26/04/2024
DidiMn Logo
Top

دیالۆگ لەگەڵ سلاڤومیر مروژێک‌، بەشی یەکەم

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

سلاڤومیر مروژێک‌

دیدی من

سازدان: ئۆتۆ مانهەیمێر
لە سویدییەوە: فازیل جاف

 

ئەو نمایشانەی شەکسپیرت بینیوە کە ئاریان منوچیکین بۆ شانۆی دەرهێناون؟ من خۆم زۆر سەرسام نەبووم بە نماییشی ئێوارەی سێزەدەیەمین.
نەخێر نەمبینیوون. من هیچ یەکێک لەو نماییشانەم نەبینیووە.

بەڵام تۆ نماییشی شانۆنامەکەی خۆت، باڵوێز، لە ستۆکهۆڵم بینی؟
بەڵێ.

رات بەرامبەری چی بوو؟
بێگومان زۆر لە نماییشەکەی ستۆکهۆلم ڕازی بووم.

چێۆرۆ دەناسیت؟
نەخێر، نایناسم.

ئەو بە یەکێک لە ریژیسۆرە مەزنەکانی پاریس لە قەڵەم دەدرێت.
بێگومان وایە، بەڵام  من زۆر کەس ناناسم، هەروەها ئەوەندەیش نماییشی شانۆیی نابینم. زانیارییەکانم  دەربارەی  ئەو ڕەوتەی  کە پێی دەگوترێت ژیانی کلتووری،  زانیارییەکە خۆم لێرەولەوێ هەڵیان دەبژێرم. بۆیە من لەو جۆرە کەسانە نیم کە فەڕەنسییەکان پێی دەڵێن “ئاگەداری هەموو شتێکن“، ئەمەیش بە کورتی لەبەر ئەوەی من زۆر سەرقاڵم. جا ئەوەی کە ببیت بە “ئاگەداری هەموو شتەکان“، خۆی لە خۆیدا پیشەیەکی  تایبەتە. سەرەڕای هەموو شتێکیش، من ئەوەندە  ئارەزووی ئەوەم نییە ببم بە…

لە کام سەرچاوەوە ئیلهام بۆ نووسینەکانت وەردەگریت؟
من ئیلهام لە هەموو شتێکی ژیانەوە و لە هیچ شتێکیش وەردەگرم. ئەگەر وا نەبێت، باسەکە تەنیا لەوەدا خۆی دەنوێنێت، کە شتێکی کلتووری دەگوازیتەوە بۆ کلتوورێکی دیکە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا کارێکە مایەپووچیی لە دواوەیە.

ئەی باشە ڕاستە کە تۆ خۆت لە ترادیسیۆنی شانۆی ئەبسیۆرددا دەبینییەوە؟ راستە تۆ لویجی پیراندللۆ بە نموونەی بەرزی شانۆنامەکانت دەزانیت؟
تۆ ئاگات لێیە کە من پتر لە بیست ساڵە شانۆنامە دەنووسم، جا بۆیە ئەوەی کە لە کاتێکی دیاریکراودا ڕاستە مانای ئەوە ناگەێنێت لە کاتێکی تردا ڕاست بێت. کە من هۆشم پەیدا کرد، ئەو سەردەمە شانۆی ئەبسیۆرد شتێکی زۆر گەورە بوو، بۆ نموونە یونیسکۆ، بەڵام ئەمرۆ کێ بایەخ بە شانۆی ئەبسیۆرد دەدات؟ لێم گەڕێ بە نموونەیەکی دیکە ئەم پرسەت بۆ ڕوون بکەمەوە: من خوێنەرێکی بەردەوامی رۆژنامەم، لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی بیستدا هەواڵێکم  خوێندنەوە کە گروپێکی یابانی بۆ ڕیکخراوی ڕزگاریی فەلەستین کاریان دەکرد، کۆمەڵێک پورتوگالییان کوشت، ئەوانەی ئەو کارەیان ئەنجام دا پێیان وا بوو قوربانییەکان جولەکە بوون. ئەوەی مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە کاتێک  گروپێکی یابانی، کە لە لای عەرەبەکان کار دەکەن، دیانەوێت کۆمەڵێکی خەڵکی پورتوگالی بکوژن، تەنیا لە بەر ئەوەی کە پێیان وایە جولەکە بن، ئیدی چ پێویست دەکات شانۆیەک لەمە سورریالیتر دابهێنین! ڕەنگە کاتێک  پێویستی بە شانۆیەکی لەو جورە کردبایە، ئەگەر هاتبا یابانی یابانی کوشتبا، عەرەب جولەکەی کوشتبا، بەڵام لەم باری ئەو ئاژاوەیەی کە تێیدا دەژین، هیچ پێویست بەو شانۆیە ناکات.

