23/03/2024
DidiMn Logo
Top

شەیتانەکانی مەسعوود محەمەد: بەشدارییەکی بچووک لە داڕشتنەوەی میراتێکی بەریندا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
زاموا محەمەد

(١)

دەمێک نووسەرێکی بەهێز دەگات و دەبینێت پێش خۆی، چەندین نووسەری مەزن هەبوون و هەمووشیان لەو بەهێزتر بوون، دەمێکیش بە پزیسکی ئەو هەموو نووسەرە مەزنەی پێش خۆی داغ دەبێت و دەشزانێت کە هیچی لەدەست نییە، بەو پێیەی كڵپە و گڕی هەموو نووسەرانی پێش خۆی تازە لە ڕابوردوودایە، ڕابوردووش ئەو ڕەهەندەی زەمەنە کە چیدی ئەگەر و کردار ناتوانن لەناویبەرن، ئەوسا ئەم نووسەرە نوێیە دەتوانێت -یان دەشێت- چی بکات؟

لە هەموو مێژووی مرۆڤدا، بە خەیاڵی و ئەدەبی و ئاینییشیەوە، خودای لێدەربچێت، هیچ نووسەرێکی مەزن نییە بە توناوتوونی نووسەرە مەزنەکانی پێش خۆیدا تێنەپەڕیبێت(چونکە خودا هەمیشە بە ڕابوردوودا دێتە ئێستاوە، جیهان هەمیشە پێشتر خوڵقێندراوە، دێڕی یەکەم هەردەم کەسێک پێش ئێمە نووسیویەتی)؛ ئەوانەی ناتوانن نووسەری وەها بن هەرگیز دەرگای چوونەژوورەوەی توناوتوونەکەیان پێنادۆزرێتەوە، ئەوانەی ناتوانن بەرگەی پێشینانی خۆیان بگرن هەرگیز لە توناوتوونەکە نایەنە دەرەوە، ئەوانەی دێنە دەرەوە بەڵام دەبینین کە لە پێچاوپێچی سەفەرەکیاندا ئەقڵی خۆیان/دەنگی خۆیان/خودی خۆیانیان بە تەواویی لەدەست داوە، ئەوانەن کە شەڕی پێشینانی خۆیانیان پێ نەکراوە- ئەوانەش کە پێشینانی خۆیانیان بەزاندووە، هەر ئەو شێتانەن کە لەودیوی توناوتونەکەوە دێنە دەرێ و چیرۆکی جەنگانی خۆیانمان لەگەڵ چەندان دێوی مەزن و سامناکدا بۆ دەگێڕنەوە، لە چیرۆکەکاندا خۆشیان هەن و دێوەکانیش -نووسەرە مەزنەکە و پێشینانیشی-، ژیاننامەی خۆیان هەیە و دەنگی سەدان نووسەریش کە ژیاننامەکە دەگێڕنەوە، دەنگی خۆیان هەیە و شکۆی سەدان نووسەری تریش کە پێشتر بەوێدا تێپەڕیون: بەمە دەگوترێت داهێنانی ئەدەبی.

لە لایەکی تریشەوە، هیچ نووسەرێکی ڕاستەقینە شکۆی خۆی لەگەڵ هیچ نووسەرێکی دیدا بەش ناکات. ئەدیب یان هەموو سەردەمەکەی خۆی دەبات یان هیچی ناوێت، “ئەو شاعیرانەی کە بەڕاستی بەهێزن تەنیا دەتوانن خۆیان بخوێننەوە”(١)، وەک بڵووم دەڵێت. بەم پێیە، ڕەنگە داهێنانی ئەدەبیی هیچ نەبێت جگە لە بەخێوکردنی ئیگۆیەکی زەبەلاح هێندەی هەموو جیهان، ئیگۆیەک کە گەردوون تەسک بێت بە بەری -مارکۆس گابریێل پێی وایە کە جیهان لە گەردوون بەرینترە-. کەواتە داهێنان تەنیا تێپەڕاندنی پێشینان نییە لەلایەن ئەدیبێکەوە، نووسەر ئەو جەللادە نییە کە لەوسەری زۆرانەکەوە بە سەری بڕدراوی پێشینانیەوە دێتە بەردەممان، با جەللادەکەش مەیدانەکە تەنیا شایەن بە خۆی بزانێت، با ئەدیبەکەش بیەوێت هەموو زەمەن بۆ خۆی بەرێت، با ئیگۆش زەبالاح بێت هێندەی هەموو جیهان.

