26/07/2024
DidiMn Logo
Top

پۆلیس، پیرێکی شێت لێرەیە!

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ژیار ئەسوەد

   پیاوێکی پیر، پیرتر لە ماڵەکەی، لە دیوارە درزبردوو و کەلوپەلە بێئەندازە پیسوپۆخڵەکانی. ئەو پیاوەی چەند وەچەیەک دوای یەک گەڕەکیان جێ ھێشتووە، تا وای لێ ھاتووە بۆتە لاچەپترین گەڕەکی شار کە ڕەنگە خوداش لە یادی کردبێت، کەچی ئەو ھێشتا لە خانووە لاکێشەییە کارتۆنئاساکەیدا ڕۆژگار بەسەر دەبا. خانوویەک، ھێندە ڕزیو و دێرین، دەشێ ڕۆژێک لەگەڵ باڕەشدا لوول بخوا و بە ئاسماندا بفڕێ.

   پێش دەرگەی ماڵەکەی ھەردەم پیس و بێگومان ناوەوەشی چڵکن. چڵکنتر لە دەست و پێی قڵیشاوی و پرچە پەمووە بە ساڵان نەتاشراوەکەی.

   پاش ئێوارەیەک بە پێچەوانەی خدێی ھەمیشەیی خۆی، لە ماڵ دەرچوو. ھەستی بە ناڕەحەتیی کرد لە جەستەیدا. پێی وا بوو لە ناو خامۆشیی ناوەوەی خۆیەوە، دەنگێکی کز بانگی دەکرد، سیحرێکیش ڕاستەوخۆ کێشی دەکا و قاچەکانی دەداتە دەست شەقام. بۆیە خۆی پۆشتە کرد و ڕۆیشت.

   ئەو ئێوارەیە جیاواز لە ھەموو کات، تاقە جارێک نیگای نەپرژایە سەر ھیچ پەنجەرەیەک و بە دیارییەوە نەوەستا. هەنگاوی وا گورجی دەنا، پێدەچوو زەینی فڕیبێتە دنیایەکی تر. لە بەردەم پێی خۆی بترازێ، تەماشای ھیچی نەدەکرد.

   ئەو ھەمیشە بەیانیان سەعات ھەشت بێ ئەوەی خاوەنی کارێک بێ، لە ماڵ دەردەچوو. تا ھەڵھاتنی مانگ بە نێو ھەرچی کۆڵان ھەیە دەگەڕا. جارناجارێ ئێستێکی دەکرد و وەک ئەوەی لە ھەر یەکێکیاندا یادگارییەکی سەردەمی منداڵیی خۆی حەپس کرابێ، چاوی لەسەر زۆربەی ماڵەکان لەنگەری دەگرت. پاشان لەوێوە شۆڕ دەبووەوە بازاڕ. تا ڕادەی شەکەتبوون ڕێی دەکوتی و دوای خۆی تەنھا دووکەڵی چڕی پایپ جێ دەما.

   تاقە شتێک لەودا مایەی سەرنجڕاکێشان بووبێ، جلوبەرگەکانیەتی. قەت لێناگەڕێ گەردێکی لێ بنیشێ، قەت ناھێڵێ لۆچێکی پێوە دیار بێ. ھەمیشەش کلێتەیەک لەسەر، کە تاڤگەیەک لە تاڵی سپی پرچە خاوەکەی، پشتەملی دادەپۆشێ. قاپووتەکەی بەری ڕەشێکی وەھایە ئاو دەزێنێتە چاو. لە بنەوە کراسێکی سپی سپی و یەلەگێکی خۆڵەمێشی دەپۆشێ. ھەر لە دووریشەوە دەتوانی گوێت لە تاقوتیقی پێڵاوە چەرمیینە بریقەدارەکەی بێ.

