دیدی من – حه‌یات
ئیبراهیم ئه‌لعه‌ریس
30\6\2014
له عه‌ره‌بییه‌وه: ئه‌كبه‌ر حه‌سه‌ن
له چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه هه‌میشه گوتراوه له پاش جه‌یمس جۆیس و مارسێل پرووست، چیتر دۆخی ڕۆمان وه‌ك پێشتر نییه. جۆیس ئێرله‌ندییه و خاوه‌نی ڕۆمانی یۆلیسیسه، پرووست فه‌ڕه‌نسییه و خاوه‌نی ڕۆمانی گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچووه. زۆر جار ڕۆبه‌رت موزیلی ئه‌ڵمانیشیان بۆ زیاد ده‌كرێت. به‌م جۆره‌ش، ههرسیانیان پێكه‌وه ده‌سته‌ی باوكانی دامه‌زرێنه‌ری ڕۆمانی نوێ له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا پێك ده‌هێنن. ئه‌گه‌ر موزیل له ڕۆمانه گه‌وره‌كه‌یدا (مرۆڤی بێئه‌دگار) به‌تایبه‌تی گرنگیی دابێت به قسه‌كردن له پێگه‌ی مرۆڤی سه‌رده‌م له گۆڕانكارییه‌كاندا، چونكه سه‌رده‌مه‌كه وای لێ كردووه بێسیما و بێئه‌دگار بێت، ئه‌گه‌ر جۆیس به‌تایبه‌تتر گرنگیی دابێت به شه‌پۆلی هۆشی به‌ڕێژنه و باڵاده‌ست به‌سه‌ر هه‌ردوو كاتی خودی و بابه‌تیدا، ئه‌وا كات لای مارسێل پرووست ڕاڕاییه‌كی سه‌ره‌كیی پێك هێناوه، به‌تایبه‌ت له په‌یوه‌ندیی كات به هۆشه‌وه.
ڕۆمانی گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچوو هیچ نییه جگه له هه‌وڵی پرووست به درێژایی ساڵانی كۆتایی ژیانی، له ناو دڵی خه‌م و نه‌خۆشیدا، بۆ گه‌یشتن به‌و گوزارشتكردنه پێویسته له په‌یوه‌ندیی هۆش به كاته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پرووست هه‌ر له ساڵی 1907ه‌وه ده‌ستی كرد به نووسینی حه‌وت به‌رگه‌كه‌ی كه ده‌قی ئه‌م ڕۆمانه گه‌وره‌یه پێك ده‌هێنن. كاتێك ساڵی 1927 سه‌ری نایه‌وه، هێشتا نووسینی هه‌موو ڕۆمانه‌كه‌ی ته‌واو نه‌كردبوو. لێره‌شه‌وه ڕۆمانه‌كه كه دوابه‌شی له ساڵی 1927دا بڵاو كرایه‌وه (واته دوای مه‌رگی نووسه‌ر)، به ته‌واونه‌كراوی مایه‌وه. له‌ڕاستییشدا ئه‌گه‌ر پرووست زیاتر ژیابایه و زیاتری نووسیبایه، چاره‌نووسی ڕۆمانه‌كه ئه‌وه ده‌بوو كه به‌رده‌وام به ته‌واونه‌كراوی بمێنێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ده‌رباره‌ی كاته، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتیش هه‌رگیز ته‌واو نابێت. ئه‌وه‌ی به‌م جۆره دڵنیامان ده‌كاتەوە، ئه‌وه‌یه پرووست خۆی له دانیشتنه تایبه‌ته‌كاندا ده‌یگوت (له كاتی نووسینیدا ئه‌وه‌ی ده‌خسته ڕوو): نیازی له‌م نووسینه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كاته كه تێده‌په‌ڕێت و ده‌ستگرتنه پێیه‌وه. به لای پرووستهوه، كاتی ڕابردوو هه‌موو شتێكه كه ئێمه هه‌مانه… ئێمه ته‌نیا له ڕێگه‌ی دوو ئامڕازه‌وه ده‌توانین ده‌ست به‌م كاته‌وه بگرین، ئامڕازی سێیه‌م بوونی نییه: یان یاده‌وه‌ریی خۆنه‌ویست (نائهڤان)، یان به‌رهه‌می هونه‌ریی خۆویست (ئه‌ڤانی). به‌م پێیه‌ش، كه پرووست گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچووی نووسیوه، به‌رهه‌مێكی هونه‌ریی ئافراندووه، كه له دووتوێی خۆیدا یاده‌وه‌ریی خۆنه‌ویستی هه‌ڵگرتووه.