خودمەحکوومکردنەکەی کیرکێگارد لە کافکادا هێندە بەرجەستەیە دەتوانین بە دەست بیگرین، بەڵام کافکا تەنیا گیڕانەوەی کێرکێگارد نییە لە فۆڕمی ئەدەبییدا؛ وەک چۆن لە “کۆشک”دا کافکا تەنیا خەریکی وەرگێڕانی پارادۆکسەکەی جووڵەی زینۆن نییە بۆ ناو فۆڕمی ئەدەبیی ڕۆمان(ئەم دوو لێکچوونە بۆرخیس تێبینییان دەکات). پەیوەندیی نێوان “هەرا و توڕەیی”ی فاوکنەر و “سەد ساڵ تەنیایی”ی مارکیز لەوە زیاترە کە هەردووک داستان بن لەبارەی بەسەرهاتی خێزانێکەوە، یان هەردووک لە سەرزەمینی خەیاڵییدا ڕووبدەن(یەکەمیان جێفێرسۆن-ی یۆکنەپاتاوفا و دووەمیان ماکۆندۆ)؛ لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەی مارکیزدا وەختە بگەینە ئەو دەرەنجامەی کە ماکۆندۆ هیچ نییە جگە لەو ڕەسەنێتییەی نێو ترادسیۆن کە لە ئەدەبی فاوکنەردا ئاگاداردەکرێینەوە لە لەناوبردنی لەلایەن مۆدێرنێتیەوە؛ یەکێک هەرگیز لە وەهمدا نابێت گەر تا گەیشتن بە دوا بەشی ڕۆمانەکەی مارکیزیش، چاوەڕوانی ئەوە بێت کە “بێنجی”ی کەسێتیی نێو “هەرا و توڕەیی” وەک پاڵەوانێکی سەرەکی لە “سەد ساڵ تەنیایی”دا دەربەکەوێت؛ وەک ئەوەی فاوکنەر ئەو کەسێتیەی لە “سەد ساڵ تەنیاییەوە قەرز کردبێت”، ئەو ڕۆمانەی سیوهەشت ساڵ پاش “هەرا و توڕەیی” بڵاوبووەوە: مارکیز فاوکنەرێکی ترە کە بەتەنیا فاوکنەر نییە، فاوکنەر مارکیزێک بووە کە نە تەنیا مارکیزیش بووە و نە چیدی تەنیا فاوکنەریشە.

مەسعود محەمەد

بەم جۆرە، ئێمە لە بەردەم پارادۆکسێک، یان لایەنی کەم جووڵەیەکی جووت‌ ئاراستەداین هەردووک پێچەوانەی یەکدی: نووسەرە مەزنەکە هەم دەبێت پێشینانی خۆی بوێت و هەم نەشیەوێت، کوڕەکە دەیەوێت باوکی بکوژێت و هێشتا پیویستی بە پەروەردەکەشیەتی … کەواتە چی دەکات؟

