18/07/2018
DidiMn Logo
Top

وێنە تۆزلێنیشتووەکانی براکەم

لە لایەن دیدی من 3 مانگ پێش ئێستا

چیرۆکی «وێنە تۆزلێنیشتووەکانی براکەم» لە بیستویەکەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ خەڵاتی یەکەمی پێ درا

سیروان کەریم

 

یەکەم جار ویستم چیرۆکێک بنووسم، چیرۆکێک لە چیرۆکی نووسەرە ئەمەریکییەکان بچێت. وەک چیرۆکی The Gunی مارک هادۆن. دوایی زانیم ئەمەریکی نیم، پەشیمان بوومەوە. ماوەیەکە ئەو نووسەرە ئەمەریکییانە منیان گاوە، بەتایبەت ژنەکەی کارڤەر، کاتێک بە شەش خاڵ باسی چۆنیەتیی بەستنی بۆینباخ دەکات، زۆر جوان. هەرچەندە بۆینباخیش بۆ خۆم نابەستم، بەڵام ئاساییە دەتوانم لە چیرۆکەکە بێمە دەرەوە و بۆینباخەکانتان بۆ ببەستم. پێشتریش ئەمەم بۆ هاوڕێکانم و براکەم کردووە. من لە چیرۆکی بۆینباخەکانی کاک ڤدریجی تیس گالاگەرەوە فێر بووم بۆینباخ ببەستم. هەرکات بیرم بچێتەوە دەچم جارێکی تر چیرۆکەکە دەخوێنمەوە. چیرۆکەکە ڕووداوەکانی پچڕ پچڕ و تەکنیکێکی سینەمایی هەیە، وەک ئەم چیرۆکە. کاک ڤدریجلەو چیرۆکەدا جگەرە دەکێشێت، بۆنی جگەرەکەی دەکەم لە چیرۆکەکەدا، جگەرەیەکی بۆنناخۆش، بۆیە منیش ناچار جگەرەیەک دەکێشم… کە براکەم مرد، ئیتر بیرم کردەوە چیرۆکێک بخولقێنم، ڕەوتی ڕووداوەکانی سەر بە یەک هێڵی گشتی نەبێت، خۆ ناکرێت تۆ خەڵکی ئەمەریکا نەبیت و چیرۆکی جوان نەنووسیت، ئەوەتا من خەڵکی نیویۆرک نیم و دەتوانم وەک شێرمەن ئالێکسی، باسی ئاودەستی پاک بکەم. نایشارمەوە بۆ من زۆر خۆشە، کاتێک لە ئاودەستێکی پاکدا گوو دەکەم. یان دەتوانم وەک تۆبیاس وۆڵف باسی شۆردنی قاپ بکەم. براکەم دەیگوت: ”ناوی ئەم نووسەرانەم زۆر خۆش دەوێت. براکەم مرد، بە تەنیشت قەوانەکانەوە، لە قەمسەڵەیەکی موغاویریی دەڵبدا مرد… بەهەرحاڵ، لە ئێستادا زیلێک چووەتە سەرمەوە، زیلێک تایەکانی تا نیوەی قوڕە. براکەم لە زیلەکەدا لە شوێنی سەکنەوە دانیشتووە، جگەرەیەکی بە دەستەوەیە و دوور دوور دەڕوانێت، لە تەمدا دەڕوانێت. دەزانم گرانە زیل بکەیتە ناو زەینی خوێنەرەوە، دەزانم گرانە ئەم چیرۆکە لە بیرەوەرییەکانتدا بهێڵیتەوە.

****

جگەرە بۆ ئەم ڕۆژانەی من خراپ نییە

نزیکم لە کافێشۆپەکەوە. لە گەرمادا هەموو شتەکان بێتاقەتن. ئۆتۆمبێلەکان بەر سێبەری ئاپارتمانەکان دەکەون. مرۆڤەکان لە گەرمادا ماندوو بە تەنیشت یەکدا دەڕۆن. دەنگی هۆڕنەکان بەسەر شەقامەکاندا پەخش دەبن. پاس و ئۆتۆمبێلە بچووکەکان بە نێو یەکدا تێدەپەڕن. چەند هەنگاوێکم ماوە بگەم بە کافێشۆپەکە. لە کافێشۆپەکەوە دەنگی مۆسیقایەک دەمبڕێت. کافێشۆپەکە پڕە لە دووکەڵی جگەرە، کەسەکانی ناو کافێشۆپەکە، دەڵێیت لە تەمدا وەستاون! بە تەنیشت دوو کورسیی بەتاڵ و تەپڵەکێکەوە دادەنیشم، تەپڵەکەکە پڕە لە قنگەجگەرە. وەک هەموو جارەکانی تر جگەرەیەک پێ دەکەم. لە بەردەم کوپێکی قاوەدا جگەرەیەک پێ دەکەم. جگەرە بۆ ئەم ڕۆژانەی من خراپ نییە.

