12/11/2019
DidiMn Logo
Top

زانست و فەلسەفە

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

ئه‌میل دۆركهایم

ئەمیل دۆركهایم
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئەكبەر حەسەن

 

زۆر جار پرسیار كراوە ئایا فەلسەفە زانستە؟ ئەگەر زانستە، هەتا چ ڕادەیەك و ئەو پەیوەندییە چییە كە لە نێوان فەلسەفە و زانستەكانی تردا هەیە؟ بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە، دەبێت پێناسەی زانست بكەین. كاتێك بیر لە زانست دەكەینەوە، یەكەمین شت كە بە زەیندا دێت، ئەوەیە كە زانست سیستمێكە لە مەعریفە، بەڵام ئەم سیستمە چەند تایبەتمەندییەكی هەیە. بۆ ناسینەوەی ئەم تایبەتمەندییانە، با ئامانجی زانست تاوتوێ بكەین. لەڕاستیدا زانست دوو ئامانجی هەیە: دەبێت پێویستییەكی زەین پڕ بكاتەوە و ژیانی مرۆڤ باشتر بكات. ئەم پێویستییەی زەین غەریزەی حەزكردن لە زانین و تامەزرۆییە بۆ زانین، بەڵام لە كۆتاییدا زانست هەمیشە (تەنانەت ئەگەر بۆ ئامانجە ڕوونەكەشی نەبێت، لانی كەم وەك دەرئەنجامێك بێت) هەلومەرجە مادییەكانی بوونی بەرەو باشی بردووە، تەنانەت لە مەسەلە تیۆرییەكانیشدا، هەندێك جار دەبێتە هۆی باشتربوونی ژیانی مرۆڤ. زانست بە هۆی ئامڕازێكەوە ئەم دوو ئامانجە بەدی دەهێنێت: تەفسیركردن. لە ڕێگەی تەفسیركردنەوە غەریزەی حەزكردن لە زانین بە كامڵترین و تەواوترین شێوەی گونجاو تێر دەكرێت. زانینی هۆكارەكانی كەیسێكی دیاریكراو چێژێكی ڕاستەوخۆمان پێ دەدات، بەڵام زانینی هۆكاری بوونیان و تێگەیشتن لێیان، چێژێكی زیاترمان پێ دەدات. دەبێت زانست وەك ململانێیەك لە نێوان عەقڵ و شتەكاندا سەیر بكرێت. عەقڵ (intelligence) بە پشتبەستن بەوەی دەیباتەوە شكست دەهێنێت، تێر دەبێت، یان ئازار دەچێژێت. عەقڵ دڵخۆش دەبێت كاتێك دەتوانێت لە گشتێتیدا ئەو شتانە بخاتە ژێر ڕكێفی خۆی كە لێیان دەكۆڵێتەوە و لێیان تێدەگات، ئەگەر ئەم دەربڕینە دروست بێت، شتەكان دەكات بە موڵكی خۆی. ئەمە ئایدیاڵی تەفسیركردنە، لەبەر ئەوەش تەفسیركردنی شتێك باشترین ڕێگەیە بۆ تێركردنی غەریزەی حەزكردن لە زانین. باشترین ڕێگەشە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی دووەمی زانست: ئامانجی باشتركردنی ژیان. كاتێك ئێمە بەڕاستی لە سروشتی شتێك تێدەگەین، باشتر بە كاری دەهێنین لەوەی تەنیا بزانین ئەو شتە هەیە. بۆ نموونە ئێمە بە یاساكانی گەرمی ئاشناین، لەبەر ئەوە دەتوانین بە باشترین شێوە بە كاری بهێنین، بەڵام ئاشنای یاساكانی كارەبا نین، دەرئەنجامی ئەوەش بەكارهێنانی ئێمە بۆ كارەبا بەكارهێنانێكی تەواو ئەزموونییانە دەبێت. لەبەر ئەوەی تەفسیركردن باشترین ڕێگەیە بۆ زانست بۆ ئەوەی ئامانجەكانی بەدی بهێنێت، ئەوا دەتوانین بڵێین ئامانجی زانست تەفسیركردنە.