لە قۆناغی یەکەمدا کوڕەکە/نووسەرە مەزنەکە، باوکان/پێشینانی خۆی دەناسێت، لە قۆناغی دووەمدا مەفتوونیان دەبێت و لەناویاندا دەتوێتەوە، لە قۆناغی سێیەمدا هەست دەکات لەلایەن پێشینانیەوە وەلادەنرێت، لە قۆناغی چوارەمدا ئەو پێشینانی وەلادەنێت، لە دوایین قۆناغدا نووسەرە مەزنەکەی بە خودێکەوە دێتەوە کە هەم پێشینانیەتی و هەم پێشینانیشی نییە، هەم خۆیەتی و هەم خۆیشی نییە؛ نووسەرەکە پیشینانیشی لەگەڵ خودی خۆیدا دەخوڵقێنێتەوە.  لە کتێبی “دڕدۆنگیی ئیلهام”دا هارۆڵد بلووم ئەم دیاردەیە لە پێنج قۆناغی گریمانەییدا تیۆریزە دەکات و وەک مۆدێلێک بەکاری دەهێنێت بۆ خوێندنەوەی مێژووی شیعری ئینگلیزی، بە پشتبەستن بە فیگەری شەیتان لە نێو “بەهەشتی لەدەستچوو”ی جۆن میڵتۆندا: ڕەدکردنەوەی مەسیح و کەوتنەخوارەوەی لە بەهەشت و پاشان هەڵگەڕانەوەکەی وەک مێتافۆڕێک بۆ دۆخی شاعیری مۆدیرن.  بە هەرحاڵ، لەبەر جیاوازیی مەبەستەکەی من، هەروەها جیاوازیی سیاقەکانیش، لە پەیوەندییدا بە کارەکەی ئەوەوە، من ئەم نووسینەم لە هەڵوێستی ئیلهاموەرگرتنێکی دووربەدووردا هێشتووەتەوە و پەیڕەوی مۆدێلەکەم نەکردووە، هەڵبەت بە ئاماژە پێدانەوە.

لێرەدا دەمەوێت هێڵی سەرەکیی باسەکە ڕابگرم و لە سایەی ئەو دێڕانەی سەرەوەدا ئاوڕ لە چرکەساتیکی کەمێک ناڕوونی نێو ئەدەبی خۆمان بدەمەوە…

حاجی قادری کۆیی لە بەیتێکدا دەڵێت: “بەجێما نالی وەک ناڵی، بەپاش کەوت کوردی وەک گەردی/کە حاجی غاری دا ئەسپی لە مەیدانی سوخەندانی”. ئەوەی سەیرە، ئەوەیە کە لە هەمان سەروادا و لە شیعرێکی تریدا، ئەم بەیتەی هەیە: “بە تەزمین فەردەکی نالی دەهێنم تا ڕەفیقانم/بزانن فەرقمان زۆرە، خەزەف قەت وەک گوهەر نابێ”. لە بەیتی یەکەمیاندا نالی وەک ناڵی ئەسپەکەی حاجی قادر بەجێدەمێنێت، کاتێک دووەمیان ئەسپی خۆی تاودەدات، بەڵام لە بەیتی دووەمدا نالی لەلایەن حاجی قادرەوە “تەزمین” کراوە و دواتر بەیتەکەی نالی لە شیعرەکەدا دانراوە، کە تەکنیکێکی کۆنی شیعرییە و زۆرێک لە شاعیرانی کێشی عەرووزی بەکاریان هێناوە؛ تێیدا گوتراوی شاعیرێکی پێش خۆیان، یان حیکمەتێکیان هێناوە و تێهەڵکێشی دەقەکەی خۆیانیان کردووە تاکو ببێتە تەواوکەری، یان ببێتە بناغەی و لەسەر ئەو بناغەیە شیعرەکەی خۆیان هەڵببەستن؛ ئەوەی گرنگە لەبارەی تەزمینەوە، ئەوەیە کە شاعیر لە ڕێز و قەبووڵکردنی شاعیری پێش خۆیدا ئەنجامی دەدات، واتە جۆرێکە لە دانپێدانان. ئەگەرچی لێکۆڵەرەوە و لێکدەرەوەی دیوانەکەی حاجی لە پەراوێزدا نووسیویەتی: “… بەم بەیتەدا دیارە حاجی قادر زۆر باوەڕی بەخۆی بووە و لەوانەیە مەبەستی لە بەجێهێشتنی نالی و کوردی لە بواری شیعری نیشتیمانپەروەری و شیعری ڕۆشنبیری ئەو سەردەمە بووبێت؛ دەنا نالی پێغەمبەرێکە لەناو کورددا کەس شانی لە شانی نەداوە…”. من هەست ناکەم مەسەلەکە تەنیا باوەڕبەخۆبوونێکی سادە بێت. بەڵێ، “حاجی قادر زۆر باوەڕی بەخۆی بووە”، هەر لەبەر ئەمەش شیعری نووسیوە. بەڵێ، “نالی پێغەمبەرێکە لەناو کورددا کەس شانی لە شانی نەداوە”، هەر لەبەر ئەمەشە زۆر بە ئاسانی و بێچەندووچوون لە هەموو سەردەمەکانی ئەدەبی پاش خۆیدا یەکێک بووە لە باوکە شیعرییەکان.

