19/04/2024
DidiMn Logo
Top

وا خەیاڵ بكە كە خەیاڵكردن مردووە

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
ساموێل بیکێت
وەرگێڕانی: هونەر شاهۆ

لە هیچ شوێنێك هیچ نیشانەیەك لە ژیاندا بوونی نییە. هێی، پیف، هیچ كێشەیەك لەوێدا بوونی نییە. خەیاڵ نەمردووە هێشتا، بۆچی؟ مردووە، چ باشتر، وا خەیاڵ بكە كە خەیاڵكردن مردووە. جەزاییر، ئاوەكان، ڕەنگی شینی ئاسمان، سەوزایی، نیگایەكی خێرا و لەناوچوون، نەبڕاوەیی، لەناوچوون، تاوەكو هەموو سپێتییەك لەم سپێتییەدا جێگیر ببێت. هیچ ڕێگەیەك بۆ ژوورەوە، بڕۆ ژوورەوە، هەڵسەنگاندن بكە. كۆتەرێكی سێلایی، سێلا لە زەوییەوە تاوەكو نووكی بنمیچەكە. دوو كۆتەرە لە گۆشەكانی لای ڕاستەوە CDAB. ئەم زەوییە سپییە بە دوو نیوە دایرەی ACB و BDA دابەش دەكات. دوو جەستەی سپیی درێژ ڕاكشاون لەسەر ڕووی زەوییەكە، هەریەكێكیان لە نیوە دایرەكەی خۆیدا. بنمیچەكە هەم سپی و دیوارەكەش بازنەیی، لەو شوێنەوە كە دەست پێ دەكات، هەژدە ئینج مەودا و نێوانیان هەیە. گەڕانەوە لە دەرەوە، هەموو سپیێتییەك لە سپیێتیدا، بە شێوەیەكی سادە جێگیر بووە، گەڕانەوە بۆ ناوەوە، بنمیچ، سەرتاسەر بەهێز و خۆگر، بازنەیەكی لەو جۆرە كە لەناو خەیاڵی بازنەی ئێسقاندایە. تیشكێك كە بە جۆرێك هەموو شتێك ڕووناك دەكاتەوە، بەبێ هیچ سەرچاوەیەكی بچووك، هەموو شتێك دەدرەوشێتەوە بە هەمان درەوشانەوەی سپێتی. زەوی، دیوار، بنمیچ، جەستەكان، بەبێ هیچ سێبەرێك. گەرمایەكی توند، ڕووبەرە گەرم و داغەكان، بەڵام بەبێ هیچ سووتاندنی شتێك بە هۆی بەریەككەوتنەوە، جەستەكان ئارەقاوی، گەڕانەوە لە دەرەوە، بەرەو دواوە ڕۆیشتن، پێكهاتە بچووكەكە لەناو دەچێت، هەڵچوون، لەناو دەچێت، هەموو سپیێتییەك لە سپێتیدا لەناو دەچێت. هاتنەخوارەوە و دابەزین، گەڕانەوە بۆ ناوەوە. بۆشایی، بێدەنگی، گەرما، سپێتی، چاوەڕوانی، تیشكێك كە كەم دەبێتەوە، هەموو شتێك بەرە بەرە بەیەكەوە تاریك دەبێت، زەوی، دیوار، بنمیچ، جەستەكان، پەیتا پەیتا لە بیست چركەدا، هەموو خۆڵەمێشەكان، تیشكێك كە دەڕوات، هەموو شتێك لەناو دەچێت. لەم كاتەدا تین و گەرما كەم دەبێتەوە، دەگات بە كەمترین ڕادەی خۆی، خاڵی بەستن، هەر لەو ساتەدا گەیشتووە بە ڕەشێتی، كە لەوانەیە بە شێوەیەكی سەیر دەربكەوێت و بێتە بەرچاو. چاوەڕوانی، كەم و زۆر درێژخایەن، تیشك و گەرما دەگەڕێنەوە، هەموو شتێك بەیەكەوە بەرە بەرە سپی و داغ دەبێت، زەوی، دیوار، بنمیچ، جەستەكان، هێی بیست چركە، تەواوی ئەم خۆڵەمێشانە، تاكو بگات بەو ڕووبەرە سەرەتایە كە كەوتن لەوێوە دەستی پێ كردووە. كەم و زۆر درێژخایەن، چونکە