زانست دەتوانێت دوو فۆڕم وەربگرێت، لە بەرانبەریشدا دوو ڕێگە هەیە بۆ تەفسیركردن. تەفسیركردنی ماتماتیكییانە لە میانەی لێكدانەوەوە (بە پیشاندانی ئەوەی هەندێك سەلمێنراوی ماتماتیكی كە دەبێت بسەلمێنرێن، لە ناو هەندێك سەلمێنراوی دیكەدان، كە پێشتر ئەمەی دوواییان سەلمێنراوە. لەبەر ئەوەش دیاریكردنی یەكێكیان وەك دیاریكردنی ئەوەی دیكەیان وایە). بە مانایەكی تر، پیشاندانی شتێك بە شێوەیەكی ماتماتیكییانە، وەك دروستكردنی پەیوەندییەكی هاوشێوەیە لە نێوان  ئەوەی ناسراوە و ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت. كەواتە دەتوانین بڵێن ماتماتیكزانەكان بە هۆی پەیوەندیی هاوشێوەیەوە تەفسیر دەكەن. بۆ نموونە ئەوان چۆن ئەوە پیشان دەدەن كە گۆشەكانی سێگۆشەیەك یەكسانن بە دوو گۆشەی وەستاو؟ بە پیشاندانی ئەمە:

1- گۆشە ناوەكییەكان و گۆشەكانی بەرانبەری سێگۆشە یەكسانن بە یەك.

2- پێوانەی گۆشەكان لە لوتكەی یەك گۆشەی وەستاو، یەكسانە بە دوو گۆشەی وەستاو.

3- كە دەگوترێت كۆی گۆشەكانی سێگۆشەیەك یەكسانە بە دوو گۆشەی وەستاو، هەمان شتە.

لەبەر ئەوەی دوو گریمانەی یەكەم ڕاستن، ئەوا بە پێویست ئەوەی سێیەم، كە هاوتایە لەگەڵ ئەوان، ڕاست دەردەچێت.

بە پێچەوانەوە زانستە فیزیكییەكان بە شێوەیەكی جیاواز شتەكان شی دەكەنەوە. ئەم زانستانە گرنگی بە پەیوەندیی شوناسەكان نادەن، بەڵكو گرنگی بە هۆكارێتی (causality) دەدەن. ئەگەر لە هۆكارەكانی فاكتێك تێنەگەشتین، ئەو كاتە ئەو فاكتە شی ناكرێتەوە و عەقڵیش ڕەزامەند نابێت. هەر كاتێك هۆكارەكە دۆزرایەوە، دەستبەجێ عەقڵیش ڕەزامەند دەبێت و دەشێت فاكتەكەش وا دابنرێت كە شی كراوەتەوە. دەتوانین لەمەوە گشتاندن بكەین و بڵێین ئامانجی زانست دروستكردنی پەیوەندییە لە نێوان شوناسەكان یان هۆكارێتیدا (چونكە دەیسەلمێنین ئامانجی زانست شیكردنەوەیە) و شیكردنەوەش وەك دروستكردنی پەیوەندیی شوناسەكان یان هۆكارێتییە لە نێوان شتەكاندا.

بە زانینی هەموو ئەمانە، با ئەو تایبەتمەندییانە تاقی بكەینەوە كە دەبێت هەر سیستمێكی مەعریفە هەیبێت بۆ ئەوەی بە زانست دابنرێت. یەكەم، زانست دەبێت بابەتێكی گونجاوی شیكردنەوەی هەبێت. مەبەستمان لە گونجاو ئەوەیە بابەتەكە جێی سەرنجی زانستەكانی تر نییە و باش ڕوون كراوەتەوە. چۆن بتوانین شتێك شی بكەینەوە كە باش ڕوون نەكرابێتەوە؟ دەبێت بابەتەكە ملكەچی یاسای شوناس یاخود یاسای هۆكارێتی بێت، چونكە بەبێ ئەمە هیچ شیكردنەوە (لە ئەنجامیشدا هیچ زانستیك) مومكین نییە.