حاجی قادر شاعیرێکە زۆر باوەڕی بە خۆیەتی، لە بەردەم نالیدا کە “کەس شانی لە شانی نەداوە”: کەواتە ئێمە لە بەردەم درووستبوونی خودی شیعریی حاجی قادری کۆییداین … ئەگەر بەیتێکی تر لەگەڵ ئەو دوو بەیتەی سەرەوەدا دابنێین، ئەوسا جەستەیەکی دەلالی درووست دەبێت کە بە ڕوونی ئاماژە بە تێپەڕینی حاجی قادر دەدات لە توانەوە لە نالیدا و دواتر بەرهەڵستییکردنی تا دەگات بە خوڵقاندنەوەی:

بە تەزمین فەردەکی نالی دەهێنم تا ڕەفیقانم

بزانن فەرقمان زۆرە، خەزەف قەت وەک گوهەر نابێ

زاهیرە بەیتم لە نالی و کوردی زۆر کەمتر نییە

تالیعم بەرگەشتەیە و بەدبەختە بەختم نوستووە

بەجێما نالی وەک ناڵی، بەپاش کەوت کوردی وەک گەردی

کە حاجی غاری دا ئەسپی لە مەیدانی سوخەندانی(٢)

لە بەیتی یەکەمدا، بەپێی ئەو مانایانەی “تەزمین” هەڵیدەگرێت، خودی شیعریی حاجی سەر بۆ نالی دادەنەوێنێت. لە بەیتی دووەمدا هەوڵێک دەبینین بۆ بەرهەڵستی، ئەوەی سەرنجڕاکێشە لە بەیتی سێیەمدا ڕوودەدات: کاتێک حاجی ئەسپی خۆی غاردەدات، نالی و کوردی، وەک ناڵ و وەک گەردی هەڵساوی ژێرپێی ئەسپەکە بەجێدەمێنن. لەویش سەرنجڕاکێشتر جیاوازیی نێوان بەجێمانی ناڵ و بەپاشکەوتنی گەردە. لە وێنە شیعرییەکەدا ئەو گەردەی بەجێماوە، ئیدی بەجێماوە و ئەسپەکە تێیپەڕاندووە؛ بەڵام ناڵ کە جێدەمێنێت، دەشێ وەک گەرد یەکجار بەجێبمێنێت و تێپەڕێندرێت؛ بەڵام بەو پێیەی بە ئەندامی ئەسپەکەوە لکێندراوە، مەرج نییە تەنیا لەسەر زەوییەکە بکەوێت و ئەسپەکە تێیپەڕێنێت، بەڵکو دەشێ هەر بە ئەسپەکەوە مابێت، بەڵام تیژڕەویی لەڕادەبەدەری ئەسپەکە پێش قاچەکانی دەداتەوە، سەری ئەسپەکە پێش ناڵەکان دەداتەوە؛ غارەکەی حاجی، کوردی لەپاش خۆی جێدەهێڵیت، بەڵام نالی بەدوای خۆیەدا دەبات، بەکێشی دەکات. وابزانم مەبەستەکەم ڕوونە…

