دیدی من – ئاراس عەبدولڵا
ناوەندەکانی خوێندن و ژێرخانی شانۆیی، شاری سلێمانی بە نموونە
کاتێک باس لە چەمکی “ژێرخان” دەکەین، مەبەستمان لە تەواوی ئەو پێکهاتە بنەڕەتییە فیزیکی و ڕێکخراوەییانەیە کە بۆ بەڕێوەبردن و ڕاپەڕاندنی بابەتێکی دیاریکراو (چی ئابووری بێت یان کولتووری و هاوشێوەکانیان) پێویستن. لێرەوە پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە: ئایا ژێرخان خۆی لە خۆیدا بوونی هەیە یان بونیات دەنرێت؟ وەڵامەکە ڕوونە؛ ژێرخان شتێک نییە لە خۆیەوە دروست ببێت، بەڵکوو پرۆسەیەکی ستراتیژیی دوورمەودایە کە لەلایەن دەوڵەت، کۆمەڵە یان ڕێکخراوێکەوە، بەپێی پێداویستی، داواکاریی کۆمەڵگە، بڕیاری سیاسی، بەهای کولتووری یان پێداویستیی ئابووریی هەر شار و وڵاتێک، بە مەبەست و سیاسەتێکی دیاریکراو بونیات دەنرێت.
بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەی ژێرخان، دەتوانین دابەشی بکەین بەسەر دوو بەشی سەرەکی: یەکەم، لایەنە فیزیکی و بیناسازییەکەیە وەک دروستکردنی بینا، شەقام و هۆڵەکان؛ دووەم، لایەنی بەکارخستن و هێشتنەوەیە، کە پارەدارکردن، نوێکردنەوە، گونجاندن و بەڕێوەبردن دەگرێتەوە. لێرەوە تێدەگەین کە ئێمە ناتوانین سوود لە هۆڵێکی شانۆ وەک بینایەکی ڕووت وەربگرین ئەگەر لایەنی بەکارخستن و پلانی بەرنامەسازیی بۆ فەراهەم نەکرێت. ئەگەر بمانەوێت ئەم پێناسەیە بخەینە ناو هاوکێشەیەکی سادەوە، دەتوانین بڵێین:
ژێرخان = دروستکردن + پلان دانان + بەڕێوەبردن + پارێزگاریکردن.
لەم چوارچێوەیەدا، “ژێرخانی کولتووری” بەو پانتاییە فیزیکی و پێکهاتە ڕێکخراوەییانە پێناسە دەکرێت کە بەشدارن لە دروستکردن و گەشەپێدانی بابەتە کولتوورییەکاندا؛ وەک هۆڵەکانی شانۆ، مۆزەخانەکان، گەلەرییەکان، کتێبخانەکان، ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، قوتابخانە هونەرییەکان، ئەکادیمیاکانی هونەر، فێستیڤاڵە هونەری و کولتوورییەکان و هاوشێوەکانیان.
ئامانجی سەرەکیی ئەم بابەتە، وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەیە: چۆن ناوەندەکانی خوێندن بکەینە دەروازەیەک بۆ ژێرخانی شانۆیی لە شارێکی وەک سلێمانیدا؟ پێویستە بزانین کە سیاسەتی کولتووری بەتەنیا لە ناوەندێکی دابڕاودا کار ناکات، بەڵکوو تۆڕێکی بەناویەکداچووە. لە ناو سیستمی بەڕێوەبردنی وەک شارەکانی هەرێمی کوردستاندا، فەراهەمکردن و کارکردن بەم بەناویەکداچوونە گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەیە.
ئەگەر پرسیارێکی سادە بکەین: ئایا لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە شارێکی وەک سلێمانیدا، هیچ سوودێک لە ناوەندەکانی خوێندن بۆ پەرەپێدانی پانتایی شانۆ وەرگیراوە؟ بەر لەوەی وەڵامی ئەمە بدەمەوە، باشترە ئاوڕێک لە ئەزموونی چەند وڵاتێکی جیهان بدەینەوە کە بە سیاسەتێکی ستراتیژی، کاریان لەسەر بەستنەوەی شانۆ بە ناوەندەکانی خوێندنەوە کردووە:
فینلاند:
لەم وڵاتەدا شانۆ و تەواوی هونەرەکان، وەک بەشێک لە پەروەردەی سەرەتایی منداڵ سەیر دەکرێن. حکوومەتی فینلاند “یاسای پەروەردەی بنەڕەتی لە هونەردا”ی دەرکردووە، کە گەرەنتیی ئەوە دەکات تەواوی منداڵانی وڵاتەکە ــ تەنانەت لە شارە بچووکەکانیشدا ــ دەستیان بە شانۆ، مۆسیقا، هونەرە بینراوەکان و سەما بگات. زۆربەی تێچووی ئەم پرۆگرامانە لە ڕێگەی شارەوانییەکانەوە دابین دەکرێت، و قوتابخانەکانی هونەر و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان، پرۆگرامی دوای خوێندن لە ژێر سەرپەرشتیی هونەرمەندانی ڕاهێنراودا پێشکەش دەکەن. تەنانەت پڕۆژەیەکی نیشتمانییان هەیە بە ناوی “دەستڕاگەیشتن بە هونەر و ڕۆشنبیری” کە ئامانجیەتی هونەر ڕاستەوخۆ بخاتە ناو خشتەی کاتیی ناچاریی قوتابخانەکانەوە، نەک وەک چالاکییەکی ئارەزوومەندانە.
