26/04/2024
DidiMn Logo
Top

چيرۆك: سێ جنى بەلاڕێدابەر

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من
نێرگس نوربەخش
وەرگێڕانى: سەليم جەمال

ڕۆدالف خاوەن لووتێكى سور و خڕيلە بوو؛ گوێچكەكانى لە شێوەى دوو دەسكە گسكدا بوون. ئيڤان ئۆركاداڤيچيش ڕيشێكى درێژى هەبوو، كە تا ڕادەيەك سەروقەپۆزى خۆى وەكو جادوگەرانى بێ وەڕەس دەردەخست. ئەو هەردەم بە چاوى نيوەداخراوەوە دەردەكەوت، كە هەركاتێك بۆى هەبوو لە ناو خەوێكى قوڵدا نغرۆ ببێت. هەرچى جەنگيز بوو پرچەكەى لول و سمێڵى لە شێوەى قاجاريیەكان بوو، گەر بە يەك قاچ و كڵاوێكيشى لەسەر با هيچى له لاتولوتەكانى نێو كوچە و كۆڵانان كەمتر نەدەبوو. هەرسێكيان بەيەكەوە جنى بەلاڕێدابەرى كاكە وەحدەت بوون. خەڵكى هەندێكجار سێينەى بەلاڕێدابەريشيان پێ دەگووتن. لێ ئەم ناوە بە سێ هۆكار هەڵە بوو؛ يەكەم ئەوەى كە جنەكان برا نەبوون، تەنێ دەستى قەدەر بوو ئەوانى لە لاى يەكدى كۆكردبووەوە. دووەم ئەوان هەر سەروشكڵيان بە يەكدى نەدەچوو هەر يەكێكيان ڕەوشت و خوويەكى تايبەت بە خۆى هەبوو، بە نۆره – ياخود ئەگەر زۆر كەيفساز بوونايه، هەموويان پێكڕا دەبوونه هۆكارى مشەوشى و گومڕايى لە ناو جەستەدا. سێيەميان جنۆكە بەلاڕێدابەرەكان بە سێ هۆكار سێينه نەبوون؛ يەكەم ئەوان بە هيچ جۆرێك برا نەبوون، دووەم هاوشێوەى يەكتر نەبوون و سێيەم ئەوەى كە…  

ئيڤان ئۆركاداڤيچ و جەنگيز لە پاڵ يەكدى لەسەر شانێكى كاكە وەحدەت دادەنيشتن و دەبوونە هۆى ئەوەى كە كەمێك پشتى لار و هەردوو شانەكانى هاوسەنگ بێنە بەرچاو. ڕۆداڵف بە تەنها لەسەر شانی لاى چەپى دادەنيشت و قاچەكانى بە ڕيتمێك دەجوڵاند، بە جۆرێك كە يەك بە دوای يەك لەسەر قەفەسى سنگە پير و هەستيارەكەى كاكە وەحدەت شۆڕ دەبوونەوە و تەپەتەپيان لێوە دەهات، تەپ تەپ، تەپ تەپ دەنگيان دەدايەوە. ئارايشت و شێوەى دانيشتنى جنەكان لە سەرەتادا وەها نەبوو. ئيڤان ئۆركاداڤيچ لەوەوپێش لەسەر ترۆپكى سەرى وەحدەت دادەنيشت، وەلێ لە دواى تێپەڕينى ماوەيەكى كەم له ڕۆداڵف هيلاك بوو، شوێنگۆڕكێى كرد بۆ لاى جەنگيز تا مەودايەكى زۆر بكەوێتە نێوان خۆى و ڕۆداڵفى پير. جنۆكە بەلاڕێدابەرەكان باڵايان له مەترێك كەمتر بوو، دەست و پێيەكانيان چرچولۆچ بوون، بەڵام ورگيان لە پێشەوە بوو، پەلارپەلار بەر يەك دەكەوتن. بە عەبايەكى خۆڵەمێشى باڵاى خۆيان پۆشی بوو كە له بنەڕەتدا يەك شوێنيشى پەردەپۆش نەدەكرد. هەريەكەيان سەرێكى تا ڕادەيەك گەورەيان هەبوو، كە هەندێك جاريش بە كڵاوى نووكتيژيش دەبينران. بە شێوەيەكى گشتى بوونەوەرى بچووك و ورديلە بوون، له هەمان كاتيشدا گەلێك بارگران؛ بە هيچ شێوەيەك تێربوونيان نەبوو، بە بەردەوامى دەيان خوارد، هەر ئەمەش وای دەكرد كە كاكە وەحدەت زۆر تەپ و تێكشكاو ببينرێت. پيرتر بوو لەوەى كە هەيه، واتە تەمەنی  پەنجاودوو ساڵ دەهاته بەرچاو. كەسێكى ئارام و كەمێك پشتيشى لار، بەڵام بە شێوەيەكى زۆر شيك و گورجوگۆڵ ڕێى دەكرد.

