19/03/2024
DidiMn Logo
Top

ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی بودجەی شانۆیی مارا ــ ساد

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

پۆستەری شانۆیی مارا ساد | هیوا فایەق، دەرهێنەری شانۆییەکە

هیوا فایەق، دەرهێنەری شانۆیی مارا-سادە کە لە سەرەتای مانگی 11ی 2016 لە هۆڵی ڕۆشنبیری لە شاری سلێمانی نمایشکرا، دوێنێ لە هەژماری خۆی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتە دەربارەی بوودجەی تەرخانکراو بۆ شانۆییەکە. ئەمەی خوارەوەی دەقی ڕوونکردنەوەکەیە:

 

ڕوونکردنەوەیەکی پێویست دەربارەی شانۆیی مارا-ساد

چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، بەرنامەی (بنکۆڵ)ی کەناڵی کوردستان 24، لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر چۆنێتی خەرجکردنی 20 ملیار دیناری بودجەی تەرخانکراوی پایتەختی ڕۆشنبیری کردووە و لە ڕاپۆرتەکەدا بە درۆوە و بەدەستی ئانقەست ئاماژە بە بوودجەی شانۆیی مارا ـ ساد کراوە. سەرباری ئەوەی کۆری شانۆی با وەڵامی درۆکانی ڕاپۆرتەکەی داوەتەوە، دوای ئەوەی کەناڵی ناوبراو لەسەر داوای (کۆڕی شانۆی با) ئامادەی پۆزشهێنانەوە نەبوو وەک ئەوەی ڕاپۆرتەکەی بەڕاست زانیبێت، بە پێویستی دەزانم خۆشم وەک دەرهێنەری ئەو نمایشە هەندێک خاڵی دیکە بخەمە ڕوو:

یەکەم/ دەربارەی کۆی بودجەی کارەکە کە لە بەشی شانۆی بەڕێوبەرێتی ڕۆشنبیریی سلێمانییەوە خەرج کراوە:

بڕی پارەی تەرخانکراو تەنها 11 ملیۆن دیناری عێراقی بووە کە بە دوو جار پەسەندکراوە، جاری یەکەم بڕی 8 ملێون دینار و جاری دووهەم بە بڕی 3 ملێون دینار. چۆنێتی پاکتاوکردنی بڕی پارەکانیش بە چەند قۆناغێک بووە، چونکە کۆی بودجەی کارەکە بە چەند جارێک وەرگیراوە و پاشان تەسفییە کراوە ئینجا بڕی دووهەمی پارەکە کە دوابڕی بودجەکە بووە وەرگیراوە و بەو شێوەیە، هەر پێش کۆتایی نمایشیش پارەکە لەگەڵ بەشی دارایی بەڕێوبەرێتی شانۆی سلێمانی تەسفیە کراوە و کۆری شانۆی با وردەکاری بودجەکەی بڵاو کردۆتەوە و بە پێویستی نازانم دووبارەی بکەمەوە. بەڵام ئایا دوای ئێمە دەستکاری حساباتی کارەکە کراوە یا خود نا (کە بەپێی ئەوەی من لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەشی ژمێریاریی بەڕێوبەرێتی ڕۆشنبیری بینیم هەمان بڕەپارە پاکتاو کراوە بێ کەموزیاد). داواکاریشم لە بەڕێوبەرێتی ڕۆشنبیری سلێمانی بە فەرمی وردەکاری چۆنێتی پارەکە بخاتە ڕوو و هەڵوێستی خۆی لەسەر ئاماژەدان بە 30 ملیۆن دینار کە گوایە بۆ کارەکە سەرف کراوە، بخاتە ڕوو.

دووهەم/ دەربارەی راپۆرتەکەی بنکۆڵی کوردستان 24: 

لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوەکە و گەڕان بەشوێن چۆنییەتی خەرجکردنی پارەکە لە هەندێک شوێندا زۆر نا پیشەییانە کراوە و بە تایبەت کاتێک کە باسی بودجەی تەرخانکراوی نمایشی مارا ـ ساد دەکات. دیقەتی ئەوەبدەن چۆن شانۆییەکەی کردۆتە ئامانج، لە کۆی ئەو هەموو پارە بەهەدەردانەی کە ڕاپۆرتەکە ئاماژەی پێدەدات بۆ کاری وەهمی و هەندێک کەیسی تر، بە تەنها باسی شانۆیی مارا ـ ساد دەکات کە گوایە 30 ملیۆن دیناری بۆ سەرف کراوە و بە حساب ناوی نەبراوە، کە مەبەستت لێی ناوی ڕۆشنبیری سلێمانی وەک لایەنێکی بەرهەمهێن نەبراوە. سەرنج بدەن، ڕاپۆرتەکە پانزە چرکەی ڤیدێوی لە ترەیلەری نمایشەکە وەرگرتووە کە خۆی 58 چرکەیە، ئەگەر سەیری تریلەرەکە بکەنەوە پێنج چرکەی سەرەتای ترەیلەرەکە ئاماژەدانە بە ناوی بەرهەمهێنەراکانی کارەکە و لە نێویشیاندا بەڕێوبەرێتی ڕۆشنبیری سلێمانی و ئەمە جگە لەوەی کە لە هەموو شوێنێکی فەرمیدا و لەسەر هەموو نوسراوکانی تایبەت بە نمایشەکە ئاماژە بە هەموو لایەنەکان دراوە وەک مافی ڕەوای خۆیان.