فەڕەنسا:
ئەم وڵاتە خاوەنی دامەزراوەیەکە بە ناوی “بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ڕۆشنبیریی ناوچەیی”، کە سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیرییە و لە هەموو ناوچەیەکدا لقی هەیە. ئەرکی ئەوان، بەستنەوەی قوتابخانەکانە بە دامەزراوە کولتوورییەکانەوە و دابینکردنی بودجەیە بۆ بەرنامە هونەرییەکان. فەڕەنسا لە ڕێگەی ئەم سیستمەوە، پڕۆگرامی”پەروەردەی هونەری و کولتووری” جێبەجێ دەکات، تا دڵنیا بێتەوە هەموو منداڵێک لە تەمەنی قوتابخانەدا دەستی بە هونەر دەگات. لە زۆرێک لە قوتابخانە ئامادەییەکاندا، پرۆگرامە هونەرییەکانی شانۆ، سینەما و سەما، بە تەواوی لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە بودجەیان بۆ دابین دەکرێت؛ ئەوانی تریش پشتیوانیی هاوبەش لە حکوومەتە ناوخۆییەکان و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان وەردەگرن.
یابان:
وەزارەتی پەروەردە، ڕۆشنبیری، وەرزش، زانست و تەکنەلۆژیای یابان (MEXT)، مەنهەجێکی نیشتمانی بە ناوی “خولەکانی خوێندن” دیزاین دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، قوتابخانەکان هان دەدرێن بۆ فێرکردنی هونەرە نمایشییەکان بە مەبەستی بونیاتنانی کارەکتەری قوتابی. هەندێک قوتابخانە، بابەتی تەواوی شانۆیی دەخەنە ناو بەرنامەکانیانەوە تا خوێندکاران نمایش دروست بکەن و لە ڕێگەیەوە هاوسۆزی، شێوازەکانی پێوەندیکردن و کاری تیمی (بۆ پەروەردەی کۆمەڵایەتی) فێر ببن. هەروەها دامەزراوە کولتوورییە نیشتمانییەکانی وەک شانۆی نیشتمانیی یابان، فۆرمە کەلەپوورییەکانی وەک شانۆی “نۆە” (کە لە سەدەی چواردەیەمەوە هەیە) دەپارێزن و هونەرمەندان دەنێرنە ناو پۆلەکان بۆ ئەنجامدانی وۆرکشۆپ و نمایشی ڕاستەوخۆ. لێرەدا دەکرێت بەراوردکارییەک لەگەڵ بابەتێکی کەلەپووریی کوردی بکەین کە هەمان بەهای نمایشیی هەیە، ئەویش (هەڵپەڕکێی کوردی)یە؛ ئایا ئەم لایەنە تا چەند هاتووەتە ناو ناوەندەکانی خوێندنی ئێمەوە و پانتاییی پێ دراوە، ئایا نەدەبوو ئێستا لە تەواوی قۆناغەکانی خوێندندا هەڵپەڕکێی کوردی تێکهەڵکێشی وانەکانی هونەر و وەرزش بکرایە وەک بابەتێک کە بەهایەکی کەلەپووریی و ناسنامەیی بەهێزی هەیە بۆ گەلی کورد؟!
ئێستا با سەیری داتا و ئامارەکانی ژمارەی خوێندکارانی شاری سلێمانی بکەین بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤ -٢٠٢٥:
• لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانیدا، بە کۆی گشتی ٣٩٣،٥٦٦ خوێندکار هەن.
• تەنیا لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتیدا، ٢٧،١١٥ قوتابی تۆمار کراون.