كاكە وەحدەت مامۆستاى زانكۆ بوو. هەموو ڕۆژێك، بە بێدەنگى و لەسەرەخۆ دەچووە سەر كورسيیەكەى، وانەى دەگووتەوە و دەگەڕايەوە. بە بۆچوونى ئەو بەهاى ڕاستەقينه له زانستدا بوو، كەم كەسيش ئاگادارى ئەو بەهايه بوو. ئەمڕۆ وەكو هەموو ڕۆژەكانى ديكە يەكێك لەو پێنج چاكەت و پانتۆڵانەى كردبووە بەر خۆى و بەرەو زانكۆ ڕێى دەكرد. كە پەنجا پليكانى تاقەتپڕوكێنى دەبڕى و هەناسەى لێ دەبڕا، خۆ دەشيتوانى ئاسانسۆرە لەكاركەوتووەكە بەكاربهێنێت بەڵام لەو دواييانه دڵەكوتەى دەگرت لە ناويدا. دواتر بە درێژايى شەقامەكە كەوتە ڕێ. هەڵبەتە ئەو ئۆتۆمبێڵى هەبوو، ئۆتۆمبێڵێكى باشيش. وەلێ بەم نزیکانە لە كاتى لێخوڕينيدا دڵى دەحەپەسا. ئيتر بە پياسە دەڕۆيشت.

ڕۆداڵف، ئيڤان ئۆركاداڤيچ و جەنگيز لەسەر شانەكانى كاكە وەحدەت دادەنيشتن و وەكو جڵەودەرانى پاپۆڕێكى هەڵمى كۆن، دەستيان لەسەر كەلـلەى دانابوو. سەيرى دەوروبەرى خۆيان دەكرد و هەرچيیەك كە بۆ ئەوان جێگەى تێڕامان بوايە، دەبوو سەرى وەحدەتيش بۆ هەمان ئاڕاسته خولى بخواردايە. ئەم كارە، واتا خولاندنەوەى سەر، بەتايبەتى بۆ جەنگيز كە دەرەقەتى ئەو شتە نەدەهات، زۆر كێشە بوو. ئینجا كاكە وەحدەت زياتر دەڕۆيشت بۆ دوكانە بريقەدارەكانى كەلوپەلى ئەنتيك و فرۆشگەى ياریی منداڵان، لە دواى ئەويش بۆ كتێبخانە وەڕسكەرەكان و لە كۆتاييشدا چاوێكى بە چايخانە و سەرتاشخانە بێكەڵكەكاندا دەخشاند.