كاتێك پرووست ساڵی 1907 له نووسینی به‌رگی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌یدا ده‌ستی به گه‌شته درێژه‌كه‌ی كرد، به ناونیشانی ڕێگه‌ی به‌ره‌و سوان (ساڵی 1913 بڵاو بووه‌وه)، له‌ڕاستیدا بیری بۆ ئه‌وه نه‌ده‌چوو ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌م كاره حه‌وت به‌رگ و هه‌زاران لاپه‌ڕه‌ی ده‌وێت و هه‌موو ساڵانی كۆتایی ته‌مه‌نی خۆی بۆ ته‌رخان ده‌كات. به‌رهه‌مه‌كه مانگ له دوای مانگ و ساڵ له دوای ساڵ له ناخیدا له دایك ده‌بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی پلانێكی گشتگیری بۆ دانابێت. نووسینه‌كه ڕێژنه‌ی ڕوانگه‌ی پرووست بوو بۆ هونه‌ر و كۆمه‌ڵگه و كات، هه‌ر شتێك كه ده‌شێت ڕوانگه و چاوتێبڕینی وهگێڕهكهی (الراوی) بێت، كه ناوی مارسێله، ئه‌و له دووتوێی كات و هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه و ناخی خۆیدا، له په‌یوه‌ندیی به‌م دوانه‌وه، له هاتوچۆدا بوو. له‌ڕاستیدا ڕۆچوونی وه‌گێڕ-پاڵه‌وان به به‌رهه‌مه‌كه‌دا به زۆر ڕه‌گه‌زی ده‌ره‌كیدا تێده‌په‌ڕیی كه هه‌ر زوو ده‌بوون به به‌شێك له ناخی: سایكۆلۆژیای په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌كان، په‌یوه‌ندییه سێكسییه‌كان، په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هونه‌ر و به‌تایبه‌ت موزیک و شێوه‌کاری و چیرۆكنووسین. ئه‌مه جگه له ڕامانی گاڵته‌جاڕانه له كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ڕه‌نسیی خۆبه‌شتزان له‌و كاته‌ی وه‌رچه‌رخانی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی پۆست دره‌یفوس (مه‌به‌ست ئه‌لفرێد درهیفوسه كه ئه‌فسه‌رێكی جووله‌كه بوو له سوپای فهڕەنسیدا، به تۆمه‌تی ناپاكیكردن دادگایی و زیندانی كرا).
به‌ڵام نابێت ئه‌م قسه‌یه له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كه دوورمان بخاته‌وه: بۆ مارسێل پرووست ئه‌م ڕۆمانه گۆڕه‌پانی ململانێ بوو له‌گه‌ڵ كات وه‌ك دوژمنی ژماره یه‌ك و هه‌ره گه‌وره‌ی مرۆڤ. پرووست كه له دوای مردنی دایكی له ساڵی 1905دا هه‌ستی به ته‌نیاییه‌كی سامناک و به ده‌ربازبوونی له هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی خێزانی ده‌كرد، بۆ یه‌كه‌م جار له ژیانیدا هه‌ستی كرد له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دهردهكهیدا، كه کاژێرهكانی ته‌مه‌نی و ڕۆژه‌كانی ده‌ژمێرێت، ته‌نیایه. به‌م جۆره، هه‌ستی ده‌كرد تاریكی له ژیانیدا زیاد ده‌كات و بێده‌نگی زیاتر باڵ ده‌كێشێت. چیتر نامۆ نه‌بوو بۆ به‌ڕێز/من/ وه‌گێڕ كه له سه‌روه‌ختی ڕێگه‌ی به‌ره‌و سوانه‌وه ئاماده ده‌بوو، درێژه بدات به باسه‌كه‌ی و په‌سن و ڕاڤه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوونی ڕووداو و په‌یوه‌ندی و كه‌سێتییه‌كان بكات كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رین، چونكه هه‌موو ئه‌مانه ”داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن دووباره بگه‌ڕێنه‌وه ژیان، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه چاوه‌ڕوان ده‌كرا له به‌شی یه‌كه‌مدا بیكات“. به‌شه‌كانی دواتر ئه‌م ناونیشانانه‌یان هه‌یه: له سێبه‌ری كچانی نهوڕهسدا، ڕێگه‌ی به‌ره‌و گورمانت، سودووم و گومڕاهـ، یه‌خسیر، ئهلبرێتین خۆی ده‌شارێته‌وه (كه پاشان ناونیشانی هه‌ڵهاتوو و دواجاریش كاتی گه‌ڕاوه وه‌رده‌گرێت).
