19/04/2024
DidiMn Logo
Top

په‌یكه‌ری «تۆ»

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

پڕۆژه‌ی هونه‌ریی په‌یكه‌ری تۆ، به‌رهه‌می ڕێكخراوی كورددیا

دیدی من

پڕۆژەی هونەریی تۆ، نیشاندانەوەی ئێستایانەی مرۆڤە لە دۆخی زیندانیدا. ڕووبەڕووکردنەوەی مرۆڤە بەرانبەر وێنەی خۆی لە کۆمەڵگەیەکدا، کە لە هەر شوێنێکیدا هەبێت، دەبەسترێتەوە بە کۆمەڵێک کۆت و بەندەوە کە ئازادییەکانی بە ڕادەیەک سنووردار دەکەن، ژیانکردنی وەک مرۆڤێکی ئاسایی خاوەن بەها لەق دەکات. کێشەی هەرە سەرەکیی مرۆڤی سەردەم، هەستنەکردنێتی بەوەی لە زینداندایە. مرۆڤ لە چواردیوارێکدا بێت یان نا، تاوانێکی کردبێت یان نا، بانگ کرابێت و لێی کۆڵرابێتەوە تاوانەکەی چییە و چی نییە، ئەو هەر زیندانییە. دەکرێت ئەو زیندانییە چەندین فۆڕمی زیندانیبوون بگرێتەوە کە ئەوی دەسەڵاتدار (دەسەڵات تەنها بە مانا سیاسییەکەی نا، بەڵکو بە مانا کۆمەڵایەتی و ئایینی و پەروەردەییەکەی… لە شوێنە هەرە بەرتەسک و هەستپێنەکراوەکانیشدا) هەوڵی تەواوی خۆی دەدات ئەوی تر بکاتە ژێردەستی خۆی و لە بیریشی بەرێتەوە کە ئەو ژێردەستە. وا پیشانی بدات کە ژێردەستبوونی، سەردەستبوونێتی (باڵندەکە، لەناو قەفەزدا ئازادە نەک لە ئاسمان، نەک لە دارستان). بێگومان دەسەڵاتدار سیستمێکی پتەو و تۆکمەی داڕشتووە بۆ پێکانی ئامانجەکەی، بۆ شاردنەوەی ئازادی و نمایشکردنی بەو جۆرەی کە خۆی دەیەوێت.

پڕۆژەی تۆ ئەو هەوڵەیە کە دەیەوێت مرۆڤ ئازادییەکانی بخاتەوە ژێر پرسیار. ورووژاندنی زیندانە لای مرۆڤ (لای تۆ). هەوڵێکە بۆ بەگەڕخستنی گەڕان و سەفەرە بەردەوامەکان بۆ دۆزینەوەی خود و شوناسی خۆی. پڕۆژەکە هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو نییە، نایەوێت مۆری هەبێت، بەڵکو لەگەڵ مرۆڤدا کار دەکات و بەس. تۆ، تۆ ئاڕاستە ناکات چۆن دنیاکەت بگۆڕیت، بەڵکو هانت دەدات بیگۆڕیت. لە سەرەتاییترین خاڵەوە دەست پێ دەکات: ورووژاندنی تۆی ئێستا. نیشاندانی تۆیە لە چاوێکی ترەوە (کە نیشانت دەدات تۆ ئازاد نیت). هەوڵدانێکی ڕادیکاڵە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە تەنبەڵی و کەمتەرخەمی و فەرامۆشکردن دەربهێنێت و بە پیشاندانی وێنەی خۆی ناچاری بکات بە خۆیدا بچێتەوە. بۆ ئەوەی هونەر تەنها ئاوێنەیەک نەبێت مرۆڤ سەیری بکات و خۆی تێدا ببینێتەوە، دەمانەوێت خوێنێک بخەینەوە جەستە وشکبووەوەکەی مرۆڤ، وزەیەک بدەینە بینەر تا زیندانەکانی بشکێنێت. دەمانەوێت هونەر مرۆڤ بێتاقەت نەکات و بەس، خەمەکانی پیشان نەدات و بەس، بەڵکو هانی بدات ڕووبەڕوویان ببێتەوە، کە مرۆڤ هەستایە سەر پێ، کە مرۆڤ بە چاوێكی ڕەخنەگرانەوە توانیی بۆ خۆی و دەوروبەرەکەی بڕوانێت، توانیی ئێستای بخاتە ژێر پرسیارەوە و بە وێنای فریشتە لە خۆی نەڕوانێت، ئەو کات دەتوانێت بکەوێتە بیرکردنەوە و پلاندانان بۆ دروستکردنی مرۆڤێکی بەرپرسیار. ئەو مرۆڤەی کە نە سەردەستە و نە ژێردەستە. مرۆڤە و بەس. تێکدانی ئەو وێنەیەیه کە سەردەستەکەی دەیەوێت بەو ڕەنگە بیکێشێت کە چاوی ئەو حەز بە بینینی دەکات. خاڵی یەکەمی هەر گۆڕانکارییەک، هەر وەرچەرخانێک و هەر دەرچوونێک لەم وێنەیەی دەسەڵات دەیکێشێت، هۆشیاربوونەوەیە بەوەی ئەو وێنەیەی کێشراوە هیی سروشتی ئەم نییە، بەڵکو دەستکردە، دەستکردی ئەوێکی تر کە خزمەت بەو دەکات، کە بەرەکەی خود و ئەوێکی دۆست نایخوات، بەڵکو تەنها و تەنها و بۆ هەمیشە هەر خۆیی دەسەڵاتدار و سەردەست دەیخوات.