له ڕاستيدا كاكە وەحدەت هەميشە هەوڵى دەدا خۆى وەكو كەسێكى بە فەرهەنگ، ئەهلى ئەدەب و زانست بەدەربخات، لەو حەزە شاراوەيەى كە بۆ ياریى منداڵان هەيبوو گەلێك شەرمەزار بوو. هەموو كات ناچار بوو بە شێوەيەكى شاراوە ڕوو بكاتە دوكانەكان و بە خێرايى *ليستـۆكەكانيان تاقی بكاتەوە. زۆر ترسى لەوە هەبوو كە يەكێك لەو دۆخەدا بيبينێت. جارێكيان لەسەر كورسيیەكى لانكۆڵەيى دانيشتبوو كە لە شێوەى مامزدا بوو، هەر ئەملا و ئەولاى پێ دەكرد، لەناكاو چاوى بە ژن و مێردێك كەوت، پێى گووتن كە ئەو كورسيیە بۆ نەوەكەى دەكڕێت. دواتر كورسيیەكەى هەڵگرت و لە دوكانەكەدا برديیه دەرەوه و ڕاستەوخۆ خستيیه ناو زبڵدانەوه. لە ڕاستيدا كاكە وەحدەت نەوەى نەبوو، منداڵيشى نەبوو، تەنانەت ژيانى هاوسەريشى پێك نەهێنابوو، بيريشى لێ نەدەكردەوه. نا، ئەگەر بە وردى بيڵێم ژیانی هاوسەری پێک هێنابوو، بەڵام لەگەڵ كارەكەى. يان هەر خۆى دەيويست وا بڵێت.

سەردەمانێك بوو كە وەحدەت ”ئەو سەردەمەى ئيڤان ئۆركاداڤيچ بە سەريدا زاڵ بوو” تەواوى كاتەكانى خۆى لە پێناو زانست و توێژينەوە بەسەر دەبرد. لێ لەو دواييانەدا دەستى لە كارەكە بەربووبوو و هەندێك كاتى بۆ سەرگەرميیە گاڵتەجاڕيەكانى خۆى تەرخان كردبوو.

ئەمڕۆ كاتێك كە له شەقامە قەرەباڵخەكەى نێوان ماڵەوە و زانكۆدا تێپەڕ دەبوو، بە بينينى سندوقێكى ڕەنگ ئاڵتونى لە ناو جامخانەى دوكانێكى دیاریـفرۆشى واقى وڕما و بڕياری دا كە تەنها تەماشاى كاغەزى دياريیەكان بكات.

ئەوەندەی نەمابوو كە خۆى بە دوكانەكەدا بدات، لەناكاو هاوڕێ دێرينەكەى بە ناوى خاتوو سەوسەن بانگى لێ كرد. كاكە وەحدەت دەست و پێيەكانى ون كرد و هەوڵی دا ڕا بكات. بەڵام خاتوو سەوسەن بە خێرايى پێی گەيشت و بە بزەيەكى پڕ بە ڕوومەتى خۆى، پێی گووت: ئۆ چەند بە كاتى خۆى گەيشتم، دياره تۆيش بەنياز بوويت دياريیەك بكڕيت؟

ئيڤان ئۆركاداڤيچ كە تەواوى ئەو كاتانه گوێچكەكانى سوور هەڵگەڕابوون و ئەوەندەى نەمابوو بتەقێتەوە و ببێته مشتێك دوكەڵ، بە تووندى سەرى وەحدەتى سوڕاندەوە و گووتى: نەخێر خاتوون، من بێجگە له توێژينەوە و بەدواداگەڕان ئيشێكى ديكەم نييه.

خاتوو سەوسەن وەك ئەوەى گوێى له قسەكانى وەحدەت نەبووبێت فەرمووى: بيرم دەكردەوە كە سندوقێكى مەزن بكڕم. ئەوەندە گەورە بێت كە كارژۆڵەيەكى خنجيلانە شوێنى ببێتەوە. پێتوايه سندوقێكى لەم شێوەيە بوونى هەبێت؟ كاكە وەحدەت سەرى سوڕما و بە خێرایی گووتى: بەنيازیت بەچكه كارژۆڵەيەك بە ديارى پێشكەش بكەيت؟

