22/03/2024
DidiMn Logo
Top

خەون و خەونبینین، لە نێوان Catch Me if You Can و ئیلیادە

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – یاد شێرزاد

١
ئیلیادەی هۆمێرۆس

دەرگاکانی دەروازەی شار کرانەوە. هێکتۆر؛ شازادە شکۆدارەکەی شاری ترۆی، هێدی هێدی هەنگاوی بەرەو کۆتاییە چاوەڕوانکراوەکەی دەنا. هەموان دەیانزانی کە ئەوە کۆتا جارە هێکتۆر بە پێیەکانی خۆی دەچێتە دەرەوەی شار و مەرگێکی حەتمی چاوەرێی دەکات، چونکە لە بەرامبەری، ئەکیلیسی پاڵەوانی ئەفسانەیی یۆنانییەکان و باشترین شەڕکەری سەردەمی خۆی بۆ کوشتنی هاتبوو. هێکتۆر لێی نزیک بووەوە و پێی گوت: ”هەموو ژیانم خەونم بەم دیمەنەوە دیوە.” دواتریش شەڕی نێوانیان دەستی پێ کرد.

نزیکەی ١٠ ساڵ بەر لەو ڕووداوە، کاتێک بۆ یەکەم جار یۆنانییەکان هێرشیان کردە سەر شاری ترۆی، لە دەرەوەی دەروازەی شارەکە پەرستگەی ئەپۆلۆی خواوەندیان تاڵان کرد و پاش کووشتنی پیاوە ئایینییەکانیان، پاشان دەستیان گرت بەسەر ئافرەتەکانیاندا وەکو کەنیزەک، هێکتۆر بە خۆی و سوپایەکی بچووکەوە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بۆ یەکەم جار لەگەڵ ئەکیلیس ڕووبەڕووی یەک بوونەوە. بۆ ئەکیلیس، کووشتنی هێکتۆر کارێکی ئێجگار ئاسان بوو، چونکە توانا جەنگییەکانی پاڵەوانە یۆنانییەکە بە هیچ شەڕکەرێکی دیکەی ئەو سەردەمە بەراورد نەدەکرا. هێکتۆریش ئەو ڕاستییەی لە هەموو کەسێک باشتر دەزانی، لەگەڵ ئەوەشدا سوور بوو لەسەر ئەوەی ئەکیلیس شەڕی لەگەڵدا بکات و بیکوژێت. ئەوەی چاوەڕواننەکراوە ئەوەیە، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە ئەکیلیس بۆ هەمیشە خەونی بە بەدەستهێنانی شکۆمەندییەوە دەبینی و بۆ بەدیهێنانی ئەوەش، هیچ ڕێگەیەک لەوە ئاسانتر نەبوو کە هێکتۆری شازادەی ترۆجانەکان بکوژێت، بەڵام ئەکیلیس دەڵێت ”هێشتا زووە بۆ مردنی تۆ، هێشتا کاتی نەهاتووە.”

پاش جەنگێکی درێژخایەنی نێوان یۆنانییەکان و ترۆجانەکان، لە کۆتاییدا و پاش ١٠ ساڵ، ڕۆژێک ئەکیلیس بە تەنها دێتە بەردەم دەروازەی ترۆی و هاوار بۆ هێکتۆر دەکات کە بێت و شەڕی لەگەڵدا بکات. شازادەی ترۆجانەکە دەزانێت کە ئیدی ئەمە کۆتایی چیرۆکەکەیە و مەرگ چاوەڕێیەتی، بۆیە ماڵئاوایی لە پریامی باوکی، پاریسی برای و ئاندرۆماشێی ژنی دەکات و سەرەڕای هەوڵەکانی ئەوان بۆ پەشیمانکردنەوەی و ڕێگرتن لێی کە بە پێی خۆی بەرەو مردن بڕوات، هێکتۆر سوورە لەسەر ئەوەی کە ئیدی ئەمە چارەنووسی ئەوە و ناتوانێت لێی هەڵبێت.  ئەوەی چاوەڕواننەکراو و تەلیسماوییە ئەوەیە کە هێکتۆر زۆر بە پەرۆشتر دەردەکەوێت بۆ مردنی خۆی وەک لە ئەکیلیس. کاتێک دەڵێت تەواوی ژیانی خەونی بەو ساتەوە دیوە، زۆر دڵنیایە لەو ڕاستییەی کە ئەکیلیسیش وەک ئەوە و بەردەوام زانیویەتی کە ڕۆژێک دێت هێکتۆر بە دەستی خۆی بکوژێت. لەگەڵ ئەوەشدا، لە کاتی شەڕی نێوانیان، هەمیشە ئەکیلیس دوودڵ دەردەکەوێت و سەرەڕای ئەوەی توانای هەیە کە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا هێکتۆر بکوژێت، بەڵام ئەوپەڕی توانای دەخاتە گەڕ تاکو شەرەکە درێژە بخایەنێت و مەرگی شازادەکە، ئەگەر تەنها بۆ چەند خولەکێکیش بێت، دوا بکەوێت.

