24/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی فەرهادی: تێڕوانينێک دەربارەی فيلمى فرۆشيارى ئەسغەر فەرهادى

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

Salesman

ديدى من –  زووم جى

لە فارسييەوە: سەليم جەمال

فيلمى فرۆشيار حەوتەمين بەرهەمى ئەسغەر فەرهادى سینەماکاری ئێرانییە، بۆ يەكەم جار لە فێستيڤاڵى فيلمى كان لە ساڵى ٢٠١٦ كانديد كرا و خەڵاتى باشترين سيناريۆى پێ بەخشرا، لە هەمبەر ئەويش خەڵاتى باشترين ئەكتەرى پياو بە شەهاب حسێنى درا، لە دواى ئەويش خەڵاتى باشترين فيلمى فێستیڤاڵى ميونخى دەستەبەر كرد.

تەرانە عەلى دۆستى و شەهاب حسێنى لە حەوتەمين فيلمى كۆمەڵايەتیی ئەسغەر فەرهادى، ڕۆڵى دوو ئەكتەرى شانۆيى دەگێڕن بە ناوى مەرگى فرۆشيار، كە يەكێكە لە كارە مەزنە دراماتيستەكانى سەدەى بيستەمى نووسەرى ئەمەريكى ئارتۆر ميللەر، كە دواتر لە بارەى دەدوێين. لە فيلمى فرۆشياردا ئەم دوو ئەكتەرە، عيماد و ڕەعنا، جێگۆڕكێ دەكەن و لە شەقام و خانوویەکی ديكە نيشتەجێ دەبن، كە پێشتر شوێنى نيشتەجێبوونى ئافرەتێكى بەدكار بووە، دواتر كێشە و گرفتەكانى ئەو ئافرەتە دێتە نێو ماڵى ئەو خێزانە نوێيە. جيا لە هەستيارییەتى بابەتى ئەم فيلمە، حەوتەمين بەرهەمى ئەسغەر فەرهادى ئاماژە دەخاتە سەر لايەنە شاراوەكانى كەسايەتيیەكان و لە پەيوەنديیان لەگەڵ يەكترى دەكۆڵێتەوە.

The-Salesman-3 (1)

مەرگى ئاواتەكان

ئەو شانۆنامەيەى كە ئارتۆر ميللەر لە ساڵى ١٩٤٨ نووسى، دەيان جار لە شانۆى برادويى لە نيو يۆرک نماییش كرا. بە شێوەيەكى ئاشكرا و ڕووت  باس لە ژيانى مادى مرۆڤەكان دەكات لە دەرەوەى كات و شوێنەكان. مەرگى فرۆشيار نەک تەنها مەرگى ئاواتى ئەمەريكايە، بەڵكو داڕمانى ديوارى هيوا و ئاواتەكانى مرۆڤ لە كاتى نغرۆبوون بۆ نێو دونياى مادە بە شێوەيەک پەلكێش دەكات كە دەشێت بە هەر تاكێكى ئەم جيهان و ئەم سەردەمە ببەسترێتەوە.

ئەم شانۆنامەيە دەربارەى فرۆشيارێكە بە ناوى ويڵى، كە وا بير دەكاتەوە تەنيا بە دەستەبەركردنى سامان و پارە و ناوبانگ لە نێوان ئەوانى ديكە، دەشێت ژيانێكى شكۆمەندانەترى هەبێت. ئەو لەم ئاسۆيەدا هيچ سەركەوتنێک بە دەست ناهێنێت و لە كۆتايیدا بەو ئەنجامە دەگات كە تەواوى بيروبۆچوونەكانى لە بنەڕەتدا هەڵە بوون و لە خەياڵێکدا ژياوە كە ئەنجامەكەى كەوتن و هيچى و پووچيە.

بەڵام ئەم شانۆنامەيە هەر بەو ئەندازەيەى كە جەخت دەخاتە سەر ماترياليزم و سيستەمى سەرمايەدارى، دوو ئەوەندەى ديەكەيش ديوى ناوەوەى ئەو كەسايەتيتانە دەخاتە ڕوو كە لە دنياى مادیدا دەژين. ئەوەى ئاماژەمان خستە سەر ناوەڕۆكى هەمان داستانى ويڵىيە كە بەشێک لە فيلمى فرۆشيارى ئەسغەر فەرهادى لە ژێر كاريگەریی ئەودا دروست كراوە.

فيلمى فرۆشياری ئەسغەر فەرهادى هەڵێنجانێكى تەواو نييە لە ناوەڕۆكى شانۆنامەى ميللەر، بەڵام بە دڵنياييەوە لە ژێر كاريگەریی ئەودا دروست كراوە و كارەكتەرەكانى بە باشى ناسراون لە لايەن بەرهەمهێن و ئەكتەرەكانى ئەو فيلمە.

هاوبەشی بکە

Asghar Farhadi, Shahab Hussaini, The Salesman, پەڕاوی فەرهادی,