23/11/2024
DidiMn Logo
Top

“ڕێنووسی یه‌کگرتووی کوردی” له‌ ده‌زگای چاپ و په‌خشی “سه‌رده‌م”ه‌وه

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

ده‌زگای چاپ و په‌خشی “سه‌رده‌م” داوا له‌و‌ نووسه‌رانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌رهه‌مه‌کانیان له‌ ڕێگه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌مه‌وه، یان لە ماڵپەڕەکە بڵاو بکه‌نه‌وه‌، پێڕه‌وی له‌ڕێنووسی یه‌كگرتووی كوردی بكه‌ن كه‌ د‌ه‌زگاكه‌ ئاماده‌ی كردووه‌. ڕێنووسه‌كه‌‌ ڕێنووسی په‌سه‌ندکراوی ئه‌و سیمینار و کۆبوونه‌وانه‌یه‌ که‌ له‌ کاتی خۆیدا له‌ هه‌ولێر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بڕیاریان له‌سه‌ر درابوو (جگه‌ له‌ یه‌ک دوو ده‌سکاریی بچووک).

یه‌که‌م: گیروگرفتی پیتی (و).

نیشانه‌ی‌ (و) له‌ زمانی کوردیدا به‌م شێوانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌نووسرێت:

١- پیتی (و)ی کورت، واته‌ (و)ی بزوێنی کورت (و: u)

بۆ نموونه: کورد. کورت. کوشت.‌

٢- پیتی (وو)ی درێژ، واته‌ (وو)ی بزوێنی درێژ (وو: u)

بۆ نموونه‌: سوور. چوو. دوو.

٣- پیتی (و)ی کۆنسۆنانت (نه‌بزوێن)، واته‌ (و: w)

بۆ نموونه‌: ئاوایی. وه‌ره‌. هاوار.

٤- پیتی (ۆ)ی کراوه‌، واته‌ (ۆ: o)

بۆ نموونه‌: دۆڵ. گۆڕ، نۆ.

دووه‌م: گیروگرفتی پیتی (و)ی سه‌ره‌تای وشه‌.

هه‌ر وشه‌یه‌ک به‌ پیتی (و) ده‌ست پێ بکات به‌ یه‌ک (و) ده‌نووسرێت.

بۆ نموونه‌: وریا. وڵات. وشه‌. ورد.

سێیه‌م: گیروگرفتی پیتی (ی):

نیشانه‌ی (ی) له‌ زمانی کوردیدا به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

پیتی (ی)ی بزوێن، واته‌ (ی: i).

بۆ نموونه‌: زه‌وی- zewi، جوانی ، خۆشه‌ویستی ، کوردی، جیهانی

پیتی (ی)ی کۆنسۆنانت، واته‌ (ی: y)

بۆ نموونه‌: یار- yar

سه‌رنج١: پیتێکی (ی)ی بزوێنی فره‌ کورت هه‌یه‌ که‌ له‌ نووسینی کوردی له‌ ئه‌لفوبێی لاتینیدا نیشانه‌ی (i)ی بۆ دانراوه‌ وه‌ک له‌ وشه‌کانی: من- min، کن- kin، ژن-jin. ئه‌م نیشانه‌یه‌ له‌ نووسینی کوردیدا به‌ ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی نییه‌،

* سه‌رنج٢: نیشانه‌کانی (ی)ی بزوێن و (ی)ی کۆنسۆنانت، واته‌ (i) و (y) له‌ پیتی عه‌ره‌بیدا هه‌ردووکیان هه‌مان نیشانه‌ی (ی) یان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا له‌ یه‌کتر جیاوازن و له‌ کاتی به‌دوای یه‌کترهاتنیاندا ده‌بێت هه‌ردووکیان بنووسرێن.

وه‌ک: نییه‌. چییه‌. دیارییه‌که‌. زه‌وییه‌که‌.

* سه‌رنج٣: له‌ کاتی هاتنی سێ پیتی (ی) به‌دوای یه‌کتردا وه‌ک له‌ وشه‌کانی (ئاواییه‌که‌مان..) (کۆتاییه‌کی…) (وه‌ستاییه‌کی..) (کۆتایی به‌ کاره‌که‌ هێنا..) هه‌ر به‌ دوو (ی) ده‌نووسرێن.

