19/04/2024
DidiMn Logo
Top

شانۆکارانی ھەندەران و بڕوانامە

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

ھەڵکەوت محەمەد

 

بێ شێر و ڕێوی، بێ بگرە و بەردە دەمەوێت بڕۆمە ناو باسەکەوە، لە ساڵانی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا، لە بەشی شانۆی پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی شارەکانی کوردستان بە سەدان کەس لە لقەکانی ”دەرھێنان و نواندن“ خوێندنیان تەواو کردووە، ئەم قۆناغە بەردەوامە و ساڵانە بە سەدان شانۆکار خوێندن تەواو دەکەن، ژمارەی پەیمانگەی ھونەر لە یەک پەیمانگەوە (پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی سلێمانی) بوو بە دەیان پەیمانگە، لە شارێکەوە  بووە  بە  زۆرینەی شار و شارۆچکەکان، لە فەڕمییەوە بووە بە نافەڕمییش… بگرە بەوەشەوە نەوەستاوە و ئێستا کولێجی ھونەر بەشی شانۆ ھەیە…

باشە با ئێمە پۆڵێنێکی خێرا دەربارەی دەرچوان و ڕێژەکانییان لە بەشی شانۆ لە پەیمانگە و کۆلێژەکانی ھونەردا بکەین:

چۆن؟

بە مەبەستی ئاسانکاری و بەرچاوڕوونی بەم گریمانەیە دەست پێ دەکەم: با بڵێین لە بەشی شانۆ لە ھەموو کوردستاندا، لە ساڵێکدا 100 خوێندکار خوێندنیان تەواو کردووە و لەم سەد کەسەش ئەگەر حەوتیان لە ساڵێکدا بە ھەر ھۆکارێک بێت ڕوویان کردبێتە ھەندەران، کە وا بوو لە ساڵی 1980وە (جگە لە ساڵانی ڕابردووەوە کە لە بەغدا ھەندێکیان کۆلێژ و پەیمانگەیان تەواو کردووە)، تا ئێستا دەبێت بە سەد کەس لە کوڕ و کچ، کە دەرچووی شانۆ لە دەرەوەی کوردستان ھەبێت. پێشم وایە ئەگەر بە پشتبەستن بە داتا و زانیاریی ڕاست و دروست توێژینەوەیەک بکەین بێ گریمانە بۆمان دەردەکەوێت کە لەو ڕێژەیە ھێشتا زیاتریشە.

کە وا بوو بە پشتبەستن بەم گریمانەیە و پۆڵێنەکەمان ئێستا 200 شانۆکار لە ھەندەران دەژین، ئەم 200  شانۆکارە بە فەڕمی ھاووڵاتیی ئەو وڵاتەن کە تێیدا دەژین!  ئەم دووسەد شانۆکارە زۆربەیان پەیمانگەی ھونەرە جوانەکان (بەشێکیشیان کۆلێژی ھونەر)یان تەواو کردووە، پرسیارەکە ئەوەیە: باشە ئەم شانۆکارانە کە ھەلی خوێندنیان لە وڵاتانی دەرەوە بۆ ڕەخساوە، بۆچی نەیانتوانیوە لە بوارەکانی شانۆدا بخوێنن و پسپۆڕیی ئەکادیمی بەدەست بھێنن؟ بۆ ئەوەی ھەر نەبێت بڕوانامەیەکی باش لە شانۆدا بەدەست بهێنن، بەتابیەتی لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا بە پلەی یەکەم وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا و وڵاتانی باکووری ئەورووپا کە خوێندن تێیدا بەخۆڕاییە؟ وەڵامی نەرێنیی ئەم پرسیارە کارەساتێکە بۆ شانۆی کوردی.

ھیچ گومانی تێدا نییە لەو ژمارە زۆرەی شانۆکاری کورد کە لە ھەندەران دەژین، ئەوانەی کە بڕوانامەیان بەدەست ھێنابێت، جگە لە چەند شانۆکارێک کە ئەویش لە پەنچەکانی یەک دەست تێپەڕ ناکات! بەداخەوە ئەوانی تر ھەموو پیشەیەکی بژێوی و خۆشگوزەرانیی خۆیان بۆ ھونەر و پیشەی شانۆ ناگۆڕنەوە، بەڵام ڕازییش نابن بەوەی حیسابی شانۆکاریان بۆ نەکرێت!

سەیرە!

