26/04/2024
DidiMn Logo
Top

سارا عومه‌ر خه‌ڵاتی لۆریاڵی زێڕین ده‌باته‌وه‌

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

سارا عومه‌ری ٣٢ ساڵ، ڕۆماننووسێكی كۆچبه‌ری كورده‌ و دانیشتووی وڵاتی دانیماركه‌، دوایین ڕۆمانی سارا به‌ ناوی مردووشۆر، ساڵی ٢٠١٧ بڵاو بووه‌وه‌ و زۆرترین ده‌نگدانه‌وه‌ی لێ كه‌وته‌وه‌. هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ندین جار خه‌ڵات و ڕێزلێنانی پێ به‌خشراوه‌. ئه‌مساڵیش بووه‌ براوه‌ی خه‌ڵاتی لۆریاڵی زێڕین، خه‌ڵاته‌كه‌ ده‌درێت به‌و ژنانه‌ی له‌ كار و چالاكییه‌كانیاندا له‌ بواری ژنان، منداڵان و مرۆڤدۆستیدا، بوێر و تێكۆشه‌رن.

سارا عومه‌ر لە ساڵی ١٩٨٦دا لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، لە تەمەنی دە ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەیدا سەر هەڵدەگرن بۆ ئێران‌ و دواتریش بۆ سوریا، پێنج ساڵ ئاوارە دەبن بەر لەوەی بگەنە دانیمارک. ئێستا خوێندکاری ماستەرە لە ‌بەشی زانستی سیاسیدا لەو وڵاتە. سارا عومەر پێشتر شیعر ‌و نووسینی ئەدەبی بە ‌زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە.

سارا عومەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ده‌قێكی سوپاسگوزاری بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا چەند خاڵێك ده‌خاته‌ ڕوو. ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی ڕاگه‌یاندنه‌كه‌یەتی‌:

دۆستان و ئازیزان،

خۆشحاڵم پێتان ڕابگەیەنم، کە بەرواری ١٨ی نۆڤێمبەر لە شاری کۆپنھاگن لە وڵاتی دانیمارک خەڵاتی ئەدەبی”لۆریاڵی زێڕی” The Golden Laurel.م پێ بەخشرا.

ئەمە خەڵاتێکی ئەدەبیی دانیمارکییە، کە لە ساڵی ١٩٤٩دا دامەزرێنراوە، ھەموو ساڵێکیش بە یەکێک لە نووسەرەکانی وڵاتی دانیمارک دەبەخشرێت. ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر بەخشینی خەڵاتەکە دەدات پێک ھاتوون لە ڕەخنەگرانی ئەدەبیی و خاوەن کتێبخانەکانی ئەو وڵاتە. ئەمانە خەڵاتەکە بە کتێبێک دەبەخشن، کە ئاستێکی ئەدەبی بەرزی ھەبێت و سەرنجی ڕەخنەگران و خوێنەرانی بە لای خۆیدا ڕاکێشابێت. نووسەری براوە کەسێکە زۆرترین خوێنەری ھەبووە و کتێبەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بە ناو کۆمەڵگەدا بڵاو بووەتەوە. زۆرێک لە نووسەرە گەورەکانی دانیمارک ئەم خەڵاتەیان بردووەتەوە و ھەر نووسەرێکیش دەتوانێت یەک جار لە ژیانیدا ئەم خەڵاتە وەربگرێت.

من کە دوێنی ئەو خەڵاتەم وەرگرت یەکەمین نووسەرێکم، کە پاشخانێکی کوردیی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستم ھەیە. بەر لە من ئەو خەڵاتە بە کەسێکی ھەڵگری ئەو پاشخانە نەدراوە. ھەروەھا یەکەمین نووسەرێکی پەناھەندەم، کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، وەک چۆن لە ھەمان کاتدا گەنجترین نووسەرێکم خەڵاتەکەم پێ بەخشرابێت.

بە بۆنەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەوە دەمەوێت جارێکی تر پێ لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ دابگرم، وەک چۆن لە وتارەکەی دوێنێمدا لە شاری کۆپنھاگن باسم کرد. لە لای من بەرگریکردن لە ئازادی نووسین و ڕادەربڕین بابەتی ھەرە گرنگی ئەم سەردەمەی ئێستامانە. ئەم ئازادییە لە ئێستادا لە ژێر ھەڕەشەیەکی بەردەوام و ھەمەلایەندایە. نەک تەنھا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵکو لە ناو ئەوروپا خۆشیدا. باشترین نموونەیەک ئەم ھەڕەشەیەمان نیشان بدات سەربڕینی ئەو مامۆستا فەرەنسییە بوو لەسەر بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ھەوڵدان بۆ ناساندنی منداڵان بەم ئازادییە و فێرکردنیان، کە ڕێزی لێ بگرن. من وەک نووسەرێک ناتوانم ھەرگیز بەرامبەر بەم ھێرش و پەلامارەی ئازادیی نووسین و ڕادەربڕین بە گشتیی و ئازادی مرۆڤ لە ھەموو شێوەکانیدا بە تایبەتی، بێدەنگ ببم. ئەگەر ڕۆمانەکانی من مانایەکیان ھەبێت ئەوا لە بەرگریکردنیاندایە لەم ئازادییانە و لە ڕێگرتن لە سوکایەتیکردندا بە مرۆڤ، یان کورتکردنەوەی بۆ کەسێک کە خاوەنی ڕا و بۆچوونی خۆی نەبێت و تەنھا گوێیەک بێت بۆ بیستن و دووبارەکردنەوەی قسە و بۆچوونی گەورەکانی.

ئەدەبی من و خۆشەویستیم بۆ نووسین، بوون بە شمشێرێک دژ بە نادادپەروەریی و سەرکوتکردن. لە ھەمان کاتدا خوێنەرەکانم بوون بە سوپا و بەو جەنگاوەرانەی، کە هەمان جەنگی من درێژە پێ دەدەن.

ئەوە ڕاستە کە کتێبەکانم بۆنی خوێنیان لێ دێت، بەڵام خوێنی کێ؟ خوێنی ئەو ژن و کچانەی ڕۆژانە بە تۆمەتی جیاواز دەکوژرێن و لە دوای مردنیشیانەوە گۆڕێکیان پێ ڕەوا نابینرێت.

من وەک نووسەرێک و وەک مرۆڤێک باوەڕی تەواوم بەوەیە، کە پێویستە ھەمیشە ڕووبەرێکی ئازاد بۆ ئەدەبیات ھەبێت و پارێزراو بێت، ڕووبەرێک بۆ ئەو شێوازانەش لە ھونەر، کە سنوورەکان دەشکێنن و ناترسن لەوەی شتێک بڵێن قبووڵنەکراو بێت و زۆرینەی کۆمەڵگە نەیەوێت بیبیستێ و بیبینێت.

ھیوادارم ئەم خەڵاتە شتێک لە ئومێد و باوەڕ لە ناو ئەو کچ و ژنانەدا بچێنێت، کە وەک من لە ڕۆژگارێکدا بێدەنگ و بێکەسایەتی کراون، بەڵام بە پێداگرتن لەسەر تەسلیمنەبوون و لەسەر بەرەنگاربوونەوە، دەبنە خاوەنی دەنگی خۆیان. دەنگێک، کە دەشێت دنیا بیبیسێت و دانی پێدا بنێت.

ڕێز و خۆشەویستیم،
سارا عومەر

هاوبەشی بکە

Novel, Sara omer,