سەوسەن خان گووتى: ئاى بيرۆكەى سەير سەير بە سەرتدا تێپەڕ دەبن. بە قاقايەکەوە هەنگاوی نا بۆ ناو دوكانەكە و داواى لە وەحدەت كرد كە له هەڵبژاردنى سندوقێك يارمەتى بدات. كاكە وەحدەت بە ناچارى چووە ژوورەوە و لە كاتى پشكنينى سندوقەكان لە دڵی خۆیدا بە لەعنەتبێيەكى هەڵدا و گووتى: فەرمووت سندوقەكەت بۆ چييه؟

خاتوو سەوسەن بە دەنگێكى ئارام و تا ڕادەيەكيش نهێنیئامێز چرپاندى: با له بەينى خۆماندا بێت، بەڵام بەنيازم سێ جنى ڕەش و ناشرينى لە ناودا حەشار بدەم.

جنۆكە بەلاڕێدابەرەكانى كاكە وەحدەت بە بيستنى ئەم قسەيە ڕاچڵەکين، بە شێوەيەك كە وەحدەت بۆ ساتێك بە واق وڕماوى مايەوە و چاوەكانى گرمۆڵه بوون. كاكە وەحدەت بيرى كردەوە، كام؟ جنەكان؟ جەنگيز و ڕۆدالف پرسيیان كامە؟ جنەكان؟ ئيڤان ئۆركاداڤيچ هەندێك هاوارى كرد: كام؟ جنەكان؟

سەوسەن گووتى: ئێ سيانەى بەلاڕێدابەر. بە دڵنياييەوە دەزانيت كە چ بوونەوەرێكى بەدزاتن!

كاكە وەحدەت فەرمووى: ئەها! ئەو دەڵێيت… ئەو تيۆريیه ئيتر تارومار كراوە.

–  هەرگيز! هەرگيز ئەم قسانه مەكە. ئەوان سوود له بێئاگايى تۆ وەردەگرن و بەسەرتدا زاڵ دەبن. پێويسته ئەوە بزانيت كاك وەحدەت كە مرۆڤەكان له بنەڕەتدا پاكن، بەڵام ئەوە جنەكانن كە گومڕايان دەكەن.

–  خاتوون ئەم قسانە گشتيان خورافاتن. گەر كەمێك وەكو من سەرقاڵى فێربوون و خوێندنەوە بايت، ئاگادارى بێ ئەسڵ و ئەساس بوونى…

–  بوەسته، توخوا باسى بڕوانامەكەتم بۆ مەهێنه گۆڕێ، نەكا وا بير بكەيتەوە، چوار ساڵ زیاتر لە من دەرست ئەزبەرە، عەقڵ و هۆشتان پەرەى سەندبێت؟

لەو كاتەدا چۆن بڵێى يەكێك مشتێكى له قەپۆزى ئيڤان ئۆركاداڤيچ دابێت، بەرەو دواوە  هەڵدرا. كاك وەحدەت گووتى: نا، جا…

خاتوو سەوسەن بەردەوامى پێ دا: بەڕاستى پێويسته بڵێم هەرچى عەقڵ لە مێشكتدا هەبوو لەم ماوەيەدا بە تەواوى لەناو چووە.

ئيڤان ئۆركاداڤيچ خۆى بە ئەستۆى وەحدەت هڵواسيبوو و زۆر تەقەلاى دەكرد لە دواوە بەرنەبێتەوه. كاكە وەحدەتيش كە بڕێك بۆى ئەستەم بووبوو دۆخەكە. يەخەكەى شل كردەوە و لە كاتێكدا كە ئارەقەى دەردەدا گووتى: خاتوونى ئازيز، دەتەوێ بڵێيت كە من، مامۆستاى زانستەئەدەبييەكان؛ نەخوێندەوارم؟

خاتوو سەوسەن گووتى: بەڵێ بەڕاستى وەهايه.