باشە! خێرە ئەم پۆلە شانۆکارە لە دەرەوەی کوردستان بە دەمی خۆیان بێت  سەردەمی زێڕین و شانۆی ئەزموونگەریی کوردیان دروست کردووە، تا ئێستا و پاش  نزیکەی پازدە بۆ بیست ساڵ (و زیاتریش دەبێـت) کە لەوێ دەژین، نەیانتوانیەوە تەنھا بڕوانامەیەکی ئەکادیمیی سەرەتایی لە بواری شانۆدا بەدەست بھێنن! ئەی خۆ لە وتار و بابەت و کتێبەکانیاندا خۆیان بە خەمخۆری شانۆی کوردی دەزانن لە کوردستاندا؟ بە ڕادەیەک کە ھەنگاو بە ھەنگاو ئەوەندە ئاگاداری بزاڤی شانۆی کوردستان نیو ئەوەندە ئاگاداری ئەوە بزاڤی شانۆی ئەو وڵاتانە نین کە چارەکەسەدەیەکە تێیدا دەژین، کاتێکیش کە دێتە سەر باسی خوێندن و پسپۆڕێتی، سەری زمان و بنی زمانیان ئەوەیە کە بڕوانامە کێشە نییە، باوەڕیان بە خوێندنی ئەکادیمی نییە، بگرە خوێندنی باڵا بە لای ئەوانەوە توورێکی قوڕاوی ناھێنێت، یان بڕوانامە ھەر گرنگ نییە و خوێندنی ئەکادیمی ھیچ نییە، ھەموو کەس دەتوانێت بەدەستی بھێنێت و … ئیتر لەم قسانە، وەک ئەوەی شانۆی کوردیی ھەژار ھیچ پێویستی بە پسپۆڕێتی نەبێت، یان توێژینەوەی زانستی و پلانی ئەکادیمی پولێک نەھێنێت.

ئێمە لەبری ئەوەی لە ڕێگەی تواناسازییەوە شانۆکاران بە پارەیەکی زۆر بۆ خوێندن بنێرینە دەرەوە، سەدان شانۆکاری لاومان لەو وڵاتانە ھەن، بەڵام بە داخەوە ھەموو کارێکیان (بەتایبەتی کاری خزمەتگوزاری) وەکو پیشە ھەڵبژاردووە، یانیش ژیان بە کۆمەکی سۆسیال دەبەنە سەر، بەڵام خۆتەرخانکردن بۆ خوێندنی باڵا، بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامەی بەرزی ئەکادیمی لە شانۆدا، ئەوەیان بڤەیە!

ئەی شانۆکارە دێرین و بەئەزموون و ئەزموونگەرەکان، ئەی نووسەرانی  شانۆنامە کوردییەکان، ڕەخنەگرانی شانۆی کوردی، لێکۆڵەرانی شانۆی کوردی لە ھەندەران، ئەگەر خوێندن لە دەرەوەی کوردستان ھیچ نییە و ھەموو کەس دەتوانێت بڕوانامە بەدەست بھێنێت، بە پشتبەستن بە گریمانەکەمانی ئێمە و وتەکانی ئەوان ئێستا دەبوایە کورد بە لایەنی کەمەوە لە ھەندەران دەیان شانۆکاری کورد و بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە بوارە جیاجیاکانی شانۆدا بەدەست بھێنایە، ئەوکات گرنگیش نەبوو لە چ بابەتێکدایە: لەسەر پەردەی شانۆی کوردی، لەسەر دەقی شانۆی کوردی، یان نەبوونی ھۆڵی شانۆی کوردی و … بوایە، ئێوە کە ئەوەندە بە ڕاست و بە چەپ کتێب و وتار دەنووسن، ئەی باشە بۆ توێژنیەوەی زانستی و ئەکادیمیتان پێ ئەنجام نادرێت؟

بەداخەوە، ئەوان نەک ھەر نەیانتوانیوە بڕوانامە بەدەست بھێنن، بەڵکو زۆربەیان  وازیان لە شانۆ ھێناوە، ھەموو کار و پیشەیەک دەکەن شانۆ نەبێت، تەنانەت ھەندێکیان ساڵی جارێکیش کاتی خۆیان بۆ بینینی نمایشێکی شانۆیی تەرخان ناکەن، زۆری تریان ھەر لە دوورەوە بۆنی نمایشی شانۆییەکان دەکەن، ژمارەیەکی زۆر زۆر کەمیان سەرقاڵی شانۆن، ئەوانیش ژیانێکی سەخت دەژین، توانیویانە شانۆ و پیشەکەی خۆیان بپارێزن، کە ئەمانە جێگەی دەستخۆشی و ئافەرینن، نیشانەی خۆشەویستییانە بۆ شانۆ.

