20/04/2024
DidiMn Logo
Top

وێنه‌ی هونه‌رمه‌ند له‌ ئاوێنه‌ی فاشیزمدا، به‌شی یه‌كه‌م

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

ھیوا فایەق

مەرج نییە وێنە و دەرکەوتەی فاشیزم تەنها لە ناو پارتی سیاسی و کاراکتەری سیاسیدا بدۆزیتەوە، ئەوەتا ڕۆژانە پۆلێ لە هونەرمەند و دەزگای هونەری و فیکریی فاشی لە کەناڵە میدیاییەکان و سۆشیاڵ میدیادا دەبینین و دەخوێنینەوە.

لێرەدا دەمەوێت زۆر بە کورتی باس لە دوو فۆڕمی دیار بکەم:

1- هونەرمەندی فاشی

فاشیزم پێی وایە جگە لە خۆی و نەتەوەکەی هیچ شتێکی تر گرنگ نییە و کەسیش لەوان باشتر نییە لەسەر گۆی زەوی، شوناسی نەتەوەکەی لە هەموو شوناسەکانی تری دنیا عەریقتر و گرنگترە، بێگومان نازییەکان لە ساڵی 1930وە کاریان لەسەر ئەم تێگەیشتنە کردووە تا دەیگەێنێتە جەنگی جیهانیی دووەم و ئەوە ڕووی دا کە دەزانرێت.

ئێستا لەسەر ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە جۆرێک لە هونەرمەندی فاشی بە فۆرمێکی جیاوازتر دروست بووە، ئەگەرچی ئەم فۆرمە هونەرمەندە فاشییە توانای داهێنان و هۆشیاریی بەلایەنی زۆرەوە ئاساییە و زۆر  جاریش خوارتر، بە توندی بەرگری لەوە دەکات کە ببێتە مەرجەعی گشت بۆنە و کارە هونەرییەکان و تەنانەت ئیدارییەکانیش، بە جۆرێک هەوڵ دەدات هەموو شتێک بەو دەست پێ بکات و هەر ئەویش کۆتا قسە بێت بۆ جێبەجێکردن، هەتا دەگاتە ئەوەی ئەم بڕیار لەوە بدات ئەو کەسانە کێن کە بۆیان هەبێت ڕایەک بڵێن یان قسە بکەن، ئەویش بێگومان لە ترسی ڕەخنەگرتن لە خودی خۆی و تێکشکاندنی ئەو وێنە فاشییەی بۆخۆی دروست کردووە. ئەم شێوازە لە هونەرمەند ئاکارە فاشییەکەی ئەوەندە قووڵ دەبێتەوە، تا ئاستی چێژبەخشین، یاخود تا ئەو ڕادەیەی فاشیبوون بەشێک بێت لە کارەکتەرە نێرجسیەتەکەی. تەنانەت وەک مێژوونوسی ئیسرائیلی، نۆڤال نوح هەراری ئاماژەی پێ دەکات،  ئامادەیە خێزانەکەی لەپێناوی فاشیزمدا بکاتە قوربانی.

هونەرمەندی فاشی لە هەوڵی ئەوەدایە هەمیشە ژمارە یەک بێت، تەنها بۆ قووڵکردنەوەی وێنەیەکی گەورە کە لەسەرخۆی دروستی کردووە، کە تەواو پێچەوانەی واقیعی خۆیەتی. داوا دەکات نمرە یەک بێت لە بۆنە هونەرییەکان، لە قسەکردن، کە گۆرانی دەڵێت، کە تەمسیل دەکات، یاخود کەسانێک هەبن بۆنەی تایبەتی بۆ دروست بکەن و تەکریمی بکەن، شەڕی ڕۆیشتن بەسەر فەرشی سووردا بکات. ئەگەر لە هەموو ئەوانەدا ڕاوێژ یان پۆستێکی پێ نەدرابێت کارەکتەرە فاشیسیتکەی خۆی تێدا نمایش بکات، ئەوا بۆنە و کارەکان هەرچۆنێک بێت بەلای ئەوەوە فاشیلە.