لە بەشی دووەمی ئەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم لە دەروازەیەکی ترەوە بچمەوە نێو باسە سەرەکییەکە، بەڵام لەگەڵیشیدا، دەمەوێت پەیوەندیی نێوان بەیتی یەکەم و سێیەمی حاجی قادر زیاتر هەڵبکۆڵم، تا لە پەیوەندی شاعیر و نووسەری پێشینانیەوە بگەم بە سەرەداوێک لەبارەی ڕەخنەگر و پێشینانیەوە. نمونەکەشم بۆ ئەمە، مەسعوود محەمەد دەبێت؛ دواجار پێم وابێت هەرکەسێک بە کوردیی سۆرانی خوێندبێتیەوە دان بەوەدا دەنێت کە نووسینەکانی ئەم پیاوە لەبارەی نالی و حاجیەوە، نووسینگەلێک نین ئینسان بەسەریاندا تێپەڕێت و نوقمی تێڕامان نەبێت. من لە چەندان کەس، لە ڕۆشنبیر و خوێنەران، بیستوومە کە گوتوویانە لە حاجی و نالی تێدەگەین، بەڵام لە حاجی و نالیی نێو کتێبەکانی مەسعوود محەمەد ناگەین؛ یان گوتوویانە حاجی و نالی لە نووسینەکانی مەسعوود محەمەددا جیاوازن لەو حاجی و نالیەی ئێمە خوێندوومانەتەوە … پێم وا نییە کەسیان بە هەڵەدا چووبن، پێشم وا نییە ئەمە ڕێکەوت بێت.

(٢)

لە کۆتایی بیستوحەوتەمین سروودی کۆمیدیای یەزدانییدا دانتی لەخەو ڕادەبێت و دەبینێت دوو مامۆستاکەی بەخەبەرن، ئیدی دانتی دەست دەکاتەوە بە سەرکەوتن بەسەر پلیکانەکانی بەرزەخدا، بەرەو بەهەشت و بەرەو کتێبی سێیەمی کۆمیدیا. بەڵام بەر لەوە، ڤێرجیلۆ ماڵئاوایی لە دانتی دەکات و پێی دەڵێت: “کوڕم ئاگری کەم خایەن و ئاگری جاویدانت دی/ئێستا گەیشتوویتە شوێنێ/من خۆم لەوە بەولاوەتر نابینم”. ئەم دێڕانەش جێی سەرنجن: “بە زانست و هونەری خۆم، تۆم گەیاندە ئێرە/لەمەودوا شەوق و شادیی خۆت بکە بە بەرابەر”. هەروەها دوایین دێڕیش: “ئەوەتا تاجت دەنێمە سەر و داروەکازت دەدەمە دەست”(٣).

دانتی لە دۆزەخەوە ڤێرجیلۆ دەکاتە هاوڕێی خۆی لە داستانەکەدا، بەڵام لێرەدا ڤێرجیلۆ لێی جیادەبێتەوە. بە قسەکانی ڤیرجیلیۆشدا ڕوونە کە دانتی گەیشتووەتە جێیەک کە ئیدی ئەو -واتە ڤێرجیلۆ- ناتوانێت هیچی بۆ بکات، “زانست و هونەر”ی ڤێرجیلۆ چیدی دانتی ناگەیەنێتە هیچ کوێ، بۆیە لەلایەن ڤێرجیلۆوە دانتی ئازاد و سەربەست و سەربەخۆ دەکرێت و تاج و داروەکازی پێ دەدرێت. مەسەلەکە، دیسانەوە تەنیا ئەوە نییە کە دانتی ڤێرجیلۆی مامۆستای تێدەپەڕێنێت و جێدەهێڵێت، بەڵکو دانتی داهێنەری ڤێرجیلۆیە، دانتی نووسەری ڤێرجیلۆیە.