به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین ڕۆمانی گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچوو، له ڕووی بناغه‌وه تا ڕاده‌یه‌ك به ڕۆمانێكی بازنه‌یی دابنێین، چونكه له‌و لاپه‌ڕانه‌ی كۆتایی كه پرووست نووسیونی، به مارسێلی وه‌گێڕ كۆتایی دێت و له ناو خۆیدا چه‌ند به‌هره‌یه‌كی هونه‌ری ده‌دۆزێته‌وه. ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه په‌لكێشی ده‌كات بۆ نووسینی ڕۆمانه‌كه كه خوێنه‌ر ئێستا هه‌ر حه‌وت به‌رگه‌كه‌ی خوێندووه‌ته‌وه. ئه‌و گیانه‌ی به‌گشتی به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه و هه‌ڵوێسته‌كانی مارسێل (ی وه‌گێڕ)دا باڵاده‌سته، گیانی ونبوون و بێئومێدی و له‌ده‌ستدانی توانای خۆگونجاندنه له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌كانی ڕابردوودا، نه‌هامه‌تی به‌رانبه‌ر بۆشیی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان… هه‌رچی هه‌وڵی مرۆییشه، ته‌نیا له ئاسۆگه‌ی هێزی وێرانكه‌ری كاته‌وه ده‌بینێرێت.
ئه‌و كه‌سانه‌ی به له‌به‌رچاوگرتنی ئاماژه‌كانی ڕۆمانه‌كه، به پله‌ی یه‌كه‌م وه‌ك به‌رهه‌مێكی فه‌لسه‌فی سه‌یریان كردووه، هه‌ڵه نه‌بوون؛ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندێك جاریش لێكۆڵینه‌وه‌كانیان به‌ره‌و ئه‌و ئه‌نجامگیرییه په‌لكێشی كردبن كه لایه‌نه هزری-فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ڕۆمانه‌كه به‌سه‌ر لایه‌نه هونه‌رییه داهێنهرانهكهیدا زاڵ بووبێت، چونكه گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچوو به یه‌كێك له‌و ڕۆمانه یه‌كه‌مینانه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م داده‌نرێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستێكی له پشته‌وه نه‌بووبێت، به فینۆمینۆلۆجیی هۆسێرل ده‌ست پێ ده‌كات بۆ گوزارشتكردن له هونه‌ری ته‌واو له پڕۆسەی ڕاڤه‌كردنی جیهانێكدا كه ته‌نیا له ناو هۆشی تاكه‌كه‌سیدا بوونی هه‌یه، به جۆرێك، ده‌شێت هاوڕا بین له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی كه پێیان وایه ”بایه‌خی فینۆمینۆلۆجییانه له به‌رهه‌مه‌كه‌ی پرووستدا له‌وه‌دایه كه ده‌گاته شیكردنه‌وه‌یه‌كی قووڵ بۆ هۆشێكی هه‌ژێنه‌ر و ناسك تا ئه‌وپه‌ڕی“. به‌تایبه‌تی له ناو ئه‌م شیكردنه‌وه‌یه‌دا ئه‌گه‌رێك هه‌یه بۆ ده‌ركه‌وتنی جۆره ڕه‌هه‌ندێكی ئایدیاڵانه‌ی داره‌ته‌كانی هۆش و هه‌سته‌كان و ژیانی ناوه‌كیی كه‌سێتییه‌كان. كه‌واته ده‌بێت جارێكی دیكه‌ش بڵێینه‌وه لای پرووست هاوبه‌شییه‌كی ته‌واو له نێوان هۆش و كاتدا هه‌یه، دوو پێكهێنه‌ر كه وه‌ك هاوبه‌ش وان و لێك جیا نابنه‌وه، چونكه ”كات بنچینه‌ی هۆشه، هۆشیش بنچینه‌ی كاته” وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێك له پسپۆڕه فهڕەنسییهكانی ئه‌ده‌بی پرووست پێداگیری