• لەم سنوورەدا ١،٥٢٥ قوتابخانە و خوێندنگە هەن، کە ١،١٤٠یان حکوومین.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم زانیاری و داتایانە، چۆن دەتوانین بە شێوازی تۆڕ و هەماهەنگی، بیر لە دروستکردنی ژێرخانی شانۆیی بکەینەوە؟ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە دەتوانێت بەپێی ستراتیژێکی ئەگەری، ساڵانە نمایشی شانۆیی پێشکەش بکات. بۆ ئەم مەبەستە، دەتوانین گریمانەی دابەشکردنی سێ بازنەی پەروەردەیی بکەین بۆ دروستکردنی نمایشەکان:
بازنەی یەکەم (پۆلی ١ تا ٣ / تەمەنی ٦ بۆ ٩ ساڵ):
ژمارەی خوێندکارانی ئەم بازنەیە بە کۆی گشتی (داتای گریمانەکراو) نزیکەی ٨٠،٠٠٠ بۆ ٨٥،٠٠٠ خوێندکار دەبێت. جۆری نمایشی پێشنیارکراو، بریتییە لە شانۆی بووکەڵە یان شانۆی موزیکاڵی کورت. ناوەڕۆکەکەی دەکرێت بابەتە سادە و بنەڕەتییەکانی وەک (هاوڕێیەتی، ژینگەپارێزی، کاری بەکۆمەڵ و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان) بێت. ماوەی نمایشەکەش بەپێی ماوەی سەرنجدانی کۆنترۆڵکراوی ئەم تەمەنە، پێویستە لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٥ خولەکدا بێت.
بازنەی دووەم (پۆلی ٤ تا ٩ / تەمەنی ١٠ بۆ ١٥ ساڵ):
ئەمە گەورەترین پێکهاتەی خوێندکارانە و (داتای گریمانەکراو) نزیکەی ٢٠٠،٠٠٠ قوتابی دەبن. جۆری نمایش لێرەدا، شانۆی گێڕانەوەیی یان شانۆی ئەفسانەیی، سەرکێشی و سەمائامێز دەبێت. ناوەڕۆکەکەشی تیشک دەخاتە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی هەرزەکاری، گەڕان بە دوای ناسینی خود و تێگەیشتن لە هاوسۆزی بۆ پەروەردەی کۆمەڵایەتی (هاوشێوەی مۆدێلی یابان)، بە کاتی پێشنیارکراوی ٤٥ بۆ ٥٠ خولەک.
بازنەی سێیەم (پۆلی ١٠ تا ١٢ / تەمەنی ١٦ بۆ ١٨ ساڵ):
(داتای گریمانەکراو) نزیکەی ١١٠،٠٠٠ خوێندکار لەم قۆناغەدا هەن. جۆری نمایشەکە بریتی دەبێت لە شانۆی ڕیالیستی و دەقە جیهانی و خۆماڵییەکان (نمایشی گەورەساڵان). ناوەڕۆکەکەشی بابەتە قووڵەکانی وەک بڕیاردانی چارەنووسساز، بەرپرسیارێتیی یاسایی و کۆمەڵایەتی، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، بابەتە نەتەوەییەکان، مێژووی شوناسی کورد و تاک و هتد دەگرێتەوە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم گریمانەی نمایشکردنە لە میانی ساڵێکی خوێندندا، دوو میکانیزم وەک پێشنیار دەخرێنە ڕوو:
یەکەم/ گەشتی فێرخواز بۆ ناو هۆڵی نمایش: بۆ هەر بازنەیەک، هۆڵێکی تایبەت دابین دەکرێت و ساڵانە نمایشێکی گونجاو لەگەڵ تایبەتمەندیی تەمەنیاندا بەرهەم دەهێنرێت. پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان (ئەکتەر، هۆڵ، کاتی پرۆڤە، هاتوچۆ و بودجە) لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و بە هاوکاریی لایەنە ئیدارییەکان (پارێزگار، قایمقام، کەرتی تایبەت و هتد) دابین دەکرێت. پاشان بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتییە پەروەردەییەکان، تەواوی خوێندنگەکان دابەش دەکرێن بۆ سەردانیکردنی هۆڵەکان، بەجۆرێک لە میانی ساڵەکەدا هیچ قوتابییەک نەمێنێت نمایشەکەی نەبینیبێت. هەروەها دەکرێت ناوچەکان بەپێی بازنەی ئیداری (وەک ئیدارەی گەرمیان، ئیدارەی ڕاپەڕین، پەروەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و هتد) دابەش بکرێن و هەمان میکانیزم جێبەجێ بکەن.