لە وتارێکیدا سەبارەت بە کافکا و پێشینانی، بۆرخیس دەنووسێت: “ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەر نووسەرێک پێشینانی خۆی درووست دەکات. کاری ئەو دەستکاریی تێگەیشتنی ئێمە دەکات لەبارەی ڕابوردووەوە، وەک چۆن دەستکاریی داهاتوو دەکات. لەم پەیوەندییە دوولایەنەیەدا، ناسنامە و فرەیی مرۆڤ گرنگ نییە”(٤).

گەر پێداچوونەوەیەک بە نمونەکانی سەرەوەدا بکەم، ئەو نمونانەی لە مێژووی ئەدەبیاتەوە هێنران، دەکرێت بڵێم: لە “بەهەشتی لەدەستچوو”ی میلتۆندا خودایەک هەیە لە ئاینەکانەوە وەرگیراوە و هەموومان دەیناسین، خودایەکیش هەیە داهێنراوی شەیتانە و شۆڕشی بەسەردا دەکرێت. فاوکنەرێک هەیە خوێندوومانەتەوە و دەیخوێنینەوە، فاوکنەرێکیش هەیە لە گێڕانەوەی مارکیزەوە بەرجەستە دەبێت. کێرکێگاردێک هەیە لە مێژووی فەلسەفەدا و کێرکێگاردێکیش هەیە کە سەداکانی لە کافکادا بە کزی دەبیسترێن؛ هەر فیگەرێک کە دەبێتە پێشینانی فیگەرێکی تر لە داهێناندا، ئەو فیگەرە پێشینانە لەلایەن ئەوەی دواتریەوە دادەهێنرێت و دەخوڵقێنرێتەوە، بە جۆرێک کە هەم پێشینان و هەم نوێکەشە؛ مردووەکان نە دەڕۆن و نە جێمان دەهێڵن، بەڵکو تەنیا دەخزێنە نێو دەقەکانمانەوە. نالی هەم نالییە و هەم ناڵێ بەجێماوی حاجییشە، هەم باوکی سەردەمەکانی دواتریش … نالی و حاجیش، هەردووک نووسەری مەزن/خودا/باوک/پێشینانن و هەردووک شەیتانیشن بەوەی لە پێشینان یان خودایەک لایان داوە پێشینانەکەیان لە خۆیاندا داهێناوەتەوە؛ هەردووک، هەم نالی و حاجین و هەم داهێنراو و دیسانەوە خوڵقێندراوی فیگەرێکی تریشن، دوو شەیتانی نێو نووسینەکانی پیاوێکن بە ناوی مەسعود محەمەدەوە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە مەسعوود محەمەد شاعیر یان ڕۆماننووس نییە، مەسعوود محەمەد وتار و فیکر دەنووسێت، ئەو بیردەکاتەوە، هەر لەو بیرکردنەوەیەشدا پێشینانی خۆی خوڵقاندووە، بیرکردنەوەیەک کە لەمڕۆدا ناوێکی تریشی هەیە: ڕەخنە.

ئەمڕۆ هەژدە ساڵ بەسەر مردنی مەسعود محەمەددا تێدەپەڕێت. لەم هەژدە ساڵەدا دەشێ یەکێک چەندین جێگیر و چەندین گۆڕاو لە مێژووی ڕۆشنبیریی ئێمەدا دیاری بکات، بەڵام لەژێر حوکمی ناونیشان و بابەتی ئەم وتارەدا، من خۆم بە پرسی خوێندنەوەی پێشینان و بیرکردنەوە-لە-خۆمانەوە پابەند کرد. هەروەها دەشێ یەکێک، بە پێوەرەکانی فیکری خۆرئاوا، ماسعوود محەمەد وەک ماتریالیست لەقەڵەم بدات؛ دەشێ، بە بەکارهێنانی “مرۆڤ و دوروبەر” وەک نمونەیەک، مەسعوود محەمەد لە بەستێنی توێژینەوە لە دوانەی تاک/کۆمەڵ، دوانەی بونیاد/کرداری کۆمەڵایەتییدا بخوێنێتەوە، بەڵام من ویستم مەسعوود محەمەد لەوە بپارێزم کە بە خۆرئاوا و مێژووی ئەوی تر بپێورێت؛ وەک ئەوەی مرۆڤی ئێرە مەحکووم بێت بەوەی لە بواری ئەقڵ و بیرکردنەوەدا هەردەم شاگردی مرۆڤی خۆرئاوایی بێت.

