکی کاڵەوە بوو
هاوین وەک دێوێکی سوورپێست
پاڵتۆی ئەو پیاوەی لەخەونیشدا شێتە
وەک هەنگاوی ناقۆڵای با دەلوورێنێت،

شێتییەک لەژێر پێستمەوە هەڵفڕی؛
چەقۆیەکی درەوشاوەی تفکردەوە.
برینێک دەمداتەوە دەست ئەو شەوەی
پەنجەرەکەم کردەوە و قیڕاندم؛
وەک دەڵە سەگێک بەدەم زاینەوە
وەک تفەنگێکی پێکراو کەوتم،

سێبەرەکەم خۆی خنکاند
خەونەکانم بوونەوە بە پیت
باڵندەکان لەدەستمدا پوکانەوە
گۆرانییەک لەقوڕگمدا خنکا
نەیزەکێکی چەماوە بەڕووی دەستمدا
ئاڵ وەک پیریۆد تەقییەوە و پرژا،
هەموو بستێک پژا بە خوێن
لەگەڵ پەڵە خوێنەکان دەڕەقسام،
لەلوولەی تفەنگێکی ترساوەوە
نرام بە بوئسی ئەم جیهانەوە.

وەک ستەمێک حەقیقەتی دۆزیبێتەوە
وەک ئەشکەنجەیەک شکۆی لێ باریبێت
وەک قەنارەیەک کە هەمیشە پێبکەنێت
ددانەکانم دەبریسکانەوە.

خەونێک تینوو بە خوێن
ڕێیەک ئاشنا بەتاریکی؛
بەخێرایی هەزاران ئەستێرە دەڕۆیشتم
گۆڕەکان و لاشەکانم دەپلیشاندەوە
تا بە سێبەرە مردووەکەم بگەمەوە،

بەناو ڕارەوی خوێن بەربوودا دەڕۆیشتم
بەناو مێشکی پژاودا
بەسەر لاق و خەونی کوژراودا
هەر لاشەیەک شیعرێک بوو
لاشەکانم دەپشکنی؛
دەمیانم دادەچەقاند تا قوڵاییان ببیستم
هەمان دەنگ و هەمان دۆزەخم دەبیست
لە ناسنامەدا یەک ناوبوون
ئەوە بۆ ناوی کێ دەگەڕام؟
بۆ کام سێبەر دەگەڕام؟

گۆڕێکی تەنهام هەڵدایەوە و
سندوقێک خەونم ناشت
ئەو خەونانەی کە نەدەبوو بزێن؛
وەک گیایەک کە دەزێت و نازانێت بۆ ڕواوە
وەک ئەو سەگانەی فریوی مرۆڤ دەخۆن.

لاشەکان بیرەوەرییان لەدەستداوە
بێدەنگی ئەبەدییان تێزاوە
کوێرانە بە مەرگدا دەگوزەرێن
چیتر تاریکی ناخزێتە ناویانەوە
ئەبەدیەت دەخۆنەوە و دەخۆنەوە
وەک شێت قاقا دەگرین،
وەک لێبوک ملکەچن
دەمیان پڕە لە خاک و خوێن
تا بیسەلمێنن وەفادارن،

کێلەکان بەترسەوە لێیان دەڕوانیم
لەپەنجەکانم ورد دەبوونەوە نەکا ئەم خاکە بخۆمەوە
نابیستن گەر بشبیستن لە شێت ناگەن
قیڕاندم؛
هاتووم ژیان بێنمەوە ناو زمان
پێویستم بە شیعری زۆرترە
ئەم لاشانە هەر بەشی پێکەنینێکن

ئەی ساتی پوچ لاقم تیماربکە
برینێک لەخوێنی شەو
وەک خەونی دێوێکی کوڵکن
خەونێک کە هەرگیز بەئاگا نایەت.

بەخێرایی هەزاران مەلی خنکاو دەڕۆیشتم
تا گۆڕەکان بەدخووتر نەکەم.

وەک بـا بەچۆڵەوانیدا ھەڵدەشاخام
هاوارێکی سواو کە بەهیچ کوێ ناگات
ئەستێرە دەباری
خەون دەباری
دەبارین ئەو شەوانەی مانگیان خنکاند،

لەودیو زەمەنەوە دەگەڕام
دەمبینی سێبەرەکەم لەدەستی مەرگدا دەڕەقسا
وەک ئەو ژنەی ساڵانێک لەدەستمدا گۆرانی دەچڕی.

هاوبەشی بکە

aso salah, Kurdish Poetry,