دووەم/ گەشتی نمایش بۆ ناو خوێندنگەکان: بە هەمان میکانیزمی سێ بازنەکە، نمایشەکان بەرهەم دەهێنرێن، بەڵام لەجیاتی هۆڵ، ئۆتۆمبێل و هۆکاری گواستنەوە بۆ ستافی نمایشەکە دابین دەکرێت. نمایشەکان بەپێی دابەشکارییە ناوچەییەکان دەگەڕێن و لە ناو خودی قوتابخانەکاندا پێشکەش دەکرێن. لێرەدا تەنیا شتێک کە پێویستە ڕەچاو بکرێت، گونجاندنی فۆرمی نمایشەکانە بۆ “شانۆی گەڕۆک”.
ئەگەر ئێمە لە شاری سلێمانیدا، بۆ ماوەی دوانزە ساڵ (کە خولێکی تەواوی تەمەنی قوتابخانەیە) بەم میکانیزمە کار بکەین، سێ ئەنجامی ستراتیژیمان دەست دەکەوێت. (داتاکان بە شێوازی ئەگەری خەمڵێنراون):
ئەنجامی یەکەم/ زیادبوونی ڕێژەی بینەری ئاسایی بەشێوازێکی زۆر کاریگەر و گەورە:
ئەگەر ئێستا و لە ساڵی ٢٠٢٦دا، ڕێژەی بینەری ئاسایی لە نێوان ٢،٠٠٠ بۆ ٥،٠٠٠ بینەردا بێت؛ دوای ١٢ ساڵ و لە ساڵی ٢٠٣٨دا، نزیکەی ٣٠٠،٠٠٠ بۆ ٣٥٠،٠٠٠ گەنج لە سلێمانیدا دەژین کە بە تەواوی بە پرۆسەی سێ بازنەی شانۆی پەروەردەییدا تێپەڕیون. ئەگەر تەنیا ١٢٪ی ئەم نەوەیە (واتە ساڵانە ١٪) ببنە بینەری ڕاستەقینەی شانۆ، ڕێژەی بینەری چالاک لە شارەکەدا بۆ هەر نمایشێک، دەگاتە نزیکەی ٣٦،٠٠٠ بۆ ٤٢،٠٠٠ بینەر.
ئەنجامی دووەم/ گۆڕانی بازاڕ و ئابووریی کولتووری:
شانۆ لە بارگرانی و داواکردنی بودجەی بەردەوام لە حکوومەتەوە، دەگۆڕێت بۆ کەرتێکی کێبڕکێ و وەبەرهێنان. لە پاڵ ئەمەشدا، پیشەسازییە لاوەکییەکانی دەوروبەری شانۆ گەشە دەکەن؛ بۆ نموونە: نووسینی دەقی تایبەت بە منداڵان و مێردمنداڵان، پیشەسازیی دروستکردنی بووکەڵە، موزیکی شانۆیی، سەمای درامی و دیزاینی ستەیج، دەبنە خاوەنی بازاڕی بەردەوامی خۆیان و گروپ و هەلی کاری تایبەت بۆ ئەم بابەتانە و چەندین بابەتی دیکە دروست دەبن.
ئەنجامی سێیەم/ دروستبوونی “نەوەی خێزانی شانۆدۆست”:
گەورەترین دەستکەوت ئەوەیە کە ئەو نەوەیەی لە پۆلی یەکەمەوە لەگەڵ شانۆدا گەورە بووە، دوای ١٢ ساڵ خۆی دەبێتە دایک یان باوک، یان دەچێتە ناو زانکۆکانەوە. ئەم نەوەیە کاتێک منداڵی دەبێت، خۆی منداڵەکەی دەبات بۆ بینینی شانۆ، چونکە لە منداڵیی خۆیدا گرنگی و چێژی ئەم هونەرەی بەرکەوتووە و ئێستا خۆیشی بینەرێکی شانۆیە. لێرەوە پرۆسەکە لە پلانێکی سەپێنراوی حکوومەت و وەزارەتەکانەوە، دەبێتە “دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی خۆڕسک” و گەشەیەک بەدی دەکرێت کە بە پلانێکی ستراتیژییەوە هاتووەتە بوون.
هیوادارم ئەم پلانە، کە تەنیا پێویستی بە ڕێکخستن و چەند بڕیارێکی لایەنە پێوەندیدارەکانە. بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەم شێوازە ستراتیژییە بیری لێ بکرێتەوە لە ناو سیستمی ئیداریدا؛ نەک بە گۆڕینی وەزیرێک یان بەڕێوەبەرێکی گشتی، ئیدی بڕیارەکە و ستراتیژەکەش بوونیان نەمێنێت.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بەرواری ٢/٧/٢٠٢٦ لە پانێڵێکی کارگەی شانۆ بەناونیشانی “شار و شانۆ” لە دامەزراوەی ڤیژن لە شاری سلێمانی بە بەشداریی شانۆکاران هۆرێن غەریب و ڕێژەن جەمال پێشکەش کراوە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.