لەوانەیە دەستتێوەردان بێتە ئاراوە و ڕوو بدات، ئەزموون دەیسەلمێنێت. سەیر بكە كۆتایی كەوتن و سەرەتای هەستانەوە و دەركەوتن، ڕاوەستانە درێژ و گۆڕاوەكان، لە شكستی چركەكاندا بەو شێوەیە دەهاتە بەرچاو، لە چەند زەمەنێكی تردا، لە چەندەها جێگە و شوێنی تردا، جۆرێك لە ئەبەدیەت. هەمان نیشانە بۆ ڕاوەستانێكی دیکە، لە نێوان كۆتایی هەستانەوە و سەرەتای كەوتندا. كۆتاییەكان، بە هۆی بوونی خۆڕاگرییەكی زۆر و كۆنیانەوە، تەواو بێ جووڵەن، كە لە بارودۆخێكی گەرمدا لەوانەیە بە شێوەیەكی سەیر دەربكەون، لە سەرەتادا. ڕێتێچووشە، ئەزموون دەیسەلمێنێت، بۆ هەستانەوە و كەوتنی ڕاوەستانێكی كەم لە هەر خاڵێكدا و دیاریكردن و دەستنیشانكردنی ڕاوەستانەكە، كەم و زۆر درێژخایەن، لە پێش دەستتێوەردانێكی تازەوە، یان بە پێچەوانەوە، هەستانەوە ئێستا دەكەوێت، كەوتن هەڵدەسێتەوە، ئەمانە لە گەڕانەوەیاندا كامڵ دەبن، یان وەستانێكی كەم و دیاریكردن و دەستنیشانكردنی جۆری وەستانەكە، كەم و زۆر درێژخایەن، لە پێش دەستوەردانێكی تازەوە، یان دووبارە بە پێچەوانەوە، وە بەردەوامی، تاكو دواجار دەگەن بەوە یان بەو كۆتاییە. ئەم گۆڕانانە، واتە گۆڕانی كەوتن و هەستانەوەكان، لە ڕیتمە زۆرەكاندا تێكەڵاو دەبن، زیاتر خۆیان لە ڕێگەیەكی سپی و گەرمایەكی ڕەش و سەرمایەكدا دەدۆزنەوە، یان بە پێچەوانەوە. ئەم كۆتاییانە بە تەنیایی بێجووڵەن، هاوشێوەی تەوژمێك كە زۆر دەهێنێت تاوەكو ببینرێت، لە كاتێكدا وەستانێك لە قۆناغی بینیندا ڕوو دەدات، ئیتر گرنگ نییە ڕووبەر و ماوەكەی چەند بێت. دواتر هەموو شتێك دەلەرزێت، زەوی، دیوار، بنمیچ، جەستەكان، خۆڵەمێشی یان بە ڕەنگی بۆر یان لە نێوان ئەو دوانەدا، هەر بەم شێوەیە كە لەوانەیە ڕوو بدات و ببێت، بەڵام بەگشتی ئەزموون دەیسەلمێنێت، ڕێگەیەكی بەم شێوەیە گوماناوی، گونجاو نییە. زۆر كات، تیشك دەست دەكات بە خامۆشی و لە لای ڕاستیەوە گەرما، ئەو جووڵە هەمیشەیە بەردەوامی هەیە تاكو ماوەی بیست چركە، بۆ ئەوەی بگات بە پلەیەكی باڵا و ببێتە خاڵی بەستن. هەمان نیشانە بۆ جووڵانەوەیەكی پێچەوانە، بەرەو لای گەرما و سپێتی. دواتر پەیتا پەیتا كەوتن یان هەستانەوە. بە وەستانە درێژە گۆڕاوەكانەوە لەم خۆڵەمێشە تالێهاتووەدا، بەبێ هیچ ساتێكی پێچەوانەی ئەو جووڵانە، بەڵام گومانەكانی هەرچییەك هەن با ببن، دواجار گەڕانەوەیەكی درەنگ یان خێرا بە ئارامییەكی كاتیی دەستەبەركراو دەگات، بۆ ئەم كاتە، لە تاریكییەكی ڕەشدا یان سپێتییەكی مەزندا، بە هۆی بوونی گەرمایەكەوە بە یەك گەیەنراون، جیهان هێشتا داواكارە لە بەرانبەر ئاژاوە بەردەوامەكاندا.