کۆی ئەو پەرەگرافانەی سەرەوە، ئەگەرچی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش باس لە کارەکانی مەسعود محەمەد ناکەن، بەو ئومێدەوە نووسراون کە وێنای پەیوەندییەکی دوولایەنە بکەن لەنێوان مەسعود محەمە(خوێنەرەوە/ڕەخنەگر) و نالی و حاجی قادر(شاعیر)دا. خوێندنەوەی سێ بەرگەکەی “حاجی قادری کۆیی” و هەردوو کتێبی “چەپکێک لە گوڵزاری نالی” و “دەستەودامانی نالی”، نەک تەنیا بە حاجی و نالی تەواو ئاشنامان ناکات، بگرە نامۆشمان دەکات: نامۆمان دەکات بەو مانایایەی کە مەسعوود محەمەد دیسانەوە نالی و حاجی وەک دوو شاعیر لەنێو زمانی خۆیدا، وەک خوێنەرەوەیەکی پێشینانی، دادەهێنێتەوە.

مەبەستی من لێرەدا ئەوە نییە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە کە مەسعود محەمەد کێ بوو؟ چی کرد؟ بەوەش کە لەپشت ناوەکەیەوە نووسیومە(خوێنەرەوە/ڕەخنەگر)، مەبەستم نییە ئەو لە ڕەخنەگرێکی ئەدەبی، یان خوێنەرەوەیەکدا کورت بکەمەوە. بەڵام بڕوام وایە، لەپاڵ هەر کارێکدا کە کردبێتی، مەسعوود محەمەد باشترین و داهێنەرانەترین مۆدێلی ڕەخنەی ئەدەبیی لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا خستووەتە ڕوو. ڕەخنەی ئەدەبی، کە داهێنانەوە و خوڵقاندنەوەی خۆمان و پێشینانمانە لە یەک جەستەی مەعریفیی نووسراودا.