   لەگەڵ ئەوەشدا کێ دەزانێ ھەموو ئەمانە مایەی ناڕەحەتییەکی ئەوتۆن بۆی؟ کێ دەزانێ ئەو پێی وایە ھەر پۆشاکێک مرۆڤ لەبەری دەکات، دواجار بەستنەوەیە و ھیچی تر؟ کتومت زیندانێکی تاکەکەسیی بۆگەن، کە ھەناسەبڕ بێ. کێ دەزانێ ئەو وا بیر دەکاتەوە کۆی بەدبەختی و کڵۆڵی و تەنیایی و دەردە نەبڕاوەکانی، ئەم پۆشاکە فریودەرە قەفەسئاسایانە بەرھەمیان ھێناون؟

   سەرەتا -دوای تەواوبوونی پیاسەکەی- لە قاوەخانەیەکی نزیک بازاڕ دانیشت. لە لیستی خواردنەوە جۆراوجۆرە سارد و گەرمەکانەوە، پەنجەی لەسەر (کوپێک شیر) دانا. هەر نەختێک دواتر کچێکی گەنجی جوان بە سینییەکەوە ھاتە بەردەمی، پەرداخێک ئاو و… لەسەر مێزەکەی دانا. دەرکەوتنی شەقی مەمکەکانی سەرنجی پیاوەکەی برد، لە گووپە خرپنەکانی و چەناگە درێژەکەی ورد بووەوە و قەیرێک ھەروا لێی ڕوانی. کچەکە ھەرچەندە بەلایەوە نامۆ بوو، دەشێ پێی قەڵس بووبێ، بەڵام بە زەردەخەنەوە گوتی:

-ھیچ داواکارییەکی ترت ھەیە بەڕێز؟

-تۆ جوانییەکی سەیرت ھەیە! ئەگەر لێم قبووڵ بکەیت پێم خۆشە دیارییەکی بچووکت پێشکەش بکەم.

کچە لە چاوە خەمگینەکەیەوە، بەگوێرەی تەمەنە زۆرەکەشی، پەی بە ھیچ گومانێکی خراپ نەبرد.

-سوپاست دەکەم! خۆشحاڵ دەبم.

وای گوت و پیاوەکە کلێتەکەی داکەند، بە ھەردوو دەست بۆی ڕاداشت.

-دڵنیام زۆر لێت جوان دەبێ و دە ھێندە ڕووخسارت دەگەشێتەوە.

هەر بەڕاستیش گەلێک جوانتری کرد.

   پەرداخە ئاوەکە لە شوێنی خۆی، دەستێک نەیبزواندبوو و پڕ، بەڵام زەردایی گڵۆپەکانی قاوەخانەکە نیوەی کوپە شیرەکەی داپۆشیبوو. دانیشتنی پێ لەسەر پێی شاعیرانەی ئەو، دەست لە ژێر چەناگە دانانی و تێڕامانی لە ئەوبەری شەقام، لە ناو کوپەکە شەڕی زەرد و سپی… بۆ ئەوەی ئەمە وەک شیعر نەنوێنێ، بە کەوچک شڵەقاندی و تێکەڵی کردن… کۆی ئەو دیمەنانە چەشنی تابلۆیەک بوو بە ڕەنگی مات.

    لە جزدانەکەی پارەی دەرهێنا و لەسەر مێزەکەی جێ ھێشت. بە چەند شەقاوێکی خێرا، خۆی گەیاندە دەرەوە.

   لەبەردەم جامخانەی قاوەخانەکە ڕاوەستابوو، هێشتا دەیڕوانییە ئەوبەر شەقام. پشیلەیەکی ڕەش بوو تەماشای دەکرد، بە یەک چاوی سیحرئامێزی سوورەوە. نەیزانی بۆچی پشیلە ڕەشەکەی ئێدگار ئالان پۆی هێنایەوە یاد!

   دووکەڵی پایپ بەناو پرچە شەمزاوەکەیدا تێدەپەڕی و بۆ پشتەوە پەرش دەبۆوە. کزەبایەکی سارد پێستی خرۆشاند، بەتەواویی ببووە شەو. ڕێبواران ھێدی ھێدی چۆڵیان دەکرد، گڵۆپە ستونییەکان دەکوژانەوە.

