26/04/2024
DidiMn Logo
Top

مردن لەپێناو ئایدیاکاندا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کۆستیکا براداتان

لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

گریمانەی ئەوە بکە لێرەدا شێوازێکی فەلسەفەکردن هەیە، کە نووسین، پەیڤاندن، دەرسگۆتار و فێرکاری بەشداری تێدا ناکەن. لە ڕاستیدا، فۆرمێکی فەلسەفەندن کە تەنانەت ئاتاجی زمانی نییە. گریمانەی پتر بکە، ئەو فۆرمەی فەلسەفاندن بەتەواوی لەبارەی نمایشە، نمایشی جەستەیی. فەیلەسووفان شەکەت بوون لە شێواز و مێتۆدە باوەکانیان، ئێستا دەبێ جەستەیان بخەنە مەترسییەوە. ئەم دۆخە بەبێ تەوسبێژی نییە: دیسپلینێکی زمان-سەروەری وەک فەلسەفە ئێستا خۆی لە بارێکدا دەبینێتەوە کە تێیدا وشەکان بێکەڵن و ئارگومێنتەکان بێئەنجامن؛ بۆیە دەبێ فەیلەسووفان لە ئارگومێنتکردن و دەرسگۆتنەوە دووربکەونەوە، لەبری ئەوە جەستەی خۆیان وەک ئارگومێنت گۆڕان پێبدەن. ئەمە بەوردی بابەتی کتێبی مردن لەپێناو ئایدیاکاندا: ژیانی پڕ مەترسیی فەیلەسووفان (Bloomsbury, 2015)ە.

سۆکراتێس یەکەم فەیلەسووفە کە لە ئەزموونە کەسەکییەکانیەوە فێردەبێ، دۆخەکە چی دەخوازێت. سۆکراتێس لەوەدا نوشوستی هێنا کە وەها لە هاوشارییە ئەسیناییەکانی بکات پرۆژە فەلسەفەییەکەی بەهەند وەربگرن، ئاخر بەتایبەتی دادگایییەکەی و سزای مەرگەکەی بەڵگەن بۆ نوشوستییەکەی. دەبێ ئەم شکستە سۆکراتێسی هاندابێ تاکو سنووری فەلسەفاندن لەنێو زماندا تێبپەڕێنێ، ئاخر ئەگەر ئەو خیانەت لە خۆی و فەلسەفەکەی نەکا، ئەوا دەبێ فەلسەفاندن بپەڕێنێتەوە پشتی ئەو سنوورە. کاتێک سۆکراتێس گوێی لە سزای مەرگەکەی دەبێ کە لەلایەن دادگەی ئەسیناوە لە دژی دەخوێندرێتەوە، ئەوا لەوە تێگەیشتووە کە بۆ ئەوەی شکست نەهێنێ ئەوا دەبێ شتێکی بەهێزتر لە وشە بکات. ئەی لەم دۆخەدا، چی لە وشە بەهێزترە: مەرگی فەیلەسووف. واتا جەستە مردووەکەی -هەروەها لێڕامانی گشت لە مەرگەکەی- سۆکراتێس، ئێستا دەبوایە پەیوەندییەک لەگەڵ هاوشارییەکانی چێ بکات، بەڵام نەک بەڕێی سەروەرییەکەی بەسەر زمانی گریکیدا.

“بەشێوەیەکی سەرەکی، فەلسەفە ڕاهێنانێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پراکتیسکردنە؛ فەلسەفە شتێک نییە تۆ لەبارەیەوە بئاخڤی، بەڵکو شتێکە دەبێ بیکەیت. “

سۆکراتێس بەڕێی ئەو مردنەی کە مرد، شتێکی دەگمەنی کرد. ئەو بناغەی پەیوەندییەکی واتاداری لە نێوان ژیان و فەلسەفەکەی داڕشت. لە لێرەنەبوونی ”مەرگێکی فەلسەفەیی”دا، نەک تەنیا ژیانی سۆکراتێس بەبێ ئەدگار دەبوو بەڵکو ئیشەکەشی ناتەواو دەبوو. لە ڕاستیدا، بەبێ جەستەی تێکستێکی نووسراو، ئەوا ئەستەم دەبوو وێنای ناوی سۆکراتێس بکەین لەنێو دیسپلینێکدا کە هەر لە سەرەتاوە بە نووسین ناسراوە. بۆ نموونە، پێش_سۆکراتییەکان، هەندێ فراگمێنتیان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە، ئەگەر بە هەر هۆکارێک، ئەو فراگمێنتانە بۆ ئەبەد ونبوایەن، ئەوا ئەو فەیلەسووفانەی کە ئەوانیان جێهێشتووە، بۆ هەمیشە وندەبوون و نەدەناسران. بەڵام هەرچەندە سۆکراتێس هیچ نووسینێکی جێنەهێشتووە، ئەو کێشەیەمان لەگەڵ ئەودا نییە. ئاخر ئەو ژیانی و بەتایبەتی مەرگەکەی ئیش و نووسینەکانی ئەون. هەتاکو ئێمە ئەوانەمان هەبێ، ئەوا ئێمە هەموو ئەوەمان هەیە کە گەرەکمانە، هەروەها سۆکراتێسیش لە مەترسی دیارنەمان، لەنێو مێژوودا، نییە.