دەست بۆ قاوەکە دەبەم. بیر لە براکەم دەکەمەوە. دەیگوت: ”چاخواردنەوە لە سەنگەردا تامی خۆی هەیەدەیگوت دەنگی قۆرییەکە دەهات، زیاتر لە قۆرییەکە نزیک دەبووینەوە، هەریەکەمان کوپێکمان پێ بوو. کوپەکان لە دەستماندا دەتەزیی. دەیگوت بە هەموومان یەک کەوچکەچامان هەبوو. ون دەبوو، دەماندۆزییەوە. ون دەبوو، دەماندۆزییەوە. ون بوو، نەماندۆزییەوە. قاوەکە تاڵ گەرووم دەبڕێ… لە تەمدا، لە پاڵ زیلێکدا پێکرا. زیلەکە لە ناو تەمەکەدا خزابوو. کچێک لە ڕادیۆی زیلەکەوە، باسی دابەزینی پلەکانی گەرمای کردبوو، تەقە کرابوو، دەنگی ڕادیۆکە پچڕابوو. خوێنەکەی لە تەمدا جێما. کڵاوخودەکەی و نوکتە نەگوتراوەکانی لە تەمدا جێما! قەمسەڵەکەی شوێنی فیشەکی پێوە بوو، پۆستاڵەکانی دڵۆپەخوێن. هەوا سارد بوو، فیشەکەکان گەرم لاشەیان بڕیبوو. فیشەکەکان جلەکەیان بڕیبوو، چەقیبوونە گۆشتەکەی، حەزم دەکرد فیشەکەکان وایان نەکردایە! هەندێک قسە لە قوڕگیدا گیر بووبوون، قسەکان دوایین قسەی تەزیوی ناو تەم بوون. بیری ئەو قسانە دەکەم کە لە قوڕگیدا گیر بووبوون، بیری هاوڕێکانی دەکەم، ئەکبەر و پیکابەکەی، ماجید و دووربینەکەی.

جگەرەیەک لە توێی پەنجەکانمدایە، لە جگەرەی براکەمە. بە عادەتی خۆم، جگەرە بە نیوەیی دەکێشم، ڕۆژێکیان پێی گوتم: ”تۆ جگەرە ناکێشیت، جگەرە دەگێیت، گوناحە ڕۆژی بیست جگەرە ئاوها دەگێیت.“ ئێستا زیاتر جگەرە دەکێشم، یەعنی زیاتر جگەرە دەگێم، ڕەنگە براکەم ئەمەی پێ خۆش نەبێت. گوێم لە مۆسیقایەکی خەمگینە. مۆسیقایەکی خاوی ساکسیفۆن بە کەمێک خشەخشەوە. مۆسیقاکە کۆنە، بەناو ئەو هەموو ساڵانەدا دێت و لە بەردەم کوپێکی قاوەدا کەرتم دەکات… خەڵکی لەودیوی کافێشۆپەکەوە لە گەرمادا دێن و دەچن. شۆستەکان لە بەرچاومدا لوول دەبن، دەئاڵۆسکێن. کەسێک بە عارەبانەیەکەوە لە شەقامەکە دەپەڕێتەوە، عارەبانەکە ون دەبێت. ئۆتۆمبێلەکان بەناو یەکدا دەڕۆن. ئۆتۆمبێلی براکەم لە دەرەوە وەستاوە، لە بەردەم ئاپارتمانێکی پێنجنهۆمیدا. داشبڵەکەی لە خۆردا گرنج گرنج بووە. بەیانیان چۆلەکە دەبینم بەسەر بۆنیتەکەیەوە. جیقنە چۆلەکەکان نووساون بە بۆنیتەکەیەوە، دایکم ئەمەی پێ خۆش نییە. دایکم ئۆتۆمبێلی براکەمی زۆر خۆش دەوێت. یەک- دوو جار دایپۆشی، دوایی گوتی: ”ئەم ئۆتۆمبێلە بە ڕووتی جوانترە.“