دیمەنی شەڕەکە:

دواتر ئەکیلیسی پاڵەوان، لاشەی هێکتۆر دەباتەوە لای خۆی و بە مردنی نەیارەکەی زۆر دڵتەنگ دەبێت. تەنانەت بە گریانەوە پێی دەڵێت ”بەم زوانە دەتبینمەوە براکەم.” بۆ ئەکیلیس، کە تەواوی کۆدە ئایینییەکان ڕەت دەکاتەوە و هیچ باوەڕێکی بە بوونی دونیایەکی دی نییە، ناکرێت لەو دێڕەدا مەبەستی لە بینینەوەی ژیانی پاش مەرگ بێت.

دیمەنی ماڵئاواییەکە:

٢
“Catch Me if You Can” by S. Spielberg

لە شاکارە مەزنەکەی سینەمای هۆڵیوود کە لە ڕووداوێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە، فرانک ئاباگنەیلی گەورەفریودەر و تەزویرچیی ئەمەریکا، بە بەهای زیاتر لە ٢.٥ ملیۆن دۆلار چەکی بانکی ساختە دروست دەکات و بەر لەوەی کە بگاتە تەمەنی ٢١ ساڵی، ئەو ژیانە بۆ خۆی دابین دەکات کە دەیەوێت. بە درێژایی فیلمەکە، فرانک وەک چەندین کەسایەتی جیاواز خۆی دەردەخات و هەر جارێک لەپێناو گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو، خۆی وەک شارەزا و پسپۆڕی پیشەیەکی جیاواز نیشان دەدات، هەر لە مامۆستای قوتابخانەوە تاکو دکتۆر و پارێزەر و تەنانەت فرۆکەوانیش، هەموو ئەمانەش بە هاوکاریی ئەو بەڵگەنامە و بڕوانامە ساختانەی خۆی دروستیان دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، کارڵ هانراتی بریکاری FBI بەردەوام بە شوێن هەنگاوەکانی فرانکەوەیە و دەیەوێت دەستگیری بکات. کێشەکە لەوەدایە کارڵ هەمیشە هەنگاوێک لە پاشە، هەندێک جار دووری نێوانیان چەند مەترێکی کەمە بەڵام فرانک بە شێوازی خۆی دەتوانێت هەڵبێت لێی و درێژە بە گەمەکە بدات. کاتێک بۆ دواجار بریکارەکە دەتوانێت شوێنی فرانک دیاری بکات و لە چاپخانەیەکی کۆن، لە گوندیكی بچووکی فەڕەنسا لە کاتی سەرقاڵبوونی بە دروستکردنی چەند چەکێکی بانکی ساختە دەچێتە لای، فرانک دڵخۆشییەکی هیستریایی دەیگرێت و نازانێت چۆن خۆشحاڵی خۆی دەرببڕێت بەوەی لە کۆتاییدا لێکۆڵەرەوەکە ئەمی دۆزیوەتەوە، لە کاتێکدا کارڵ هێندە بەم سەرکەوتنەی خۆی دڵخۆش نییە، وەک ئەوەی دوای ئەو چەند ساڵەش، هێشتا بیەوێت کاتێکی زیاتر بە دوای فرانکدا ڕا بکات و جارێ زوو بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەی.