   ھێشتا جووڵەی نەکردبوو، مێرمنداڵێکی قەرەج لەبەردەمی ھەڵتۆقا. لە دڵی خۆیدا گوتی: “بەس داوای پارە بکا، ڕێک پێڵاوی دەدەمێ”. ئەوەی گوتبوو چونکە لە سەر تا بنی کوڕەی قەرەجی پشکنی. پێڵاوەکەی لە ھەمووی بەربادتر بوو. بەڵام کوڕە پێی گوتبوو کە خۆی پارەی دەداتێ، بەڵکو ئەم بچێ پاکەتێک سیگاری بۆ بکڕێ!

   چوو؛ لە گیرفانی خۆی بۆی کڕی.

   “حەزدەکەم ئەمانەشت بدەمێ، لێمی قبووڵ بکە، تۆ جەوانی، ناکرێ بەم پێڵاوانەتەوە بتەوێ سەرنجی کچان ڕابکێشی”.

   پێکەنی کە وای پێ گوت. ئەویش پێکەنی، کەچی سەرسوڕمانیشی ئاشکرا دەدرەوشایەوە لەوەی ئەدی بۆخۆی بە چ ڕێ دەکا؟ وێڕای ئەوەش لێی وەرگرتبوو – ھەر ڕۆژە و موسافیری شارێک، پێڵاوەکانی ھەمیشە دادەڕزان.

   بەجووڵە کەوت. بە شەقامە درێژەکەدا دووکەڵی بە با دەدا. کڕێوەی وەک پەشمەک ئەوناوەی ڕۆشن دەکردەوە.

   ئەو ئێستا قاپووت و کراس و پانتۆڵ و یەلەگێکی لەبەر بوو. قاپووت چونکە ئەستوورە، داگیرکارە گەورەکەی نێویانە. ئەویانی ھەر زوو بە درەختێکدا ھەڵواسی. گوتی بەڵکو سبەینێ، وەختێ کرێکاران بەرەو کار دەڕۆن، یەکێک بۆخۆی بیپۆشێ.

   کوردێکی بێکەسی دەناسی، ئێواران میوەی بە نرخێکی کەم دەکڕی و شەوان درەنگ لە زبڵخانەکان دەگەڕا تاکو ھەندێ دەبەی بەتاڵی ئاو بدۆزێتەوە، سبەینێ بچێ پڕ شەربەتی فرێشیان بکا، لە سووچێکی بازاڕ دابنیشێ و بیانفڕۆشێ. ھەمیشە ھاوسۆزی بوو. کراسەکەی بەو بەخشی.

   ئالوودەبوویەکی دی دەناسی، لە زووەوە لە خێزان دابڕابوو. باخچەیەکی بچووک ماڵی بوو، پشیلەیەکی ڕەشیش ھاونشینی. کە ئەوی بیر کەوتەوە، بۆ لای باخچەکە لایدا. بینی کە چەشنی پەیکەرێکی ئاسنینی ژەنگاویی، بێھۆش پاڵکەوتووە. پانتۆڵەکەی لەبەر خۆی داکەند و لە تەنیشتی داینا.

   کە گەیشتەوە ماڵەوە، نیوەشەو بوو.

   ناوەوەی خانووەکەی ھۆڵێک و ناندينێکی ھاوشان پێکەوە، بە ئەندازەی پێنج بە پێنج. لەویشەوە کولانەیەکی سێ بە سێی لێ بۆتەوە. حەمام و توالێت پێکەوە. ھەر ھێندە و تەواو.

   قەنەفەیەکی دوو مەتریی لە ھۆڵەکەیە کە یەکێک لە پایەکانی شلوکوت بووە و ئەمەش وای کردووە بتەپێ. بالیفەکەی کەوتۆتە ئەو بەشەی و بەتانییە پینەدارەکەشی لە لایە بەرزەکە ئۆقرەی گرتووە.