من خۆم بە شەخسی زۆر بە زەحمەت خەیاڵم پیس دەبێت و گومان دەکەم لەوەی شوێنێک یان کەسێک بۆ من دانیشتبێت و بمکاتە ئامانج، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ جۆرە نەزاهەتێک نابینم لەم ڕاپۆرتەدا و باوەڕم وایە ئێمەیان کردۆتە ئامانج بۆ ناشرینکردنمان، ئەگەر نا، دەبوو پرسیارەکە بەم شێوازە ئاڕاستە بکرایە، ئایا ڕەوایە ستافێکی بیست و پێنج کەسی بۆ ماوەی ساڵێک خەریکی پڕۆڤە و نمایشکردن بن تەنها بڕی یانزە ملیۆنیان بۆ سەرف بکرێت؟ ئایا ڕەوایە ئەم ئیشە پێش نمایش چەند ملیۆنێک قەرزار بووە و دوایی بە پارەی بلیت قەرزەکانی داوەتەوە کە ڕیسکی ئەوەی تێدابووە پارەی قەرزەکانی پەیدا نەکاتەوە؟ بۆچی ڕاپۆرتەکە ئەوەی بۆ نەخستینە ڕوو کە بەراوردی وردەکاری کارەکان بکرێت و پاشان هەڵسەندگاندن بۆ بڕە تەرخانکراوەکان بکرێت؟ پاشان ئەگەر ڕێگەیان بە پەیامنێرەکە داوە کۆی زانیارییەکان وەربگرێت بۆچی وردەکاری خەرجی مارا ـ سادی وەرنەگرتوو پاشان بیخاتە ڕوو. تۆ کە عەقڵت بەوە نەشكێت بڕی تێچووی هەموو بەرهەمێکی هونەری بێگومان جیاوازی تێدەکەوێت و ئاساییە بەرهەمێک زۆر و بەرهەمێک کەمتر وەربگرێت، دەتەوێ لێکۆڵینەوە لە چی بکەیت و چۆن بیکەیت؟ تۆ کە توانای ئەوەت نییە شیکاری لایەنی دارایی بکەیت، بۆ خۆتی تێ فڕێ دەدەیت و بە تەنها سەتحی شتەکان دەبینیت؟ کێشەی یەکەم لەم ڕاپۆرتەدا لێدانە لە من و ستافی کارەکە بە ئامانج گرتنمان، ئەگەر لە نەزانینیشەوە هاتووە ئەوە من دووجار کێشەم لەگەڵیدا دەبێت.

هەڵبەت من بە تەواوی پشتگیری هەموو بەدواداچونێک دەکەم ئەگەر بۆ بڕی سەد هەزار دیناری بەهەدەردراو بووە لە هەر شوێن و کاتێکدا بووە پێویستە ناو و وردەکاری هەموو شتەکان بخرێنە ڕوو پاشان یاسا یەکلایی بکاتەوە، باوەڕیش ناکەم ئەوانەی کە لە خۆیان ناترسن ئەم کارەیان پێناخۆش بێت و لە هەموو سێکتەر و دەزگایەکەدا پێویستمان بە چوونەناو وردەکاریی دارایی هەیە و کاری هەمووشمانە کە هاوکار بین بۆ خستنە ڕووی هەموو گەندەڵیەک. هەر بۆیە من داوا لەهەمان بەرنامە دەکەم لە بەرنامەکانی داهاتوودا بنکۆڵی دارایی کەناڵ 24مان بۆ بکات تابزانین سەرچاوە داراییەکەی لە کوێیەوە دێت و بۆمان ڕوونبێتەوە ئەم هەموو کەناڵە ئەهلیی و سەربەخۆیە کە دادەخرێن فەشەلی ئیدارە و نەزانینی بەڕێوەبردنی دەزگاکەیە یان شتێکیتر تر هەیە کە ئەخلاقیان ڕێگەیان پێنادات بیکەن بۆیە ناتوانن بەردەوام بن.
لێرەوە ڕایدەگەێنێم کە من هەموو ئیجرائاتێکی یاسایی دەگرمە بەر کە پەیوەندی بە ڕاپۆرتەکە و کۆی کەیسەکەوە هەیە.

سێهەم/ دەزگا ئیعلامی و ڕۆشنبیری و هونەرییەکان وەک بەشێک لە دەزگا هەواڵگرییەکان:

دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە پێنج ساڵ بەسەر جەنگی جیهانیی دووهەمدا، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکی گەیشتە ئەو بڕوایەی کە تەوابوونی جەنگ واتای بێدەنگ بوون لە گەشەی کۆمۆنیزم نییە. پێویستی بەوە بوو لە دەرەوەی هێرشی ڕاستەوخۆی سەربازی کارێکیتر بکات بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی فیکری کۆمۆنیزم و دژە ئەمریکایی بوون.