تەنانەت تایتڵی فیلمەکەش ”بمگرە ئەگەر دەتوانیت” دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەموو ئەوەی فرانک دەیەوێت ئەوەیە کە سەرنجی کارڵ ڕابکێشێت تاکو بە دوای بکەوێت هەر بۆیە لەو پەرۆشترە کاتێک دەبینێت کارڵ ئەو دەدۆزێتەوە، لە کاتێکدا بۆ بریکارەکەش، ئامانج لە یارییەکە دەستگیرکردنی فرانک نییە، بەڵکو خودی پڕۆسەی گەڕان و ڕاکردنە بەدوایدا. هەر بۆیە لە کۆتا دیمەنەکانی فیلمەکەدا، کارڵ بە فرانک دەڵێت کە ئیدی یاریەکە کۆتایی پێ هات و چیتر من بە دوات ناکەوم و تۆ ئازادی، فرانکیش وەک پسپۆڕێکی ناسینەوەی چەکی بانکیی ساختە لە FBI دەست بەکار دەبێت و چیدی جارێکی تر هەڵنایەت.

ترایلەری فیلمەکە:

٣
لاکان و دەرەنجام

ژاک لاکان، دەروونشیکاری ناسراوی فەڕەنسی، پێی وایە کە پەیوەندییەکی نائاسایی هەیە لە نێوان مرۆڤ و ئەو ئامانجەی کە دەیەوێت بەدەستی بهێنێت. بە ڕای لاکان، ئەو خواستەی کەسێک هەوڵی بەدیهێنانی دەدات زۆر خێراتر و بەپەرۆشتر بەرەو ڕووی مرۆڤەکە دەچێت وەک لە پێچەوانەکەی. مرۆڤ هەتا زیاتر لە خەون و ئامانجەکەی نزیکتر ببێتەوە، پتر دوودڵ دەبێت و هەنگاوەکانی هێواشتر دەبنەوە، چونکە ئەوەی چێژی پێ دەبەخشێت ئەو ڕێگەیەیە کە دەیبڕێت لەپێناو خەونەکەی، نەوەک ئەو ساتەی کە پێی دەگات و ئامانجەکەی بەدی دێنێت.

سەرەڕای ئەوەی جیاوازی کاتی چیرۆکەکان سەروو ٣٢ سەدەیە، ئەو خاڵە هاوبەشەی کە ئەکیلیس و کارڵ هانراتی کۆ دەکاتەوە، ئەوەیە کاتێک زۆر نزیک دەبنەوە لە گەیشتن بە ئامانجەکەیان، هەردووکیان هەنگاوەکانیان سست دەبێتەوە و دەیانەوێت کاتێکی زیاتری تەمەنیان بە بڕینی ڕێگەکان بەسەر بەرن، وەک ئەوەی کە باش ئەو ڕاستییە بزانن کە پێکگەیشتن، سیحری خەونەکان بەتاڵ دەکاتەوە، هەمیشە مرۆڤ لە چرکەساتی گەیشتن بە ئامانجەکانی، لە هەموو کاتێکی پێشوو بێ هیواتر و دڵتەنگترە. بە پێچەوانەشەوە، هێکتۆر و فرانک، زۆر دڵخۆشتر و ئاسوودەتر دەردەکەون کاتێک دەبینن کە دەبنە دوو خەونی بەدیهاتوو، نەک دوو مرۆڤی خەونبین، چونکە تەواو لەوە تێگەیشتوون کە چارەنووسێک هەیە و دەبێ بە زووترین کات ڕادەستی بن. ئەوان دەزانن کە ئیدی دەگەنە پشوویەکی هەتایی و ئاسودەییەکی هەمیشەیی، لەوەش تێدەگەن کە هیچ سزایەک بۆ بکوژەکانیان لەوە زەحمەتتر نییە کە ئیتر ئەمان نەمێنن، چونکە خەونبینەکان، ئیدی دەبنە مرۆڤی وێڵ و خۆشیان نازانن کە هەنگاوی دواتریان چی بێت و بۆ هەمیشە لە بازنەیەکی داخراوی ناو خەونە بەدیهاتووەکانیاندا دەسوڕێنەوە، بێ ئەوەی چیدی ئامانجێک هەبێت.

هاوبەشی بکە

binar w film, Cinema, Movie,