   دیوی بەرامبەر -کە گوایە ناندينە!- شڕە کەوەنتەرێک و بە تەنیشتییەوە تەباخێکی سێ چاوی بچووک، کە ڕیزێک کەوچک و چەقۆ و کەوگیر لە سەروویەوە بە ئاسقییەکی ئاسۆیی کورتەوە هەڵواسراون.

   حەمام و توالێتەکەی هەر شایەن بە باس نییە.

   کولانەکەی تری، چیرۆکی سەمەرەی لەبارەوە دەگێڕنەوە. دەڵێن جێی ھەنگاوێکی تێدا نییە؛ خۆ ڕەنگە دەرگەکەشی بە سەختی واڵا بکرێ! گوایە سەرلەبەری کتێبی تۆز و خۆڵاوییە و ساڵەھایە دەستیان بۆ نەبراوە. دەڵێن وەختیک لە گەنجی، دڵدارەکەی شەوێک بۆ ئەبەد پێڵوو لێک دەنێ، ئەم ھەڵدەستێ تەرمەکەی لەنێو شووشەیەکی قایم دادەنێ و بەدیارییەوە دەپووکێتەوە. دەڵێن باڵندەی دەگمەنی لە دوورگەی دوور دۆزراوەکانی تێدا بەخێو دەکا. دەڵێن و دەڵێن…

   ھەرچییەک بێ، ئێستا یەلەگ و دەرپێکەی ماونەتەوە. ھەردووکی تووڕھەڵدەداتە نێو ئاگردانەکە. گۆرەوی کێشەی نییە؛ پێی وایە مادەم بەر بە ڕۆیشتنی ناگرێ، پێویست ناکا فڕێی بدا.

   خەوێکی قوڕسی لێ ئاڵابوو. سپیایی چاوەکانی خوێنیین، ئەژنۆکانی لەبەر ڕێکردنی زۆر، نوقمی ئازار بوون. لە جێی خۆیەوە لاقی لێ ڕاکێشا و لەسەر قەنەفەکە ڕاکشا. ڕووتوقوت کەوتە ناو چاڵی نائاگاییەوە.

   وەختێ کابووسێک لە نوێنگەکەی ڕاپەڕاند، بوولێڵ بوو.

   “ئۆھـ! چ خەونێک بوو!”.

   نیگای لە بەلووعەکە گیر بوو، ئاو دڵۆپەی دەکرد، ڕیتمێکی ترسھێن پەردەی بێدەنگیی دەدڕی. سەرمای بوو، مووی باسکی ببووە تێلی دڕ. لە ئەتمۆسفێری خەونەکە دەربازی نەدەبوو…

   ئۆتۆمبێلێک لەسەر چیایەکی بەرز، بە خێرایی برووسکە لێدەخوڕا. گەردەلوولێکی ئاگرینی ھەڵکشاو تا ئاستی هەورە ڕەشە خەستەکان، لە دواوە بە ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکە دەھات. ئەوەی دەیئاژوشت، سیمای شاراوە، بەڵام لە جلوبەرگییەوە پێدەچوو کرێکارێک بێ. لە تەنیشتییەوە کچێکی جوانی گەنج، کلێتە لەسەر. ئەمیانی دەناسی: کچەی قاوەخانەکە بوو. لە پشتەوە مێرمنداڵە قەرەجەکە بە پێڵاوی بریقەدارەوە، کوردەکە بە کراسی بەفریینەوە، کوڕەی ئالوودەبووش بەھۆش ھاتبۆوە و پانتۆڵەکەی لە پێ کردبوو، بەڵام بەردەوام تۆزی سپی لە ددانەکانی ھەڵدەسوو. خێراتر لە خێرایی دەڕۆیشتن و گەردەلوول بەدوایانەوە... گەیشتنە دوند. دۆڵێکی قووڵ چیاکەی لەگەڵ ئەوەی بەرامبەری شەق کردبوو. نیوەی بۆشاییەکەی خوارێ هاڵاوی سووتێنەری گڕکانی لێوە بەرز دەبۆوە... ھەر کە سەیارە لە ھەوادا دەڕۆیشت و خەریکبوو بنیشێتەوە، یەگجار توند خۆی بە چیاکەدا کێشا و بەرەو قوڵایی لۆژ بوونەوە.

