19/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕۆمانی “مرۆڤی هەرزان” بڵاوده‌کرێتەوە

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

ڕاگه‌یاندنی وه‌شانی نووسیار

وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا به‌مزوانه‌ ڕۆمانی (مرۆڤی هەرزان) لە نووسینی (گۆران سەباح) چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه.

له‌باره‌ی ئه‌م ڕۆمانە گۆران سەباح ده‌ڵێت: مرۆڤی هەرزان ئەزموونێکی نوێیە لە ڕووی ژانری ڕۆمان، زمانی گێڕانەوە، تەکنیکی گێڕانەوە، کات، شوێن، تێما و کارەکتەر. ژانرەکە خەیاڵی زانستییە (خەز). لە ماوەی ڕابردوودا، دە باسی تێروتەسەلم لەبارەی خەز نووسی، بە درێژی باسی چۆنێتیی نووسینی خەزم کردووە. زمانی (مرۆڤی هەرزان) ورد و پاراوە، تایبەتە بە خەز. زمانی خەز ئاسان نییە چونکە دەبێ ڕەچاوی لایەنی زانستی و تەکنیکی بکرێت، ئەمەش پێویستی بە زاراوەی تایبەت هەیە.

مرۆڤی هەرزان هەوڵێکە بۆ دانانی بناخەی زمانێکی تایبەت بە خەیاڵ و زانست کە جیای بکاتەوە لە ژانرەیلی تری ڕۆمان. تەکنیکی گێڕانەوەکە کەسی سێییەمی سنووردارە کە ئاستەمترین تەکنیکە، لە دەرفەتی تر بە وردی باسی دەکەم. تێمای (مرۆڤی هەرزان) ڕۆمانەکە جیا دەکاتەوە لە ڕۆمانەیلی تر. باسی خۆکوشتن دەکات، پێمان دەڵێت بۆچی فەلسەفە و هزری رۆئاوا مرۆڤیان بەرەو ئاقاری خۆکوشتن برد. پێشمان دەڵێت فەلسەفەی ڕۆژهەڵات و ئایین و زانست دەتوانن چی بکەن بۆ چارەسەری خۆکوشتن. کاتەکە لە داهاتووە، باسی ساڵی ٢١٠٠ دەکات. (مرۆڤی هەرزان) فرە شوێنە: بۆشایی ئاسمان، هەولێر، نیویۆرک، پاریس، تاران، چەندان شوێنی تر. کارەکتەرەیلی سەرەکیی (مرۆڤی هەرزان) گەنجن، لە نێوان ١٤-٢٠ ساڵی دان، ئەمەش ڕۆمانەکە دەکاتە جۆری (گەنجی تازە پێگەوییو، واتە Young Adult).

پەرەگرافیک لە ڕۆمانەکە:

” شووشە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دەڵێت ئەو باسی خەون ناکات. مردوو خەون نابینێت، شتەکان بە واقیعی دەبینێ و هەستیان پێ دەکات، ئەزموونی مردن دەکات و دەگەڕێتەوە. لە ڕێگەی ئەزموونەکەوە مرۆڤ دەزانێ لە دنیای مردن چی دەگوزەرێ، دەزانن بەرەو کوێ دەچن، بەمەش نرخ و مانای ژیان دەدۆزنەوە.”

 وەک هەوڵێکی نوێ، نووسیار داوای لە دوو نووسەر و کەسایەتی دیاری بوارەکە کردەووە کە پێشوەخت و پێش لە چاپدانی ڕۆمانەکە، خوێندنەوەی تایبەتی خۆیان بنووسن و دواتر لە بەرگی پشتەوەی ڕۆمانەکە دادەنرێت. ئەد دوو نووسەرش: خانمە نووسەری کورد ”ئاڤە هوما” کە بە ئینگلیزی ڕۆمان دەنووسێت. لەگەڵ نووسەری بە ئەزموون بەدران ئەحمەد حەبیب.

”مرۆڤی هەرزان” لێوانلێوە لە داهێنان، هەجوی سیاسی و هۆشیاریی ئیکۆلۆژی. ڕۆمانەکە ئاستێکی نێودەوڵەتی هەیە و چێژ و ڕۆشنایی بە خوێنەر دەبەخشێت، لەسەر بنیاتی فەلسەفە، ئایین و کولتور هەوڵ دەدات گەورەترین پرسیارەکانی ژیان وەڵام بداتەوە.

– ئاڤە هوما، نووسەری ڕۆمانی بەناوبانگی ”کچانی دووکەڵ و ئاگر”

خەونی ”گۆران سەباح” دوو جار پیرۆزە، جارێکیان وەدۆزینی چارەسەر بۆ دەردێکی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە داهاتووە خەیاڵکردە و جاری دووەمیش کە زوانی کوردی و مرۆڤی کوردستان و وڵاتەکەیان دەباتە رێزی هەموو دنیا.

– بەدران ئەحمەد حەبیب

گۆران سەباح: لە دایکبووی شاری هەولێر لە ساڵی ١٩٨٢. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری ڕۆژنامەوانی و بڕوانامەی دکتۆرا لە ڕۆژنامەوانی (مەیجەر) و نووسینی ڕۆمان (ماینەر) لە زانکۆی کانزەس لە ئەمریکا. یەکەم ڕۆمانی بە ناوی (شاخوێنبەری سەرکردە) لە ٢٠٠٥ دا بڵاو کردەوە، ڕۆمانی دووەم (ترس و ڕق) لە ٢٠١١، ڕۆمانی سێیەم (دووی سوور) لە ٢٠١٣. ڕۆمانی دووەم و سێیەمی بە ئینگلیزیش بڵاو بوونەتەوە لە ئەمریکا. (مرۆڤی هەرزان) چوارەم ڕۆمانیەتی. نووسەر سێ ڕۆمانی چاپ نەکراویشی هەیە. وەک وەرگێڕیش تا ئێستە بیست و پێنج کتێبی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی لەوانەش: هاملێت، بانەکانی وێزەرینگ، تیۆری سیاسی، حکوومەت و گەندەڵی، بەهاری عەرەبی، جووەکانی کوردستان، داهێنانەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی، هتد. هەڵگری خەڵاتی کاڵدەر پیکێت و باب سیگمانە لە بواری نووسین و لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانی. 

هاوبەشی بکە

Kurish Novel, Novel,