له‌سه‌ر ده‌كات و ئه‌مه‌شی بۆ زیاد ده‌كات: “له لایه‌كه‌وه، پرووست باسی کات ده‌كات، به زمانێك كه له‌گه‌ڵ زمانی میتافیزیكای كلاسیك‌دا یه‌ك دێته‌وه، زمانێك كه له سه‌رده‌می ئه‌رستۆوه تا ده‌گاته بێرگسۆن و هۆسێرل و ته‌نانه‌ت هایدیگه‌ریش، به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌دا زاڵ بووه، تا به‌ڵگه بهێنێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كات و ئه‌به‌دیه‌ت دژبه‌یه‌کن، له لایه‌كی تریشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆبچێته نێو كاتێكی تاهه‌تاییه‌وه، كاتێكی تر، كاتی گه‌ڕێنراوه“.
هه‌رچۆنێک بێت، وا ده‌رده‌كه‌وێت پرووست له ململانێی له‌گه‌ڵ كاتدا، ململانێیه‌ك كه ڕۆمان گۆڕهپانهكهیهتی، هه‌ستناسك بێت، به‌تایبه‌تی كه له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیستدا ژیاوه، دوو سه‌ده كه چه‌ند ته‌واوكه‌ری یه‌كدین، ئه‌وه‌نده‌ش لێك جیاوازن، وا ده‌رده‌كه‌وێت چه‌كی یه‌كه‌می خۆی كردبێت به مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كاتێكی تایبه‌تدا، له یاده‌وه‌رییه‌وه وه‌ریگرتبێت و گۆڕیبێتی بۆ بوونی هه‌ستپێكراو، له ڕۆژانێك هه‌ڵهاتبێت كه بۆ ئه‌و سنووردار بووه، به‌و مانایه‌ی که خود لای ئه‌و له ئافراندنی جیهانی تایبه‌تیی كاتدا ڕۆڵی یه‌كه‌می بینبێت.
پرووست ساڵی 1871 له دایك بووه. هه‌ر له منداڵییه‌وه، له نێو هونه‌ره‌كانی تردا زیاتر هۆگری موزیك بووه. لێره‌شه‌وه هه‌ر زوو ڕووی كردووه‌ته هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و خۆی یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به ڕه‌خنه‌گر و نووسه‌ر و دواتریش ڕۆماننووس. ئه‌وه‌ی ئاواته‌خوازی بوو، پێی گه‌یشت و به‌تایبه‌تی به هۆی گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچووه‌وه بوو به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین نووسه‌ره‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه به‌رهه‌مه‌كانی سه‌ره‌تای، وه‌ك خۆشییه‌كان و ڕۆژه‌كان زۆر سه‌رنجڕاكێش نه‌بوون. هه‌روه‌تر ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه نووسینه تیۆرییه‌كانی، به‌تایبه‌ت پهرتووکهكهی له‌باره‌ی سه‌نت بیڤهوه، نه‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی پله‌وپایه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی ڕاسته‌قینه ده‌سته‌به‌ر بكات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بوو به‌و ناوبانگه تایبه‌ته كۆڵ بدات، كه ڕۆمانه بنچینه‌یی و مه‌زنه‌كه‌ی بۆی به‌دی هێنا: گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچوو و به یه‌كێك له گرنگترین به‌رهه‌مه وێژه‌ییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م داده‌نرێت.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.