24/04/2024
DidiMn Logo
Top

سیحری خۆكوشتن، لە سارا كەینەوە بۆ ڕێن هانگ

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

ڕێن هانگ، سارا كه‌ین

شوان ئەحمەد

 

”زۆر جار بۆنی خوێن لە ژوورەكەم دێت و
دەرگای خۆكوشتن دادەخەم.
زۆر جار بۆنی ژیان لە ژوورەكەم دێت و
دەرگای خۆكوشتن دەكەمەوە.“

ڕامیار مەحمود 

 

لە پاڵ سیحری زیندەگی و ژیانكردندا، هەمیشە شتێكی دیكەش هەبووە، ناوی ئەفسونی خۆكوشتن و دەستەبەرداری زیندوومانەوە بووە. لە پاڵ هەڵپەكردن و باوەشكردنی زۆرێك بە ژیاندا، كەسانێكیش هەن وێڵی مەحفبوونەوە و ڕایكردنی ژیانن بە تاسەی خۆكوشتنەوە.

هەندێك هەن وەها ئولفەت بە ژیانەوە دەگرن، نە برین و نە خەمۆكی و نە پرسیار و نە ئازار و نە دادڕان، یەخەیان پێ ناگرێت و دنیا بە پڕی و بێكێشە دەبینن.

لەو لاشەوە عەشاماتێك مرۆڤی دڵشكاو هەن كە ژیان قەپاڵی گەورەی لێ گرتوون و بیابان و چۆڵەوانییەكی گەورەیان بە كۆڵەوەیە و شەبەقی برین و ترس و نیگەرانی و گریەوزارییەكی قووڵ، بە ڕۆح و سیمایانەوە بەدی دەكرێت.

ڕۆژانە گوێبیستی خۆكوشتنی ئەم و ئەو دەبین، چ لێرە بێت یان لە جوگرافیا و كیشوەرەكانی دیكە.

مرۆڤەكان خۆیان دەكوژن و هەریەكەیان بە بەهانەیەك و هەر كەسێكیشیان حیكایەتی خۆیان هەیە. نموونەكانی خۆكوژی لە نێو ئەدیبان و هونەرمەندان و بەهرەمەنداندا ئێجگار زۆرە. ساڵی 2007 خانمە شاعیر و ڕۆژنامەنووسی لوبنانی جومانە حەداد، كتێبێكی قەوارە گەورەی 655 لاپەڕەیی تەرخان كرد بۆ سەدوپەنجا لەو شاعیرانەی لە سەدەی بیستەمدا خۆیان كوشتووە.

شاعیرگەلێك كە زۆربەیان لە تەمەنی لاوێتیدا ماڵئاوایی لە ژیان دەكەن: یۆخن كلیبێر، تۆر ئۆڵفن، ئیبراهیم زایر، ئیلهامی سسیاك، سلڤیابلاس، چیزاری باڤیتزی، ئەلفۆنسینا ستروبینی، كان ئێرین و… هتد.

هەڵبەت ژمارەكە هەر ئەوەندە نییە و نموونەی زۆرتر لەوە، لە دەرەوەی ئەو كتێبەدا دەبینین. نموونەی وەك ئۆتۆ واینینگەر (1800- 1903). ئەو گەنجە نەمساییەی لە تەمەنی بیستوسێ‌ ساڵیدا و لە ئۆكتۆبەری 1903 گوللەیەك دەنێت بەسەر دڵی خۆیەوە و ماڵئاوایی لە ژیان دەكات.

ئەم گەنجە بەهرەمەندە لەشاری ڤییەننا ژیاوە و هاوسەردەمی سیگمۆند فرۆیدی هاونیشتمانی بووە. بەپێی ئەو دەستنووسانەی لە دوای بەجێ‌ ماوە، هەندێک پێیان وایە بەشێكی گرنگی تیۆریاكانی فرۆید لە بواری دەروونشیكاریدا سەرچاوەكانیان نووسین و بیروبۆچوونەكانی ئۆتۆ واینینگەرە و ئەو لە پێش فرۆیددا باسی لەو بابەتانە كردووە كە باس لە نەست و دەروونی مرۆڤ دەكەن.