زۆر حەزی بە بانیۆ و خواردنی فینگەر بوو. دوایین جار هاتەوە، جانتاکەی مووس و مەعجوون و پسکیتی تێدا بوو. دەیگوت: ”لە سەنگەردا تەراش ناخۆشە و تەراش بە لەتەئاوێنەیەک ناکرێت.“ دەمزانی دەموچاوی، لە لەتەئاوێنەیەکدا جێی نابێتەوە. بەردەوام ڕووخسارێکی تەراشاوی و لووسی هەبوو. ئەو ڕۆژە تازە تەراشی کرد بوو. یەک-دوو شوێنی ڕووخساری بڕیبوو. هەمیشە لە کاتی تەراشدا گوپەکانی پڕ دەکردن لە هەوا. بۆ تەراش زۆر لەبەر ئاوێنە دەمایەوە. چەند بابەتێکی کورتیشی لە ڕۆژنامەکاندا لەسەر چۆنیەتیی تەراشکردن خوێندبووەوە. بەیانییەکیان لە کاتی تەراشدا پێی گوتم: “قەت فێری تەراش نابیت.“ ڕاستی کرد، قەت فێری تەراش نەبووم. لای من نا، لای هاوڕێکانی گوتبووی: ”لە سەنگەردا هەموومان لە یەک تاوەدا هێلکە دەخۆین، گوتبووی، شۆردنی تاوە خۆش نییە، شۆردنی تاوە لە هیچ سەردەمێکدا خۆش نییە.“ ئەوان لە حەمامێکی تەزیودا خۆیان دەشۆرد. ئەو ڕۆژانە سابوون سارد و لفکە سارد و چینکۆکان سارد بوون. چینکۆی حەمامەکەیان، کۆن و ژەنگاوی بوو. چینکۆکان قوپاو، شوێنی چەندین پارچە تۆپیان پێوە بوو.

لە کافێشۆپەکەدا کەسێک دەبینم، لە خۆیەوە هەندێک قسە بۆ گارسۆنەکە دەهاوێت. جگەرەیەک دادەگیرسێنێت. دووکەڵی جگەرەکەی لەگەڵ ڕیتمی مۆسیقاکەدا تێکەڵ دەبێت. پاکەتوچەرخەکەی لە سەریەک دادەنێت. ڕووخساری تەڵخ لەناو دووکەڵی جگەرەکانەوە دەبینم، وەک ئەوەی ڕووخساریئەکبەر بێت و قسەیەکی بۆ پشیلەکان هەبێت… لەوبەری شەقامەکە دوو کەس دەبینم، دوو کەس پێدەچێت کەپڵی یەکتر بن. قسە دەکەن و پێدەکەنن. قسەکانیان لەسەر شۆستەکە دەکەون! چەند کەسێکی تر بەسەر قسەکانیاندا دەڕۆن… براکەم لاجانگێکی تەنک و پشتەملێکی تووکاویی هەبوو، هەفتانە پشتەملی چاک دەکرد، بە دوو ئاوێنە پشتەملی چاک دەکرد. براکەم، دەیگوت: ”لە سەنگەردا قۆریی کۆمان دەکاتەوە.“ لە وێنەیەکدا هەموویان بە دەوری قۆرییەکدا کۆ بوونەتەوە، قۆرییەکە تا ناوقەدی ئاگرە، لە قۆرییەکەوە هەڵمێک هەڵدەسێت، هەڵمەکە لە وێنەکەدا مەییوە! براکەم، لە قەمسەڵەیەکدایە و سەرما هێندەی تر بچووکی کردووەتەوە. ماجید بە سەموونێکی بچووک و ڕەنگێکی خۆڵەمێشییەوە، تەواو خۆڵەمێشییەوە، نزیکترین کەسە لە براکەمەوە. چاوەکانی ماجید ڕەش و بێتاقەتن. کۆمەڵێک تەلەزی و پشیلەیەک لە وێنەکەدا دەرچوون. پشیلەکە هەمان ئەو پشیلەیە، کە لە چیرۆکەکانی هێمنگوەیدا هەیە. براکەم تەنانەت پشیلەی ناو چیرۆکەکانیشی خۆش دەویست. هەمیشە ئەو چیرۆکانەی دەخوێندەوە، کە پشیلەی خرپنی چاوڕەشی تێدا بوو!

