13/09/2024
DidiMn Logo
Top

نووسەرانى باكوورى كوردستان پاڵپشتى له فەرهاد پيرباڵ دەكەن

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

فه‌رهاد پیرباڵ | فۆتۆ: بیار ڕه‌شید

ديدى منديارنامە
له كرمانجييەوه: سەليم جەمال

 

فەرهاد پيرباڵ نووسەر، لێكۆڵەر و مامۆستاى زانكۆى سەڵاحەدين بە هۆى ڕەخنەكردنى حكومەتى هەرێمى كوردستان، ڕۆژى 2018/4/11 بەپێى مادەى 226 له ياساى سزادانى عێراقى ژماره 111ى ساڵى 1969 له شارى هەولێرى پايتەختى هەرێمى كوردستان دەستبەسەر كرا.

فەرهاد پيرباڵ ماوەيەك بوو له هەمبەر و دژى حكومەت وەستابووەوە و ڕەخنەى ئاڕاسته دەكردن، بە هۆى ئەو حوكمرانيیه هەڵە و چەقبەستووەى كە گرتوويانەته بەر. بۆ ئەو مەبەسته كۆمەڵێك له نڤيسكارانى باكوورى كوردستان له تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان هاتنه دەنگ و پاڵپشتىی خۆيان بۆ ئازادكردنى فەرهاد پيرباڵ دووپات كردەوە.

 

جيهان ڕۆژ:
ئازادیى نووسەران ئازادیى بيروڕامانه.

 

چيا مازى:
فەرهاد پيرباڵ ڕێبەرى وێژەى كورده، دەستگيرى مەكەن، سزاى نەدەن، ئەمە ڕووڕەشييه، با سەربەست بێت!

 

دلاوەر زەراق:
فەرهاد پيرباڵ ئازاد بكەن و داواى لێبوردنى لێ بخوازن.

 

عەليخان لۆران:
فەرهاد پيرباڵ هەموو ساڵێك بە هۆى دژايتيكردنى شێواز و چۆنێتیى بەڕێوەبردنى حكومەت، گەندەڵى و تابووشكێنى له باشوورى كوردستان، لە لايەن چەكدارانى سيخووڕ لێدانى بەر دەكەوێت. ئازادى بۆ پيرباڵ. شەرم و ڕووڕەشييە بۆ حكومەتى باشوور، كە نووسەر و ڕووناكبيران دەستگير دەكات.

ماوەيەكە بەسەر دەستبەسەركردنى پيرباڵ تێپەڕ دەبێت و ئەو هەواڵانەى كە له ڕۆژنامەكان بڵاو دەكرێنەوە دڵخۆشكەر نين. ئەو دەمانەى له مێژوودا ئاستى موڵكدارى و فاشيستى لەوپەڕى لوتكەدايه، نووسەر و زانايان بە بيانووى ئەوەى كە شێت و نەخۆشن، دەستگير دەكرێن و دەكوژرێن. ئەگەر فەرهاد پيرباڵ نەخۆشيش بێت پێويسته ئەمە لە لايەن پسپۆڕى دەروونى و پزيشك پشتڕاست بكرێتەوە! نابێت بە ناوى دژايەتيكردن و ڕەخنەكردنى حكومەت، ئەو درووشمانەى باسمان كردن بخرێنه پاڵ فەرهاد پيرباڵ.

 

فەرگين مەليك ئايكۆچ:
پێويسته فەرهاد پيرباڵ بە زووترين كات ئازاد بكرێت. ئەو بە هۆى ئەوەى كە ڕەخنەى ئاڕاستەى سەركردە و بەرپرسان كردبوو پێشتر، لە لايەن چەكدارانەوە هەڕەشە و گەفى لێ دەكرا، بەڵام ئەم جارەيان هەڕەشە و گەفيش داديان نەداوە و ئەويان كۆتوبەند كردووە و خستوويانەته بەنديخانه. ئەوانەى كە بە ناوى نووسەر و ڕەخنەگر سيخووڕى له پيرباڵ دەكەن ئەوا لەسەر ڕێچكەى ديكتاتۆريەتن. ئەوانەيشى كە لە هەمبەر ئەو دەستگيركردنەدا بێدەنگ بوون، نەك ڕۆشنبير نين، تەنێ ڕەشبيرن. هۆكارەكەى چی بێت با ببێت، من ئەو دەستبەسركردنەى فەرهاد پيرباڵ بە تووندى شەرمەزار دەكەم.

 

هـ.كۆڤان باقى:
بۆ من فەرهاد پيرباڵ كانى و سەرچاوەى نێو كێو و كەڵەبەردەكانه. وەكو تاجى شەرەف لەسەر سەرى خۆمان دايدەنێين. من تا هەتايى شەرم له ئێوە و كوردبوونتان دەكەم.

 

سيدار ژير:
بۆ بەرپرسانى حكومەتى هەرێم؛ ئەگەر فەرهاد پيرباڵ وەكو مەترسييەك ببينرێت بۆ وڵاتەكەمان، ئەوا ئەو بينينه بۆ داهاتووى ئێمە جێگەى ترسه. هيوادارم سەركردە و بەرپرسان ئەم پەيامه لە بەرچاو بگرن، فەرهادەكانى ئێمە ويژدان و ڕەحمى كوردستانن!

 

يەقين هـ.:
فەرهاد پيرباڵ له كوردستانێكدا كە سەربەست و ئازادە، دڵگرانه! بەڕێوەبەرايەتىی باشوورى هەرێم زۆر بە تووندى ئيدانه دەكەم.

 

زەكى ئۆزمەن:
فەرهاد پيرباڵ نووسەرو مامۆستاى زانينگە له ڕۆژى يازدەى مانگى ڕابردوو، لە لايەن دەزگە و ئاسايشى هەولێر دەستگير كرا. ماوەيەك بوو فەرهاد پيرباڵيان بە شێت ناو دەبرد و تاوانباريان دەكرد. ئەى ئەگەر شێتێك دەستبەسەر بكرێت گەلۆ تاوانى ئەو دەبێت چي بێت؟ خودا عەقڵتان پێ بدات!

 

هاوبەشی بکە

Bakur, Farhad Pirbal, Kurdish,