13/11/2018
DidiMn Logo
Top

خۆکوژی و شار

لە لایەن دیدی من 5 مانگ پێش ئێستا

چێنه‌ر جه‌مال

سەرەتا ئەوەی کە پێویستە ئاماژەی پێ بکەم بەکارهێنانی وشەی شارە، شار لێرەدا مەبەست ئەو پانتاییەیە کە کاپیتاڵیزم بە زەقی و گشت ڕەهەندەکانیەوە بوونی هەیە، شەقامەکانی بە ڕیکلام ڕازاندووەتەوە و شوێنەوار و جێیادگارییەکانی کردووە بە باڵەخانە و مپڵ بۆ خۆنمایشکردن، دووکەڵی کارگەکانی لە چوارلای شارەوە ئاسمانیان قان داوە و بیانیانی کردووە بەو خەیاڵە عەبەسییانەی لە کاتێکدا هەزاران کەس لە ماڵەکانیانەوە فڕێ دەدرێنە دەر بۆ ناو کارگە و مپڵەکان .

ئەو جەنجاڵییەی کە شاری ناو کاپیتاڵیزم تێیدا دەژیی بۆ کەسانێکی بەساڵاچوو، ڕەنگە لە دیمەنێکی سووریالیی سەیرتر و نامۆتر بێت بۆ تێڕوانین، ئەوەی کە سەیرترە لە ناو ئەم جەنجاڵییەدا، لەپڕ هەواڵی خۆکوژی دەبێتە مانشێتی هەواڵ و ڕۆژنامەکان. لێکدانەوەی هەواڵەکانیش ئەم دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ گەشتکردن بە تەنیایی و بێکەسی، ئەمە هەمان هۆکاریشە کە کەرت و شوێنە ئایینییەکان وەک شانازی و شکۆی ئایین وەک ڕزگارکەر بە کاری دەهێنن. لێرەدا با پرسیارێکی جەوهەری لە خۆمان بکەین، بەڵام ڕاستەوخۆ نا، بەڵکو بە یارمەتیی فیلمی everybody’s fine – 1990 لە دەرهێنانی گوێسپ تۆرناتۆری و مارچێلۆ ماستریۆوانی تێیدا ڕۆڵی سەرەکیی پیاوێکی پیر دەبینێت بە ناوی ماتیۆ .

ماتیۆ لە ناوچەیەکی لاشار بە تەنیا دەژیی و ماوەیەکە خێزانەکەی مردووە، منداڵەکانی بە هۆی سەرقاڵییانەوە چەند ساڵێکە نەهاتوون بۆ دیدەنیی، بۆیە بڕیار دەدات وەک سوپرایسێک ئەم بڕوات و یەک یەک سەردانیان بکات و لە نزیکەوە ڕەوشی ژیانیان ببینێت .

ڕەنگە ئێستا بڵێن چیرۆکێکی تری دووبارە، منداڵەکان لەگەڵ باوکیان خراپن و شار گۆڕیونی، بەڵام نا، ئەم بیرۆکەیە هەر زوو لە فلیمەکەدا دەپوکێتەوە بە سادەیی فلیمەکە دەربارەی پەیوەندییەکی خێزانی نییە . سەرەتا ماتیۆ سەردانی کوڕێکی دەکات بە ناوی ئاڤارۆ، بەڵام ئەم کوڕەی نە وەڵامی تەلەفۆن دەداتەوە نە دەرگای ماڵەکەشی دەکاتەوە، بۆیە ماتیۆ بڕیار دەدات بڕوات بۆ لای منداڵەکانی تری، بەم شێوەیە منداڵەکانی تری بەسەر دەکاتەوە و هەموویان لەوە میهرەبانترن کە ئێمەی بینەر پێشبینیمان دەکرد، بگرە تا دوا سنوور هەوڵ دەدەن سەختیی ژیان و کێشەکانیان لە باوکیان بشارنەوە بۆ ئەوەی پێی بێزار نەبێت و بێتاقەت نەبێت، بەڵام هێشتاکەش هیچ هەواڵێکی ئاڤارۆ نییە، خوشک و براکانی دەڵێن لە سەفەرە و چووە بۆ کەنار دەریا، بەڵام ئەمە دوای ماوەی مانەوەی ماتیۆ جێی باوەڕ نییە. بۆیە ڕۆژێک دوو کوڕی ماتیۆ و ماتیۆ خۆی لە ڕێستۆرانتێکدا دادەنیشن و بە باوکیان دەڵێن کە ئاڤارۆ خۆی کوشتووە، لەبەر هەستی تەنیایی و بێهاودەمی خۆی کوشتووە. ئەو هەواڵە، ئەو بیرکردنەوەیە دەخولقێنێت کە لە سەرەتاوە لەپێناویدا باسی ئەم فلیمەم ورووژاند. بۆ ماتیۆ ئەم هەواڵە جێی باوەڕ نییە، دەڵێت چۆن کەسێک لە شارێکی جەنجاڵ و قەرەباڵغی وەک ڕۆمادا لەبەر تەنیایی خۆی دەکوژێت، ئەمە دواین قسەیە کە بچێتە مێشکەوە .