خەریکە بیری ئۆتۆمبێلەکەم دەکەم

لە تەمدا قسەیان کردبوو، فیشەکیان تەقاندبوو، فیشەکەکان، تەم و سەرمای ئەو ڕۆژانەیان بریندار کردبوو. نوکتەیان گێڕابووەوە. دەیگوت: ”هەندێک شەو نوکتەکان لە دەمماندا دەتەزین.“ ئەو ڕۆژانە هەموو شتەکان لە تەمدا بێتاقەت بێتاقەت بوون.  یەکەمجار کە چووە سەنگەر، لە باراندا نامەیەکی بە کەمێک هەڵەی ڕێنووسەوە نووسیبوو. لە نامەکەدا باران دەباریی! نامەکە بە زیلێکدا هاتەوە ماڵ، تایەکانی زیلەکە زۆر گەورە بوون، زۆر. نووسیبووی: ”چەند ڕۆژێکە بارانە، لە باراندا هەموو شتەکان خووساون.  هاوڕێکانم باشن و هەندێکیان ئەم بارانەیان پێ خۆش نییە. ئەمڕۆ یەکێک لە سەربازەکان هەزار جنێوی بەو بارانە دا، منیش لە دڵی خۆمدا هەزار جنێوم بە سەربازەکە دا. دەڵێن؛ دوای ئەم بارانە دنیا تەم دەبێت، من بارانم پێ خۆشترە لە تەم و سەرما. شەڕکردن لە تەمدا خۆش نییە… لە باراندا جگەرەکێشان زۆر خۆشە، دوو ڕۆژە جۆری جگەرەکەیشم گۆڕیوە، ئەم جگەرەیان کەمێک نیکۆتینی کەمترە. هاوڕێکانم دەڵێن تۆ بە جگەرە دەمریت! شەوان حەبەکان لە کاتی خۆیدا دەخۆم، لە دوێنێوە تۆزێک سەرئێشە و کۆکەکەم کەم بوونەتەوە… خەریکە بیری ئۆتۆمبێلەکەم دەکەم، ڕەنگە ئۆتۆمبێلەکانیش ئەم بارانەیان پێ خۆش بێت، بەڵام نازانم بۆ زیلەکان…  سەربازێک دەڵێت دوای باران ئەم دەشتاییانە دەبریسکێنەوە. هەر ئەو سەربازە دەڵێت لە شەڕدا هەریەکەمان بەشی خۆمان ترسمان دەکەوێت! دەڵێت بڕوا ناکەم زەوی ئەم شەڕ و شتانەی پێ خۆش بێت. من دەزانم ئەمانە قسەی سەر قەنەفەن و بە کەڵکی ئەم ڕۆژانە نایەن. بەڵام هەندێک جار لەم شەڕگانەیشدا، قسەی عەنتیکە دەدۆزیتەوە… ماجیدی هاوڕێم وەکو جاران کڵاوەکەی لەسەرە و بەردەوام بە مووکێشێکەوە مووەکانی سەر ڕوومەتی هەڵدەکێشێت… لێرە پشیلەیەکی لێیە، هەموومان خۆشمان دەوێت، پشیلەکە قوڕاویی بووە و بەو ناوەدا جرتوفرتێتی. هاوڕێیەکم دەڵێت: خۆزگە بمزانیایە پشیلە بارانی پێ خۆشە یان نا…؟ چەند ڕۆژێکە خەو و تەراشکردنم کەم بووەنەتەوە، بێمەوە ئەوەندە تەراش دەکەم هەر مەپرسە… شەوان لە باراندا فیشەک دەتەقێنین، دەنگی فیشەکەکان بەناو باراندا دەڕۆن، زۆر دوور دەڕۆن…“ براکەم لەژێر تەمدا مرد، لە نزیک شارەمێروولەیەکی کۆن. خوێنەکەی کەوتبووە سەر تەڵاشەبەردەکان، دەزانم بەردەکان و گوێنییە خۆڵەکان و هاوڕێکانی ئەمەیان پێ خۆش نەبوو.