ئەو پەیامەی سۆکراتێس ناردی کاتێک ژەهرەکەی خواردەوە، سادە بوو؛ بەڵام زۆر بەهێز بوو: تۆ گەرەکە فەلسەفەکەت بجەستێنی. بەشێوەیەکی سەرەکی، فەلسەفە ڕاهێنانێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پراکتیسکردنە؛ فەلسەفە شتێک نییە تۆ لەبارەیەوە بئاخڤی، بەڵکو شتێکە دەبێ بیکەیت. فەلسەفاندن واتا خۆگۆڕین، واتا ئیشکردن لەبارەی خۆتەوە، واتا خۆت ببی بە کەرەسەی خاو بۆ فەلسەفەکەت تاکو خۆت بفۆڕمێنێ، شێوە بە خۆت بدەیت. فەلسەفە تەنیا بەرهەمهێنانی زانین نییە؛ کارایییەکەی تەنیا زانیاری پێدان نییە، بەڵکو شێوەدانە بە ئێمە، فۆرماندنی ئێمەیە. بۆیە فەلسەفە بەتەواوی لەبارەی خۆ-ناسین (لە-خۆ-تێگەیشتن)ە، لەبارەی خۆ-ئەفراندنی فەیلەسووفە. بۆیە ئەو شوێنەی کە فەلسەفە تێیدا نیشتەجێ دەبێ، نە تێکستی ئەکادیمییە، نە ئاخاوتنی فەیلەسووفە، بەڵکو جەستەی فەیلەسووفە. فەلسەفە لەگەڵ ئێمەدا دەژی، هەروەها لەگەڵ ئێمەدا دەمرێت.

لە ڕاستیدا، فەلسەفە کاتێک فراژوو دەبێ، کە فەیلەسووف مردن هەڵدەبژێرێ بۆئەوەی لەگەڵ باوەڕەکانیدا ڕاستگۆ بێت. مەرگی سۆکراتێس تەنیا سەرەتای ئەو کاریگەرییە مەزنەیە کە فەیلەسووفان بەڕێی مەرگیانەوە دەینوێنن. هایپاتیا فیگورێکی زۆر کاریگەرە، هەرچەندە هیچ نووسینێکی لە دوا بەجێنەماوە. گۆردانۆ بڕۆنۆ بەدەگمەن ئەمڕۆ دەخوێندرێتەوە، بەڵام وەکو مەزنترین فەیلەسووفی هەموو سەردەمەکانی ئیتاڵیا لێی دەڕوانرێت. چی ئەو فیگورانە ”دەمەزنێنێ”؟ لە مردن لەپێناو ئایدیاکاندا، ئارگومێنتی ئەوە دەکەم کە بەهۆی شێوازی مەرگەکەیانەوەیە. ئەو جۆرە تایبەتەی مردن نەک قوربانییەکەی لەناونابات، بەڵکو ئەوان بەهێزتر دەکات.

ڕێگەی ژیانی ئەو فەیلەسووفانە، تێگەیشتنیان لە خۆیان وەک لە ”دەرەوەی شوێن”دا بوون، لە کۆمەڵگەدا، تێگەشیتنی جیاوازی ئەوان بۆ ”قەیران”ی کۆمەڵگەکانیان، هەروەها کۆتایییە توندوتیژەکەیان_ هەموو ئەمانە داواکاری بۆ خوێندنەوەیەکی گیراردیانە بۆ ڕووداوەی مەرگەکەیان بەرزدەکەنەوە. لە ڕوانگەی گیراردەوە، ئەوان هەموویان ”نیشانەی قوربانیدانن”. ئاخر ئەوان ”ڕاستەوخۆ-بێژن” (parrēsía)، هەموو شتێک شیاوی خستنە ژێر پرسیارە، هەموو درۆ و جەختییەکان کە ژیانی جڤاکی لەسەر بونیادنراوە ئاشکرا دەکەن، ئەو فەیلەسووفانە ناتوانن هیچ پەیوەندییەک لەتەک ئەوانیدی چێ بکەن. ئەوان لەنێو کۆمەڵگەکانی خۆیاندا وەک لە دەرەوەبووی هەمیشەیی دەمێننەوە. ئەوان ڕێگە بە خۆیان نادەن ئەو پەیمانە بەهێز و ئاڵۆزەی کۆمەڵگەی لەسەر بونیادنراوە بناسن و گەشەی پێبدەن. ئەو فەیلەسووفانە وەک ترشی ”ئەسید” وەهان هیچ پەیمانێکی کۆمەڵایەتی خۆی لەبەر کاریگەری ڕاستەوخۆبێژی (پارێسیا)کەیان ناگرێت. لەکاتی قەیرانەکاندا فەیلەسووفان بەئاسانی دەبن بە ئامانج، چونکە فەلسەفەکەیان ئەوانی کردووە بە کەسێکی شیاوی کردنە ئامانج.