لەم ساڵانەی ڕابردووشدا سیحری خۆكوشتن دوو بەهرەمەندی دیكە فریو دەدات، یەكێكیان لە بەریتانیا و ئەوی دیكەیان لە چین. سارا كەین و ڕین هانگ. كەین لەدایكبووی 3ی شوباتی 1971. ئەكتەر و شانۆنامەنووس بووە و درامای لە زانكۆی بریستۆڵ خوێندووە.

بەو چەند تێكستە كەمەی نووسیویەتی: تەقینەوەكان، ئەڤینی ڤایدار، ڕزگاربوو، تینووێتی، شێتەكەی سەعات 48:4، توانیی بە شێوەیەكی گشتی فۆڕمی شانۆ لە ئەوروپادا بگۆڕێت.

كێشەی سارا كەین ئەو خەمۆكییە قووڵ و درێژخایەنە دەبێت كە بەرۆكی دەگرێت و لێی نابێتەوە. ئەوەش لە تێكستە شانۆییەكانیدا ڕەنگی داوەتەوە و ئەو تاریكی و نیگەرانی و خەمۆكییانەی ناخی گواستراوەتەوە  ناو دەقەكانی.

دوای تەقەللایەكی شكستخواردوو بۆ ماڵئاوایكردن لە ژیان ڕۆژی 19ی شوباتی 1999 لە ناو تەوالێتی یەكێك لە نەخۆشخانە دەروونییەكانی شاری لەندەندا بە قەیتانی پێڵاوەكانی خۆی دەخنكێنێت و لە تەمەنی بیستوهەشت ساڵیدا كۆتایی بە ژیانی دەهێنێت. لە تینوێتیدا (1998) كە بە تاریكترین تێكستەكانی خۆی دەداتە قەڵەم، لە زاری یەكێك لە كارەكتەرەكانیەوە دەڵێت: ”خۆكوشتن قوتاربوونە لە پوچگەرایی و بەتاڵیی ڕۆحی“.

شەش مانگ بەر لە ئێستاش، فۆتۆگرافەر و شاعیری چینی ڕێن هانگ، كە لەدایكبووی ساڵی 1987 و بە هۆی فۆتۆ سەرنج ڕاكێشەكانیەوە ناوبانگی پەیدا كردبوو، ڕۆژی 24ی شوباتی 2017 و لە تەمەنی بیستونۆ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان دەكات.

ڕێن هانگ لە نهۆمی 28 باڵەخانەیەكەوە (لە بەیژینی پایتەخت)، خۆی فڕێ‌ دەداتە خوارەوە. ئەمیش وەك سارا كەین بە دەست خەمۆكییەكی دوورودرێژەوە موبتەلا بوو، بۆیە هەروەك ئەو لەو تەمەنی گەنجێتییەدا خۆی دەكوژێت.

یاداشتەكانی بەناوی خەمۆكی منەوەیە و ساڵی 2013 نووسیویەتی و ئێستاش چاپی كوردییەكەی لەبەر دەستی خوێنەراندایە، بە ناوی ”نامەوێ‌ زۆر زوو بمرم“.

لەم تێكستە قەترانییەدا، مردن و خۆكوشتن و بێزاریدەربڕین لە دەست ژیان، بە دێڕ بە دێڕ و پەرەگراف بە پەرەگرافیەوە دەیبنرێت. كە ئەو یاداشتانە دەخوێنیتەوە، دەزانیت ئەم كابرایە بەرنامەی هەموو ڕۆژێكی بەو نیەتە دەست پێ كردووە، بتوانێت دەستی بچێتە خۆی و لە كۆڵ ژیان بێتەوە.