چواره‌م: گیروگرفتی پیتی (ڕ)ی گران، واته‌ (ڕ)ی نیشانه‌دار. ئه‌م پیته‌ له‌ هه‌ر کوێیه‌کی وشه‌دا هات ده‌بێت به‌ نیشانه‌که‌یه‌وه‌ بنووسرێت، واته‌ له‌ سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاست و کۆتایی وشه‌دا هه‌ر (ڕ)ی گرانی نیشانه‌داره‌.

وه‌ک: ڕۆژ. بڕیار. که‌ڕ.

پێنجه‌م: گیروگرفتی پیتی (و)ی به‌یه‌که‌وه‌به‌ستن (عطف):

پیتی (و)ی به‌یه‌که‌وه‌به‌ستن، به‌شێوه‌یه‌کی جیاواز له‌ وشه‌ی خۆی و پاش خۆیه‌وه‌ ده‌نووسرێت و مامه‌ڵه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت.

بۆ نموونه‌: من و تۆ. ئاره‌زوو و وریا.

* سه‌رنج: له‌ هه‌ندێک وشه‌ی لێکدراودا پیتی (و)ی به‌یه‌که‌وه‌به‌ستن بووه‌ به‌ به‌شێک له‌ هه‌ردوو وشه‌ لێکدراوه‌که‌ و به‌ هه‌موویان وشه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیان دروست کردووه‌.

وه‌ک: کاروبار. ده‌نگوباس. ئه‌لفوبێ. هاتوچۆ.

له‌م بارانه‌دا مامه‌ڵه‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌گه‌ڵ پیتی (و)ی به‌یه‌که‌وه‌به‌ستندا ناکرێت و وشه‌که‌ هه‌مووی به‌سه‌ریه‌که‌وه‌ ده‌نووسرێت وه‌ک له‌ نموونه‌کاندا پیشانمان دا.

شه‌شه‌م: وشه‌ی ناساده‌ چ ناو بێت یان زاراوه‌، ده‌بێت به‌سه‌ریه‌که‌وه‌ وه‌کو یه‌ک وشه‌ بنووسرێن. وه‌ک:

ناو: چه‌مچه‌ماڵ. بێکه‌س. دڵشاد. زوورگه‌زراو. بێخاڵ. ناڵپارێز. میاندواو. کانیکه‌وه‌. سپیگره‌.

زاراوه‌: ڕێنووس. ڕێپێوان. ده‌سبه‌جێ. جێبه‌جێ. نیشتمانپه‌روه‌ر. ده‌ستنووس. ڕاسته‌وخۆ. یه‌کشه‌وه‌ (مانگی یه‌کشه‌وه‌).

حه‌وته‌م: پیتی (ت) له‌ کۆتایی کار (فرمان)دا ده‌شێ بنووسرێت و ده‌شێ نه‌نووسرێت.

وه‌ک: دێت و ده‌ڕوات (یان) دێ و ده‌ڕوا.

هه‌شته‌م: نیسبه‌ت له‌ زمانی کوردیدا زۆربه‌ی جار به‌هۆی پیتی (ی) له‌ کۆتایی ناودا ده‌کرێت.

وه‌ک: پێنجوێنی. هه‌ولێری. دهۆکی. شێخانی.

هه‌روه‌ها ئه‌م نموونانه‌ی خواره‌وه‌:

ئه‌حمه‌دئاوا: ئه‌حمه‌دئاوایی.

یارمجه‌: یارمجه‌یی.

تووزخورماتوو: تووزخورماتوویی.

شنۆ: شنۆیی.

ئاکرێ: ئاکرێیی (یان) ئاکره‌یی.

لادێ: لادێیی.

* سه‌ره‌نج: ئه‌و ناوانه‌ی خۆیان به‌ پیتی (ی) ته‌واو ده‌بن، پێویست ناکات (ه‌)ی نیسبه‌تیان بخرێته‌ پاڵ. وه‌ک:

سلێمانی: کامه‌ران سلێمانی

کانیماسی: حاجی حوسێن کانیماسی.

ئامێدی: ئازاد ئامێدی.