هەر بۆ ئەوەی ئەم ئامانجە بپێکین، بیرمان لە هونەری پەبڵیک ئاڕت کردەوە. ئەم جۆرە لە هونەر تایبەتمەندییەکی هەیە کە هەمان تایبەتمەندیی پڕۆژەکەی ئێمەشی هەیە. ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەوەی بەر زۆرینەی تۆکان بکەوێت، پێویستی بەوەیە لە شوێنێکی گشتیدا نمایش بکرێت. شوێنێکی گشتی، کە زۆرینەی تەمەنە جیاوازەکانی ئەو کۆمەڵگەیە هاتوچۆی بەردەوامی تێدا دەکەن؛ هەروەها هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بێجیاوازی بەری بکەون، چونکە پەیکەرەکە بۆ ئاست و تەمەن و توێژێکی دیاریکراو ساز نەکراوە، بەڵکو وەک لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێ دا مرۆڤ و بەس. تۆ، تۆی مامۆستا، تۆی خوێندکار، تۆی پیاوی ئایینی، تۆی باوک، تۆی سیاسی و تۆی هەموو سوچ و قوژبنێکی کۆمەڵگە…

هۆکاری هەڵبژاردنی هونەری پەیکەرسازییش بۆ پێکانی ئەو ئامانجانەی کە لە پێشتر دیاریمان کرد، بۆ ئەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆ و زەقە دەگەڕێتەوە کە هونەری پەیکەرسازی هەیەتی و توانای ئەوەی هەیە لەم ئامانجە بدات. هونەری پەیکەرسازی یەکێکە لە هونەرە هەرە باڵا و گرنگەکانی ناو دنیای هونەر. هەر لە سەرەتاکانی شارستانیەتەوە، مرۆڤایەتی ئاوڕی لەم هونەرە داوەتەوە، تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش بایەخی خۆی لە دەست نەداوە، بەڵکو بەردەوام لە خۆنوێکردنەوەدا بووە. هاوشانی مێژوو هاتووە و بەو جۆرە خۆی نمایش کردووە کە سەردەم پێویستی پێی بووە. لە دیوێکی دیکەشەوە پەیکەر بوونێکی جێگیر و بەردەوامی هەیە لەگەڵ مرۆڤەکان. مرۆڤ وا لێ دەکات بەردەوام بەری بکەوێتەوە و جار لە دوای جار زیاتر بیری لێ بکاتەوە. جیاواز لە هەندێک جۆری تری هونەر نییە کە بەرکەوتنەوەی سنووردارترە، یان زەمەنێکی کەمتر دەگرێت.

هاوبەشی بکە

Kurdish, Peykari To, Sculpture,