ئەوەی دەڵێت: ”نامەوێ‌ زۆر زوو بمرم“، پێچەوانەكەی تەواو ڕاستە. لە دەستپێكی یاداشتەكانیدا بە ئومێدی هاتنەدی ئەو ئارەزووەیە كە دەمێک ساڵە چاوەڕێی دەكات: ”هەموو ساڵێك ئارەزووەكەم وەك خۆی دەمێنێتەوە، زووتر بمرم. هیوادارم ئەمساڵ ئەم ئارەزووەم بێتە دی“.

كێشەی مرۆڤی لەم جۆرە كە دڵیان لەهەموو شت دەرەنجێت‌ و خەمۆكی تا ئەبەد بە دوایانەوەیە، ئەوەیە ژیانیان دەبێتە چاڵێكی بێبن وەك ڕێن هانگ ناتوانن جارێكی دیكە لەگەڵ دنیادا بسازێن و لەگەڵ دەوروبەردا خۆیان بگونجێنن و لەگەڵ كەسدا پەیوەندییان هەبێت.

بۆ ئەوان ژیانكردن و بەردەوامبوون لە دنیادا دەبێتە جۆرێك لە نەنگی و شەرم و شوورەیی ”خەڵكی چۆن دەتوانن هەست بە خەجاڵەتی نەكەن؟“. (بڕوانە ڕێن هانگ: نامەوێ‌ زۆر زوو بمرم، 3/12/2012، ل50).

تێكستێك نییە هێندەی ئەم تێكستە تارمایی خۆكوشتن بەو تۆخییە، بەسەر سەریەوە بگەڕێت. تەنانەت نەك هەر سیحری خۆكوشتن و فریووەكانی، بەڵكو شێوازی جێبەجێكردنەكەشی بە زەقی دەبینین و خاوەنەكەی پێمان دەڵێت چ جۆرە خۆكوشتنێك هەڵدەبژێرێت و بە چ ڕێگەیەك كۆتایی بە ژیانی دەهێنێت.

لە 18/3/2010دا دەنووسێت: ”بۆچی هەمیشە من دەمەوێت خۆم فڕێ‌ بدەم؟“. لە 8/1/2012دا جارێكی تر دەنووسێت: ”هەموو شتێك باشە، تەنانەت پێ دەچێت منیش باش بم، بەڵام بۆچی هێشتا دەمەوێت لەسەر پردەكەمەوە خۆم فڕێ‌ بدەم؟“

هەروەها لە 11/7/2013دا دەنوسێت: ”هەر جارێك بەسەر پردەكەدا دەپەڕمەوە، من لە خۆم دەترسم، لەوەی ڕەنگە باز بدەمە نێو ڕووبارەكەوە“. لە 17/8/2015دا دەنووسێت: ”هەر جارێک كە لە نێو شەمەندفەرە ژێرزەمینەكاندام شتێك پاڵم پێوە دەنێت خۆم فڕێ‌ دەم.“

سارا كەین و ڕێن هانگەكان هێندە ژیان ماندوویان دەكات، چوونەدەرەوەی ڕۆژانەیان لە ماڵ وەك ڕۆیشتن بەرەو مەیدانی جەنگ سەیر دەكەن. بۆیە مەرگ و خۆكوشتن، وەك تەنیا فریادڕەس و وەك تەنیا شتێك دەبینین كە بتوانن بە ئاسانی دەستیان پێبگات.

دواجار سوپاس بۆ خاتوو باران كە تێكڕای شانۆنامەكانی سارا كەینی لە سویدییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی، هەروەها سوپاس بۆ هاوڕێیان ژیوار جەوهەر و هەژار عوسمان كە یاداشتەكانی ڕێن هانگیان بە كوردی بەردەست خستین.

هاوبەشی بکە

Joumana Haddad, Ren Hang, Sarah Kane, Wtari Kteb,