نۆیه‌م: هه‌ر وشه‌یه‌کی بیانی چ هاتبێته‌ ناو زمانی کوردییه‌وه‌ یان هه‌ر ناو و وشه‌یه‌کی تر که‌ له‌ نووسینی کوردیدا دێته‌ پێشه‌وه‌ به‌ ڕێنووسی کوردی ده‌نووسرێت.

وه‌ک: قه‌ڵه‌م. ئه‌کبه‌ر. قاهیره‌. ئۆتۆمۆبێل. دۆستویڤسکی.

ده‌یه‌م: ئامرازی (تر، ترین) که‌ بۆ به‌راورد به‌کاردێن ده‌بێت به‌ وشه‌کانی پێش خۆیانه‌وه‌ بلکێنرێن. وه‌ک:

جوان: جوانتر- جوانترین.

خاو: خاوتر- خاوترین.

* سه‌رنج: ئه‌م ئامرازه‌ی (تر) جیاوازه‌ له‌ وشه‌ی (تر) که‌ به‌ واته‌ی (دی، دیکه‌) دێت.

ئه‌مه‌ی دوایی ده‌بێت به‌ جیاواز له‌ وشه‌ی پێش خۆی بنوسرێت.

وه‌ک: ماڵێکی تر، چیی ترم ناوێ.

یازده‌یه‌م: جێناوی نیشانه‌ی وه‌ک: ئه‌م. ئه‌و. ئه‌ڤ.

ئه‌م جێناوانه‌ ئه‌گه‌ر ئاوه‌ڵکاری (کات- یان- شوێن)یان به‌دوادا هات پێیانه‌وه‌ ده‌لکێن و ده‌بن به‌ یه‌ک وشه‌ی سه‌ربه‌خۆ.

وه‌ک؛ ئه‌مشه‌و. ئه‌مڕۆ. ئه‌ڤساڵ. ئه‌مجاره‌. ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ر. ئه‌ڤرۆ.

دوازده‌یه‌م: نیشانه‌کانی نه‌ناسراوی وه‌ک (..یه‌ک.. ێک.. ه‌ک) به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر وشه‌کانی پێش خۆیان:

١- ئه‌گه‌ر وشه‌کان به‌ پیته‌ بزوێنه‌کانی (ا، ی، ه‌، ێ) ته‌واو بووبن، ئه‌وا نیشانه‌ی (..یه‌ک)یان ده‌خرێته‌ پاڵ وه‌ک: چیا: چیایه‌ک.

زه‌وی: زه‌وییه‌ک.

دێ: دێیه‌ک.

٢- ئه‌گه‌ر وشه‌کان به‌ پیته‌ بزوێنی (وو)یان هه‌ر پیتێکی ده‌نگدار (نه‌بزوین: کۆنسۆنانت) ته‌واو بوون، ئه‌وا نیشانه‌ی (ێک- له‌ کرمانجی خواروو) و نیشانه‌ی (ه‌ک- له‌ کرمانجی سه‌روو)ی ده‌چێته‌ سه‌ر. وه‌ک:

خانوو: خانووێک، خانووه‌ک.

گوند: گوندێک (کرمانجی خواروو)، گونده‌ک (کرمانجی سه‌روو).

ژن: ژنێک: (کرمانجی خواروو)، ژنه‌ک (کرمانجی سه‌روو).

سێزده‌یه‌م: گیروگرفتی پاشگره‌کانی (دا، ڕا، وه‌و، ه‌وه‌).

ئه‌م پاشگرانه‌ به‌ وشه‌کانی پێش خۆیانه‌وه‌ ده‌لکێنرێن. وه‌ک:

دا: له‌ دڵدا (هه‌ر برینێ له‌ دڵدا هه‌یه‌ ساڕێژی که‌ن). (خه‌مێکم له‌ دڵدایه‌).

ڕا: له‌ ئامێدیڕا (له‌ وێڕا به‌پێ هاتووین). (له‌خۆڕا دڵی گۆڕاوه‌).

وه‌: له‌ چوارچراوه‌ (له‌وێوه‌ هاتووین).

ه‌وه‌: به‌ ماڵه‌وه‌ (به‌ ماڵه‌وه‌ ڕۆیشتین).

* سه‌رنج: پاشگری (دا) جیایه‌ له‌ وشه‌ی (دا) که‌ فرمانه‌ و چاوگه‌که‌ی (دان)ه‌.