کچێک بنێشت دەجووێت، لە کافێشۆپەکەدا بنێشت دەجووێت. پێڵاوێکی پاژنەبەرزی لە پێیە، ڕێک لەو پێڵاوانەیە کە پێشکەشکارە کچەکان لە پێی دەکەن. کوڕێک بەرەوڕووی کچەکە دەڕوات، کوڕەکە دەچێتە تەنیشتی کچەکە، کوڕەکە قسەیەک دەچرپێنێت بە گوێی کچەکەدا، برۆکانی کچەکە دێنەوە یەک و پێدەکەنێت. کوڕەکە تیشێرتێکی سلفەری لە بەرە و قژەکەی کەمێک بۆ سەرەوەیە، ڕێک لە قژی John Travottaی ناو فیلمی Faceoff دەکات. کچەکە لە گەنجێتیی جین ستین دەچێت، نووسەرە ئەمەریکییەکە، ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لە نهۆمی پانزەیەمینی ئاپارتمانەکەیەوە لە نیویۆرک خۆی فڕێ دا. پێشتریش یەک-دوو کەسی تر، لە هەمان ئاپارتمانەوە خۆیان فڕێ دابوو، بەڵام ئەوانە نووسەر و شتی وا نەبوون. کچەکە جووڵەیەک دەکات و کوپی قاوەکە بۆ دەمی دەبات، کوپی قاوەکە دادەنێت… مۆسیقاکە خاو بەناو مێز و کورسییەکاندا دەڕوات، مۆسیقایەکی سارد! وەک ئەوەی لە بەردەم تەرمێکدا لێ بدرێت… براکەم لە سەنگەرەکاندا، لە نزیک بێتاقەتیی گوێنییە خۆڵەکاندا گوتبووی: ”زۆر بیری ماڵەوە دەکەم، دەترسم ئەمە خیانەت بێت!“ دوایی یەک یەک باسی هاوڕێ کۆنەکانی کردبوو. گوتبووی: ”بەهرام، لە کۆمپانیایەکی ڕیکلامە و بەردەوام ڕیکلام بۆ پێڵاو و جلی مارکە و ماست دەکات“. گوتبووی: ”ڕەسول گەڵابەی پێیە و بەرد بۆ کارگەیەکی چیمەنتۆ دەگوازێتەوەعەلی سیناریۆی بۆ فیلمێکی ئەنیمەیشن نووسیوە و فیلمەکە باسی بەختەوەرییەکانی بۆقێک دەکات.“ لە ساترەکاندا دنیا سارد بوو، دنیا زۆر سارد بوو، بیری زۆپاکەی کردبوو، بیری قۆری و کافێشۆپ و یاریی بۆڵینگی کردبوو. بیری شەقام و شۆستە و ترافیکەکانی کردبوو… براکەم لە پاسدا لە شوێنی سەکنەوە دادەنیشت. لە زیلدا لە شوێنی سەکنەوە دادەنیشت، لە ماڵدا ڕێک بەرانبەر تەلەفزیۆنەکە… قومێکی تر لە قاوەکە دەدەم، تاڵی قاوەکە بەر زمانم دەکەوێت.

****

قیتارەکەی ماجید

ماجید هەم هاوڕێی سەنگەری براکەم و هەم لە یەک تیپیش یارییان کردبوو، هێریشبەرێکی باش بوو. ئازار لە یەکێک لە ئەژنۆکانیدا دروست بووبوو، وازی هێنابوو. لە ساترەکاندا قسەی زۆری لەسەر تۆپ کردبوو. لای چینکۆکاندا، لەناو ترس و سەرمای ئەو ڕۆژانەدا گوتبووی: ”تۆپ وەک تلیاک وایە!“ لای براکەم گوتبووی: ”ئۆفساید حیزترین یاسای سەرزەوییە“، گوتبووی: ”لە شەڕدا یەکجار دەکەویتە ئۆفسایدەوە.“ کەوتە ئۆفسایدەوە! لە سەنگەردا دووربینێکی پێ بوو، بەردەوام لە ملیدا بوو، تەماشای ئەوبەری پێ دەکرد، ئەوبەر هێڵی تەماسی نێوان ئەوان و دوژمن بوو، لەوێ سکەیەکی قیتاری لێ بوو، قیتارێکی کۆن کۆن بەسەر سکەکەوە وەستا بوو، دەیان نا، سەدان فیشەکی پێوە بوو. هەمیشە وەک بەردێک لەو سەحرایەدا وەستا بوو. لەو سەحرایەدا قیتارێکی تەنیا، دەبێت بیر لە چی بکاتەوە؟ ماجید هەموو ڕۆژێک ڕستەیەکی تازەی لەسەر ئەو قیتارە هەبوو. گوتبووی: ”قیتار دروستکراوێکی عەنتیکەیە.“ حەزی بەوە بوو ڕۆژێک وێنەیەک لە تەنیشت قیتارەکەوە بگرێت، نەیگرت. گوتبووی: ”بگەم بە قیتارەکە هەموو شتێکی پێ دەڵێم!“ ئەو ڕستەیەم زۆر خۆش دەوێت “بگەم بە قیتارەکە هەموو شتێکی پێ دەڵێم“. حەزی بەوە بوو فیشەکەکان قیتارەکە بریندار نەکەن. لای براکەم گوتبووی: ”لە ڕەسمیشدا قیتارم خۆش دەوێت“. گوتبووی: “دەترسم شەوێک هەڵسم و قیتارەکە نەمابێت.“ بەردەوام کڵاوی لە سەر بوو، کڵاوێکی لار، گوتبووی: ”حەوت کڵاوم هەیە، کڵاوە ڕەشەکەیانم لە هەموویان زیاتر خۆش دەوێت.“ چەندین جار لە بازاڕ و کافتریا و کافێشۆپەکان بە کڵاوەوە بینیمان. ئەوان بە ویراسی کەچەڵ بوون. ئێوارەیەکیان گوتبووی: ”حەزەکەم لە خەویشدا کڵاوەکەم لەسەر بێت.“ لە خەویشدا کڵاوەکەی لە سەر بوو! بەیانییەکماجید بە دووربینەکەی، وەک ڕۆژەکانی تر تەماشای قیتارەکە دەکات، فیشەکێک ملی دەبڕێت و دووربینەکەی دەکەوێتە سەر گوێنییە خۆڵەکان. فیشەکەکە خراپ پێست و دەمارەکانی ملی بڕیبوو، ملی گوناح بوو! کڵاوەکەی بە پێچەوانەی لاشەیەوە، کەوتبووە ئەودیوی گوێنییە خۆڵەکان و لە ناو باوەشی تەلەزییەکاندا گیربووبوو، ڕەنگە کڵاوەکەی ئێستایش لەوێ بێت! ئەو بەیانییە بە دووربینەکەیەوە، گوتبووی: ”لەم شوێنانەدا، قیتار جێگەی نابێتەوە.“ ئیتر کەس لە سەنگەردا، باسی قیتار و ئەوانەی نەکرد. ئێمە دەمانزانی ماجید ئەو سەحرا و شەڕگانەی پێ ناکەوێت و لە ئەسڵدا سەر بەوێ نییە. بە ئێستایشەوە قیتارەکەی ماجید لەو سەحرایەدا وەستاوە.