ئەم دوو تایبەتمەندییە بە تەنیا بەس نین بۆ ئەوەی سیستمێكی مەعریفە بكەن بە زانست. بۆ ئەوەی بابەتێك شی بكەینەوە، دەبێت ئەو بابەتە بە جۆرێك لە جۆرەكان بەردەست بێت. ئەگەر بابەتەكە بەردەست نەبێت، ئەوا ناتوانین بە شێوەیەكی زانستییانە لێی بكۆڵینەوە. ئەو زاراوەیەی بۆ وەسفكردنی ئەو كەرەستانەی كە عەقڵ بۆ لێكۆڵینەوەی بابەتێك بە كاریان دەهێنێت، پێی دەگوترێت میتۆد. بەم جۆرە، تایبەتمەندیی سێیەمی زانست ئەوەیە كە میتۆدێكی هەیە بۆ لێكۆڵینەوەی بابەتەكانی.

با ئەم بنەمایانە بكەین بە ڕێنیشاندەرمان و بزانین دەتوانرێت بە فەلسەفە بگوترێت زانست؟

یەكەم: بابەتێكی گونجاو و باش دیاریكراو (هەلومەرجەكانی ئاگایی)ی هەیە كە هیچ زانستێكی تر لێیان ناكۆڵێتەوە.

دووەم: ئەو فاكتانەی فەلسەفە لێیان دەكۆڵێتەوە، لە پەیوەندییەكی حەتمیدان بە یەكەوە (ناتوانرێت بگوترێت هەلومەرجەكانی ئاگایی لە یاسای هۆكارێتی بەدەرن).

سێیەم: فەلسەفە میتۆدێكی هەیە: ئەزموونكردن. كەواتە فەلسەفە هەر سێ تایبەتمەندییەكەی زانستی هەیە و دەكرێت بە زانست دابنرێت.

بەڵام ئەمە پرسیارێكی تر دەهێنێتە پێشەوە: ئەگەر فەلسەفە زانستە، پەیوەندییەكەی بە زانستەكانی ترەوە چییە؟

لە سەردەمە دێرینەكاندا فەیلەسوفەكان بە متمانەیەكی زۆرەوە پێیان وا بوو زانستەكانی ئەوان (واتە فەلسەفە) هەموو زانستەكاتی تری لە خۆی گرتووە، چونكە فەلسەفە خۆی مەعریفەیەكی گەردوونی (هەمەكی) بوو. زانستەكانی دیكە وا بیریان لێ دەكرایەوە كە بەشێك یان چاپتەرێك بن لە فەلسەفە، بەڵام ئەو پێناسەیەی فەلسەفە كە خستمانە ڕوو، ئەو بەڵگەیەش كە دەڵێت فەلسەفە زانستێكی جیاوازە، ئەوە پیشان دەدەن كە ئەم بۆچوونە قبووڵ ناكرێت. لەم ماوەیەی دواییدا فەیلەسوفانێك سەریان هەڵداوە، كە ئایدیای تریان هەیە (ئەو ئەرگۆمێنتەی كە پێی وایە فەلسەفە بە شێوەكی سەربەخۆ لە زانستەكانی تر بوونی نییە و چاپتەری كۆتایی زانستە پۆزەتیڤەكانە، سێنتێزی پرەنسیپە هەرە گشتییەكانیانە). ئۆگەست كۆنت باوەڕی بەمە بوو.

بۆ ڕەتكردنەوەی ئەم تیۆرە، پێویستە دووبارە ئەو پێناسەیەی فەلسەفە بیر بهێنینەوە كە پێشتر خستمانە ڕوو. فەلسەفە لە بابەتە جیاوازەكەی خۆی دەكۆڵێتەوە (هەلومەرجەكانی ئاگایی)، ئەم بابەتەش سەربەخۆیە لە بابەتی زانستەكانی تر. فەلسەفە، كاتێك لە هەلومەرجەكانی ئاگایی دەكۆڵێتەوە، لەناو ماڵەكەی خۆیدایە. لەوانەیە هەندێك جاریش كۆمەك لە زانستەكانی تر وەربگرێت بۆ شیكردنەوەی بابەتەكەی. ئەم كۆمەكوەرگرتنە نابێتە هۆی ئەوەی فەلەسەفە كەمتر سەربەخۆ بێت و كەمتر جیاواز بێت لە زانستەكانی تر.