لەم هەژدە ساڵەدا، ئەوەی لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمەدا بە ناوی ڕەخنەوە بەرپا دەکرێت، لە تێگەیشتنە تەقلیدیەکەی ڕەخنە تا ڕادەیەک دوورکەوتووەتەوە، کە “جیاکردنەوەی باش و خراپی دەقەکانە”؛ بەڵام گەیشتووە بە هەڵدێرێکی مەترسییدار کە ڕەدکردنەوە یان پیرۆزکردنی نووسەران و دەقەکانیانە لەسەر ئاستی بەرژەوەندی و حەز و بەدڵبوونێکی شەخسیی پەتی، لەوەش ترسناکتر: ڕەدکردنەوە و پیرۆزکردنی نووسەران و دەقەکانیان لەژێر کۆمەڵێک پێوەردا کە گوایە لە ڕەخنەی خۆرئاواییەوە وەرگیراون. لە ماوەی ئەم هەژدە ساڵەدا بە دەیان دەق ڕەدکراونەتەوە لەسەر ئەوەی شۆڕشگێڕانە نین، لەسەر ئەوەی وجوودیانە نین، لەسەر ئەوەی لەگەڵ دێڕی ئەم فەیلەسووف یان ئەو فەیلەسووفی خۆرهەڵات یان خۆرئاوادا تەبا نین و وێکنایەنەوە. لە کاتێکدا دەقی ئەدەبیی داهێنەرانە و ڕاستەقینە هەندێک جار پێ دەنێتە ئاستێکەوە لە نوێگەری کە کۆکردنەوە و کەڵەکەکردنی هەرچی تێز و بیرۆکەی هەرچی فەیلەسووف و ڕەخنەگری بیانیی خۆرهەڵات و خۆرئاوا هەیە، کۆمەکمان ناکات لە شیکردنەوەیدا؛ هەندێک جار ڕەخنەگر ڕووبەڕووی دەقێک دەبێتەوە کە مل بۆ هیچ پێوەرێک کەچ ناکات، هیچ بیرۆکە و گوتراو و ڕێسایەک نییە ئەم ڕەخنەگرە لە جیاوازیی بێڕەحمانەی ئەم دەقە ڕزگار بکات … لەم حاڵەتانەدا تەنیا خۆمان و دەق دەمێنینەوە، ئەوەی ڕوودەدات جەنگێکە لە نێوان ڕەخنەگری بەهێز و شەیتانەکاندا، ئەو شەیتانە میلتۆنییانەی لە بەهەشت بەردەبنەوە و دەکەون، ئەوانەی پێشینانیان، یان خوداکانیان، بە جۆریکی تر داهێناوەتەوە و خۆشیان لەلایەن ڕەخنەگرە بەهێزەکانیانەوە دادەهێنرێنەوە.

لە کۆتایی ئەم وتارە کورتەدا، من بە هیچ جۆرێک بانگەشەی ئەوە ناکەم کە مەسعوود محەمەدم وەک ڕەخنەگرێک داهێنابێتەوە، هەروەها بانگەشەی خستنەرووی مۆدێلێکی پراکتیکیانەی ڕەخنەی ئەدەبییش ناکەم؛ بەڵام بە شەرمنییەوە -شەرم لە مەسعود محەمەد، نالی و هەموو ئەوانەی لەم وتارەدا ناویان هات- ئەو ئومێدەم هەیە کە توانیبێتم لایەنی کەم، لە باسکردنێکی کورتی مەسعوود محەمەد و شەیتانەکانیدا(نالی و حاجی قادر)، هێڵکارییەکی کاڵ بۆ پەیوەندیی نێوان ئەدیب و پێشینان، ڕەخنەگری بەهێز و ئەدیبانی پێشینانی بکێشم؛ لەپێناو درووستبوونی ڕۆشنبیرییەکدا، کە لایەنی کەم، ڕۆژێک لە ڕۆژان توانای بەرگەگرتنی ئەو نووسەرە داهێنەرانەی هەبێت کە دەشێ لە داهاتووی زۆر دووردا، پاش چەندەها نەوەی تر، بێن و ڕووبەرووی ببنەوە … چونکە لەو بارودۆخانەدا ڕەدکردنەوەی کوێرانە و ستایشی کوێرانەتر کۆمەکمان ناکات، بەڵام ڕەنگە خوێندنەوەی وردی هەڵوێستەکەی مەسعوود محەمەد بەرامبەر نالی و حاجی، سەرەداوێک بێت.

سەرچاوەکان:

  • Bloom, Harold. The Anxiety of Influence: A Theory of Poetry. New York: Oxford University Press, 1997. P19
  • بەیتەکان لەم نوسخەیەی دیوانی حاجی قادرەوە وەرگیراون: سەردار حەمید میران و کەریم موستەفا سارەزا. دیوانی حاجی قادری کۆیی. ئینتیشارات کردستان. ١٣٩٠
  • 3-          ئەلیگیری، دانتی. کۆمیدیا: بەرزەخ. و. عەزیز گەردی. سلێمانی. دەزگای سەردەم.٢٠١٥
  • Borges, Jorge Luis. Selected nonfiction. Ed: Eliot Weinberger. New York. Vking. 1999. P365
هاوبەشی بکە

Book, Kurdish Author,