تا ڕادەیەکی زۆر ئەمە جێی باوەڕ نییە بۆ ئێمەش، لە شارێکی پڕجووڵە کە تەنانەت نیوەشەوانیش شەقانمەکانی خامۆش نابێت، تەنیایی چۆن دەتوانێت لەناوماندا خۆی پەنا بدات؟! یان لە سەردەمێکدا هەر یەکێک لە ئێمە سەدان هاوڕێی ئەلکترۆنیمان هەیە کە بەردەوام و لە هەموو شوێنێک لەگەڵمانن، چۆن هەست بە نەبوونی ئەوانی تر دەکەین کە بەردەوام لە چاوی کامێراکانمانەوە خۆمان بۆ یەک ڕووت دەکەینەوە؟ خواردنەکانمان نیشان یەک دەدەین و بیروڕایان وەردەگرین لەسەر ڕەنگی پانتۆڵ و تیشێرت و دەرپێکانمان؟ چۆن بە خۆمان بڵێین بێکەس کە بەوانی تری ئەلکترۆنی داپۆشراوین؟

بۆ شانۆنووس فرانز خاڤێر کرۆیتس پرسی خۆکوژی و شار پرسێکی سەرەکییە کە شانۆنامەی ئاواتە ئاهەنگ لەسەر هەڵدەچنێت، شانۆییەک لە کۆمەلێک دیمەنی هاوتەریب، یەک لۆکەیشن، یەک ئەکتەر، بێ دیالۆگ، کات بە شێوەیەکی ئاسایی ڕێ دەکات. ئەکتەری سەرەکیی شانۆنامەکە ناوی خاتوو ڕایشە. تەمەنی لە نێوان  40بۆ 45 ساڵدایە و لە کارگەیەکی کاغەز دروستکردن کار دەکات . شانۆنامەکە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە خاتوو ڕایش لە کار گەڕاوەتەوە و دەگاتەوە ماڵەوە، وەک پیشەی هەموو ڕۆژێکی، هەمان ئەو کارانە دووبارە دەکاتەوە کە وەک جۆرێک لە تقوسی لێ هاتووە (قۆنەرەکانی دادەکەنێت و پاپووجەکانی لە پێ دەکات، جگەرەیەک دادەگیرسێنێت، دەچێتە تەوالێت، لە ئاوێنەکەیەوە لە خۆی دەڕوانێت، جلەکانی دەگۆڕێت، نان دەخوات، لە ئاوێنەکەوە لە خۆی دەڕوانێت، دڵخۆشە بە دیمەنی خۆی، دەچێتە تەوالێت، هەندێک کاری چنین دەکات، گوێ لە ڕادیۆ دەگرێت، چایەک ئامادە دەگات، جگەرەیەک دادەگیرسێنێت، دەچێت لە ئاوێنەکەوە لە خۆی دەڕوانێت، دەچێت بۆ تەوالێت، دەرگا و پەنجەرەکان دەپشکنێت) لە کۆتاییدا بە سادەیی کۆمەڵێک حەب قوت دەدات و کەمێک ئاو دەخواتەوە و خۆی دەکوژێت، لێرەدا شانۆییەکە تەواو دەبێت و بەجێمان دەهێڵێت، بەڵام ئەوەی وەک پرسیار لامان بەجێی دەهێڵێت، ئەوەیە خاتوو ڕایش بۆچی خۆی کوشت؟ بۆچی نووسەر لە سەرەتاوە، بەتایبەتی باسی ئەوەی کرد کە خاتوو ڕایش لە کارگەیەک کار دەکات؟ لە کاتێکدا شانۆییەکە سەروکاری نە لەگەڵ کارگەکە هەیە، نە کارەکەی.

لێرەدا دیارە نووسەر دەیەوێت ڕاستەوخۆ و لە پێش هەر شتێک، تەنانەت پێش یەکەمین هەنگاوەکانی خاتوو ڕایشیشەوە باسی شارمان بۆ بکات، لەو هەلومەرجە ئاگادارمان بکاتەوە کە جەنجاڵی دەیخوڵقێنێت، یان ئەو ژیانە ڕەنگاوڕەنگەی کە کاپیتاڵیزم ڕازاندوویەتیەوە، بە کورتی شانۆییەکە هیچ ناگۆڕێت ئەگەر لەبری خاتوو ڕایش کەسێکی تر بێت، ئەوەی کە گرنگە ئاگادار بین، ئەو سیاقەیە کە خاتوو ڕایشەکانی تێدا دەژیی.

لە هەردوو ئەو بەرهەمەی ئاماژەم پێ دا، شار بە جەنجاڵی و ڕەنگا و ڕەنگی و باڵەخانەکانیەوە بوونی هەیە، لە هەمان کاتدا شووقەکانی ناو باڵەخانە بەرزەکانیش بوونیان هەیە کە تەنیایی لە خۆیاندا گۆش دەکەن، ئەو باڵەخانانەی کە تیشکی خۆرمان بۆ دەگوازنەوە، لە ناوەوە پڕن لە چیرۆک، پڕن لە خۆکوژی و پڕن لە کارکەر، پڕن لەو سکرتێرانەی کە بۆ کرێکەی دەبێت دڵی بەڕێوبەرەکانیان ڕازی بکەن . لە ناو ئەم چیرۆکانەدا چەندین کەس دەیانەوێت خۆیان لەو تەڵانە ڕزگار بکەن کە پێوەی بوون، دەیانەوێت لەو جەنجاڵییەوە بپەڕنەوە بۆ پانتاییەکی بۆش، بۆیە تا ئەو کاتەی ژیان هەبێت، خۆکوژی بە چەندین فۆڕمەوە ئامادەیە. فۆڕمی ئێستای خۆکوژییش ئازاری تەنیاییە لە جەنجاڵی و شاردا، ئازاری دیارنەمانی هاوڕێ ئەلکترۆنێکانمانە لە خۆیەوە .

Chenar Jamal, Shar, Wtari Kteb,