15/08/2026
DidiMn Logo
Top

نامەیەکی کراوە بۆ نەوەکەم

لە لایەن دیدی من 4 حەفتە پێش ئێستا

شەش مانگی دیکە، پێ دەنێیتە 19 ساڵییەوە. دیارە ڕۆژێکی ئۆکتۆبەری 1976 لە ئۆردووگایەکی زۆرەملێدا هاتوویتە دنیاوە. نەختێک پێش یان پاش ئەوەی چاوت بکەیتەوە، هەمان مانگ و ساڵ، باوکتیان کوشتووە: گوللەیەکیان لە مەودای کەمتر لە نیو مەترەوە بە پشتەملیەوە ناوە. بێچەک بووە و بە دەستی کۆماندۆیەک کوژراوە؛ دیارە هەمان ئەو کەسە بووە دایکت و باوکتی لە 24ـی ئۆگەست لە بوێنۆس ئایرێس ڕفاندووە، بردوونیەتە کەمپی ئۆرلێتی لە گەڕەکی فلۆرێستا کە سەربازەکان ناوی «باخچە»ـیان بەسەردا دابڕاندووە. باوکت ناوی مارسێلۆ بوو. دایکیشت کلاودیا. کاتێک ئەوە ڕووی دا، هەردووکیان تەمەنیان 20 ساڵێک دەبوو، تۆی حەوت مانگیش خزابوویتە ناو چەرمی سکی دایکتەوە. سەروەختێک خەریکبووە بتهێنێتەوە دنیاوە، ئەویان بە تۆوە ڕاگواستووە. دیارە بە بەرچاوی دکتۆرێکی شەریکەتاوانی دیکتاتۆرەوە، تۆی لەوپەڕی تەنیاییدا خستووەتەوە. ئەوسا تۆیان لێ دوور خستووەتەوە و خراویتە ژێر چەپۆکی ژن و مێردێکی وەجاخکوێرەوە؛ لەو سەردەمەدا وا بووە، پیاوەکە یان سەرباز بووە، یان پۆلیس بووە، یان دادوەر بووە یان ڕۆژنامەنووسێکی سەر بە حکوومەت بووە. ئەوسا لیستێکی شوومی چاوەڕوانی لە هەر ئۆردووگایەکی زۆرەملێدا هەبووە: ئەوانەی ناویان لەو لیستەدا تۆمار کراوە، چاوەڕێی هەڵگرتنەوەی منداڵی دزراوی دایکە دووگیانە زیندانیکراوەکان بوون، ئەوانەی زۆربەی جار دوای خستنەوەی منداڵەکانیان دەستبەجێ دەکوژران. وا 12 ساڵ بەسەر حکوومەتی سەربازیدا تێپەڕیوە و هیچ هەواڵێکی دایکت نییە. گەرچی لە بەرمیلێکی 200 لیتریی گریسدا کە سەربازەکان پڕیان کردووە لە خۆڵ و چیمەنتۆ و فڕێیان داوەتەوە ناو ڕووباری سان فێرناندۆوە، ڕوفاتی باوکت دوای 13 ساڵ دۆزراوەتەوە. پاشان لە شاری لا تابلادا نێژراوە. هیچ نەبێت ئەوەندە سۆراغی ئەوم هەیە.

خۆم زۆرم پێ سەیرە بەسەرهاتی جگەرگۆشەکانمت بۆ دەگێڕمەوە وەک ئەوەی دایک و باوکت بووبن، کەچی نەبوون. نازانم کوڕیت یان کچیت. دەزانم لەدایک بوویت. فێبریوەریی 1978، باوکە فیۆرێلۆ کاڤالی لە ئەمینداریەتیی دەوڵەتی ڤاتیکانەوە، لەوە دڵنیای کردمەوە. لەوساکەوە مەراقمە بزانم چارەنووست چۆن بووە. بیری دژیەک شاڵاوم بۆ دەهێنن. لە لایەکەوە، هەمیشە قێزم هەڵدەستێت کاتێک بیر دەکەمەوە لەوەی بەو سەرباز یان پۆلیسەی تۆی دزیوە، یان بە هاوڕێی بکوژانی دایک و باوکت بڵێیت: «بابە.» لە لایەکی ترەوە، هەمیشە پڕبەدڵ ئاواتم ئەوە بووە، لە هەر ماڵێکدا گیرسابیتەوە، باش بەخێو و پەروەردەت بکەن، زۆر خۆشیان بوێیت. ئەگەرچی قەتیش نەمتوانیوە بیر لەوە نەکەمەوە هەردەم کونێک یان قڵیشێک لە خۆشەویستییەکەیاندا بۆ تۆ هەبووە، نەک لەبەر ئەوەی باوانی ئێستات دایک و باوکی خوێنییت نین، بگرە لەبەر ئەوەی تا ڕادەیەک ئاگاداری بەسەرهاتی تۆن؛ ئەوەی جڵەویان کردووە و شێواندوویانە. بیر لەوە دەکەمەوە دنیایەک درۆیان بۆت هەڵبەستووە.