وه‌ک: تیرێکی له‌ دڵی دا. تیرێکی له‌ دڵی دام. ئه‌م (دا)یه‌ی فرمان به‌ جیا ده‌نووسرێت.

چوارده‌یه‌م: گیروگرفتی پێشگره‌کانی (هه‌ڵ. دا. ڕا. وه‌ر. ده‌ر).

١- ئه‌م پێشگرانه‌ کاتێک ده‌چنه‌ سه‌ر چاوگ یان ف‌رمان یان حاڵه‌تێکی تر پێیانه‌وه‌ ده‌لکێن . وه‌ک:

* چاوگ:

هه‌ڵ: هه‌ڵکردن. هه‌ڵگرتن. هه‌ڵکورمان. هه‌ڵکێشان.

دا: دابڕان. داخستن. داڕمان. داکردن.

ڕا: ڕاگرتن. ڕاکێشان. ڕاپه‌ڕین.

وه‌ر: وه‌رگرتن. وه‌رسوڕان.

ده‌ر: ده‌رکردن. ده‌رهێنان.

* فرمان:

 هه‌ڵ: هه‌ڵگره‌. هه‌ڵمه‌خه‌. هه‌ڵکشێ.

دا: دانێ. دامه‌بڕه‌.

ڕا: ڕاکێشه‌. ڕامه‌په‌ڕێنه‌.

وه‌ر: وه‌رگره‌. وه‌رسوڕێنه‌.

ده‌ر: ده‌ر‌بێنه‌. ده‌رخه‌.

* حاڵه‌تی تر. وه‌ک:

هه‌ڵکشاو. هه‌ڵنه‌کشا. دانراو. ڕاپه‌ڕیو. ڕانه‌په‌ڕیو. وه‌رگرتوو. وه‌رگرته‌. ده‌رخراو. ده‌رکراو.

٢- ئه‌گه‌ر جێناوی لکاو که‌وته‌ نێوان پێشگر و فرمانه‌که‌ی دوای خۆی ئه‌وا به‌یه‌که‌وه‌ ده‌نووسرێن. وه‌ک:

هه‌ڵ: هه‌ڵمگرن. هه‌ڵیانکه‌ن. هه‌ڵمانکێشن. هه‌ڵمانمه‌واسن.

دا: داماننه‌نایه‌. دایانخه‌ن. دایبڕه‌.

ڕا: ڕایانده‌گرین. ڕامکێشه‌. ڕامپه‌ڕێنه‌. ڕاشیانپه‌ڕێنن.

وه‌ر؛ وه‌رمانگرتایه‌. وه‌رینه‌گریت. وه‌ریانسووڕێنه‌.

ده‌ر: ده‌ریانپه‌ڕاندین. ده‌ریخه‌.

پازده‌یه‌م: ئه‌گه‌ر وشه‌ی دووه‌م له‌ دۆخی فرماندا بوو، به‌ جیا ده‌نووسرێن:

ڕیک ده‌که‌وین. پێکیان هێناینه‌وه‌. پێک نه‌هاتین. یه‌کیان نه‌گرتووه‌. ده‌ستمان نه‌که‌وت.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر وشه‌ی دووه‌م له‌ دۆخی چاوگ یان حاڵه‌تی تردا بوو، ئه‌وا هه‌ردوو وشه‌که‌ به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌لکێنرێن.

وه‌ک: ڕێککه‌وتن. پێکهاتن. یه‌کگرتن. ده‌سخستن. یه‌کگرتوو. ده‌سکه‌وتوو. پێکهاته‌.

شازده‌یه‌م: ئامرازی (ش)ی ته‌ئکید که‌وته‌ هه‌ر شوێنێکی وشه‌وه‌ ده‌بێت به‌ به‌شێک له‌ وشه‌که‌ و نابێت به‌هۆی له‌تبوونی وشه‌که‌.

وه‌ک: بشته‌وێ ناتده‌مێ. نه‌شخۆیت. گوتی دێم… نه‌شهات. نه‌شمانگرتن. بشمانبه‌ن.


ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م

لەم لینکەوە دەچنە سەر پەڕەی تایبەت بە ڕێنووس، لە ماڵپەڕی فه‌رمی ده‌زگای سه‌رده‌م:

https://sardem.org/?page_id=4383

هاوبەشی بکە

linguistic, sardam,