کەواتە تۆ پێت وایە کە زمانی درامی خۆت
نەخێر، ئەوەندەیە کە پێم وایە ئێمە ئەمڕۆ لە ئاژاوەیەکی  گەورەدا دەژین. کێ بە دەستکەوتی ئەدەبی تووشی شۆک دەبێت؟

s_mrozek_600

کەواتە تاکو ئێستایش، کەم تا زۆر، خۆت لە هەمان خاڵی درامییدا  دەبینییەوە
هەرگیز. بێگومان من خاوەنی جۆرە ئەزموونێک و جۆرە تەکنیکێکی خۆمم، بەڵام من تەواو ئاڕاستەی خولیای خۆم گۆڕیوە، ئێستا هیچ شتێک وەکو جارن ڕام ناکێشێت بەرەو…


باشە دەتەوێت چۆن ئەم گۆڕانە پەسن بکەیت؟
دەزانیت  زۆر سەختە بتوانم ئەم گۆڕانە پەسن بکەم، چونکە من شت ئەنجام دەدەم، بێ ئەوەی زۆر بیر لەوە بکەمەوە کە چی ئەنجام دەدەم. من دانانیشم و پاشان ڕوانگەیەک بۆ خۆم دەستنیشان بکەم وئیدی لەو ڕوانگەیەوە بنووسم.

بەڵام ئەگەر ئاوڕ لە ڕابردوو بدەینەوە، بیرمە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی بیستدا شانۆنامەی تانگۆم لە نماییشێکی لەبیرنەکراوی سەر شانۆی بچووکی  شانۆی شاری گوێتەبورگ، کە پێی دەگوترێت ستودیۆ، بینی
تانگۆ بە هیچ جۆرێک شانۆی ئەبسیۆرد نییە. ئەگەر باس لە پەیوەندیی من بە شانۆی ئەبسیۆردەوە بکەین، دەڵێم من بە هیچ شێوەیەک نووسەرێکی ئەبسیۆرد نیم بە مانای کلاسیکیی ئەبسیۆرد.  چوونکە من زۆر بە ئاسانی کەسێکم  لە جیهانێکەوە هاتووم کە پرسی سەرەکی تێیدا دەربارەی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانە، بەهاکانی ئەو جیهانە تا رادەیەک سادەن. وەک منداڵێکی خورهەڵاتی ئەوروپا هەمیشە بۆ من مەحاڵ بووە وا بیر بکەمەوە کە شانۆ تەنیا بۆ شانۆ بێت. بۆیە ئەگەر تەکنیکی شانۆی ئەبسیۆردم بەکار هێنابێت بۆ چاوبەستنەوە بووە، یان بۆ ئەوە بووە بتوانم جۆرە تەنزێک دەربارەی ڕژێم بەکار بێنم، یان بە ناچاری وەکو داخوازییەک بۆ بەدیهێنانی شتیکی ئاسان وسادە، ئازادەییەکی سادە؛ من هەرگیز ئەبسیۆردیستێکی ڕاستەقینە نەبووم.