كاكە وەحدەت لەناكاو توڕە بوو و لە جێى خۆى هەڵبەزى. ڕوخسارى وەها سوور هەڵگەڕابوو وەكو تەماتەى لێ هاتبوو. گووتى: هەرگيز لێرە نامێنمەوە، ئەم تۆمەتانەش بە ناديدە وەردەگرم لە كەسێكى ناژير.

خاتوو سەوسەن كە بەڕاستى دڵگران بووبوو خۆى بەپاش خست. بەڵام كاكە وەحدەت بە توڕەيیەكى مكوڕترەوە بەردەوام بوو: سى ساڵ، سى ساڵ لەم تەمەنه پڕبەهايەم بۆ زانست و فێربوون بەفيڕۆ داوە. بە تەواوى ئەم دونيايەدا بگەڕێيت كەسێكى بە ئەدەب و وردبينتر لە من نادۆزيتەوە. ئەوكات پێم دەڵێى نەخوێندەوار؟

ئيڤان ئۆركاداڤيچ گەڕابووەوە و لەسەر سەرى وەحدەت دانيشتبوو. سەوسەن خان سەرى هەژاند و گووتى: بە تەواوى شێت بوويت، چ ئاكارێكى ناشايسته، من بۆ ساتێكيش لەم ناوە نامێنمەوە.

– هم، شێت. كاتێك كە دەڵێم خورافاتى بوويت ئا ئەمەيە ئيتر.

لەناكاو دەرگەى دوكانەكە كرايەوە و هەڵاوێزى پشت دەرگەكە هاتە دەنگ. كاك وەحدەت و خاتوو سەوسەنيش بە بێ گوێدان دەمەتەقێيان دەكرد بەڵام جنۆكە بەلاڕێدابەرەكان گەڕانەوە و سەيرى دواى خۆيان و دواتر سەيرێكى خوارەوەيان كرد. بوونەوەرێكى خۆڵئاسا و ناشرين كە باڵاى كەمتر بوو له مەترێك و كێشى كەمێك پتر بوو له يەك تەن بە ئەستەم هاتە پێشەوە و دەستی كرد بە سەركەوتن بەسەر پێيەكان و پشت و ئەستۆى كاك وەحدەت. لە كاتێكدا كە جنۆكەكان سەيريان دەكرد و هەموو شوێنێك پـڕ بووبوو له بێدەنگيیەكى تۆقێنەر، جنۆكەى چوارەم ئيڤان ئۆركاداڤيچى لەسەر ملى كاكە وەحدەت هەڵدایە خوارەوە و شوێنى خۆى لەوێ خۆش كرد.

كاكە وەحدەت گەڕايەوە و لە كاتێكدا كە دەڕۆيشته دەرەوە گووتى: بۆچى تۆ بچيته دەرەوە؛ خۆم دەڕۆم. كاتێك كە هەنگاوى بە خوڕ و پتەوى هەڵدەنا بەڵام بە بارێك كە پڕكێشتر بوو له جاران له دوكانەكە هاتە دەرەوە و دەرگەكەى پێكدا دا.

سەوسەن بە بێ گوێدان بەردەوام بوو له گەڕان بە دواى سندوقێكى گەورە، بۆ ئەوەى بتوانێت لە ناويدا جێگە بۆ جنۆكە بێ زەين و خورافياتەكانى بكاتەوە، وەحدەتيش بەرەو زانكۆ ڕۆيشت تا بۆ جارى يەكەم بە سەر خوێندكارەکانیدا بقيڕێنێت.

بەڵێ، سێينەى بەلاڕێدابەر بە سێ هۆكار سيانە نەبوون: يەكەم ئەوەى كە برا نەبوون، دووەم هاوشێوەى يەكترى نەبوون و سێيەميشيان كە هەندێك كات و زۆر بە دەگمەن، بە هيچ جۆرێك سێ نەبوون.

هاوبەشی بکە

DidiMnStory,