گەرما دەکەوێتە سەر شۆستەکان، شۆستەکان گوناحن. عەموودەکان گوناحترن! لە شۆستەکە دەپەڕمەوە و کافێشۆپەکە بە جێ دەهێڵم. کچی ناو کافێشۆپەکە بە پێڵاوێکی پاژنەبەرزەوە لە دەماغمدا چەقیوە. سێبەری ئاپارتمانەکان دەبڕم. منداڵێک سەگێکی بچووکی پێیە و لە شەقامەکە دەپەڕێتەوە، قاچە بچووکەکانی سەگەکە دەکەونە سەر خەتە سپییەکان، خەتە سپییەکان ختووکەیان دێت. سێبەری ئۆتۆمبێلە گەورەکان بەر سەگەکە دەکەون. لە چاومدا ئۆتۆمبێلەکان دەبنە زیل! سەگەکە لە کۆڵانێکدا پێچ دەکاتەوە، منداڵەکەیش بە دوایدا.

حەزی بە شۆفێری زیل بوو. دەیگوت: ”دەنگی زیلەکان شەوان تا ئەوسەری سەنگەرەکان دەڕۆیشتن.“ دەیگوت:  ”زیلەکان بەختێکی باشییان نییە.“ دروست شۆفێری زیلەکانیش بەختێکی باشیان نییە! ئێمە دەمانزانی براکەم زیلی لێ نایەت. لە تەمدا لە پاڵ زیلێکدا وێنەیەکی گرتووە، لە وێنەکەدا زیلەکە قوڕاوی و بێتاقەتە. براکەم لە وێنەکەدا کڵاوخودەکەی لە سەر نییە، حەزم دەکرد کڵاوخودەکەی لە سەر بوایە. کڵاوخودەکەی جێما. بیجامە خەتخەتەکانی و تیشێرتە ڕەنگاوڕەنگەکانی بۆ هەتاهەتایە جێمان… لە وێنەیەکی تردا لە پاڵ کۆمەڵێک چینکۆ و تەلەزیدا وەستاوە، لە وێنەکەدا هاوڕێکانی ڕیشهاتوو و قوڕاوین. براکەم چڵکن، جگەرەیەکی بە دەستەوە گرتووە، دووکەڵی جگەرەکە لە وێنەکەدا بەستوویەتی، لە وێنەکەدا جل قوڕ و پۆستاڵ قوڕ و تفەنگەکانیان قوڕاوین.