بەڵام سەبارەت بە جۆرێک لە بەکارهێنانی تەنز و  وەرچەرخان، شێوازی هەندێک لە دیالۆگەکانت، بیر و هزرمان بەرەو لای پیراندللۆمان دەبات
بێگومان پیراندللۆمان بیر دەخاتەوە، کەس نییە کەسێکی دیکەت بیر نەخاتەوە. من دەزانم کە ڕەخنەگرەکان هەردەم پرسیاری کاریگەریی کەسێکی ترم  ئاڕاستە دەکەن، بەڵام من بایەخ بەو پرسیارانە نادەم. من پێم وایە بینەرانی شانۆ یان خوێنەرانی کتێب بە هیچ جۆرێک گوێ بەوە نادەن، کام نووسەر کام نووسەریان بیر دەخاتەوە، بینەران کە دێن بۆ بینینی نماییشێکی شانۆ، شانۆنامەکە وەکو خۆی وەردەگرن و بۆ ماوەیەک لە جیهانی شانۆنامەکەدا دەمێننەوە. خوێندنەوەیش بۆ من ئەوە دەگەیەنێت کە بتوانم ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو کتێبەدا بژیم کە دەیخوێنمەوە. ڕەنگە بۆ زانستی ئەدەبی هەموو ئەمانە بە پلەی جیاواز گرنگ بن، بەڵام نەک بۆ ئەوانەی کە چێژ لە بەرهەمێکی هونەری وەردەگرن.

پێت وا نییە کە ئەگەر چەند سەرەداوێک یان چەند کلیلێک بە بینەر بدەیت، باش بێت؟
ئەویان باسێکی ترە، دەکرێت نووسەر وەکو ڕێنماییکارێک ئاماژەیەک بە خوێنەر ببەخشێت، کە دەبێت چی لەو نووسینە چاوەڕێ بکات. وەکو خاڵێکی سەرچاوە، بەڵام لەوە زیاتر نە.

  زانستی ئەدەبی مۆدێرن، پێدەچێت تا دێت پتر سەرقاڵی ئەوە بێت ئەو دیدە لە ناو ببات کە جەخت لەسەر تەنیایی تەواوی نووسەر و سەربەخۆیی تەواوی نووسەر وەکو تاک دەکات، کەسێک کە بەڕاستی داهێنان  لە ناخی  خۆیەوە دەدەدات...
باشە، ئەمە پەیوەندیی بەوەوە نییە کە ئەم باسە بە لای منەوە تەنانەت شایەنی یەک سەرنجیش نییە. بیگۆمان من لەو جۆرە ئاژەڵانەم کە پێم وا نییە زانستی ئەدەب زۆری بە خشی بێت، بەڵام بێگومان جیاوازی هەیە لە نێوان نووسەرێکی تایبەتمەند و نووسەرێکی لاساییکەرەوە. من بۆ خۆم لەم  ڕووەوە ئەزموونی خۆم هەیە، ئەزموونێکی زۆر نا، بەڵام جودا،  چونکە کومەڵێک لاساییەکەرەوەی مرۆژێک لە پۆڵۆنیا هەن. بۆیە دەتوانم جیاوازی لە نێوان لاساییکەرەوەی ئاسایی و ئەوانەی کە دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە بکەم، بەڵام ئەوانە هەر نابن بە خاوەن تایبەتمەندیی خۆیان، ڕوونکردنەوەی ئەمە زۆر ئاسان نییە، خۆی ئەمە تەواو بە شێوەیەکی هەستەکی دێتە ئەنجام.

ئەی ناتەوێت بە خوێنەران بڵێیت کام جۆرە شانۆ مانایەکی تابیەتی بۆ تۆهەیە؟
(هەناسەیەک هەڵدەکێشێت) هەوڵ دەدەم، بەڵام بەر لەوە پێویستم بە پەرداخێک ئاوە.

ئەگەر پرسیارەکە زۆر بێزارت ناکات
نەخێر بێزارم ناکات. تەنیا ئەوەندەیە کە ئەمە بۆ من ئەرکێکی نوێیە، چونکە هەرگیز پرسیاری لەم جۆرەم  لە خۆم نەکردووە.

بەڕاست!
بەڵێ، بەڕاست.

تێبینی:
ئەم دیالۆگە ساڵی 1983 لە پاریس لە ماڵی مروژێک بە زمانی سویدی ئەنجام دراوە، لە
ژمارەی شوباری گۆڤاری ئۆرد ئۆچ بیلدی هەمان ساڵدا بڵاو کراوتەوە.

هاوبەشی بکە

Fazil Jaff, Slavomir Mrozek,