كەواتە پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و زانستەكانی تر چییە؟ دوو جۆرە پەیوەندیی هەیە: پەیوەندیی گشتی كە هەمان پەیوەندی نێوان زانستەكانی ترە، پەیوەندیی تایبەت، كە بەپێی پشتبەستن بە زانستی جێمەبەست جیاوازە. با لە سەیركردنی پەیوەندییە گشتییەكانەوە دەست پێ بكەین. ئەو بابەتەی كە زانستە پۆزەتیڤەكان لێی دەكۆڵنەوە، پێویستە بە جۆرێك لە جۆرەكان ناسراو بێت، ئەو زانستەش كە لێكۆڵینەوە لە یاساكانی مەعریفە دەكات: فەلسەفەیە. كەواتە فەلسەفە لە چەقی زانستەكانی تردایە، چونكە خودی عەقڵ (كە فەلسەفە لێی دەكۆڵێتەوە)، لە چەقی جیهانی مەعریفەدایە. بۆ نموونە با وا گریمان بكەین فەلسەفە بڕیار دەدات عەقڵی مرۆیی، وەك ئەوەی كانت لەبارەیەوە دەدوێت، بەهایەكی ئۆبجێكتیڤی نییە و عەقڵ دەستی ناگات بە بابەتە ڕاستەقینەكان. ئەم بڕیارە سەرجەم زانستە پۆزەتیڤەكان بە سەبجێكتیڤیتی تۆمەتبار دەكات.

پاشان با پەیوەندییە تایبەتەكان تاقی بكەینەوە. دوو جۆرە پەیوەندی هەیە، فەلسەفە كۆمەك لە زانستەكان وەردەگرێت و لە هەمانكاتدا كۆمەكیشیان دەكات.

فەلسەفە ژمارەیەكی زۆر فاكت لە زانستەكانی تر وەردەگرێت، بە قووڵی بیریان لێ دەكاتەوە و یارمەتیی دەدەن بۆ شیكردنەوەی بابەتەكەی. بۆ نموونە ئەستەمە لە سایكۆلۆژیا بكۆڵیتەوە، بەبێ ئەوەی تێكەڵبوون لەگەڵ وانەكانی سایكۆلۆژیا. بە هەمان شێوە، كاتێك لە سروشتی دیاردەی دەرەكی ڕادەمێنین، پشتبەستن بە مەعریفەی زانستە سروشتییەكان و كیمیا.

لە لاكەی ترەوە، سەرجەم زانستە پۆزەتیڤەكان پشت دەبەستن بە ڕێوشوێنە شیكارییە هەمەچەشنەكان. بۆ نموونە ماتماتیك پشت دەبەستێت بە دیدەكشن، فیزیا بە ئیندەكشن، مێژووی سروشتی پشت دەبەستێت بە پۆلێنكردن، بەڵام كێ لەم ڕێوشوێنانە دەكۆڵێتەوە؟ فەلسەفە لێیان دەكۆڵیتەوە و گەشە بە تیۆر دەدات لە بارەیانەوە، پرسیار لە بارەی ئەو هەلومەرجانەوە دەكات كە پێوستە بەردەست بن لەپێناو بەرهەمهێنانی دەرئەنجامی ورد. هەروەها فەلسەفە دەپرسێت: چۆن دەشێت ئەم ڕێوشوێنانە یەك بخرێن بۆ لێكۆڵینەوەی بابەتە جیاوازەكانی زانستە هەمەچەشنەكان و گەڕان بە دوای باشترین میتۆددا بۆ هەر زانستێك؟ لەڕاستیدا ئەم پڕۆژەیە بەشێكی گرنگی لێكۆڵینەوەی لۆژیك پێك دەهێنێت، واتە ئەوەی كە ئێمە پێی دەڵێین میتۆدۆلۆژی.

سەرچاوە:

«Durkheim‌s Philosophy Lectures «Notes from the Lyc´ee de Sens Course, 1883–1884

Edited and translated by NEIL GROSS, Harvard University

ROBERT ALUN JONES

University of Illinois

Cambridge university press. Page: 41-45

 

Emile Durkheim, Philosophy, Wtari Kteb,