با واز لەوەیان بهێنین، ئێستا ئەوان (دیسان مەبەستم دەرچوانی بەشی شانۆیە کە لە ھەندەران دەژین) ئەگەر پاساوی ئەوەشیان ھەبێت بڕوانامە کوا ڕێگرە لە کارکردن، ئەی باشە کوا بەرھەم و کارتان؟ کوا داھێنانتان؟ کوا بابەتی پرۆڤیشناڵتان؟ کوا چالاکی؟ کوا وۆرکشۆپەکانتان؟ کوا کارکردنتان لەسەر خۆتان؟! لێرەوە دەتوانم بڵێم بڕوانامەبەدەستھێنان لە ئەکادیمیایەکی تایبەتیی شانۆدا، وەک “خەونی دەروێش و سۆفی”ەکە بۆیان! چۆن دەروێش و سۆفییەکان ھەموو ژیانی خۆیان تەرخان دەکەن لە خەڵوەت و حاڵدا، تەنھا  بۆ “سوچ و قوژبنێک” نەک لەسەر زەوی بەڵکو لە بەھەشتدا! ئەو شانۆکارانەش ھەموو ژیانیان تەرخان بکەن لەپێناو بڕوانامەیەکی ھونەری، ناتوانن بەدەستی بھێنن، ھۆکارەکەیشی ھەر شتیک بێت، پاساوھێنانەوە جێگەی باوەڕ نییە.

ھەر ئەم ھۆکارەیە وای لە شانۆکارانی ھەندەران کردووە ئەگەر شانۆکارێک خاوەنی بڕوانامەیەکی تایبەت بە شانۆ بێت، یان لە ھەوڵداندا بێت بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامەیەکی ھونەریی باش، بۆ ئەوان بووەتە گرێی دەروونی، نەک ھەر ئەمەش، کێشەی خەوزڕان و چەندین نەخۆشیی لێ کەوتووەتەوە!

بڕوانامەی شانۆیی بووەتە پەتای تاعونی ”تیبە“، بەدواداچوون و گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەو پەتایەش وەک ئۆدیب، ماڵوێرانکاری و کوێربوونی ڕۆحی خۆیانی لێ دەکەویتەوە! بڕوانامە وەک ڕۆحی دنکان پاشا، خۆیشیان وەک ماکبێسیان لێ ھاتووە، ھەمیشە ڕۆحی دنکان  بەسەر سەریانەوە، ناهێڵن بۆ ساتێکیش بە ئارامی بنوون.

بڕوانامە بۆ ئەوان وەک باخی گێلاسی چیخۆفە، فرۆشتنی باخەکە، نەمانی یادگاریی ھەمیشەیی و جێنزرگی ڕەسانایەتی، خانەوادەی بەدواوەیە.

زۆرێک لەو شانۆکارانە بەرانبەر کەسە بڕوانامەدارەکانی شانۆ، ناخیان ڕەش و ژەنگاوی بووە، وەک بۆری حەمامەکەی دوژمنی گەلی ئیبسن، بە چاک و خراپ، چاویان بە ھیچ شانۆکارێکی خاوەن بڕوانامە ھەڵنایەت!

دەی باشە ھەموو ئەوانەی دەرەوەی کوردستان توانییان تەنھا ماستەرێک لە بواری شانۆدا بەدەست بھێنن، کە شانۆی کوردی لەسەر ئاستی زانکۆ و خوێندنی ئەکادیمی پێویستی پێیەتی، کە شانۆی کوردی بۆ کادری ئەکادیمی لەسەر ئاستی کۆلیژەکانی شانۆ پەنا دەباتە غەیرەکورد، ئەوان ئەگەر دڵسۆز و خەمخۆری شانۆی کوردین دەیانتوانی بەو شێوەیە خزمەتی شانۆی کوردی بکەن، ئەوکات لێرەوە دەستخۆشیمان لێ دەکردن و لە ناخی دڵەمانەوە پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتن و خەڵاتە گەورەیەمان لێ دەکردن، ئەگەر ناتوانن خۆتان پێبگەیەنن ئەوەندە لە ھەندەرانەوە ئامۆژگاری و قسەی زلمان بۆ ڕەوانە مەکەن.

ئەگەر ھیچ کەسێکیان لە ھەندەران بڕوانامەی بەدەست نەھێناوە، ھەر بە بڕوانامەکەی جارانەوە دەمی گەرمە، ئەوە ھیچ پاساو و بەھانەیەک لە کەس وەرناگیرێت، ئیتر ھیچ کامتان لە دوورەوە مافی قسەکردنی نییە، لەسەر ئەوانەی خاوەن بڕوانامەن، یان لە بەدەستھێنانی بڕوانامە و بەشداریی فێستیڤاڵە نێونەتەوەییەکان دەکەن!

 بە توانج و قسەی لابەلا لە نرخی کار و خوێندنی خاوەن بڕوانامەکانی تر کەم مەکەنەوە.

هاوبەشی بکە

Halkawt Mhamad, wtari shano,