هەراری پێی وایە فاشیزم پێویستی بە ئاوێنەیەکە وێنەیەکی جوان و باشتری خۆی تێدا ببینێت، بەڵام لە بنەڕەتدا وێنەکە ساختەیە و  تەواو دوورە لە واقیعی خۆی.

لە ڕاستییشدا زۆرێک لە کەس و کەناڵە میدیاییەکان بوونەتە هەڵگری ئەم ئاوێنە ساختەیە و بەشدارن لە دروستکردنی هونەرمەندی فاشی. ئەوان لەبری پیشاندانی وێنە ڕاستەقینەکەی خودی خۆی، وێنەی ساختەی خۆی پیشان دەدەن.

ئەم جۆرە لە هونەرمەند هەمیشە سەرکۆنەی ئەو کارە هونەرییانە دەکات کە خۆیی تێدا نییە و بەبێ ئارگیومێنت ڕەتی دەکاتەوە، تا دەگاتە حاڵەتێک بە تەواوی توندوتیژ دەبێت بەرامبەر بەرهەمهێنەرەکانی کارەکە. یاخود هەمیشە بۆ کارەخراپەکانی خۆی بیانووی بێمانا دەهێنێتەوە، بەڵام بۆ بەرامبەرەکەی هەمان بیانوو  قبووڵ نەکات؛ هەروەک تەبریرە بێماناکانی نازییەکان بۆ کوشتنی میلیۆنەھا جوولەکە.

2- دەزگای هونەری فاشی

بێشەرمی لە چۆنێتیی پارەپەیداکردن یەکەم دەرکەوتەی فاشیبوونی دەزگا هونەرییەکانە. ئەو شێوازی پارەکۆکرنەوەیەی لە سیاسییەکان و سواڵکردن بەو شێوازە قێزەوەنە کە لە کۆمپانیاکانی دەکەن، تا دەگاتە سەرانەوەرگرتن بە شێوازێکی نوێ (هەڵبەت ئەمە پێویستی بە یاسا و ڕێکخستن هەیە کە کۆمپانیاکان و حکومەت ناچار بکات بەبێ منەت پشتگیریی کارە هونەرییەکان بکەن)، هۆکاری ئەم پاڕانەوەیەش لە سیاسییەکان و کۆمپانیاکان بۆ بەدەستهێنانی بڕێک پارە، ئەوەیە کە ”ئەی ئەگەر ئەوە نەکەم، چی بکەم؟“ وەک ئەوەی نەبوونی ئەو بۆنە و کارە هونەرییانە نەگبەتیی گەورە بۆ ئەم کۆمەڵگەیە بە دوای خۆیدا بهێنێت!

لە ڕاستیدا ئەم جۆرە لە بێشەرمی لە دنیای ئێمەدا وا دەکات ڕەگەکانی فاشیزم بەهێزتر بکات و بوونی فاشیزم ببێتە کارێکی ئاسایی و ناچار. فەیلەسووفی ئەمەریکی، جاسۆن ستانلی پێی وایە کە سادەکردنەوەی ئەفسانەی فاشیزم وامان لێ دەکات لێبوردە بین بەرامبەر بەوەی نەدەبوو لێبوردە بین، وەک ئەوەی ”ئیتر چی بکەین، شتەکان هەر ئاواهاتوون“.

بە داخەوە ئەم دوو شێوازەی فاشیزم بە جۆرێکی ترسناک لە بەرزبوونەوەدایە، بۆیە لێرەدا پێویستمان بەدووبارەکردنەوەی ڕاکەی هەرارییە، کە پێی وایە دەبێت ئاوێنەی فاشیزم وردوخاش بکەین تا خۆمانی تێدا نەبینین.

هاوبەشی بکە

Hiwa Fayaq, wtari shano,