دۆزینەوەی دووبارەی پەرجوئاسا لە دوای ئامادەنەبوونێك لە خاڵی و پووچێتییە بێكەمایەتییەكاندا، ئیتر بەتەواوەتی هەمان ئەوە نییە. لەم گۆشە بینراوەوە، بەڵام ئەوی تر لە ئارادا نییە. وەك ئەوەی لە دەرەوە هەموو شتێك بە جۆرێك كۆنە و دیمەنی ئەم پێكهاتە بچووكە بەتەواوەتی بابەتی شانسە. سپێتییەكەی ئاوێتەی سپێتییەكەی دەوورووبەری دەبێت. بەڵام دەڕواتە ناوەوە و هیچ كاتێك هەمان تۆفان دووبارە و دووجارە نییە. ڕووناكی و گەرما هەمیشە دەمێننەوە. وەك ئەوەی هەمان سەرچاوە كە هێشتا تێنەپەڕیوە، داڵدەی داون. هێشتا ڕوو بە زەوی، چەمێنراوەتەوە بەسەر سێدا، سەر بەرانبەر بە دیوارەكە لە Bدا، لاڕان بەرانبەر بە دیوار لە Aدا، ئەژنۆكان بەرانبەر بە دیوار لە نێوان C و Bدا، پێیەكان بەرانبەر بە دیوار لە نێوان C و Aدا، بە جۆرێكی تر هەڵكۆڵراون لە نیوە دایرەی ACDدا، لەم زەوییە سپییەدا ئاوێتە دەبێت بۆ ئەو مووە درێژە سپییە ناتەواوە هیچ سەیر نەبووە، جەستەی سپیی ژنێك لە خوارەوە. بە جۆرێك لە نیوە دایرەیەكی تردا هەڵكۆڵراوە، بەرانبەر دیوارەكەی سەری لە Aدا، لاڕانی لە Bدا، ئەژنۆكان لە نێوان D و Aدا، پێیەكان لە نێوان B و Dدا، هاوبەشە. بەرانبەر بەمە لە گۆشەكانی لای ڕاستیانەوە هەردووكیان پشتاوپشت بەسەر لاڕانیاندا كەوتوون. ئاوێنەیەك لە بەرانبەر لێوەكانیاندا دەگرن، هەڵم دەیگرێت. بە دەستی چەپیان قاچی چەپیان دەگرن كەمێك لە ژێر ئەژنۆكانیانەوە، بە دەستی ڕاستیان قۆڵی چەپیان دەگرن كەمێك لە سەرووی ئەنیشكیانەوە. لەم ڕووناكییە تەواوەدا، ئێستا ئارامیی سپێتییە مەزنەكەی زۆر دەگمەن و كەم بووەتەوە، لێكۆڵینەوە ئاسان نییە. ئارەق و ئاوێنە بە هۆی بوونی ئەمەوە لەوانەیە بە شێوەیەكی باش ڕەت ببن لەبەر خاتری بێڕۆحی، بەڵام لەبەر خاتری چاوەكانی لای ڕاستەوە، كە لە وەستانە زانراوە قبووڵنەكەرەكاندا، لەپڕێكدا دەكرێنەوە و لە دركاندنی نیگایەكی زەقی دوورودرێژدا، بۆیان هەیە چاو ببڕنە شتێك بە شێوەیەكی ئینسانی. ئەم كاردانەوە شینەی کە ڕەنگی پێوە نەماوە، دەبێتە هێزێكی بەرچاوگر، لە سەرەتادا. هیچ كاتێك ئەم دوانە تێڕانامێنن لە یەكتری جگە لە یەك جار، لە كاتێكدا كە سەرەتای هەمپۆشییەك كۆتایی هەمپۆشییەكی ترە. تا ڕادەیەك لە دە چركەدا. نە قەڵەو نە سیس، نە گەورە نە بچووك، ئەم جەستانە بە شێوەیەكی تەواو و لە فەزایەكی تەواو باشدا دەردەكەون، هەڵبژاردنێك بۆ سوودوەرگرتن لە ڕووبەرێك، كە بۆ بینین دەردەكەوێت. دەموچاوەكانیش بە وەرگرتن و قبووڵكردنی دوو گۆشەی یەك لەت، وا دەردەكەون پێویستیان بە هیچ شتێكی خۆی (زاتی) نییە. لە نێوان ماتی و بێدەنگییە نەگۆڕەكەیان و ئەم تیشكە شپرزەدا، دژایەتی بەرچاوگیرە، لە سەرەتادا بۆ كەسێك كە هێشتا بیری دێتەوە لەگەڵ ئەمەدا ڕووبەڕوو بووەتەوە. بە هۆی بوونی ئەمەوە دیارە، لە هەزار نیشانە و دیاردەی بچووكدا بۆ خەیاڵكردن زۆر درێژخایەنن. ئەوانە خەو نین تەنیا پرخەپرخی ئاهێكن، نە زیاتر، لەم بێدەنگییەدا و لە هەمان ئەوێدا بۆ ئەم چاوە چێژبەخشە، لەرزین و بێكۆتاییەكی بچووك لە ماوەی چاوتروسكاندنێكدا سەركوت دەكرێت. ئەوانیان لەوێ بەجێ هێشت، ئارەقاوی و ساردوسڕ، شوێنێكی باشتر بوونی هەیە، نا، ژیان تەواو دەبێت، نا، شوێنێكی تر هیچ شتێك نییە و ئێستا گومانێك و دوودڵییەك بوونی نییە لە دووبارە دۆزینەوەی هەمیشەی ئەو خاڵە سپییە كە لە سپێتیدا ون بووە، بینین، ئەمە كە ئایا هێشتا بە هێزی ئەو تۆفانەدا بێ جووڵە درێژ ڕاكشاون، یان لە هێزی تۆفانێكی خراپتردا، یان لە ناو ئەو تاریكییە ڕەشەدا بۆ باشتربوون، یان ئەو سپێتییە گەورە و گۆڕان قبووڵنەكەرە، ئەگەر بەو جۆرە نەبێت، كەواتە خەریكن چ كارێك دەكەن.

هاوبەشی بکە

DidiMnStory, SamuelBeckett,