27/04/2024
DidiMn Logo
Top

شیعر

لە لایەن دیدی من 1 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من - محەمەد تاهیر

لەسەر شۆستەکە وەستاوم
هەتاوەکە سێبەرەکەم دەخاتە سەر شەقامەکە
ماشێنەکان بەسەر سەرمدا دەڕۆن و نامرم!
کەسێک کە بە ڕۆشتنیدا دیارە
هێندەی کڵۆشەکرێک شیرینی لە ژیانیدا نییە
لەسێبەرەکەمدا پێ بەسەر سنگمدا دەنێت 
هەست بەشکانی ئێسکەکانی سنگم دەکەم
کە تۆ هاتی
هەزاران ماشێن بەسەر سەرمدا ڕۆشتبوون 
ڕێبوارەکەش قەفەزەی سنگی هاڕی بووم 
لە سێبەرەکەمدا کەوتیتە ناودڵم 
ئێستە کە تۆنیت
من دەچمەوە سەرشۆستەکە  
هەتاوەکە سێبەرەکەم دەخاتەوە سەر شەقامەکە  
هەموو جارێک کەدەمەوێت
دڵی خۆم لە سێبەرەکەمدا ماچ بکەم 
ماشێنێت لێمدەدات و دەمکوژێت.

.....

جاران گوڵ لەنێوانماندا بوو
ئێستاش خۆشەویستم 
جەنگ کەوتۆتە نێوانمانەوە
تۆ بەسەر باڵی بادا دەڕۆیت
بەسەر شەپۆلەکاندا هەڵدەکەیت
دەریا لە دژم هاندەدەیت 
بەگوێی دارستاندا دەچپێنیت، درەختەکانی هاوار بکەن.
بەهەتاو دەڵێی تیشکی خۆی بڕژێنێتە ناو تاریکی
بەشەو دەڵێی بە ئەستێرەکانی بمترسێنێت
بە باڵندە دەڵێیت فڕینم لێ بشارێتەوە
بە ئینجانە دەڵێت گوڵم لێ گومبکات 
بەڵام من پەیمانم بە بـــــــا داوە
بە دەریا و 
بە هەتاو 
بە شەو و بە ئەستێرە
بە درەخت و 
بە باڵندەکان
بە ئینجانەو بە گوڵم وتووە
کە هەمیشە خۆشم بوێیت.

.....


ئەگەر چی هەر لە سەرەتاوە نامەوێت پێتبڵێمەوە
من ماڵم نییە 
بەڵام من ماڵم نییە
جلەکانم لەژێر بارانەکەدا خوساون
دەرەوە ساردە و 
بۆ ئەوەی چارەکێک ڤۆدگا بکڕم و بیخۆمەوە و
گەرم دابێم
دەست بە گیرفامدا دەکەم
جگە لە کاغزێکی سپی بچوک
کە لەسەری کە نوسراوە من نەخۆشم 
هیچی دیکە نادۆزمەوە.
سەرمامە 
نەخۆشم و 
خەریکم شیعرێکی نەخۆش بۆ هەردووکمان دەنووسم 

لەوە زیاتر بیرت بکەم شەق دەبەم 
لەوە زیاتر بیرت بکەم بەو سەر شۆستەیەدا ئەپژێم
لەوە زیاتر بیرت بکەم وەک بێچارەکان ون دەبم 

من ماڵم نییە
سەرمامە 
نەخۆشم و
خەریکم شیعرێکی نەخۆشت بۆ دەنووسم
جلەکانم لەژێر بارانەکەدا خوساون 
خۆشەویستم تۆ ماڵی من بوویت
هاوبەشی بکە

Kurdish Poetry,