بۆ ئەم مەبەستەش، دەزگای هەواڵگری ئەمریکی بەشێکی لەناو دەزگاکەی خۆیدا کردوە بە ناوی (ڕێکخراوی ئازادیی کەلتوری) و هەر بەو کارەکتەرە کۆمۆنیستانەوە بەڕێوەی دەبردن کە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ستالین کۆمۆنیزمیان لەبەرچاو کەوتبوو. کارەکەشی ئەوەبوو پەنا بەرێتە بەر شکاندن و ناوزڕاندن و وێرانکردنی داهاتووی ئەو هونەرمەند و ڕۆشنبیرانەی کە تا ئەوکاتەش باوەڕیان بە کۆمۆنیزم لەق نەبووبوو، هەروەها ڕەخنەیان لە فراوان بوونی شێوازی ژیانی ئەمریکی دەگرت و بە مەترسیان لەسەر ژیانی میللەتان دەزانی. خستنەڕووی نموونەکانی ئەم بەشە کەلتورییە لەناو ئەو دەزگا سیخوڕییەدا زۆرن، هەر لە ڕێگریکردنی چارلی چاپلن بۆ چوونە ناو خاکی ئەمریکا و کردنەوەی فایلێکی زیاتر لە 2000 لاپەرەیی لەسەری لەلایەن ئێف بی ئایەوە، یان بەربەستدروستکرن بۆ بەخشینی خەڵاتی نۆبێڵ لە 1964دا بۆ شاعیری چیللی نیرودا و پاشان کوشتنی لە دوای دووساڵ لە وەرگرتنی خەڵاتەکە لە 1971دا. یاخود ئەم دەزگایە ئەوەندە دڵڕەقانە مامەڵەی لەگەڵ ڕۆشنبیر و هونەرمەندە دژەکانیدا دەکرد تا کار دەگەیشتە ئەوەی ڕێگە بۆ خۆکوشتنی هەندێکیان ئاسان بکەن وەک ئیرنیست هەمنگوای کە تا ساتەوەختی خۆکوشتنیشی ئیف بی ئای لە چاودێریکردنی نەوەستا و بەدوایەوە بوون. نموونەکان بەردەوامیان هەیە و تا دەگاتە ئەوەی تەقە لە ئەکتەری گەورە مارلۆن براندۆ بکەن دوای ئەوەی کە خەڵاتی ئۆسکار بەدەست دەهێنێت و لەهەمانکاتدا ڕەتی دەکاتەوە و لەبری ئەو یەکێک لە هندییە سورەکان دەچیتە سەرشانۆ و نامەکەی براندۆ دەخوێنێتەوە. ئەوەی جێگەی داخە، ئەو چالاکی و بەرهەم و ڕاپۆرتانەی هەندێک لە دەزگا ئیعلامی و ڕوشنبیری و هونەریانەی لە کوردستاندا ئێستا هەیە بیری ئەو دەزگایەیەی سەرەوەم دەخاتەوە، کە دەگەڕین بۆ تروسکەیەک تا لە ڕێگەیەوە و هەرچۆنێک بووە لەو ڕۆشنبیر و هونەرمەندانە بدەن کە بێلایەنی و جدییەتی خۆیان تا ئێستا پاراستووە و دوور لە شەڕە جنێو و هاتوهاوار و خۆنمایشکردنی موزەییەفانە ڕەخنە و سەرنجەکانی خۆیان دەخەنە ڕوو. بە داخێکی زۆرەوە ئەم دەزگایانە چ بە تەنها لە ڕێی کەسێکەوە بێت یان پەیجێک یاخود لە ڕێگەی کەناڵێکی ئیعلامی و حیزبی و شەخسییەوە بێت، تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتو بوون لە سوککردن و ناشرینکردنی ئەو نوخبە کەمە و پاشان بێ نرخکردنی ئەرکی هونەر و ڕۆشنبیری وەک کایەیەکی پێویستی ناو دنیای کەلتوور و بەشدارێکی کارا لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا! (هیوادارم لە دەرفەتێکی تردا بتوانم درێژتر لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەم). ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم داواکارییە لەو هاوڕێیانەی کە ژیان، نەک باوەڕیان، ناچاری کردوون لەو دەزگایانەدا کار بکەن، بە دەنگی بەرز نەهێڵن کە سوککردنی هونەرمەند و ڕۆشنبیرەکان بەواندا تێپەر ببێت یان وەزیفەی کەلتووری لە ژیانماندا بێ نرخ بکەن تاوەکو خەڵک تێبگەێنن کۆی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران دەستەمۆ کراون و ڕەخنەکانیشیان هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نییە بە هەرجۆرێک بووە.

 

هاوبەشی بکە

Hiwa Fayaq, MaraSad,