هەروەها هەموو ئەم ساڵانەیش بیرم لەوە کردووەتەوە چی بکەم گەر تۆم دۆزییەوە: دوورت بخەمەوە لەو ماڵەی هەتە یان قسە بکەم لەگەڵ ئەو دایک و باوکەی تۆیان هەڵگرتووەتەوە تا ڕێک بکەوین لەسەر ئەوەی بتوانم بتبینم و هاودەمت بم، هەمیشە لەسەر بنەمای ئەوەی بزانیت تۆ کێیت و کوێندەرییت. ئەم خەیاڵانە هەموو جارێک دەنەخشانەوە و ئەگەرێک دەکەوتە سەرەتاتکە: ڕێکخراوی «داپیرانی گۆڕەپانی مایۆ» تۆیان دۆزیبێتەوە. خەیاڵەکانم هەر جارێک بە گوێرەی تەمەنت دەگۆڕا. خەمم بوو ئێجگار منداڵ بیت و ئەقڵت بەوە بشکێت چی ڕووی داوە. تێبگەیت لەوەی ڕووی داوە. تێبگەیت لەوەی ئەوانەی بە دایک و باوکی خۆتت داناون، یاخود وەک دایک و باوکی خۆت خۆشت ویستوون، دایک و باوکی ڕاستەقینەت نەبن. خەمم بوو دوو جار بریندار ببیت، تەورێک کەسایەتییت هەڵبقڵیشێنێت. بەڵام ئێستا گەورە بوویت. خۆت دەتوانیت درک بەوە بکەیت کێیت و دواتر بڕیارێک بدەیت. ئەوەیش داپیرەکانن و بانکی زانیاریی خوێنەکانیانە، دەتوانن بە شێوازێکی ورد و زانستیانە بنەچەی منداڵە ونبووەکان بدۆزنەوە. بنەچەی تۆ.

ئێستا لە تەمەنی کاتی کوشتنی باوانتدایت و بەم زووانە لەوان گەورەتر دەبیت. ئەوان بۆ هەمیشە لە تەمەنی 20 ساڵیدا مانەوە. خەونیان لەسەر هەڵچنیبوویت و ئاواتیان دەخواست لە دنیایەکی ڕۆشندا تۆیان ببێت. حەز دەکەم باسی ئەوانت بۆ بکەم و باسی خۆتم بۆ بکەیت. تا کوڕەکەم لەناو تۆدا بدۆزمەوە، هەرچییەکی ئەویشم تێدایە تۆ لە مندا بیدۆزیتەوە: ئەو هەردووکمانی هەتیو خستووە. تا بتوانین ئەو کەلێنە جەرگبڕ و ئەو بێدەنگییە دوورودرێژەی حکوومەتی دیکتاتۆری خستییە بنەماڵەکەمانەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان پڕ بکەینەوە. تا چیرۆکی خۆتت بۆ بگێڕمەوە، نەک بۆ ئەوەی داتببڕێنم لەوەی ناتەوێت لە خۆتی جیا بکەیتەوە. وەک گوتم، ئیتر گەورە بوویت.

خەونەکانی مارسێلۆ و کلاودیا هێشتا بەدی نەهاتوون، جگە لە هەبوونت؛ لەدایک بوویت بەڵام نە کەس دەزانێت لە کوێیت نە لەگەڵ کێیت. لەوانەیە وەک کوڕەکەم دوو چاوی مەیلەوسەوزت هەبێت، یان دوو چاوی کەستانەیی وەک دایکت کە بریکەیەکی تایبەت و نەرم و نیانیان دەدایەوە. کێ دەزانێت چۆن دەبیت ئەگەر کوڕ بیت. کێ دەزانێت چۆن دەبیت ئەگەر کچ بیت. باشترە لە پشت پەردەی ئەو ڕازەوە بێیتە دەرەوە تا پێ بنێیتە ناو نهێنییەکی ترەوە: دیداری ئەو باپیرەیەی چاوەڕێتە.

12ـی ئەپرێلی 1995

هاوبەشی بکە

Adabiat Nama, jiyar homer, nama,