****

پشیلەکەی ئەکبەر

گوتی: ”لە شەڕگە پشیلەیەکی لێ بوو، ئەکبەر شەوان لەگەڵ خۆیدا دەیخەواند.“ شەوێکیان ئەکبەر گوتبووی پشیلەیش وەک جگەرە دەچێتە گیانەوە. هەر ئەو شەوە گوتبووی کەمێکیش مانگام خۆش دەوێت، مانگایش ڕوحلەبەرێکی سەیرە. ئەکبەر پێشتر پیکابی هەبوو بوو. بە پیکابەکەی ئەشیایی دەگواستەوە بۆ ڕێستۆرانتێکی گەورە. خاوەنی ڕێستۆرانتەکە کاری بزنسی دەکرد و هەر ڕۆژەی لە وڵاتێک بوو. ئەکبەر لە شەڕێکدا بە دیل گیرا. لە ژێر باراندا، بە تفەنگێکی تەڕ و ملپێچێکی تەڕەوە گیرا. هاواری کردبوو، هاوارەکانی لە ناو بارانی ئەو ڕۆژەدا نوقم بووبوون. ئەو ڕۆژە بارانەکە هەموو شتێکی لەو سەحرایەدا تەڕ کردبوو… گوتبووی ئەگەر ببم بە سەرۆک، هەموو پشیلەکان کۆ دەکەمەوە. گوتبووی: ”گوناحە پشیلەکان بەرەڵڵا بن.“ ئێوارەیەکیان لە نزیک سەنگەرێک، پشیلەکە خومپارەیەک کردی بە سێ پارچەوە. براکەم یەکەم کەس چووبووە سەری. خومپارەکە لێی دابوو، گوێیەکانی پەڕیبوون، خوێنەکەی کەوتبووە سەر زەوییەکە. ئەکبەر گریابوو. دوای زۆر لە کۆڵانەکاندا گەڕابوو، تا پشیلەیەک لە هەمان شێوە بدۆزێتەوە، نەیدۆزییەوە. گوتبووی: ”ڕەنگە لە وڵاتێکدا یەک پشیلەی وا هەبێت.“ هەمیشە خەمی ئەو خەمی پشیلەکان بوو. شەوێکیان لە ژێر مانگدا، براکەم بە درێژی باسی چیرۆکی پشیلە ڕەشەکەی ئێدگار ئالان پۆی بۆ ئەکبەر کردبوو، گوتبووی ئەو نووسەرە خراپە بۆ پشیلە و هەزار جنێوی پێ دابوو، گوتبووی: غەدری لە پشیلە کردووە، چۆن دەبێت پشیلە لە چیرۆکدا هەڵبواسیت، گوتبووی لە هەر شوێنێک بیبینم دەیگێم! پشیلەیش ڕووحلەبرە ئیتر، نابێت چاوی دەربهێنیت. ئەو شەوە سێبەرەکانییان چرچولۆچ بە زەوییەکەدا کشابوو. زۆر باسی پشیلەیان کردبوو. گوتبووی: “کۆڵان یەعنی پشیلە.“ بەردەوام براکەم باسی ئەکبەر و پشیلەی بە یەکەوە دەکرد.

****

ماوەیەکە بێزارم لە ئەسانسۆرەکان و بە پیلیکانەکاندا سەر دەکەوم. براکەم هەتا مرد بە ئەسانسۆرەکاندا سەر دەکەوت. بەیانییەکیان بە جووتێک پۆستاڵی قەیتان شلەوە گوتی: ”پۆستاڵ قورسە و بۆ پلیکانە نابێت.“ پێکەنیی. پێکەنیم. ئەو بەیانییە دوایین جار بوو، لە ئەسانسۆرەکە دابەزیی، شکڵێکی زۆر سینەمایی هەبوو. جلێکی موغاویریی دەڵبی لەبەر بوو، وەک جارەکانی تر جانتاکەی لە شان بوو، جانتاکەی قورس و قەرەباڵغ دیار بوو. جانتایەک بۆ دوایین جار، بە مووس و خاولی و شامپۆوە دەچێتە سەنگەر و ناگەڕێتەوە! زیلەکە چاوەڕوانی بوو، زیلێکی بریندار و ماندوو. چەند کەسێکی تر لە دواوەی زیلەکە بوون، ئەسمەر، لاواز و سەرمابردوو. دەمزانی سەرما تیژ چووەتە ناو ئێسقانەکانیانەوە. دەمزانی لەم ڕۆژانەدا، زیلەکە لە تەمدا دەچەقێت! بۆ هەتاهەتایە دەچەقێت (من بە خاتری ئەم چیرۆکە، چەند جارێک سواری زیل بووم، بە زیل ڕۆیشتم بۆ لای گوێنییە خۆڵەکان. لەوێ، دووکەڵم بینی، خوێنم بینی. تەلەزیم بینی.). براکەم لە زیلەکەوە دەستێکم بۆ بەرز دەکاتەوە، حەزم دەکرد زیلەکە بە قیرەکەدا بچەقێت و نەڕوات. زیلەکە بە دووکەڵێکی ڕەشەوە بەناو شەقام و سەرماکەدا ڕۆیشت. براکەم حەزی بەوە بوو، بە قیتار بڕوات بۆ دوورگەکانی کیش. بە فڕۆکە بڕوات بۆ لاس ڤێگاس، نەڕۆیشت.

