19/03/2024
DidiMn Logo
Top

نامەیەکی ڕۆبێرتۆ بۆلانیۆ بۆ باوکی

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

نامەیەکی ڕۆبێرتۆ بۆلانیۆ بۆ باوکی
لە ئیسپانییەوە: ژیار ھۆمەر

باوکە گیان!

چەرمەسەریم زۆر چەشتووە، خۆشیم زۆر بینیووە، پیاسەم کردووە، دەڕۆستی سەرما هاتوومە، لە ھەوای ئازاددا سەرخەوم شکاندووە، خواردنی سەیروسەمەرەی وڵاتە جیاوازەکانیشم خواردووە، لەگەڵ ماریۆ لە پاریس ژیاوم (ئای کچە فەڕەنسییەکان چەند ئێسکسووکن)، شەمەندەفەری ھەموو ڕێگاکانم تاقی کردووەتەوە، بەرگەی لەرزوتای ڕێگام گرتووە، زۆر کارم کردووە؛ بە شەودا قاپشۆریم کردووە، لە بەندەرێکی فەڕەنسا باری کەشتیم داگرتووە، لە ھەمان بەندەر خانووی تەواونەکراوم خاوێن کردووەتەوە. ھۆنراوەم ھۆنیووەتەوە، زۆر گەڕاوم، ئەڤیندار بووم، نائەڤیندار بووم، لۆژەلۆژ بە کەنەفتی گەڕاومەتەوە و بە لەشی کوتراو و داھێزراوەوە چوومەتەوە دەرەوە، لەگەڵ فەڕەنسییەکان بە فەڕەنسی دواوم و لەگەڵ ئیتاڵییەکانیش بە ئیتاڵی، پاشان بە خۆمم دەگوت سا ئەو زمانانەم نەزانیبایە قوڕی کوێم بە سەری خۆمدا بکردایە. زۆر فێر بووم، لە ئاکامدا گەڕاومەتەوە کاتالۆنیا، لەو شوێنەی پیرەژنەکان دەبینم و داپیرە کاتالۆنییەکەمم بیر دەخەنەوە، وا بۆت دەنووسم چونکە وێنای ئەوە دەکەم دەبێ ئێستا برایەکی ترم ھەبێ. ئەدی دەنگوباسی ئیرێنێ؟[1] منداڵەکە کوڕ بوو یان کچ؟ چ ناوێکتان بۆ ھەڵبژاردووە؟

ڕاستییەکەی لە ڕادەبەدەر بیرم لێ کردوونەتەوە. ئێستا لێرە لە بەھارداین و ھاکا تێم قوچاند، سەرەتا بۆ ترێڕنین لە ڕەزێکی باشووری فەڕەنسا، پاشانیش دەچمە پاریس، پاشانیش بۆ ماوەیەکی چاک دەچمە سوێد. بۆیە دەستوبرد وەڵامی ئەم نامەیەم بدەرەوە، پێیشم ڕابگەیەنە منداڵەکە چییە و چۆنە و ھتد.

دایکم و خوشکەکەیشم باشن. دایکم تا ڕادەیەک هەناسەبڕکێیەکەی نەماوە و ئیتر پێی وا نییە بەرۆکی بگرێتەوە. خۆشەویستەکەی «مێ»[2] کوڕێکی کاتالۆنییە، زۆر یەکتریشیان خۆش دەوێ.

ژین لە ئیسپانیا خۆشە. خۆشییەکەی ئەوەیە ماوەیەک بۆ کارکردن دەچیتە وڵاتەکانی تر و لێرە پارەکەت خەرج دەکەی. ھەموو ڕۆژێک شەرابی زۆر خۆش دەخۆمەوە (شەراب لە کۆکاکۆلا ھەرزانترە)، خواردنی ئیسپانییش خۆش و ھەرزانە. بە ھەموو شێوەیەک زۆر تاسەی مێکسیکۆ دەکەم، ئەوێ وەک نیشتمانی دووهەممە، هەڵبەت گەر ڕۆژێک لە ڕۆژان نیشتمانێکم هەبووبێ! لێرە نە چیلیتۆس[3] هەیە، نە مۆلیتۆ[4]، نە تاکیتۆس[5]. نە ئۆتۆمبێلی گەورەیشی لێیە (هەمووی دەڵێی هیی منداڵانە)، نە ڕێگای شێتانە، نە هاوشێوەی ڕۆژە سەرنجڕاکێشەکانی دیستریتۆ[6]. کاتێک بە ھاوڕێ ئیسپانییەکانم دەڵێم ڕێژەی دانیشتووانی «D. F.» ١٤ میلیۆن کەسە چوارچاو دەبن. بیری هەتاویش دەکەم. لێرە بەهارە کەچی ھەر دەڵێی زستانی مێکسیکۆیە.

سڵاو و ڕێزم بگەیەنە بە لوپیتا[7] (دایکیشم سڵاوی بۆی ھەیە)، بە کیکۆ[8] و خاتوونەکەی، بە خۆیێ[9] و خاتوونەکەی، بە ھەموو برادەرەکانی ساموێل[10]. باوەشێکی گەرم بۆ ئیرێنێ[11]، با ئاگای لە خۆی و براکەم بێ. سڵاویشم هەیە بۆ چێنتیتا[12] (ئەرێ چێنتیتا چۆنە؟)، لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆ خۆشەویستییە نەبڕاوەکەت سەبارەت بە کوڕەکەت کە ئەویش خۆشی دەوێیت و ڕێزت لێ دەگرێت. هتد، هتد، هتد.


سەرچاوە:
Carta a su padre, Cartas a sus padres desde Chile y España, Roberto Bolaño. (traducido al kurdo por Jiyar Homer)



[1] Irene
[2]
[3] Chilitos
[4] Molito
[5] Taquitos
[6]  دیستریتۆ فێدێرال ((Distrito Federal ناوی پێشووی شاری مێکسیکۆیە – ژ.
[7] Lupita
[8] Kiko
[9] Joe
[10] Samuel
[11] Irene
[12] Chentita

هاوبەشی بکە

nama, Roberto Bolano,