25/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئێكزستێنشیاڵیزم له ڕوانينى ژان پۆل سارتەرەوە چييه؟

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

ژان پۆل سارتەر

ديدى من مەجەلێـيێ نەبێشت
له فارسييەوە: سەليم جەمال

ژان پۆل سارتەر، نووسەرو فەيلەسوفى ناودارى فەڕەنسى دەيگوت: مرۆڤەكان له ڕەنجدا دەژين، نا بەم هۆكارەى كە هەناسەى ژيان بە تاسە و ئازارهێنەرە، بەڵكو بە هۆى ئەوەى كە مرۆڤ مەحكوومە بە ئازادى. مەبەستى سارتەر ئەمەيە كە مرۆڤەكان بەبێ هەڵبژاردن ياخود مەيل و ويستى خۆيان لەدايك دەبن و دێنە سەر دنيا، هەروەها لە دواى ئەوەوە له بوونى خۆيان وەكو ئادەميزاد وەئاگا دێنەوە، هەروەها بە درێژايى ژيانيان ناچارن دەست بۆ هەڵبژاردن ببەن. بگرە تاوەكو بڕياردان لەسەر هەڵنەبژاردنيش بە هەڵبژاردن هەژمار دەكرێت.

سارتەر دەڵێت هەڵبژاردنەكانمان ئەوەمان نيشان دەدەن كە هەريەكێك له ئێمە لەبارەى چييەتىی ئادەميزاد چ ڕوانينێكمان هەيه؟ هەروەها ئەم تێفكرينه دەشێت گەلێك جياواز بێت، كەواته چييەتىی ئادەميزاد خودى ئادەميزاد خۆى وەدی ناهێنێت، بەڵكو ئەمە وێناكردنى ئەوە بونيادى دەنێت، هەروەها بە پێچەوانەى مرۆڤ، چييەتىی گيانلەبەر و كەلوپەلەكان خودى ئەوان بونيادى دەنێن نەك وێناكردنيان.

بۆ نموونه چييەتیی چەقۆيەك له خودى ئەودا حەشاردراوە، بۆ ئەوەى كە چەقۆيەك بە چييەتىی خۆى وەفادار بمێنێت پێويسته قۆڵ و تێغەكەى پێوە لكابێت، بە پێچەوانەوە ناتوانين ناوى بنێين چەقـۆ. خاڵى سەرەكى ئەمەيه: ئەم خود و چييەتیيه بەر له كەلوپەل و ئاژەڵان دێته بوون، بۆ نموونه ئەو كەسەى كە چەقۆى داهێنا، بەر له دروستكردني، خود و چييەتىی چەقۆكەى له هزر و مێشكيدا هاموشۆ كردووە، دواتر بەپێى ئەو تێفكرينه شێوەى پێ داوە و دايهێناوە، لە كۆتاييشدا بووەته چەقۆ.

ژان پۆل سارتەر دەڵێت: بە پێچەوانەى كەلوپەل و گيانەوەران، مرۆڤ خاوەنى هيچ خودێك نييه، بەو واتايەى كە هيچ ڕێگەيەكى لە پێش ئامادەكراو، نەخراوەتە بەردەم مرۆڤەكان، هيچ خودا ياخود داهێنەرێك نەبووە كه ئامانج و بەكاربەرێك بۆ مرۆڤ دەستنيشان بكات، ئەگەرچى زۆرينەى مەزهەب و ڕێبازه فەلسەفييەكان بە پێچەوانەى بۆچوون و فەلسەفەى سارتەر پێيان وايه كە مرۆڤ خاوەن خودە و بۆ بەدەستهێنانى ئامانجەكانى خوڵقێنراوە.

سارتەر له وتارێكيدا كە له ساڵى 1945 بڵاوكرايەوە، بە ناونيشانى بوونگەرايى، مرۆڤگەراييه، ڕايگەياند بوونى مرۆڤەكان لە پێشەنگى خودى ئەوانەوەيه؛ ئەم پەيڤه بووە هۆكارى بونيادى فەلسەفەى ئێكزستێنشیاڵیزم (بوونگەرايى)، ئەو پێی وا بوو كە مرۆڤەكان خود يان چييەتیی خوديان بە ئاكار و بڕيارەكانيان وەدی دەهێنن، له جيهانێكدا كە بەهاگەلێكى چەسپاو و جێگيرى نييه.

له هەمان كاتدا ئەو لەو بڕوايەدا بوو ئەو پرسەى زياتر دەبێته هۆى تەشەنەكردنى ڕەنجى مرۆڤەكان ئەمەيه، كە هەر بڕيارێك دەدەن لە ڕێگەى وێناكردنى بير و هزريان، نوێنەریی له چييەتىی ئادەميزاد دەكات، كەواته پرسيار لێرەدايه: ئايا بۆچى هەر مرۆڤێك له بڕياره ئاساييەكانى خۆى بە شێوەيەك ڕەفتار دەكات كە ببێته هۆى ڕەزامەندىی ئەو كەسانەى وەكو ئەون؟ وەها زيندوومانەوەيەك له ڕوانينى سارتەرەوە جۆرە مەحكومبوونێكى ئازارهێنه، كە مرۆڤ هيچ ڕێگەيەك شك نابات بۆ ڕزگاربوون لێى.

هاوبەشی بکە

Jean-Paul Sartre, Philosophy, Philosophy in One Minute,