   بەتانییەکەی بەخۆیدا دایەوە و دیسان ڕاکشا. تا سەعات دە لە گینگڵدان بوو، یەک دوو جارێکیش لەو نێوانە لە خەونوچکە. بەڵام ھەر کە کات دەی تێپەڕاند، گورج ھەستا. بە چاوی ڕیپۆقاوی و قژی دێوانەییانە، ڕووت، تەنێ بە گۆرەوییەوە چووە دەرێ.

   بە کۆڵانە تەسکەکانی گەڕەکدا ڕای دەکرد، کەسی لێ نەبوو. گەیشتە ئەو شاڕێگەیەی دەگەیشتەوە بازاڕ، بەڵام نەچوو، سووڕایەوە و بەرەو باخچە چوو. کەچی کوڕەی ئالوودەبوو، سەری بەسەر جەستەیدا چەمابۆوە؛ مێشکی لە فەزایەکی تر. بە ئەسپایی پانتۆڵەکەی لەبەر داماڵی. دیسان کەوتەوە غاردان. چووە ئەو سووچەی کوردەکە شەربەتی دەفڕۆشت. سووچێکی تر. دانەیەکی تریش. لە ھیچ کوێ نەبوو. گریان بەربینگی گرت. واپێدەچێ ئەمڕۆ قەرەجەکەش بەرەو شارێکی دی بارگەی پێچابێتەوە و بۆ ھەتاھەتایە ون بێ.

   بۆ بازاڕ غاردی دا تا گەیشتە بەردەم قاوەخانەکە. بۆ بەدبەختی ئەو، خەڵکێکی زەوەند لەو دەوروبەرە کۆببوونەوە. هەر کە بینییان، پێکڕا سڵەمینەوە، ڕووی خۆیان لە گەڵوگونی وەرگێڕا. لەملاولەولا دەنگی چرکەی کامێرا دەهات.

   ئەو هێندە ھاواری کرد، تا گەرووی شەقار شەقار بوو و خوێن ڕشایەوە. بێ وچان بانگی کچەی شۆخی کارگوزاری دەکرد. کچەکە دەرکەوت، بەڵام ئێستی کرد. چاوی توند نوقاند. پیرەپیاو ویستی بەرەو ڕووی بچێ، کلێتەی لەسەر بکاتەوە، بەڵام دوو دەست لە پشتەوە گەمارۆی دا و کێشای بە ئەرزدا. مەچەکی بە کەلەپچە شەتەک درا و ڕاپێچی نێو ئۆتۆمبێلێکی گڵۆپ سوور و شین کرا.

   “ئەو کلێتەیە داکەنە. زیندانە، نەھامەتیی دێنێ”.

   کچە ئەبڵەق ما، سەرسووڕماوانە پێدەکەنی. خەڵکەکەش ھەروا، بەڵام ئەو دوورتر و دوورتر دەکەوتەوە. تا ئەوپەڕی شەقار شەقاربوونی گەرووی، ھاواری دەکرد کلێتەکە فڕێ بدا.

ژیار ئەسوەد، تەمەنی نۆزدە ساڵە، دانیشتووی شاری هەولێرە. لە کۆتا پۆلی قۆناغی ئامادەیی دەخوێنێ. ماوەی دوو ساڵە چیرۆک و شیعرەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و وێبسایتەکاندا بڵاو دەکاتەوە. خاوەن هیچ کتێبێکی چاپکراوی خۆی نییە و لە ئێستادا دیوانێکی شیعریی ئامادەیە.

هاوبەشی بکە

DidiMnStory, zhyar aswad,