نزیک لە پلیکانەکان

لە حەوشەی ئاپارتمانەکەم، نزیک لە پلیکانەکان. ئۆتۆمبێلی براکەم، لە گەرمادا وەستاوە و تەماشای ئاپارتمانەکە دەکات. هەمان ئەو ژنە دەبینمەوە ماوەیەک لەگەڵ براکەم بوو. ژنەکە بە سترابێکی تەڵباریکەوە، جل لە باڵکۆنەکەدا هەڵدەخات، جلی ڕەنگاوڕەنگ. دەچەمێتەوە بۆ تەشتەکە و شۆرتێکی پۆڕنۆی دەخاتە پاڵ جلەکانی تر. من قژیم بە زۆربەی ڕەنگەکانەوە بینیوە. لە ئێستادا ڕەنگی قژەکەی لە ئالیس مۆنڕۆ دەکات، بەتایبەت لەو وێنەدا لەسەر سکەی قیتارەکە دانیشتووە و لە کامێراکە دەڕوانێت. ژنەکە چووبووە دەرەوە. لای براکەم گوتبووی: ”چوومەتە ڤینیسیا.“ ڕۆیشتبوو بۆ کافە فلۆریان (Florian)، لە گۆڕەپانی سان مارکۆ (San Marco)، لەوێ قاوەیەکی تاڵی خواردبووەوە و چرووتێکیشی کێشا بوو. دوای بە تەنوورەیەکی کورت و گۆرەوییەکی تەنکەوە، ڕۆیشتبووە ڕیستۆرانتی ئەنتیکۆ فۆڕنۆ (Antico Forno). شەوێک چووبووە ڕۆما، لە سان کالیستۆ (San Calisto) ئەوەندەی خواردبووەوە، قاچەکانی شل بووبوون. دوای لەگەڵ پیاوەکەیدا وێنەیان لە پارکە ڕاقییەکاندا گرتبوو. لە وێنەیەکدا پیاوەکەی بۆینباخێکی زیرەیی کورتی لە مل بووبوو، سێبەرێکی تۆخ بۆینباخەکەی لە ملیدا کردبوو بە دوو پارچەوە. بە قسەی ژنەکە، پیاوەکەی حەزی بە بۆینباخی کورت بووە بە هەموو ڕەنگەکانیەوە… پیاوەکەی پارساڵ لە بیجامەیەکی سادەدا، لە باڵکۆنەکەوە بەر بووەوە و مرد. پیاوێک لە نیوەڕۆیەکی گەرمی مانگی ئۆگستدا، بە جووتێک نەعل و چاویلکەیەکەوە بەردەبێتەوە و دەمرێت، مردنێکی سەیرە…

****

ئەگەر گەرما و هونەرە کۆلاژکراوەکانی ناو ئەم چیرۆکە بهێڵن، حەزەکەم بڵێم: ئێستا لە نهۆمی پێنجەمی ئاپارتمانەکەم، بەرانبەر مێزی تەوالێتەکەم. هێشتا کچی ناو کافێشۆپەکە لە زەینمدایە، ڕەنگە ئێستا کچەکە، لەناو ڕیتمی مۆسیقا خاوەکەدا، جگەرەیەکی تریشی کێشا بێت، جگەرەیەکی باریک… دایکم لەسەر قەنەفەکەیە، لەوەتەی تووشی نەخۆشیی ماخۆلیا بووە، درەنگ درەنگ قاپەکان دەشوات، لە کاتی شۆردنی قاپدا دەستکێش لە دەست دەکات، ئینجا لە قاپێکی قووڵدا زاهی دەگرێتەوە. لە پێشدا مەنجەڵەکان دەشوات، دوای کەوچک و قاپ و گڵاسەکان. باوکم حەز دەکات، لە پێشدا قاپ و کەوچکەکان بشوات، ئینجا مەنجەڵەکان، بەڵام دایکم ئەمە ناکات. باوکم بەرانبەر تیڤییەکەیە، یان تیڤییەکە بەرانبەر باوکمە، جیاوازی نییە. لە تیڤییەکەوە کۆمەڵێک سەرباز لە زیلێکدان و زیلەکە بە ڕێگەیەکی پڕ تاسەی خۆڵدا دەڕوات، کە زیلەکە بەر تاسەکان دەکەوێت، دەڵێیت سەربازەکان لە هەوادا سەما دەکەن. دەزانم باوکم، لە زیلەکەدا بۆ براکەم دەگەڕێت! براکەم لە وێنەیەکی سارددا، لە زیلێکدایە و بە قەد مێزی تەوالێتەکەوە وەستاوە. لە وێنەکەدا زیل سارد و جلەکانی سارد و پۆستاڵەکانی ساردن. زیلەکە لە تیڤییەکەوە تۆزێکی زۆر جێ دەهێڵێت. زیلەکە لە تۆزەکەدا دەخنکێت. سەربازەکان لە تۆزەکەدا ون دەبن، دەمرن!

DidiMnStory, Sirwan Karim,