تێوریی ”میکانیزمی خۆبەختکردوو”ی گیرارد نەک تەنیا بۆچی ئەو فەیلەسووفە_شەهیدانە دەکوژرێن، بەڵکو هەروەها بۆچی وەها کاریگەر دەبن دوای مەرگەکەشیان ڕووندەکاتەوە: بەڕێی مردنی ئەو چەشنە مەرگەوە، ئەوان ”پیرۆز دەکرێن”. ئەوان دەبن بە ”فیگوری دامەزرێنەر” چونکە لەناوبردنەکەیان وەک گیرارد دەبێژێ ”کوژرانی دامەزرێنەر”ە. بەهۆی هەستێکی تێکەڵی تاوانباریەتی و شەرمەزاری کە بەجۆرێک لەنێو یادەوەری کۆیەکی خەڵکدا دەمێنێتەوە، مەرگی ئەو فەیلەسووفانە بۆ نێو هێڵەکانی ئەفسانەچێکردن درێژدەبێتەوە. ئێمە لە کۆتاییدا، ئەوان بۆ کارەمانێکی ئەفسانەیی هەڵدەزنێنین و ئەوان دەکەین بە بەشێک لە خەیاڵاندن و وێناندنی ئەفسانەیی خۆمان.

ڕەنگە ئەمە ڕوونی بکاتەوە بۆچی ئێمە سۆکراتێس وەک ”دامەزرێنەر”ی فەلسەفەی خۆرئاوایی دادەنێین. لە ڕووی تەکنیکییەوە، ئەو ناتوانێ ببێ بە دامەزرێنەر، ئاخر پێش ئەو فەیلەسووفانی دیکە هەن، بەڵام ئێمە تەنیا بە ئەوان دەڵێین ”پێش-سۆکراتییەکان”. هایپاتیا بەزۆری وەک دامەزرێنەری ترادیسیۆنی ژن لەنێو فەلسەفەدا دادەنرێ، هەرچەندە بەجەختییەوە پێش ئەو فەیلەسووفانی دیکەی ژن لەنێو فەلسەفەدا هەبوون. ئەو تەنانەت وەک دامەزرێنەری فێمێنیزمی فەلسەفەیی دادەنرێت (لایەنی کەم دوو جۆرنالی فێمێنیستی بەناوی ئەوەوە کراون)، ئەگەر چی، لەبەر ئەوەی هیچ لە ئیشەکانی نەماونەتەوە، ئەوا قوورسە کە بزانین ئەو چی لەبارەی فێمێنیزمەوە وتووە. مەرگی ئەو فەیلەسووفانە بەسانایی ئێمە ”کوێر” دەکات. ئاخر پێشوازی ئێمە لە ئەوان بەتوندی هۆشەکی نییە؛ بەڵکو بەڕێی ئەفسانە (میتۆلۆگی)وە لێڵ و تاریککراوە.

نموونەی فەیلەسووفانی_شەهید ئاماژە بە فاکتێکی گرنگ دەکات، کە من لە کتێبەکەمدا بە دوایدا دەگەڕێم: دامەزراندن و فۆرماندنی ترادیسیۆنە فەلسەفەیییەکان هەمیشە بەڕێی هۆشەوە شێوەیان پێنادرێت، بەڵکو هەندێ جار بەڕێی فۆرمی هزرینی ئەفسانەیی و خەیاڵاندنەوە دەبێت. ئێمە بەزۆری وەها دەهزرین کە هۆش و ئەفسانە دژبەری یەکدین و یەکێکیان ئەویدی دەهیچێنێ. بەڵام ڕەنگە ئەوە وێنەیەکی سادە بێت. هەندێ جار لە ڕاستیدا، ئەفسانە هۆش تەواو دەکات. ئاخر ئەفسانەچێکردن و خەیاڵاندنی ئەفسانەیی دەتوانن فەلسەفە بۆ ئاستێک هەڵبزنێنن کە هۆش بە تەنیا ناتوانێ پێی بگات.

سەرچاوە:

https://ndias.nd.edu/news-publications/ndias-quarterly/dying-for-ideas/

هاوبەشی بکە

Book, Costica Bradatan,